لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 10:1-31

یەکەم کۆرنسۆس 10:1-31 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

برایان، به‌ ناوی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌ كه‌ هه‌مووتان یه‌ك قسه‌ بن، دووبه‌ره‌كی له‌نێوانتاندا نه‌بێت، به‌ڵكو له‌ یه‌ك هزر و یه‌ك ڕا یه‌كگرتوو بن. برایانم، چونكه‌ ماڵی خلۆیی هه‌واڵیان دامێ ناكۆكی له‌نێوانتاندا هه‌یه‌. مه‌به‌ستم ئه‌مه‌یه‌: یه‌كێكتان ده‌ڵێت: “من هی پۆڵۆسم”، یه‌كێكی دیكه‌: “من هی ئه‌پۆلۆسم”، یان “من هی كیپه‌م”، یان “من هی مه‌سیحم”. ئایا مه‌سیح به‌ش كراوه‌؟ یان پۆڵۆس له‌ پێناوتاندا له‌خاچدراوه‌؟ یان به‌ ناوی پۆڵۆس عه‌مادكران؟ سوپاس بۆ خودا كه‌ستانم عه‌ماد نه‌كردووه‌، قیریسپۆس و گائیوس نه‌بێت، نه‌وه‌ك یه‌كێك بڵێت به‌ ناوی منه‌وه‌ عه‌مادكراوه‌. هه‌روه‌ها خێزانی ئیستیفانۆسم عه‌مادكردووه‌، جگه‌ له‌مانه‌ نازانم كه‌سی دیكه‌م عه‌مادكردبێت. چونكه‌ مه‌سیح نه‌یناردووم بۆ عه‌مادكردن، به‌ڵكو بۆ موژده‌دان، ئه‌مه‌ش نه‌ك به‌ قسه‌ی دانایی، نه‌وه‌ك هێزی خاچی مه‌سیح پووچه‌ڵ بێته‌وه‌. چونكه‌ وشه‌ی خاچ لای له‌ناوچووان گێلایه‌تییه‌، به‌ڵام لای ئێمه‌ی ڕزگاربووان هێزی خودایه‌. چونكه‌ نووسراوه‌: {دانایی داناكان له‌ناوده‌به‌م، تێگه‌یشتنی تێگه‌یشتووان ڕه‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌} . كوا دانا؟ كوا ته‌وراتزان؟ كوا كه‌سی به‌ ده‌م وزاری ئه‌م ڕۆژگاره‌؟ ئایا خودا دانایی ئه‌م جیهانه‌ی نه‌كردۆ‌ته‌ گێلایه‌تی؟ چونكه‌ كه‌ جیهان له‌ دانایی خودادا خودایان به‌ دانایی نه‌ناسی، خودا پێی خۆشبوو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێناوه‌ به‌ گێلایه‌تی په‌یامی ڕاگه‌یێندراو ڕزگاریان بكات. چونكه‌ جوو داوای په‌رجو ده‌كه‌ن و یۆنانی هه‌وڵی دانایی ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ مه‌سیحی له‌خاچدراو ڕاده‌گه‌یه‌نین، بۆ جوو كۆسپه‌ و بۆ یۆنانیه‌كان گێلایه‌تییه‌! به‌ڵام بۆ بانگكراوان، جوو و یۆنانی، مه‌سیح هێزی خودا و دانایی خودایه‌. چونكه‌ گێلایه‌تی خودا له‌ مرۆڤ داناتره‌! لاوازی خودا له‌ مرۆڤ به‌هێزتره‌! جا برایان، بڕواننه‌ بانگكردنه‌كه‌تان، به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ زۆرتان دانا نه‌بوون، زۆرتان توانادار نه‌بوون، زۆرتان ماقوڵ نه‌بوون. به‌ڵكو خودا گێله‌كانی جیهانی هه‌ڵبژارد تاكو داناكان شه‌رمه‌زار بكات، خودا لاوازه‌كانی جیهانی هه‌ڵبژارد تاكو به‌هێزه‌كان شه‌رمه‌زار بكات. خودا پایه‌نزمه‌كانی جیهان و ڕق لێبوه‌ و نه‌بووه‌كانی هه‌ڵبژارد، بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ هه‌بووه‌كان، تاكو هیچ جه‌سته‌دارێك له‌به‌رده‌می شانازی نه‌كات. به‌ڵام ئێوه‌ به‌هۆی ئه‌و له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدان، ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌ بۆمان بووه‌ دانایی و بێتاوانی و پارساكردن و قوربانی. تاكو وه‌ك نووسراوه‌: {ئه‌وه‌ی شانازی ده‌كات، با شانازی به‌ په‌روه‌ردگار بكات} .

