لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم کۆرنسۆس 1:12-21

دووەم کۆرنسۆس 1:12-21 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

باش نیه‌‌ شانازی بكه‌م‌، جا بۆ بینینی په‌روه‌ردگار و ئاشكراكراوی ئه‌و دێم. مرۆڤێک ده‌ناسم له‌ مه‌سیحدا، پێش چوارده‌ ساڵ بۆ ئاسمانی سێیه‌م ڕفێندرا، ئایا به‌ له‌شه‌وه‌ یاخود بێ له‌ش، نازانم، خودا ده‌زانێت. ده‌زانم ئه‌م مرۆڤه‌ به‌ له‌شه‌وه‌ یاخود بێ له‌ش، نازانم، خودا ده‌زانێت بۆ به‌هه‌شت ڕفێندرا، قسه‌یه‌كی بیست كه‌ ده‌رنابڕدرێت و مرۆڤ نابێت باسی بكات. به‌مه‌ شانازی ده‌كه‌م، به‌ڵام شانازی به‌خۆم ناكه‌م، مه‌گه‌ر به‌ لاوازییه‌كانم. چونكه‌ ئه‌گه‌ر بمه‌وێت شانازی بكه‌م، گێل نابم، چونكه‌ ڕه‌وا ده‌ڵێم، به‌ڵام خۆم ده‌پارێزم نه‌وه‌ک یه‌كێک وا له‌ من بگات زیاتر له‌وه‌ی ده‌مبینن و لێم ده‌بیستن. نه‌وه‌ک به‌ گه‌وره‌یی ئاشكرا كراوان لووتبه‌رز بم، له‌ جه‌سته‌دا دڕكێكم بێ درا، فریشته‌ی شه‌یتان ئازارم ده‌دات، تاكو لووتبه‌رز نه‌بم. بۆ ئه‌مه‌ سێ جار له‌ په‌روه‌ردگار پاڕامه‌وه‌ له‌ كۆڵم بكاته‌وه‌، پێی فه‌رمووم: “به‌خششی منت به‌سه‌، چونكه‌ هێزی من له‌ لاوازی ته‌واو ده‌بێت”. بۆیه‌ به‌وپه‌ڕی شادییه‌وه‌ شانازی به‌ لاوازیم ده‌كه‌م، تاكو هێزی مه‌سیح بێته‌ سه‌رم. بۆیه‌ له‌ پێناوی مه‌سیحدا، به‌ لاوازی و جنێودان و ناخۆشی و چه‌وسانه‌وه‌ و ته‌نگانه‌ دڵخۆش ده‌بم، چونكه‌ هه‌ر كاتێ لاوازبم ئه‌وا به‌هێزم. بوومه‌ گێل و شانازیم كرد، ئێوه‌ ناچارتان كردم! چونكه‌ ده‌بووایه‌ له‌لایه‌ن ئێوه‌وه‌ ستایش بكرێم، چونكه‌ هیچم له‌ په‌یامبه‌ره‌ به‌رزه‌كان كه‌متر نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ نیم. به‌وپه‌ڕی دانبه‌خۆداگرتنه‌وه‌ په‌رجوه‌كانی په‌یامبه‌ر له‌نێوانتاندا ئه‌نجام دراوه‌، به‌ نیشانه‌ و كاری سه‌یر و په‌رجو. چونكه‌ چیتان له‌ وارگه‌كانی دیكه‌ كه‌متره‌، جگه‌ له‌وه‌ی خۆشم بارم گران نه‌كردوون؟ له‌م هه‌ڵه‌یه‌ بمبه‌خشن! ئه‌وا سێیه‌م جاره‌ ئاماده‌م بێمه‌ لاتان، نابمه‌ بارگرانیش. چونكه‌ داوای شته‌كانتان ناكه‌م، به‌ڵكو خۆتان. چونكه‌ منداڵ بۆ دایباب كۆناكاته‌وه‌، به‌ڵكو دایباب بۆ منداڵ. منیش به‌وپه‌ڕی شادییه‌وه‌ بۆ ئێوه‌ خه‌رج ده‌كه‌م و خۆم خه‌رجی ده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر ئێوه‌م زۆرتر خۆشده‌وێت، ئایا كه‌متر منتان خۆشده‌وێت! با وابێت، بارم گران نه‌كردوون. به‌ڵام كه‌ فێڵبازم، به‌ فێڵ لێم سه‌ندوون! ئایا به‌وانه‌ی بۆم ناردوون چڵێسیم هه‌بووه‌؟ له‌ تتوس پاڕامه‌وه‌ و براكه‌م له‌گه‌ڵیدا نارد. ئایا تتوس چڵێسیی هه‌بوو؟ ئایا به‌ هه‌مان ڕووح ڕه‌فتار ناكه‌ین، به‌ هه‌مان هه‌نگاو ناڕۆین؟ ئایا له‌و باوه‌ڕه‌دان ئه‌م هه‌مووه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ خۆمان ده‌یڵێین؟ له‌به‌رده‌م خودا له‌ مه‌سیحدا ده‌دووێن، هه‌موو شتێک بۆ بنیادنانتانه‌، ئه‌ی خۆشه‌ویستان. چونكه‌ ده‌ترسم كاتێ بێم و وه‌ک ده‌مه‌وێت نه‌تانبینم، ئێوه‌ش وا بمبینن كه‌ نه‌تانه‌وێت. نه‌وه‌ک ناكۆكی، ئیره‌یی، تووڕه‌یی، تاقمكاری، بوختان، غه‌یبه‌ت، له‌خۆباییبوون، شێوان هه‌بێت. نه‌وه‌ک بێمه‌وه‌، خودام له‌لاتان نزمم بكاته‌وه‌ و زۆر خه‌فه‌ت بخۆم له‌وانه‌ی پێشتر گوناهیان كردووه‌، كه‌چی تۆبه‌یان نه‌كردووه‌ له‌و گڵاوی و داوێنپیسی و به‌دڕه‌وشتییه‌ی كردوویانه‌.

دووەم کۆرنسۆس 1:12-21 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پێویستە بەردەوام بم لە شانازیکردن. هەرچەندە هیچ بەدەست ناهێنم، بەڵام بۆ بینینی یەزدان و ئاشکراکراوی ئەو دێم. مرۆڤێک دەناسم کە لەگەڵ مەسیحدا ببووە یەک، پێش چواردە ساڵ خودا بردی بۆ ئاسمانی سێیەم. جا بە جەستەوە یاخود بێ جەستە، نازانم، خودا دەزانێت. دەزانم ئەو مرۆڤە، بە جەستەوە یاخود بێ جەستە، نازانم، خودا دەزانێت، بۆ بەهەشت بردرا، قسەیەکی بیست کە دەرنابڕدرێت و مرۆڤ نابێت باسی بکات. شانازی بەو کەسەوە دەکەم، بەڵام شانازی بە خۆمەوە ناکەم، مەگەر بە لاوازییەکانم نەبێت، چونکە ئەگەر بمەوێت شانازی بکەم، گێل نابم، چونکە ڕاستی دەڵێم، بەڵام خۆم دەپارێزم نەوەک یەکێک وا لە من بگات زیاتر لەوەی دەمبینن و لێم دەبیستن. بۆ ئەوەی بە گەورەیی ئەو بینینانەی بۆم ئاشکرا کران لووتبەرز نەبم، لە جەستەدا دڕکێکم درایێ، وەک ئەوەی لەلایەن شەیتانەوە نێردرابێت تاکو ئازارم بدات، تاکو لووتبەرز نەبم. بۆ ئەمە سێ جار لە عیسای خاوەن شکۆ پاڕامەوە لە کۆڵم بکاتەوە، بەڵام پێی فەرمووم: «نیعمەتی