لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم یۆحەنا 1:5-21

یەکەم یۆحەنا 1:5-21 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

هه‌ر كه‌سێک باوه‌ڕی هه‌بێت كه‌ ئیشۆع مه‌سیحه‌كه‌یه‌، ئه‌وه‌ له‌ خوداوه‌ له‌دایكبووه‌. هه‌ر كه‌سێک باوكه‌كه‌ی خۆشبووێ، ئه‌وه‌شی خۆشده‌وێت كه‌ لێی له‌دایكبووه‌. به‌مه‌ ده‌زانین ڕۆڵه‌كانی خودامان خۆشده‌وێت: كه‌ خودامان خۆشبووێ و ڕاسپارده‌كانی بپارێزین. چونكه‌ ئه‌مه‌ خۆشویستنه‌ بۆ خودا: ڕاسپارده‌كانی بپارێزین. ڕاسپارده‌كانیشی قورس نین. چونكه‌ هه‌ر كه‌سێک له‌ خوداوه‌ له‌دایكبووبێت جیهان ده‌به‌زێنێت. ئه‌مه‌ش ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌یه‌ كه‌ جیهان ده‌به‌زێنێت: باوه‌ڕمانه‌. كێیه‌ جیهان ده‌به‌زێنێت؟ ته‌نها ئه‌و كه‌سه‌ی باوه‌ڕی هه‌یه‌ كه‌ ئیشۆع ڕۆڵه‌ی خودایه‌. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ ئاو و خوێن هاتووه‌، ئیشۆعی مه‌سیح، نه‌ک ته‌نها به‌ ئاو، به‌ڵكو به‌ ئاو و به‌ خوێن. ڕووحه‌كه‌ش گه‌واهی ده‌دات، چونكه‌ ڕووحه‌كه‌ ڕه‌وایه‌. ئه‌وانه‌ی له‌ ئاسماندا گه‌واهیی ده‌ده‌ن سێیانن: باوک و وشه‌كه‌ و ڕۆحی پارسا. ئه‌و سێیانه‌ش یه‌كێكن. ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ زه‌ویدا گه‌واهی ده‌ده‌ن سێیانن: ڕووح و ئاو و خوێن، ئه‌و سێیانه‌ش بۆ یه‌كێكن. ئه‌گه‌ر گه‌واهیی خه‌ڵک په‌سه‌ند بكه‌ین، ئه‌وا گه‌واهیی خودا مه‌زنتره‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ گه‌واهیی خودایه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵه‌كه‌ی داویه‌تی. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌ ڕۆڵه‌ی خودا بهێنێت ئه‌م گه‌واهییه‌ له‌ خۆیدا هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی بڕوا به‌ خودا نه‌كات، خودا به‌ درۆزن داده‌نێت، چونكه‌ باوه‌ڕ به‌و گه‌واهییه‌ ناكات كه‌ خودا سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵه‌كه‌ی داویه‌تی. ئه‌مه‌ش گه‌واهییه‌كه‌یه‌: خودا ژیانی جاویدانی پێ داوین، ئه‌م ژیانه‌ش له‌ ڕۆڵه‌كه‌یدایه‌. ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌كه‌ی هه‌بێت ژیانی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی خودای نه‌بێت، ژیانی نابێت. ئه‌مانه‌م بۆ ئێوه‌ نووسی كه‌ باوه‌ڕتان به‌ ناوی ڕۆڵه‌ی خودا هه‌یه‌، تاكو بزانن ژیانی جاویدانیتان هه‌یه‌ و باوه‌ڕ به‌ ناوی ڕۆڵه‌ی خودا بهێنن. ئه‌مه‌ش ئه‌و متمانه‌یه‌ كه‌ به‌ومان هه‌یه‌: ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی ویستی خۆی داوای شتێک بكه‌ین، گوێمان لێ ده‌گرێت. ئه‌گه‌ر بزانین گوێمان لێ ده‌گرێت هه‌رچییه‌ک داوا بكه‌ین، ده‌زانین ئه‌وه‌ی لێیمان داوا كردووه‌ هه‌مانه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێک براكه‌ی خۆی ببینێت گوناهێک ده‌كات ئه‌نجامه‌كه‌ی مه‌رگ نه‌بێت، پێویسته‌ بۆی بپاڕێته‌وه‌، خوداش ژیانی ده‌داتێ. بۆ ئه‌وانه‌ی گوناه‌ ده‌كه‌ن به‌ره‌و مه‌رگ نییه‌. گوناه‌ هه‌یه‌ به‌ره‌و مه‌رگه‌، بۆ ئه‌مه‌ ناڵێم داوا بكرێت. هه‌موو تاوانێک گوناهه‌، به‌ڵام گوناهیش هه‌یه‌ به‌ره‌و مه‌رگ نییه‌. ده‌زانین هه‌ر كه‌سێک له‌ خوداوه‌ له‌دایكبووبێت گوناه‌ ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌ له‌ دایكبووه‌ خۆی ده‌پارێزێت، به‌دكاریش ده‌ستی لێ نادات. ده‌زانین ئێمه‌ له‌ خوداوه‌ین، هه‌موو جیهان له‌ ژێر ده‌ستی به‌دكار دانراوه‌. ده‌شزانین كه‌وا ڕۆڵه‌ی خودا هات و چاوی كردینه‌وه‌ تاكو ڕه‌وا بناسین. ئێمه‌ش له‌ ڕه‌واداین، له‌ ڕۆڵه‌كه‌ی، ئیشۆعی مه‌سیح. ئه‌و خوداوه‌ندی ڕاسته‌قینه‌ و ژیانی جاویدانیه‌. ڕۆڵه‌كان، خۆتان له‌ بت بپارێزن. ئامین.

