لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 1:10-33

یەکەم کۆرنسۆس 1:10-33 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

برایان، نامه‌وێ نه‌زانن كه‌وا باوباپیرانمان هه‌موو له‌ ژێر هه‌وردا بوون و هه‌مووشیان ده‌ریایان بڕی. جا هه‌موویان له‌ هه‌ور و له‌ ده‌ریادا بۆ مووشێ عه‌مادكران، هه‌مووشیان هه‌مان خواردنی ڕووحییانه‌یان خوارد. هه‌موویان هه‌مان خواردنه‌وه‌ی ڕووحییانه‌یان خوارده‌وه‌، چونكه‌ له‌و تاشه‌به‌رده‌ ڕووحییه‌یان ده‌خوارده‌وه‌ كه‌ دوایان كه‌وتبوو، ئه‌و تاشه‌به‌رده‌ش مه‌سیح بوو. به‌ڵام خودا له‌ زۆربه‌یان ڕازی نه‌بوو، ئه‌وه‌بوو ته‌رمه‌كانیان له‌ بیابان په‌رشوبڵاو بووه‌وه‌. ئه‌م شتانه‌ی ڕوویدا په‌ندن بۆمان، تاكو ئاره‌زووی خراپه‌ نه‌كه‌ین، وه‌ك ئه‌وان ئاره‌زوویان كرد. بتپه‌رست مه‌بن وه‌ك هه‌ندێكیان، وه‌كو نووسراوه‌: {گه‌ل بۆ خواردن و خواردنه‌وه‌ دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هه‌ستانه‌وه‌} . با داوێنپیسی نه‌كه‌ین وه‌ك هه‌ندێكیان داوێنپیسییان كرد و له‌ ڕۆژێكدا بیست و سێ هه‌زاریان كه‌وت. با مه‌سیح تاقی نه‌كه‌ینه‌وه‌، وه‌ك هه‌ندێكیان تاقییان كرده‌وه‌ و مار له‌ناوی بردن. بۆڵه‌بۆڵ مه‌كه‌ن وه‌ك هه‌ندێكیان بۆڵه‌بۆڵیان كرد و له‌ناوبه‌ر له‌ناویبردن. جا ئه‌م شتانه‌یان وه‌ك په‌ند به‌سه‌رهات، بۆ ئاگاداری ئێمه‌ش نووسراوه‌، كه‌ پایانی ڕۆژگار بۆمان هاتووه‌. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی واده‌زانێت ڕاوه‌ستاوه‌، با وریابێت نه‌كه‌وێت. تاقیكردنه‌وه‌تان تووش نه‌بووه‌ مرۆڤانه‌ نه‌بێت، به‌ڵام خودا سه‌ڕراسته‌، كه‌ نایه‌ڵێت زیاتر له‌ توانای خۆتان تاقی بكرێنه‌وه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ تاقیكردنه‌وه‌ ده‌ربازبوونتان بۆ داده‌نێت، تاكو بتوانن به‌رگه‌ بگرن. بۆیه‌ خۆشه‌ویستانم، له‌ بتپه‌رستی هه‌ڵبێن. وه‌ك بۆ دانایان بێت ده‌دوێم: ئێوه‌ حوكم بده‌ن له‌وه‌ی ده‌یڵێم: ئایا ئه‌و جامه‌ی داڕشته‌ی له‌ پێناوی داڕشتی خودا ده‌كه‌ین، به‌شداری نییه‌ له‌ خوێنی مه‌سیح؟ ئه‌و نانه‌ی له‌تیده‌كه‌ین، به‌شداری نییه‌ له‌ له‌شی مه‌سیح؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌ك نان هه‌یه‌، ئێمه‌ كه‌ زۆرین، یه‌ك له‌شین، چونكه‌ هه‌موومان به‌شداری له‌ یه‌ك ناندا ده‌كه‌ین. بڕواننه‌ ئیسڕائیل كه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌یه‌: ئایا ئه‌وانه‌ی قوربانی ده‌خۆن له‌ قوربانگادا هاوبه‌ش نین؟ جا چی ده‌ڵێم؟ ئایا ئه‌وه‌ی بۆ بت سه‌ربڕاوه‌ شتێكه‌، یان بته‌كه‌ شتێكه‌؟ نه‌خێر به‌ڵكو ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كان سه‌ری ده‌بڕن، بۆ شه‌یتانه‌كان سه‌ری ده‌بڕن، نه‌ك بۆ خودا. جا نامه‌وێت له‌گه‌ڵ شه‌یتانه‌كان هاوبه‌ش بن. ناتوانن جامی په‌روه‌ردگار و جامی شه‌یتانه‌كان بخۆنه‌وه‌. ناتوانن به‌شداری خوانی په‌روه‌ردگار و خوانی شه‌یتانه‌كان بكه‌ن. یاخود ئیره‌یی په‌روه‌ردگار هه‌ڵده‌ستێنین؟ ئایا ئێمه‌ له‌و به‌هێزترین؟ ئێوه‌ ده‌ڵێن: “هه‌موو شتێك دروسته‌”، به‌ڵام هه‌موو شتێك سوودبه‌خش نییه‌. “هه‌موو شتێك دروسته‌”، به‌ڵام هه‌موو شتێك بنیادنه‌ر نییه‌. كه‌س داوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆی نه‌كات، به‌ڵكو شتی خه‌ڵک. ئه‌و گۆشته‌ی له‌ بازاڕ ده‌فرۆشرێت بیخۆن، ئه‌وه‌نده‌ لێی مه‌كۆڵنه‌وه‌، به‌بێ لێپرسینه‌وه‌ی ویژدان. چونكه‌ {زه‌وی و هه‌رچی تێدایه‌ هی په‌روه‌ردگاره‌} . ئه‌گه‌ر بێباوه‌ڕێك داوه‌تتان بكات و ئێوه‌ش ویستتان بڕۆن، جا هه‌رچییه‌كتان له‌پێش دانرا بیخۆن، بێ لێكۆڵینه‌وه‌، له‌به‌ر ویژدان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك پێی وتن: “ئه‌مه‌ كراوه‌ته‌ قوربانیی بت” مه‌یخۆن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێی وتن و له‌به‌ر ویژدان، چونكه‌ {زه‌وی و هه‌رچی تێدایه‌ هی په‌روه‌ردگاره‌} . ده‌ڵێم “ویژدان”، هی تۆ نا، به‌ڵكو هی ئه‌وی دیكه‌. جا بۆچی سه‌ربه‌ستیم له‌لایه‌ن ویژدانێكی دیكه‌وه‌ حوكم بدرێت؟ ئه‌گه‌ر به‌ سوپاسكردنه‌وه‌ بخۆم، ئیتر بۆچی تاوانبار ده‌كرێم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سوپاسی خودای له‌سه‌ر ده‌كه‌م؟ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر خواردتان یان خواردتانه‌وه‌ یان هه‌ر شتێكتان كرد، هه‌موو شتێك بۆ شكۆی خودا بكه‌ن. بۆ جوو و یۆنانی و وارگه‌ی خودا مه‌بنه‌ كۆسپ وه‌ك منیش له‌ هه‌موو شتێك هه‌مووان ڕازی ده‌كه‌م، به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆمدا ناگه‌ڕێم، به‌ڵكو هی زۆر كه‌س، تاكو ڕزگاریان ببێت.

یەکەم کۆرنسۆس 1:10-33 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

خوشکان، برایان، نامەوێ نەزانن کە باوباپیرانمان هەموو لەژێر هەوردا بوون و هەمووشیان دەریایان بڕی. جا هەموویان لە هەور و لە دەریادا بۆ موسا لە ئاو هەڵکێشران، هەمووشیان هەمان خواردنی ڕۆحییان خوارد. هەموویان هەمان خواردنەوەی ڕۆحییان خواردەوە، چونکە لەو تاشەبەردە ڕۆحییان دەخواردەوە کە دوایان کەوتبوو، ئەو تاشەبەردەش مەسیح بوو. بەڵام خودا لە زۆربەیان ڕازی نەبوو، ئەوە بوو تەرمەکانیان لە بیابان پەرشوبڵاو بووەوە. ئەم شتانەی ڕوویاندا پەندن بۆمان، تاکو ئارەزووی خراپە نەکەین، وەک ئەوان ئارەزوویان کرد. بتپەرست مەبن وەک هەندێکیان، وەکو نووسراوە: ﴿گەل بۆ خواردن و خواردنەوە دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هەستانەوە.