لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

فیلیپی 19:2-30

فیلیپی 19:2-30 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

هیوادارم له‌ ئیشۆعی په‌روه‌ردگار زوو تیماتیئوس بنێرم بۆ لاتان، تاكو دڵنیا بم كه‌ هه‌واڵتان بزانم. چونكه‌ كه‌سم نییه‌ وه‌ک ئه‌و به‌ دڵسۆزی بایه‌خ به‌ كاروبارتان بدات. چونكه‌ هه‌مووان به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن، نه‌ک هی ئیشۆعی مه‌سیح. به‌ڵام له‌ شاره‌زایی ئه‌و ئاگادارن، چونكه‌ وه‌ک ڕۆڵه‌ له‌گه‌ڵ باوكی له‌گه‌ڵم له‌ ئینجیلدا ڕاژه‌ی كرد. بۆیه‌ هیوادارم یه‌كسه‌ر ئه‌و بنێرم، هه‌ر كاتێ بۆم ڕوون بێته‌وه‌ كاروبارم چۆن به‌ڕێوه‌ ده‌چێ. متمانه‌م به‌ په‌روه‌ردگار هه‌یه‌ كه‌ خۆشم به‌مزووانه‌ دێمه‌ لاتان. به‌ڵام به‌ پێویستم زانی ئه‌پفرۆدیتۆسی برام بنێرمه‌ لاتان، كه‌ له‌گه‌ڵم هاوكار و هاوسه‌ربازه‌، په‌یامبه‌ری ئێوه‌یه‌ و ڕاژه‌وانی پێویستییه‌كانمه‌. شه‌یدای هه‌مووتانه‌ و دڵته‌نگ بوو، چونكه‌ نه‌خۆشی ئه‌وتان بیستووه‌. چونكه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ی نزیكی مردن بوو، به‌ڵام خودا به‌زه‌یی پێدا هاته‌وه‌، نه‌ک ته‌نها ئه‌و، به‌ڵكو منیش، نه‌وه‌ک خه‌م له‌سه‌ر خه‌مم هه‌بێت. بۆیه‌ خێراتر ناردم، تاكو به‌ بینینه‌وه‌ی دڵشادبن و منیش خه‌مم كه‌م بێته‌وه‌. كه‌واته‌ به‌وپه‌ڕی شادییه‌وه‌ له‌ په‌روه‌ردگار پێشوازی لێ بكه‌ن و ڕێز له‌وانه‌ی وه‌ک ئه‌و بگرن، چونكه‌ له‌ پێناوی كاری مه‌سیح هاته‌ سه‌ر مردن و ژیانی خۆی خسته‌ مه‌ترسی تاكو كه‌موكوڕیی ئه‌و ڕاژه‌یه‌ی بۆ منی ده‌كه‌ن پڕی بكاته‌وه‌.

هاوبەشی بکە
فیلیپی 2 بخوێنەوە

فیلیپی 19:2-30 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هیوادارم بە یارمەتی عیسای خاوەن شکۆ بتوانم زوو تیمۆساوس بنێرم بۆ لاتان، تاکو بە زانینی هەواڵتان منیش دڵخۆش بم، چونکە کەسم نییە وەک ئەو بە دڵسۆزی بایەخ بە کاروبارتان بدات، لەبەر ئەوەی هەموویان بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن، نەک هی عیسای مەسیح. بەڵام ئێوە ئاگاداری شارەزایی تیمۆساوسن، چونکە هەروەک چۆن منداڵ لەگەڵ باوکیدا خزمەت دەکات، ئەویش بە هەمان شێوە لەگەڵ من خزمەتی لە مزگێنیدان کردووە. بۆیە هیوادارم هەرکە بۆم ڕوون بووەوە کاروبارم چۆن بەڕێوە دەچێت، یەکسەر ئەو بنێرم. متمانەم بە مەسیحە کە خۆشم بەم زووانە دێم. بەڵام بە پێویستم زانی ئەپەفرۆدیتۆس بنێرمە لاتان، کە لەگەڵم برا و هاوکار و هاوسەربازە، نێردراوی ئێوەیە و خزمەتکاری پێویستییەکانمە. ئەو پەرۆشی دیداری هەمووتانە و دڵتەنگ بوو، چونکە هەواڵی نەخۆشبوونی ئەوتان بیستووە. بە ڕاستی نەخۆش بوو، خەریک بوو بمرێت، بەڵام خودا بەزەیی پێدا هاتەوە، نەک تەنها بە ئەودا، بەڵکو بەزەیی بە منیشدا هاتەوە، بۆ ئەوەی خەفەت لەدوای خەفەتم نەبێت. بۆیە خێراتر ناردم، تاکو بە بینینەوەی دڵشاد بن و منیش خەفەتم کەم بێتەوە. کەواتە بەوپەڕی شادییەوە بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە پێشوازی لێ بکەن و ڕێز لەوانەی وەک ئەو بگرن، چونکە لە پێناوی کاری مەسیحدا ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە و ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە، تاکو ئەو خزمەتە بکات کە ئێوە نەتانتوانی بۆ منی بکەن.

هاوبەشی بکە
فیلیپی 2 بخوێنەوە