لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 1:19-16

ئاشکراکردن 1:19-16 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پاش ئه‌مه‌ گوێم له‌ ده‌نگێكی مه‌زن بوو وه‌ک كۆمه‌ڵانێكی زۆر له‌ ئاسمان ده‌یووت: “هه‌لیلویا! ڕزگاری و شكۆ و ڕێز و توانا بۆ په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندمانه‌، چونكه‌ حوكمه‌كانی ڕه‌وا و دادپه‌روه‌رن. داوێنپیسه‌ مه‌زنه‌كه‌ی تاوانبار كرد كه‌ به‌ داوێنپیسییه‌كه‌ی زه‌ویی گه‌نده‌ڵ ده‌كرد. تۆڵه‌ی خوێنی به‌نده‌كانی خۆی لێكرده‌وه‌”. دووباره‌ وتیان: “هه‌لیلویا! دووكه‌ڵه‌كه‌ی تاهه‌تایه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌”. بیست و چوار پیره‌كه‌ و چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌ كه‌وتن و بۆ خودای دانیشتووی سه‌ر ته‌خت كڕنۆشیان برد، وتیان: “ئامین! هه‌لیلویا!” ده‌نگێک له‌ ته‌خته‌كه‌وه‌ ده‌رچوو، ده‌یفه‌رموو: “ستایشی خوداوه‌ندمان بكه‌ن ئه‌ی هه‌موو به‌نده‌كانی، ئه‌وانه‌ی لێی ده‌ترسن، گه‌وره‌ و بچووک!”. پاشان گوێم له‌ ده‌نگێک بوو وه‌ک ده‌نگی كۆمه‌ڵانێكی زۆر، وه‌ک هاژه‌ی ئاوێكی زۆر، وه‌ک ده‌نگی هه‌وره‌تریشقه‌ به‌هێز بوو، ده‌یووت: “هه‌لیلویا! په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندی توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شێتک، حوكمڕانی كرد. با دڵخۆش و شاد بین، شكۆداری بكه‌ین! چونكه‌ زه‌ماوه‌ندی كاوڕه‌كه‌ هاتووه‌، بووكه‌كه‌ی خۆی ئاماده‌ كردووه‌. كراسێكی كه پاک و پرشنگداری پێدرابوو بیپۆشێت. ئه‌و كراسه‌ش خوداناسیه‌كانی پارساكانه‌”. پێی وتم: “بنووسه‌، به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وانه‌ی بۆ خوانی زه‌ماوه‌ندی كاوڕه‌كه‌ بانگكراون!”. هه‌روه‌ها پێی وتم: “ئه‌مانه‌ وشه‌ ڕاسته‌كانی خودان”. كه‌وتمه‌ به‌رپێی تاكو كڕنۆشی بۆ ببه‌م. به‌ڵام پێی وتم: “وا مه‌كه‌! منیش له‌گه‌ڵ تۆ و برایانت به‌نده‌ی هاوكارم، ئه‌وانه‌ی پابه‌ندن به‌ گه‌واهییان بۆ ئیشۆع. كڕنۆش بۆ خودا ببه‌! چونكه‌ گه‌واهیی ئیشۆع ڕووحی پێشبینییه‌”. پاشان ئاسمانم به‌ كراوه‌یی بینی، ماینێكی سپیم بینی و سواره‌كه‌ی به‌ ده‌ستپاک و ڕاستگۆ ناوده‌برا. به‌ دادپه‌روه‌ری حوكم ده‌دات و ده‌جه‌نگێت. چاوه‌كانی وه‌ک گڕی ئاگر بوون، ژماره‌یه‌كی زۆر تاجی به‌ سه‌ره‌وه‌بوو، ناوێكی نووسراوی هه‌یه‌، خۆی نه‌بێت كه‌س نایزانێت. كراسێكی له‌ خوێن هه‌ڵكێشراوی له‌به‌ربوو، ئه‌و ناوه‌ی “وشه‌ی خودا” یه‌. سه‌ربازیش له‌ ئاسماندا به‌ سواری ئه‌سپی سپی شوێنی ده‌كه‌وتن، كه‌تانی سپی پاكیان له‌به‌ردا بوو. له‌ ده‌میه‌وه‌ شمشێرێكی تیژ ده‌رده‌چوو، تاكو پێی له‌ نه‌ته‌وه‌كان بدات. به‌ گۆچانێكی ئاسنین شوانه‌تییان ده‌كات. گوشه‌ری مه‌یی تووڕه‌یی خودای توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێک ده‌گوشێت. ناوێكی هه‌یه‌ له‌سه‌ر پۆشاک و ڕانی نووسراوه‌: “پاشای پاشایان و په‌روه‌ردگاری په‌روه‌ردگاران”.