﴾ با داوێنپیسی نەکەین وەک هەندێکیان داوێنپیسییان کرد و لە ڕۆژێکدا بیست و سێ هەزاریان کەوت. نابێت مەسیح تاقی بکەینەوە، وەک هەندێکیان تاقییان کردەوە و مار لەناوی بردن. بۆڵەبۆڵ مەکەن وەک هەندێکیان بۆڵەبۆڵیان کرد و فریشتەی لەناوبەر کوشتیان. جا ئەم شتانەیان وەک پەند بەسەرهات، بۆ ئاگاداری ئێمەش نووسراوە، کە لە کۆتایی زەمان دەژین. کەواتە ئەوەی وا دەزانێت ڕاوەستاوە، با وریابێت نەکەوێت. هیچ تاقیکردنەوەیەکتان تووش نابێت کە هاوبەش نەبێت لەنێوان مرۆڤەکاندا، بەڵام خودا دڵسۆزە، کە نایەڵێت زیاتر لە توانای خۆتان تاقی بکرێنەوە، بەڵکو لەگەڵ تاقیکردنەوە ڕێگای دەرچوون دەکاتەوە، تاکو بتوانن بەرگە بگرن. بۆیە خۆشەویستانم، لە بتپەرستی ڕابکەن. وەک بۆ هۆشیاران بێت دەدوێم، ئێوە حوکم بدەن لەوەی دەیڵێم: ئایا ئەو جامەی سوپاسگوزاری لە پێناوی سوپاسی خودا دەکەین، بەشداری نییە لە خوێنی مەسیح؟ ئەو نانەی لەتی دەکەین، بەشداری نییە لە لەشی مەسیح؟ لەبەر ئەوەی یەک نان هەیە، ئێمە کە زۆرین، یەک لەشین، چونکە هەموومان بەشداری لە یەک ناندا دەکەین. سەیری ئیسرائیل بکەن کە بەگوێرەی جەستەیە: ئایا ئەوانەی قوربانی دەخۆن لە قوربانگادا هاوبەش نین؟ جا چی دەڵێم؟ ئایا ئەوەی بۆ بت سەربڕدراوە شتێکە، یان بتەکە شتێکە؟ نەخێر بەڵکو ئەوەی سەری دەبڕن، بۆ ڕۆحە پیسەکان سەری دەبڕن نەک بۆ خودا. جا نامەوێت لەگەڵ ڕۆحە پیسەکان هاوبەش بن. ناتوانن جامی مەسیحی خاوەن شکۆ و جامی ڕۆحە پیسەکان بخۆنەوە. ناتوانن بەشداری خوانی خاوەن شکۆ و خوانی ڕۆحە پیسەکان بکەن. یاخود ئیرەیی خاوەن شکۆ هەڵدەستێنین؟ ئایا ئێمە لەو بەهێزترین؟ «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک سوودبەخش نییە. «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک بنیادنەر نییە. کەس بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا نەگەڕێت، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی خەڵک هەوڵ بدەن. ئەو گۆشتەی لە بازاڕ دەفرۆشرێت بیخۆن، ئەوەندە لێی مەکۆڵنەوە، بەبێ لێپرسینەوەی ویژدان، چونکە ﴿زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە.﴾ ئەگەر بێباوەڕێک داوەتتان بکات و ئێوەش ویستتان بچن، جا هەرچییەکتان لەپێش دانرا بیخۆن، بێ لێکۆڵینەوە، لەبەر ویژدان. بەڵام ئەگەر یەکێک پێی گوتن: «ئەمە کراوەتە قوربانی بت» مەیخۆن، لەبەر ئەوەی پێی گوتن و لەبەر ویژدان، دەڵێم ویژدان، هی تۆ نا، بەڵکو هی ئەوی دیکە. جا بۆچی سەربەستیم لەلایەن ویژدانێکی دیکەوە حوکم بدرێت؟ ئەگەر بە سوپاسکردنەوە بەشداری بکەم، ئیتر بۆچی تاوانبار دەکرێم لەسەر ئەوەی سوپاسی خودای لەسەر دەکەم؟ بۆیە ئەگەر خواردتان یان خواردتانەوە یان هەر شتێکتان کرد، هەموو شتێک بۆ شکۆی خودا بکەن. بۆ جولەکە و ناجولەکە و کڵێسای خودا مەبنە کۆسپ. هەروەک منیش لە هەموو شتێک هەمووان ڕازی دەکەم، بەدوای بەرژەوەندی خۆمدا ناگەڕێم، بەڵکو هی زۆران، تاکو ڕزگاریان ببێت.