منت بەسە، چونکە هێزی من لە لاوازیدا تەواو دەبێت.» بۆیە بەوپەڕی شادییەوە شانازی بە لاوازیمەوە دەکەم، تاکو هێزی مەسیح بێتە سەرم. بۆیە لە پێناوی مەسیحدا، بە لاوازی و سووکایەتی و ناخۆشی و چەوسانەوە و تەنگانە دڵخۆش دەبم، چونکە هەر کاتێک لاوازبم ئەوا بەهێزم. بوومە گێل، بەڵام ئێوە ناچارتان کردم. دەبووایە ئێوە پێمدا هەڵبدەن، چونکە هیچم لە «نێردراوە بەرزەکان» کەمتر نییە، هەرچەندە هیچ نیم. بەوپەڕی دانبەخۆداگرتنەوە نیشانەکانی نێردراو لەنێوانتاندا ئەنجام درا، بە نیشانە و کاری مەزن و پەرجوو. چیتان لە کڵێساکانی دیکە کەمترە، جگە لەوەی کە خۆم نەبوومەتە بارێکی گران بەسەرتانەوە؟ لەم هەڵەیە گەردنم ئازاد بکەن! ئەوا سێیەم جارە ئامادەم بێمە لاتان، نابمە بارگرانی بۆتان. داوای شتەکانتان ناکەم، بەڵکو داوای ئێوە دەکەم، چونکە پێویست ناکات منداڵ بۆ دایک و باوک کۆبکەنەوە، بەڵکو پێویستە دایک و باوک بۆ منداڵ کۆبکەنەوە. منیش بەوپەڕی شادییەوە بۆ ئێوە خەرج دەکەم، خۆم خەرجی دەکەم. ئەگەر ئێوەم زۆرتر خۆشدەوێت، ئایا منتان کەمتر خۆشدەوێت؟ ئیتر با وابێت، بارم گران نەکردوون. بەڵام کە فێڵبازم، بە فێڵ لێم سەندوون. ئایا ئەو کەسانەی کە من بۆ لای ئێوەم ناردوون، هیچ قازانجێکیان بۆ خودی خۆم هەبووە؟ لە کاتێکدا لە تیتۆس پاڕامەوە تاوەکو بێت بۆ لاتان، ئەو برایەی کە خۆتان دەیناسن لەگەڵیدا ناردم. ئایا تیتۆس بەهۆی ئێوەوە هیچ قازانجێکی کردووە؟ ئایا بە هەمان ڕۆح ناژین، بە هەمان هەنگاو ناڕۆین؟ ئایا پێتان وابووە ئەم ماوە درێژە ئەوەی کە دەیڵێین بۆ بەرگریکردن بووە لە خۆمان؟ نەخێر، وەک ئەوانەی کە لەگەڵ مەسیحدا یەکن، لەبەردەم خودا قسەمان کردووە. ئەی خۆشەویستان، مەبەستی ئێمە ئەوەیە کە ئێوە بنیاد بنێین، چونکە من دەترسم کاتێک دێم بۆ لاتان، بەو جۆرە نەتانبینم کە دەمەوێت، ئێوەش بەو جۆرەی کە دەتانەوێت نەمبینن، نەوەک لەنێوانتاندا ناکۆکی، چاوپیسی، تووڕەیی، خۆپەرستی، بوختان، قسە هێنان ‏و بردن، لەخۆباییبوون، بێسەروبەری هەبێت. هەروەها جارێکی تر کە دێمەوە لاتان، دەترسم خودا من لەنێوتان نزم بکاتەوە و خەفەت بخۆم بۆ زۆر کەس کە پێشتر گوناهیان کردووە و تۆبەیان نەکردووە لەو گڵاوی و بەڕەڵایی و بەدڕەوشتییەی کە کردوویانە.