لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم یۆحەنا 10:4-16

یەکەم یۆحەنا 10:4-16 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

خۆشویستن له‌مه‌دایه‌: نه‌ک ئێمه‌ خودامان خۆشویست، به‌ڵكو ئه‌و خۆشیویستین و ڕۆڵه‌كه‌ی بۆ پۆشینی گوناهه‌كانمان نارد. خۆشه‌ویستان، ئه‌گه‌ر خودا ئاوا خۆشیویستین، پێویسته‌ ئێمه‌ش یه‌كتریمان خۆشبووێ. هه‌رگیز كه‌س خودای نه‌بینیوه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كتریمان خۆشبووێ، خودا له‌ نێوماندا جێگیر ده‌بێت و خۆشویستنه‌كه‌ی له‌ نێوماندا ته‌واوه‌. به‌مه‌ ده‌زانین له‌ ئه‌ودا جێگیر ده‌بین و ئه‌ویش له‌ ئێمه‌: چونكه‌ ئه‌و له‌ ڕووحی خۆی پێیداوین. ئێمه‌ش بینیمان و گه‌واهیی ده‌ده‌ین، كه‌وا باوک ڕۆڵه‌ی وه‌ک ڕزگاریده‌ری جیهان ناردووه‌. ئه‌وه‌ی دان بنێت كه‌وا ئیشۆع ڕۆڵه‌ی خودایه‌، خودا له‌ودا جێگیر ده‌بێت و ئه‌ویش له‌ خودا. ئێمه‌ش ئه‌و خۆشویستنه‌ی خودا كه‌ بۆ ئێمه‌یه‌ ناسیمان و بڕوامان پێكرد. خودا خۆشویستنه‌. ئه‌وه‌ی له‌ خۆشویستندا جێگیر بێت له‌ خودا جێگیر ده‌بێت و خوداش له‌ودایه‌.

یەکەم یۆحەنا 10:4-16 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

خۆشەویستی لەمەدایە: نەک ئێمە خودامان خۆشویست، بەڵکو ئەو خۆشیویستین و کوڕەکەی بۆ کەفارەتی گوناهەکانمان نارد. خۆشەویستان، ئەگەر خودا بەم شێوەیە خۆشیویستین، پێویستە لەسەرمان یەکتریمان خۆشبوێ. هەرگیز کەس خودای نەبینیوە. ئەگەر یەکتریمان خۆشبوێ، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژین و خۆشەویستییەکەی لە ناخماندا تەواوە. بەمەدا دەزانین کە ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ خودا دەژین و خوداش بە یەکبوون لەگەڵ ئێمە دەژیێت: ئەو لە ڕۆحی خۆی پێداوین. ئێمەش بینیمان و شایەتی دەدەین کە باوک کوڕی خۆی ناردووە بۆ ئەوەی ببێتە ڕزگارکەری جیهان. هەرکەسێک دانی پێدا بنێت کە عیسا کوڕی خودایە، ئەوا خودا بە یەکگرتوویی لەگەڵ ئەو کەسەدا دەژیێت، ئەویش بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژیێت. ئێمەش ئەو خۆشەویستییەی خودا کە بۆ ئێمەیە ناسیمان و باوەڕمان پێکرد. خودا خۆشەویستییە. ئەوەی لە خۆشەویستیدا دەژیێت، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژیێت، خوداش بە هەمان شێوە لەگەڵ ئەودا دەژیێت.