یەکەم کۆرنسۆس 10:1-31 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی خوشکان و برایان، بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لێتان دەپاڕێمەوە کە هەمووتان یەک هەڵوێست بن، دووبەرەکی لەنێوانتاندا نەبێت، بەڵکو هەمووتان یەک بیر و ڕاتان هەبێت. خوشک و برایانم، ماڵی خلۆیی هەواڵیان دامێ کە ناکۆکی لەنێوانتاندا هەیە. مەبەستم ئەمەیە: یەکێکتان دەڵێت: «من هی پۆڵسم»، یەکێکی دیکە: «من هی ئەپۆلۆسم»، یان «من هی پەترۆسم»، یان «من هی مەسیحم.» ئایا مەسیح بەشکراوە؟ یان پۆڵس لە پێناوتاندا لە خاچ دراوە؟ یان بە ناوی پۆڵس لە ئاو هەڵکێشران؟ سوپاس بۆ خودا کەستانم لە ئاو هەڵنەکێشا، کریسپۆس و گایۆس نەبێت، نەوەک یەکێک بڵێت بە ناوی منەوە لە ئاو هەڵکێشراوە. هەروەها ستیفاناس و خاووخێزانەکەیم لە ئاو هەڵکێشاوە، جگە لەمانە نازانم کەسی دیکەم لە ئاو هەڵکێشابێت، چونکە مەسیح نەیناردووم بۆ لەئاوهەڵکێشان، بەڵکو بۆ مزگێنیدان، ئەمەش نەک بە دانایی و قسەی زیرەکانە، نەوەک هێزی خاچی مەسیح پووچەڵ بێتەوە. پەیامی خاچ بۆ لەناوچووان گێلایەتییە، بەڵام بۆ ئێمەی ڕزگاربووان هێزی خودایە. لەبەر ئەوەی نووسراوە: ﴿دانایی داناکان لەناودەبەم، تێگەیشتنی تێگەیشتووان بەلاوە دەنێم.﴾ کوا دانا؟ کوا مامۆستای تەورات؟ کوا کەسی بە دەموزاری ئەم دنیایە؟ ئایا خودا دانایی ئەم جیهانەی نەکردووەتە گێلایەتی؟ خودا بە دانایی خۆی، مەبەستی بوو کە خەڵک بیناسێت، نەک لە ڕێگەی دانایی جیهانەوە، بەڵکو خودا ویستی لە ڕێگەی مزگێنییەوە باوەڕداران ڕزگار بکات، ئەو مزگێنییەی خەڵکانێک بە گێلایەتی دەزانن. جولەکە داوای نیشانە دەکەن و یۆنانی هەوڵی دانایی دەدەن، بەڵام ئێمە مەسیحی لەخاچدراو جاڕدەدەین، بۆ جولەکە کۆسپە و بۆ نەتەوەکان گێلایەتییە، بەڵام بۆ بانگکراوان، جولەکە و ناجولەکە، مەسیح هێز و دانایی خودایە، چونکە گێلایەتیی خودا لە دانایی مرۆڤ داناترە و لاوازیی خودا لە بەهێزیی مرۆڤ بەهێزترە. ئەی خوشک و برایان، بیربکەنەوە چۆن بوون کاتێک خودا بانگی کردن. بەپێی پێوانە مرۆییەکان کەمتان دانا بوون، هەروەها کەم کەستان توانادار و لە بنەماڵەی ناودار بوون. بەڵام خودا ئەوانەی هەڵبژارد کە بەلای جیهانەوە گێلن، تاکو داناکان شەرمەزار بن، لاوازەکانی هەڵبژارد تاکو بەهێزەکان شەرمەزار بن. خودا پایەنزمەکانی جیهان و ڕق لێبووەوە و ئەوانەی هەڵبژارد کە هیچ نەبوون، تاکو ئەوانە لەناوببات کە خۆیان بە شت دەزانن، بۆ ئەوەی هیچ مرۆڤێک لەبەردەم خودا شانازی نەکات. بەڵام ئێوە بەهۆی خوداوە لەگەڵ عیسای مەسیحدا بوونە یەک، کە خودا بۆ ئێمەی کرد بە دانایی و ڕاستودروستی و پیرۆزکردن و کڕینەوە، تاکو وەک ئەوەی نووسراوە: ﴿ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بە یەزدانەوە بکات.﴾