لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 35:15-58

یەکەم کۆرنسۆس 35:15-58 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك بڵێت: “مردووان چۆن هه‌ڵده‌ستێندرێنه‌وه‌؟ به‌ چ جۆره‌ له‌شێك دێن؟” ئه‌ی گێل! ئه‌وه‌ی ده‌یچێنیت زیندوو نابێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌مرێت. ئه‌وه‌ی ده‌یچێنیت ئه‌و له‌شه‌ نییه‌ كه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵكو ته‌نها ده‌نكێكه‌، له‌وانه‌یه‌ گه‌نمه‌ یاخود هه‌ر تۆوێكی دیكه‌. به‌ڵام خودا ئه‌و له‌شه‌ی ده‌داتێ كه‌ خۆی ده‌یه‌وێ، هه‌ر جۆره‌ تۆوێك له‌شێكی تایبه‌تی داوه‌تێ. هه‌موو جه‌سته‌یه‌ك یه‌ك شێوه‌ی نییه‌، به‌ڵكو مرۆڤ جه‌سته‌یه‌كی هه‌یه‌، ئاژه‌ڵ جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌، ماسی جه‌سته‌یه‌ك و باڵنده‌ جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌. جه‌سته‌ی ئاسمانی هه‌یه‌ و جه‌سته‌ی زه‌ویش هه‌یه‌، به‌ڵام شكۆ ئاسمانییه‌كان شتێكه‌ و شكۆی زه‌ویش شتێكی دیكه‌یه‌. شكۆی خۆر شتێكه‌ و شكۆی مانگ شتێكه‌، شكۆی ئه‌ستێره‌ش شتێكی دیكه‌یه‌، ئه‌ستێره‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ شكۆی جیاوازی خۆیان هه‌یه‌. به‌م جۆره‌ش هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانیش: له‌ له‌ناوچوون ده‌چێندرێت، له‌ له‌ناونه‌چوون هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. له‌ سووكایه‌تی ده‌چێندرێت، له‌ شكۆمه‌ندی هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. له‌ لاوازی ده‌چێندرێت، له‌ هێز هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. به‌ له‌شی ئاژه‌ڵی ده‌چێندرێت، به‌ له‌شی ڕووحی هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. له‌شی ئاژه‌ڵی هه‌یه‌ و له‌شی ڕووحیش هه‌یه‌. ئاواش نووسراوه‌: {ئاده‌م مرۆڤی یه‌كه‌مین بووه‌ گیانێكی زیندوو. به‌ڵام دوا ئاده‌م، ڕووحێكی ژیانبه‌خشه‌} . به‌ڵام ڕووحییه‌كه‌ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م نییه‌، به‌ڵكو له‌شی ئاژه‌ڵیه‌ و ئه‌وه‌ی دواتر ڕووحییه‌. مرۆڤی یه‌كه‌م له‌ گڵ زه‌وی بوو، مرۆڤی دووه‌م له‌ ئاسمانه‌وه‌یه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ گڵ بوو، ئه‌وانه‌ش له‌ گڵن. ئه‌وه‌ش له‌ ئاسمانه‌وه‌یه‌، ئاسمانییه‌كان به‌م جۆره‌ ده‌بن. وه‌ك چۆن ئه‌و وێنه‌یه‌مان وه‌رگرتووه‌ كه‌ له‌ گڵ بوو، به‌ هه‌مان شێوه‌ وێنه‌ی ئاسمانی وه‌رده‌گرین. برایان، ئه‌مه‌تان پێ ده‌ڵێم: گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێته‌ میراتگری پاشایه‌تیی خودا، هه‌روه‌ها له‌ناوچوو نابێته‌ میراتگری له‌ناونه‌چوو. ئه‌وه‌تا نهێنییه‌كتان پێ ده‌ڵێم: هه‌موومان ناخه‌وین، به‌ڵكو هه‌موومان ده‌گۆڕێین، له‌ ساتێكدا له‌ چاوتروكانێک، له‌ دوا كه‌ڕه‌نادا. چونكه‌ كه‌ڕه‌نا ده‌نگ ده‌داته‌وه‌، مردووانی له‌ناونه‌چووش هه‌ڵده‌ستێنه‌وه‌، ئێمه‌ش ده‌گۆڕدرێین. چونكه‌ هه‌ر ده‌بێ ئه‌م له‌ناوچووه‌ له‌ناونه‌چوویی بپۆشێت وئه‌م مردووه‌ نه‌مری بپۆشێت. كاتێ له‌ناوچوو له‌ناونه‌چوویی ده‌پۆشێت و مردوو نه‌مری ده‌پۆشێت، ئه‌وسا وشه‌ی نووسراو دێته‌ دی: {مه‌رگ به‌ سه‌ركه‌وتن قووت درا} . {ئه‌ی مه‌رگ، كوا ده‌سه‌ڵاتت؟ ئه‌ی گۆڕ، كوا سه‌ركه‌وتنت؟} جا ده‌سه‌ڵاتی مه‌رگ گوناهه‌، هێزی گوناهیش ته‌وراته‌. به‌ڵام سوپاس بۆ خودا! كه‌ به‌ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان سه‌ركه‌وتنمان پێ ده‌به‌خشێت. كه‌واته‌، برایانی خۆشه‌ویستم، جێگیر بن، نه‌هه‌ژێن. هه‌میشه‌ خۆتان بۆ كاری په‌روه‌ردگار ته‌رخان بكه‌ن، بزانن ڕه‌نجتان بۆ په‌روه‌ردگار بێ سوود نییه‌.

