لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پیلیۆس 2

2
1 ئه‌گه‌ر هه‌ر ئامۆژگارییه‌ک له‌ مه‌سیحدا هه‌بێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر دڵنه‌واییه‌كی خۆشویستن، ئه‌گه‌ر هه‌ر هاوبه‌شییه‌كی ڕووح، ئه‌گه‌ر هه‌ر سۆز و میهره‌بانییه‌ک، 2 ئه‌وا خۆشییه‌كه‌م ته‌واو بكه‌ن، تاكو یه‌ک بیر و یه‌ک خۆشویستنتان هه‌بێت، یه‌ک دڵ و یه‌ک مه‌به‌ستتان هه‌بێت. 3 هیچ شتێک به‌ خۆپه‌رستی و لووتبه‌رزی مه‌كه‌ن، به‌ڵكو به‌ خاكسارییه‌وه‌ یه‌كتری له‌ خۆتان به‌ باشتر بزانن. 4 هه‌ریه‌كه‌ ته‌ماشای به‌رژه‌وه‌ندی خۆی نه‌كات، به‌ڵكو هه‌ریه‌كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی دیكه‌ش. 5 با ئه‌م هزره‌تان تێدابێت كه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا هه‌یه‌: 6 ئه‌وه‌ی له‌ شێوه‌ی خودا بوو، نه‌یویست به‌نهینیشه‌وه‌ خۆی له‌گه‌ڵ خودا یه‌كسان بكات، 7 به‌ڵكو خۆی به‌تاڵ كرد، شێوه‌ی به‌نده‌ی وه‌رگرت، وه‌ک شێوه‌ی مرۆڤی لێهات، 8 كه‌ به‌ ڕواڵه‌ت مرۆڤ بینرا، خۆی نزم كرده‌وه‌ و تاكو مردن ملكه‌چ بوو، مردنی له‌خاچدان. 9 بۆیه‌ خودا به‌رزی كرده‌وه‌ و ناوێكی پێ دا له‌ سه‌رووی هه‌موو ناوێک، 10 تاكو هه‌موو ئه‌ژنۆیه‌ک بۆ ناوی ئیشۆع چۆک دابده‌ن، له‌ ئاسمان و سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌ویش، 11 هه‌روه‌ها هه‌موو زمانێک دان بنێت كه‌ ئیشۆعی مه‌سیح په‌روه‌ردگاره‌، بۆ شكۆی خودای باوک.
12 كه‌واته‌ خۆشه‌ویستانم، وه‌ک هه‌رده‌م گوێڕایه‌ڵ بوون، نه‌ک ته‌نها كه‌ له‌لاتانم، به‌ڵكو ئێستا زیاتریش كه‌ له‌لاتان نیم، به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ بۆ ڕزگاریتان به‌رده‌وام بن له‌ كاركردن، 13 چونكه‌ خودا خۆی له‌ ئێوه‌دا كارده‌كات تاكو بتانه‌وێت و كار بكه‌ن بۆ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و. 14 هه‌موو شتێک بێ بۆڵه‌بۆڵ و ده‌مه‌قاڵێ بكه‌ن، 15 تاكو بێ گله‌یی و ساكار بن، ڕۆڵه‌كانی خودا بێ كه‌موكوڕین له‌نێو نه‌وه‌یه‌كی چه‌وت و خواردا، له‌نێو ئه‌واندا وه‌ک ئه‌ستێره‌ له‌ گه‌ردوون ده‌دره‌وشێنه‌وه‌، 16 به‌ ده‌ستگرتن به‌ وشه‌ی ژیان، تاكو له‌ ڕۆژی مه‌سیحدا شانازی بكه‌م كه‌ بێ هووده‌ كۆششم نه‌كردووه‌ و ڕه‌نجم نه‌كێشاوه‌. 17 به‌ڵام ئه‌گه‌ر‌ وه‌ک مه‌یی پێشكه‌شكراو به‌سه‌ر قوربانی و ڕاژه‌ی باوه‌ڕتاندا بڕژێم، ئه‌وا دڵشاد و دڵخۆشم له‌گه‌ڵ هه‌مووتان. 18 جا ئێوه‌ش ئاوا دڵشاد بن و له‌گه‌ڵم دڵخۆش بن.
19 هیوادارم له‌ ئیشۆعی په‌روه‌ردگار زوو تیماتیئوس بنێرم بۆ لاتان، تاكو دڵنیا بم كه‌ هه‌واڵتان بزانم. 20 چونكه‌ كه‌سم نییه‌ وه‌ک ئه‌و به‌ دڵسۆزی بایه‌خ به‌ كاروبارتان بدات. 21 چونكه‌ هه‌مووان به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن، نه‌ک هی ئیشۆعی مه‌سیح. 22 به‌ڵام له‌ شاره‌زایی ئه‌و ئاگادارن، چونكه‌ وه‌ک ڕۆڵه‌ له‌گه‌ڵ باوكی له‌گه‌ڵم له‌ ئینجیلدا ڕاژه‌ی كرد. 23 بۆیه‌ هیوادارم یه‌كسه‌ر ئه‌و بنێرم، هه‌ر كاتێ بۆم ڕوون بێته‌وه‌ كاروبارم چۆن به‌ڕێوه‌ ده‌چێ. 24 متمانه‌م به‌ په‌روه‌ردگار هه‌یه‌ كه‌ خۆشم به‌مزووانه‌ دێمه‌ لاتان. 25 به‌ڵام به‌ پێویستم زانی ئه‌پفرۆدیتۆسی برام بنێرمه‌ لاتان، كه‌ له‌گه‌ڵم هاوكار و هاوسه‌ربازه‌، په‌یامبه‌ری ئێوه‌یه‌ و ڕاژه‌وانی پێویستییه‌كانمه‌. 26 شه‌یدای هه‌مووتانه‌ و دڵته‌نگ بوو، چونكه‌ نه‌خۆشی ئه‌وتان بیستووه‌. 27 چونكه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ی نزیكی مردن بوو، به‌ڵام خودا به‌زه‌یی پێدا هاته‌وه‌، نه‌ک ته‌نها ئه‌و، به‌ڵكو منیش، نه‌وه‌ک خه‌م له‌سه‌ر خه‌مم هه‌بێت. 28 بۆیه‌ خێراتر ناردم، تاكو به‌ بینینه‌وه‌ی دڵشادبن و منیش خه‌مم كه‌م بێته‌وه‌. 29 كه‌واته‌ به‌وپه‌ڕی شادییه‌وه‌ له‌ په‌روه‌ردگار پێشوازی لێ بكه‌ن و ڕێز له‌وانه‌ی وه‌ک ئه‌و بگرن، 30 چونكه‌ له‌ پێناوی كاری مه‌سیح هاته‌ سه‌ر مردن و ژیانی خۆی خسته‌ مه‌ترسی تاكو كه‌موكوڕیی ئه‌و ڕاژه‌یه‌ی بۆ منی ده‌كه‌ن پڕی بكاته‌وه‌.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

پیلیۆس 2: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە