لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 1:1-17

یەکەم کۆرنسۆس 1:1-17 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پۆڵۆس، بانگكراو به‌ په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح به‌ خواستی خودا، هه‌روه‌ها سوستینسی برا، بۆ وارگه‌ی خودا له‌ قۆرنتێ، پارساكان له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا، بانگكراون به‌ پارساكان له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌موو شوێنێكدا به‌ ناوی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح ده‌پاڕێنه‌وه‌، په‌وه‌ردگاری ئه‌وان و ئێمه‌ش: به‌خشش و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بۆ ئێوه‌. سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌ هه‌میشه‌ سوپاسی خودام ده‌كه‌م، بۆ ئه‌و به‌خششه‌ی خودا كه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا پێتان دراوه‌، له‌ودا له‌ هه‌موو شتێك ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، له‌ هه‌موو قسه‌ و زانینێک، وه‌ك گه‌واهیی مه‌سیح له‌ ئێوه‌دا جێگیر بوو، ته‌نانه‌ت له‌ هیچ به‌هره‌یه‌ك كه‌موكوڕیتان نییه‌، چاوه‌ڕوانی ئاشكراكردنی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیحن. ئه‌وه‌ی تا پایان جێگیریتان ده‌كات، تاكو له‌ ڕۆژی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیحدا بێ گله‌یی بن. خودا سه‌رڕاسته‌، ئه‌وه‌ی به‌هۆیه‌وه‌ بۆ هاوبه‌شی كردنی ڕۆڵه‌كه‌ی بانگكراون، ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. برایان، به‌ ناوی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌ كه‌ هه‌مووتان یه‌ك قسه‌ بن، دووبه‌ره‌كی له‌نێوانتاندا نه‌بێت، به‌ڵكو له‌ یه‌ك هزر و یه‌ك ڕا یه‌كگرتوو بن. برایانم، چونكه‌ ماڵی خلۆیی هه‌واڵیان دامێ ناكۆكی له‌نێوانتاندا هه‌یه‌. مه‌به‌ستم ئه‌مه‌یه‌: یه‌كێكتان ده‌ڵێت: “من هی پۆڵۆسم”، یه‌كێكی دیكه‌: “من هی ئه‌پۆلۆسم”، یان “من هی كیپه‌م”، یان “من هی مه‌سیحم”. ئایا مه‌سیح به‌ش كراوه‌؟ یان پۆڵۆس له‌ پێناوتاندا له‌خاچدراوه‌؟ یان به‌ ناوی پۆڵۆس عه‌مادكران؟ سوپاس بۆ خودا كه‌ستانم عه‌ماد نه‌كردووه‌، قیریسپۆس و گائیوس نه‌بێت، نه‌وه‌ك یه‌كێك بڵێت به‌ ناوی منه‌وه‌ عه‌مادكراوه‌. هه‌روه‌ها خێزانی ئیستیفانۆسم عه‌مادكردووه‌، جگه‌ له‌مانه‌ نازانم كه‌سی دیكه‌م عه‌مادكردبێت. چونكه‌ مه‌سیح نه‌یناردووم بۆ عه‌مادكردن، به‌ڵكو بۆ موژده‌دان، ئه‌مه‌ش نه‌ك به‌ قسه‌ی دانایی، نه‌وه‌ك هێزی خاچی مه‌سیح پووچه‌ڵ بێته‌وه‌.

یەکەم کۆرنسۆس 1:1-17 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لە پۆڵس، ‏بانگکراو لەسەر خواستی خودا، تاکو ببێت بە نێردراوی عیسای مەسیح، هەروەها لە سۆستانیسی برامانەوە، بۆ کڵێسای خودا لە شاری کۆرنسۆس، ئەوانەی بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح پیرۆزکراون و بانگکراون بۆ پیرۆزبوون، لەگەڵ ئەوانەی لە هەموو شوێنێکدا بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە نزا دەکەن، کە گەورەی ئێمە و ئەوانیشە: با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت. بەهۆی ئێوەوە هەمیشە سوپاسی خودام دەکەم، بۆ ئەو نیعمەتەی خودا کە بەهۆی عیسای مەسیحەوە پێتان دراوە. بە یەکبوون لەگەڵ ئەودا لە هەموو بوارێکەوە دەوڵەمەند بوون، لە هەموو وتە و زانینێک. خودا بەو شێوەیە شایەتی ئێمە بۆ مەسیح لە ئێوەدا دەچەسپێنێت. بۆیە لە هیچ بەهرەیەک کەموکوڕیتان نییە، لە کاتێکدا بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دەرکەوتنی عیسای مەسیحی پەروەردگارمانن. ئەو هەتا کۆتایی دەتانچەسپێنێت، تاکو لە ڕۆژی عیسای مەسیحی پەروەردگارماندا بێ گلەیی بن. خودا بەوەفایە، ئەوەی بانگی کردن بۆ پێکەوە ژیان لەگەڵ کوڕەکەی، عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان. ئەی خوشکان و برایان، بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لێتان دەپاڕێمەوە کە هەمووتان یەک هەڵوێست بن، دووبەرەکی لەنێوانتاندا نەبێت، بەڵکو هەمووتان یەک بیر و ڕاتان هەبێت. خوشک و برایانم، ماڵی خلۆیی هەواڵیان دامێ کە ناکۆکی لەنێوانتاندا هەیە. مەبەستم ئەمەیە: یەکێکتان دەڵێت: «من هی پۆڵسم»، یەکێکی دیکە: «من هی ئەپۆلۆسم»، یان «من هی پەترۆسم»، یان «من هی مەسیحم.» ئایا مەسیح بەشکراوە؟ یان پۆڵس لە پێناوتاندا لە خاچ دراوە؟ یان بە ناوی پۆڵس لە ئاو هەڵکێشران؟ سوپاس بۆ خودا کەستانم لە ئاو هەڵنەکێشا، کریسپۆس و گایۆس نەبێت، نەوەک یەکێک بڵێت بە ناوی منەوە لە ئاو هەڵکێشراوە. هەروەها ستیفاناس و خاووخێزانەکەیم لە ئاو هەڵکێشاوە، جگە لەمانە نازانم کەسی دیکەم لە ئاو هەڵکێشابێت، چونکە مەسیح نەیناردووم بۆ لەئاوهەڵکێشان، بەڵکو بۆ مزگێنیدان، ئەمەش نەک بە دانایی و قسەی زیرەکانە، نەوەک هێزی خاچی مەسیح پووچەڵ بێتەوە.