یەکەم کۆرنسۆس 35:15-58 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لەوانەیە کەسێک بڵێت: «چۆن مردووان هەڵدەستێنرێنەوە؟ بە چ جۆرە جەستەیەکەوە دێنەوە؟» ئەی گێل! ئەوەی دەیچێنیت، زیندوو نابێتەوە ئەگەر نەمرێت. ئەوەی دەیچێنیت، ئەو لەشە نییە کە دەردەکەوێت، بەڵکو تەنها دەنکێکە، جا گەنم بێت یاخود هەر تۆوێکی دیکە. بەڵام خودا ئەو لەشەی دەداتێ کە خۆی دەیەوێ، هەر جۆرە تۆوێک لەشێکی تایبەتی داوەتێ. هەموو جەستەیەک وەکو یەک نییە، مرۆڤ جەستەیەکی هەیە، ئاژەڵ جەستەیەکی دیکە، باڵندە جەستەیەک و ماسی جەستەیەکی دیکە. تەنی ئاسمانی هەیە و تەنی زەمینیش هەیە، بەڵام شکۆی تەنە ئاسمانییەکان شتێکە و شکۆی تەنە زەمینییەکانیش شتێکی دیکەیە. شکۆی خۆر شتێکە و شکۆی مانگ شتێکە، شکۆی ئەستێرەش شتێکی دیکەیە، ئەستێرەش لەگەڵ ئەستێرە شکۆی جیاوازی خۆیان هەیە. بۆ هەستانەوەی مردووانیش بە هەمان شێوە دەبێت: لە فەوتاوی دەچێنرێت، لە نەفەوتاوی هەڵدەستێنرێتەوە. لە سووکایەتی دەچێنرێت، لە شکۆمەندی هەڵدەستێنرێتەوە. لە لاوازی دەچێنرێت، لە هێز هەڵدەستێنرێتەوە. بە لەشی سروشتی دەچێنرێت، بە لەشی ڕۆحی هەڵدەستێنرێتەوە. ئەگەر لەشی سروشتی هەیە، لەشی ڕۆحیش هەیە. ئاواش نووسراوە: ﴿پیاوی یەکەم، ئادەم بووە گیانێکی زیندوو.﴾ بەڵام دوا ئادەم، ڕۆحێکە ژیان دەبەخشێت. بەڵام ڕۆحییەکە ئەوەی یەکەم نییە، بەڵکو لەشی سروشتییە و ئەوەی دواتر ڕۆحییە. مرۆڤی یەکەم لە خۆڵی زەوی بوو، مرۆڤی دووەم لە ئاسمانەوەیە. ئەوانەی لە خۆڵن، لەو کەسە دەچن کە لە خۆڵەوە هاتووە. ئاسمانییەکانیش لەو کەسە دەچن کە لە ئاسمانەوە هاتووە. وەک چۆن ئەو وێنەیەمان وەرگرتووە کە لە خۆڵ بوو، بە هەمان شێوە وێنەی ئاسمانی وەردەگرین. ئەی خوشک و برایانم، پێتان دەڵێم کە گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێتە میراتگری شانشینی خودا، هەروەها فەوتاو نابێتە میراتگری نەفەوتاو. ئەوەتا نهێنییەکتان پێ دەڵێم: هەموومان ناخەوین، بەڵکو هەموومان دەگۆڕدرێین، لە ساتێکدا، لە چاوتروکانێک، کاتێک دوا کەڕەنا لێدەدرێت. لەبەر ئەوەی کەڕەنا دەنگ دەداتەوە، مردووانیش بێ فەوتان هەڵدەستێنرێنەوە، ئێمەش دەگۆڕدرێین، چونکە هەر دەبێ ئەو سروشتە فەوتاوە نەفەوتاوی بپۆشێت و سروشتی مردوو نەمری بپۆشێت. کاتێک فەوتاو نەفەوتاویی دەپۆشێت و مردن نەمریی دەپۆشێت، ئەوسا وشەی نووسراو دێتە دی: ﴿مردن بە سەرکەوتن لووش دراوە.﴾ ﴿ئەی مردن، کوا سەرکەوتنت؟ ئەی مردن، کوا پێوەدانت؟﴾ جا پێوەدانی مردن گوناهە، هێزی گوناهیش شەریعەتە. بەڵام سوپاس بۆ خودا! لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان سەرکەوتن بە ئێمە دەبەخشێت. کەواتە، ئەی خوشک و برایانی خۆشەویستم، چەسپاو و جێگیر بن. خۆتان بە تەواوی بۆ کاری عیسای خاوەن شکۆ تەرخان بکەن، چونکە دەزانن ئەو ڕەنجە بەفیڕۆ ناڕوات کە ئێوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆدا دەیکێشن.