لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم یۆحەنا 1:3-24

یەکەم یۆحەنا 1:3-24 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

بڕوانن باوک چ خۆشویستنێكی پێ داوین، ته‌نانه‌ت پێمان ده‌ووترێ ڕۆڵه‌كانی خودا! بۆیه‌ جیهان نامانناسێت، چونكه‌ ئه‌وی نه‌ناسیوه‌. خۆشه‌ویستان، ئێستا ئێمه‌ ڕۆڵه‌كانی خوداین، هێشتا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ ده‌بینه‌ چی. به‌ڵام ده‌زانین كاتێ ئه‌و ده‌رده‌كه‌وێت ئێمه‌ وه‌ک ئه‌و ده‌بین، چونكه‌ وه‌ک خۆی ده‌یبینین. هه‌ر كه‌سێک ئه‌م هیوایه‌ی به‌و هه‌بێت، هه‌روه‌ک ئه‌و بێگه‌رده‌، خۆی بێگه‌رد ده‌كاته‌وه‌. هه‌ر كه‌سێک گوناه‌ بكات سه‌رپێچی ده‌كات، چونكه‌ گوناه‌ سه‌رپێچییه‌. ده‌زانن ئه‌و ده‌ركه‌وتووه‌ تاكو گوناه‌ لابدات، خۆی گوناهی تێدا نییه‌. هه‌ر كه‌سێک له‌ودا جێگیر بێت، گوناه‌ ناكات. هه‌ر كه‌سێک گوناه‌ بكات نه‌ بینیویه‌تی و نه‌ ناسیویه‌تی. ڕۆڵه‌كان، با كه‌س چه‌واشه‌تان نه‌كات: ئه‌وه‌ی خوداناسی بكات خوداناسه‌، وه‌ک ئه‌ویش خوداناسه‌. ئه‌وه‌ی گوناه‌ بكات له‌ ئیبلیسه‌، چونكه‌ ئیبلیس له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گوناهی كرده‌وه‌. ڕۆڵه‌ی خودا بۆ ئه‌مه‌ ده‌ركه‌وت، تاكو كاره‌كانی ئیبلیس هه‌ڵبوه‌شێنێه‌وه‌. هه‌ر كه‌سێک له‌ خوداوه‌ له‌دایک بووبێت‌ گوناه‌ ناكات، چونكه‌ تۆوی خودا تیایدا جێگیر ده‌بێت و ناتوانێت گوناه‌ بكات، چونكه‌ له‌ خوداوه‌ له‌دایكبووه‌. ڕۆڵه‌كانی خودا و ڕۆڵه‌كانی ئیبلیس به‌مه‌ ده‌رده‌كه‌ون: هه‌ر كه‌سێک خوداناسی نه‌كات له‌ خوداوه‌ نییه‌، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی براكه‌ی خۆی خۆشنه‌وێت. چونكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بیستتان: كه‌وا یه‌كترمان خۆشبووێ. وه‌ک قائین مه‌بن، كه‌ سه‌ر به‌ خراپه‌كار بوو و برای خۆیی سه‌ربڕی. بۆچی سه‌ری بڕی؟ چونكه‌ كاره‌كانی خۆی خراپ بوون و هی براكه‌ی خوداناسانه‌ بوو. برایانم، لاتان سه‌یر نه‌بێت ئه‌گه‌ر جیهان ڕقی لێتان بێته‌وه‌. ده‌زانین له‌ مه‌رگه‌وه‌ بۆ ژیان گواستراینه‌وه‌، چونكه‌ برایانمان خۆشده‌وێت. ئه‌وه‌ی خۆشویستنی بۆ براكه‌ی نه‌بێت له‌ مه‌رگدا ده‌مێنێته‌وه‌. هه‌ر كه‌سێک ڕقی له‌ براكه‌ی ببێته‌وه‌ بكوژه‌، خۆتان ده‌زانن هیچ بكوژێک له‌ ژیانی جاویدانیدا نامێنێته‌وه‌. به‌مه‌ خۆشویستنمان زانی: ئه‌و ژیانی خۆیی بۆ ئێمه‌ دانا. ئێمه‌ش ده‌بێت ژیانی خۆمان بۆ برایان دابنێین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ماڵی دونیای هه‌بێت و براكه‌ی خۆی به‌ نه‌داری بینی و دڵی لێی ڕه‌ق كرد، چۆن خۆشویستنی خودای تێدا ده‌مێنێته‌وه‌؟ ڕۆڵه‌كانم، با به‌ وشه‌ و زمان خۆشویستن نه‌كه‌ین، به‌ڵكو به‌ كردار و به‌ ڕه‌وا! به‌مه‌ ده‌زانین سه‌ر به‌ ڕه‌واداین و دڵمان ئۆقره‌ ده‌رگرێت له‌ ئاماده‌گی ئه‌و چونكه‌ كاتێ دڵمان سه‌ركۆنه‌مان ده‌كات، خودا له‌ دڵمان مه‌زنتره‌ و هه‌موو شتێک ده‌زانێت. خۆشه‌ویستان، ئه‌گه‌ر دڵمان سه‌ركۆنه‌مان نه‌كات، ئه‌وا له‌به‌رده‌م خودا دڵنیا ده‌بین، هه‌رچییه‌كی لێ داوا بكه‌ین لێی وه‌رده‌گرین، چونكه‌ ڕاسپارده‌كانی ده‌پارێزین و ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌دڵیه‌تی. ئه‌مه‌ش ڕاسپارده‌كه‌یه‌تی: باوه‌ڕمان به‌ ناوی ئیشۆعی مه‌سیحی ڕۆڵه‌كه‌ی هه‌بێت و یه‌كتریمان خۆشبووێ، وه‌ک ڕایسپاردووین. ئه‌وه‌ی ڕاسپارده‌كانی بپارێزێت، له‌ودا جێگری ده‌بێت و ئه‌ویش له‌م، به‌مه‌ش ده‌زانین ئه‌و له‌ ئێمه‌دا جێگیره‌، به‌و ڕووحه‌ی كه‌ پێیداوین.

