لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 16:69-36

زەبوورەکان 16:69-36 KSS

ئەی یەزدان، بەدەنگمەوە وەرە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە، بەگوێرەی زۆری بەزەییەکەت ئاوڕم لێ بدەوە، ڕووت لە خزمەتکاری خۆت مەپۆشە، چونکە لە تەنگانەدام، زوو وەڵامم بدەوە. لێم نزیک بەرەوە و گیانم دەرباز بکە، لەبەر دوژمنانم بمکڕەوە. تۆ بە سووکایەتی و شەرمەزاری و ڕیسوایی من دەزانیت، هەموو دوژمنەکانم لەبەردەمتن. ڕیسوایی دڵی شکاندووم، نەخۆش کەوتووم، چاوەڕێی سۆز بووم، نەبوو، چاوم لە دڵنەوایی گێڕا، دەستم نەکەوت. ژەهری تاڵیان دەرخواردم دا، لە تینوویەتیم سرکەیان دەرخوارد دام. با خوانەکەی بەردەمیان ببێتە داویان، ببێتە سزا و تەڵەیان. با بەرچاویان تاریک بێت تاکو نەبینن، هەمیشە پشتیان چەماوە بێت. هەڵچوونی خۆتیان پێدا هەڵبڕێژە، با ئاگری تووڕەییت بیانگاتێ. با خێوەتگاکانیان چۆڵ بێت، کەس نەبێت لە ڕەشماڵیان نیشتەجێ بێت! ئەوەی تۆ لێت داوە، ئەوان دەیچەوسێننەوە و ئەوەی تۆ بریندارت کردووە، باسی ئازارەکانی دەکەن. تاوان بخەرە سەر تاوانەکانیان، بێبەشیان بکە لە ڕاستودروستیت. لە پەڕتووکی ژیاندا بیانسڕەوە، لەگەڵ ڕاستودروستان ناویان مەنووسە. ئەی خودایە، من لە ئازار و تەنگانەدام، با ڕزگاریت بمپارێزێت. بە گۆرانی ستایشی ناوی خودا دەکەم، بە سوپاسگوزارییەوە گەورەیی ڕادەگەیەنم. ئەمە لەلای یەزدان لە گا چاکترە، لە گوێرەکەی بە قۆچ و سم. هەژاران دەبینن و شاد دەبن، ئەی ئەوانەی ڕوو لە خودا دەکەن، با دڵتان ببووژێتەوە! یەزدان بە دەنگ ستەملێکراوانەوە دەچێت، بە سووکییەوە تەماشای دیلەکانی ناکات. با ئاسمان و زەوی ستایشی بکەن، دەریاکانیش و هەرچی تێیاندا دەجوڵێت، چونکە خودا سییۆن ڕزگار دەکات و شارەکانی یەهودا بنیاد دەنێتەوە، لەوێ نیشتەجێ دەبن و دەبێتە موڵکیان، دەبێتە میرات بۆ منداڵی خزمەتکارەکانی، ئەوانەی ناوی ئەویان خۆشدەوێت تێیدا دەژین.