لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 1:19-16

ئاشکراکردن 1:19-16 KSS

پاش ئەوەش گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو وەک دەنگی خەڵکانێکی زۆر لە ئاسمانەوە دەیگوت: «هەلیلویا! ڕزگاری و شکۆ و هێز بۆ خودامانە، چونکە حوکمەکانی ڕاست و دادپەروەرن. لەشفرۆشە گەورەکەی تاوانبار کرد کە بە داوێنپیسییەکەی زەویی گەندەڵ دەکرد. تۆڵەی خوێنی بەندەکانی خۆی لێکردەوە.» دووبارە گوتیانەوە: «هەلیلویا! دووکەڵەکەی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.» بیست و چوار پیرەکە و چوار بوونەوەرەکە کەوتنە سەر چۆک و کڕنۆشیان بۆ خودای دانیشتووی سەر تەختەکە برد و گوتیان: «ئامین. هەلیلویا!» دەنگێک لەلای تەختەکەوە هات و گوتی: «ستایشی خودامان بکەن ئەی هەموو بەندەکانی، ئەوانەی لێی دەترسن، گەورە و بچووک.» پاشان گوێم لە دەنگێک بوو وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر، وەک دەنگی خوڕەی ئاوێکی زۆر و وەک دەنگی هەورەگرمەی بەهێز بوو، دەیگوت: «هەلیلویا! خودای پەروەردگارمان هەرە بەتوانایە، حوکومڕانی دەکات. با دڵخۆش و شاد بین، شکۆداری بکەین، چونکە زەماوەندی بەرخەکە هاتووە و بووکەکەی خۆی ئامادە کردووە. کراسێکی کەتانی ناسکی پاک و پرشنگداری پێدرابوو لەبەری بکات.» ئەم کەتانە ناسکە هێمای کردارە ڕاستودروستەکانی گەلی پیرۆزی خودایە. پێی گوتم: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی بۆ خوانی زەماوەندی بەرخەکە بانگهێشت کراون!» هەروەها پێی گوتم: «ئەمانە وشە ڕاستەکانی خودان.» کەوتمە بەرپێی تاکو کڕنۆشی بۆ ببەم. بەڵام پێی گوتم: «وا مەکە! منیش لەگەڵ تۆ و خوشک و برایانت بەندەی هاوکارم، ئەوانەی پابەندن بە شایەتییان بۆ عیسا. کڕنۆش بۆ خودا ببە! چونکە ئەو ڕۆحەی کە سروشی بە پێغەمبەرەکان داوە، هەر ئەو شایەتی بۆ مەسیح دەدات.» پاشان ئاسمانم بە کراوەیی بینی، ئەسپێکی سپیم بینی و سوارەکەی بە «دڵسۆز» و «ڕاستگۆ» ناودەبردرا. بە دادپەروەری حوکم دەدات و دەجەنگێت. چاوەکانی وەک گڕی ئاگر وابوون و ژمارەیەکی زۆر تاجی بە سەرەوە بوو. ناوێکی نووسراوی هەیە کە جگە لە خۆی کەس نایزانێت. کەوایەکی لە خوێن هەڵکێشراوی لەبەربوو، ئەو ناوەی پێی بانگ دەکرێ «وشەی خودا»یە. لەشکرەکانی ئاسمان بە سواری ئەسپی سپی شوێنی دەکەوتن و کەتانی ناسکی سپی پاکیان لەبەردا بوو. لە دەمیەوە شمشێرێکی تیژ دەردەچوو، تاکو پێی لە نەتەوەکان بدات. ﴿بە گۆچانێکی ئاسنین شوانایەتییان دەکات.﴾ گوشەری شەرابی تووڕەیی هەڵچووی خودای هەرە بەتوانا دەگوشێت. ناوێکی هەیە لەسەر کەوا و ڕانی نووسراوە: «پاشای پاشایان و گەورەی گەورەیان.»

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ ئاشکراکردن 19:1-16 شێوەکاری؟؟؟