یەکەم یۆحەنا 1:3-24 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

تەماشا بکەن باوک چ خۆشەویستییەکی پێداوین، تاکو پێمان بگوترێت ڕۆڵەی خودا! ئێمە ئەوەین! بۆیە جیهان نامانناسێت، چونکە ئەوی نەناسیوە. خۆشەویستان، ئێستا ڕۆڵەی خوداین و هێشتا دەرنەکەوتووە دەبینە چی. بەڵام دەزانین کاتێک ئەو دەردەکەوێت ئێمە وەک ئەو دەبین، چونکە وەک خۆی دەیبینین. هەرکەسێک ئەم هیوایەی بەو هەبێت، خۆی پاک دەکاتەوە، هەروەک چۆن ئەو پاکە. هەرکەسێک گوناه بکات سەرپێچی دەکات، چونکە گوناه سەرپێچییە. دەزانن ئەو دەرکەوت تاکو گوناهەکان لاببات. ئەو خۆی بێ گوناهە. هەرکەسێک بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح بژیێت، لە گوناهکردن بەردەوام نابێت. هەرکەسێک بە بەردەوامی گوناه بکات، نە ئەوی بینیوە و نە ئەویشی ناسیوە. ڕۆڵە خۆشەویستەکان، با کەس چەواشەتان نەکات. ئەوەی ڕاستودروستی پەیڕەو بکات ڕاستودروستە، وەک چۆن ئەویش ڕاستودروستە. ئەوەی گوناه بکات لە ئیبلیسە، چونکە ئیبلیس هەر لە سەرەتاوە گوناهی کردووە. کوڕی خودا بۆ ئەمە دەرکەوت، تاکو کارەکانی ئیبلیس تێکبدات. هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت بەردەوام نابێت لە گوناهکردن، چونکە تۆوی خودای تێدا دەچەسپێت. ناتوانێت بەردەوام‏ بێت لە گوناهکردن، لەبەر ئەوەی لە خوداوە لەدایک بووە. ڕۆڵەی خودا و ڕۆڵەی ئیبلیس بەمە دەردەکەون: هەرکەسێک ڕاستودروستی پەیڕەو نەکات لە خوداوە نییە، هەروەک ئەوەی خوشکی یان برای خۆی خۆشنەوێت، چونکە ئەمە ئەم پەیامەیە کە لە سەرەتادا بیستتان، کە یەکترمان خۆشبوێ. وەک قایین مەبن، کە سەر بە شەیتان بوو و هابیلی برای خۆی کوشت. بۆچی کوشتی؟ چونکە کارەکانی ئەو خراپ بوون و هی براکەی ڕاستودروست. خوشکان، برایان، لاتان سەیر نەبێت ئەگەر جیهان ڕقی لێتان بێتەوە. دەزانین لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراینەوە، چونکە برایانمان خۆشدەوێت. ئەوەی خۆشەویستی نەبێت لە مردندا دەمێنێتەوە. هەرکەسێک ڕقی لە خوشکی یان براکەی ببێتەوە، بکوژە و ئێوە دەزانن هیچ بکوژێک نابێتە خاوەنی ژیانی هەتاهەتایی. بەمە خۆشەویستیمان زانی: عیسای مەسیح ژیانی خۆی بۆ ئێمە دانا. ئێمەش دەبێت ژیانی خۆمان بۆ خوشک و براکانمان دابنێین. ئەوەی ماڵی دنیای هەبێت و خوشکی یان براکەی خۆی بە نەداری بینی و دڵی لێی ڕەقکرد، چۆن خۆشەویستی خودای تێدا دەمێنێتەوە؟ ڕۆڵە خۆشەویستەکان، با تەنها بە وشە و زمان خۆشەویستی دەرنەبڕین، بەڵکو بە کردار و ڕاستی. بەمە دەزانین کە سەر بە ڕاستیین، هەروەها چۆن دڵمان ئاسوودە دەبێت لە ئامادەبوونی ئەو: کاتێک دڵمان سەرکۆنەمان دەکات، خودا لە دڵمان گەورەترە و هەموو شتێک دەزانێت. خۆشەویستان، ئەگەر دڵمان سەرکۆنەمان نەکات، ئەوا لەبەردەم خودا دڵنیا دەبین، هەرچییەکی لێ داوا بکەین لێی وەردەگرین، چونکە ڕاسپاردەکانی بەجێدەگەیەنین و ئەوە دەکەین کە بەدڵیەتی. ئەمەش ڕاسپاردەکەیەتی: باوەڕمان بە ناوی عیسای مەسیحی کوڕەکەی هەبێت و یەکتریمان خۆشبوێ، وەک ڕایسپاردووین. ئەگەر کەسێک ڕاسپاردەکانی خودا بەجێبگەیەنێت، ئەوا بە یەکبوون لەگەڵ خودا دەژیێت، هەروەها خوداش بە یەکبوون لەگەڵ ئەو کەسەدا دەژیێت. بەمەدا دەزانین خودا بە یەکبوون لەگەڵمان دەژیێت: بەو ڕۆحەی کە پێیداوین.