ئاشکراکردن 1:19-16 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پاش ئەوەش گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو وەک دەنگی خەڵکانێکی زۆر لە ئاسمانەوە دەیگوت: «هەلیلویا! ڕزگاری و شکۆ و هێز بۆ خودامانە، چونکە حوکمەکانی ڕاست و دادپەروەرن. لەشفرۆشە گەورەکەی تاوانبار کرد کە بە داوێنپیسییەکەی زەویی گەندەڵ دەکرد. تۆڵەی خوێنی بەندەکانی خۆی لێکردەوە.» دووبارە گوتیانەوە: «هەلیلویا! دووکەڵەکەی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.» بیست و چوار پیرەکە و چوار بوونەوەرەکە کەوتنە سەر چۆک و کڕنۆشیان بۆ خودای دانیشتووی سەر تەختەکە برد و گوتیان: «ئامین. هەلیلویا!» دەنگێک لەلای تەختەکەوە هات و گوتی: «ستایشی خودامان بکەن ئەی هەموو بەندەکانی، ئەوانەی لێی دەترسن، گەورە و بچووک.» پاشان گوێم لە دەنگێک بوو وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر، وەک دەنگی خوڕەی ئاوێکی زۆر و وەک دەنگی هەورەگرمەی بەهێز بوو، دەیگوت: «هەلیلویا! خودای پەروەردگارمان هەرە بەتوانایە، حوکومڕانی دەکات. با دڵخۆش و شاد بین، شکۆداری بکەین، چونکە زەماوەندی بەرخەکە هاتووە و بووکەکەی خۆی ئامادە کردووە. کراسێکی کەتانی ناسکی پاک و پرشنگداری پێدرابوو لەبەری بکات.» ئەم کەتانە ناسکە هێمای کردارە ڕاستودروستەکانی گەلی پیرۆزی خودایە. پێی گوتم: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی بۆ خوانی زەماوەندی بەرخەکە بانگهێشت کراون!» هەروەها پێی گوتم: «ئەمانە وشە ڕاستەکانی خودان.» کەوتمە بەرپێی تاکو کڕنۆشی بۆ ببەم. بەڵام پێی گوتم: «وا مەکە! منیش لەگەڵ تۆ و خوشک و برایانت بەندەی هاوکارم، ئەوانەی پابەندن بە شایەتییان بۆ عیسا. کڕنۆش بۆ خودا ببە! چونکە ئەو ڕۆحەی کە سروشی بە پێغەمبەرەکان داوە، هەر ئەو شایەتی بۆ مەسیح دەدات.» پاشان ئاسمانم بە کراوەیی بینی، ئەسپێکی سپیم بینی و سوارەکەی بە «دڵسۆز» و «ڕاستگۆ» ناودەبردرا. بە دادپەروەری حوکم دەدات و دەجەنگێت. چاوەکانی وەک گڕی ئاگر وابوون و ژمارەیەکی زۆر تاجی بە سەرەوە بوو. ناوێکی نووسراوی هەیە کە جگە لە خۆی کەس نایزانێت. کەوایەکی لە خوێن هەڵکێشراوی لەبەربوو، ئەو ناوەی پێی بانگ دەکرێ «وشەی خودا»یە. لەشکرەکانی ئاسمان بە سواری ئەسپی سپی شوێنی دەکەوتن و کەتانی ناسکی سپی پاکیان لەبەردا بوو. لە دەمیەوە شمشێرێکی تیژ دەردەچوو، تاکو پێی لە نەتەوەکان بدات. ﴿بە گۆچانێکی ئاسنین شوانایەتییان دەکات.﴾ گوشەری شەرابی تووڕەیی هەڵچووی خودای هەرە بەتوانا دەگوشێت. ناوێکی هەیە لەسەر کەوا و ڕانی نووسراوە: «پاشای پاشایان و گەورەی گەورەیان.»