یەکەم یۆحەنا 1:5-21 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هەرکەسێک باوەڕی بەوە هەبێت کە عیسا مەسیحە، ئەوە لە خوداوە لەدایک بووە. هەرکەسێک باوکی خۆشبوێ، ئەوەشی خۆشدەوێت کە لێی لەدایک بووە. بەمەدا دەزانین ڕۆڵەکانی خودامان خۆشدەوێت: کە خودامان خۆشبوێت و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنین. ئەمە خۆشەویستی خودایە، ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنن، ڕاسپاردەکانیشی قورس نین، چونکە هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت جیهان دەبەزێنێت. ئەو سەرکەوتنەش کە جیهان دەبەزێنێت، باوەڕمانە. کێیە جیهان دەبەزێنێت؟ تەنها ئەو کەسەی باوەڕی هەیە کە عیسا کوڕی خودایە. ئەمە ئەوەیە کە بە ئاو و خوێن هاتووە، عیسای مەسیح، نەک تەنها بە ئاو، بەڵکو بە ئاو و بە خوێن. ڕۆحی پیرۆزیش شایەتی دەدات، چونکە ڕۆحەکە ڕاستییە. ئەوانەی شایەتی دەدەن سێیانن: ڕۆح و ئاو و خوێن، ئەم سێ شایەتە هەمان شایەتی دەدەن. ئەگەر ئێمە شایەتی مرۆڤ لەلامان قبوڵ بێت، شایەتی خودا گەورەترە، چونکە ئەمە شایەتی خودایە سەبارەت بە کوڕەکەی داویەتی. ئەوەی باوەڕ بە کوڕی خودا بهێنێت ئەم شایەتییە لە خۆیدا هەیە. ئەوەی باوەڕ بە خودا نەکات خودا بە درۆزن دادەنێت، چونکە باوەڕ بەو شایەتییە ناکات کە خودا سەبارەت بە کوڕەکەی داویەتی. ئەمەش شایەتییەکەیە: خودا ژیانی هەتاهەتایی پێداوین و ئەو ژیانەش لە کوڕەکەیدایە. ئەوەی کوڕەکەی هەبێت ژیانی هەیە، ئەوەی کوڕی خودای نەبێت، ژیانیشی نابێت. ئەمانەم بۆ ئێوە نووسی کە باوەڕتان بە ناوی کوڕی خودا هەیە، تاکو بزانن ژیانی هەتاهەتاییتان هەیە. ئەمەش ئەو متمانەیە کە بەومان هەیە، ئەگەر بەگوێرەی ویستی ئەو داوای هەر شتێک بکەین، گوێمان لێ دەگرێت. ئەگەر بزانین هەرچییەک داوا بکەین گوێمان لێ دەگرێت، ئەوا دەزانین ئەوەی لە ئەومان داوا کردووە هەمانە. ئەگەر کەسێک خوشک یان برایەکی لە کاتی ئەنجامدانی گوناهێکدا بینی کە بەرەو مردنی نەبات، پێویستە لەسەری لە خودا بۆی بپاڕێتەوە، خوداش ژیانی دەداتێ. مەبەستم ئەوانەیە گوناه دەکەن کە بەرەو مردن نییە. گوناه هەیە بەرەو مردنە، بۆ ئەمە ناڵێم داوا بکرێت. هەموو ناڕەواییەک گوناهە بەڵام گوناهیش هەیە بەرەو مردن نییە. دەزانین هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت بەردەوام نابێت لە گوناهکردن، بەڵکو ئەوەی لە خوداوە لەدایک بووە خۆی دەپارێزێت و شەیتان دەستی لێ نادات. دەزانین لە خوداوەین و هەموو جیهان لەژێر دەستی شەیتاندا دانراوە. هەروەها دەزانین کە کوڕی خودا هات و چاوی کردینەوە تاکو ئەو بناسین کە ڕاستییە. ئێمەش لەگەڵ ڕاستییەکەدا بووینەتە یەک، کە عیسای مەسیحی کوڕی خودایە. ئەو خودای ڕاستەقینە و ژیانی هەتاهەتاییە. ڕۆڵە خۆشەویستەکان، خۆتان لە بت بپارێزن.