لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم پەترۆس 1:1-21

دووەم پەترۆس 1:1-21 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

شیمعون په‌تڕۆس، به‌نده‌ و په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح، بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ بێتاوانیی خوداوه‌ندمان و ئیشۆعی مه‌سیحی ڕزگاریده‌ره‌وه‌ باوه‌ڕێكی به‌هاداری وه‌ک ئێمه‌یان ده‌ستكه‌وتووه‌: به‌خشش و ئاشتی بۆتان زیاد بێت، به‌ ناسینی خودا و ئیشۆعی په‌روه‌ردگارمان. هێزه‌ خوداییه‌كه‌ی هه‌موو شتێكی بۆ ژیان و خواترسی به‌ ئێمه‌ی به‌خشیوه‌، به‌ ناسینی ئه‌وه‌ی بانگی كردین بۆ شكۆ و چاكییه‌كه‌ی، ئاواش به‌ ئه‌مانه‌وه‌ به‌ڵێنه‌ به‌هادار و مه‌زنه‌كانمان پێدرا، تاكو به‌ ئه‌مانه‌ به‌شدار بن له‌ سروشتی خودایی و هه‌ڵبێن له‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی جیهان كه‌ له‌ هه‌وه‌سدایه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش هه‌موو تێكۆشانێک بكه‌ن تاكو چاكی بۆ باوه‌ڕتان زیاد بكه‌ن، بۆ چاكیێتی زانین، بۆ زانین خۆڕاگرتن، بۆ خۆڕاگرتن دانبه‌خۆداگرتن، بۆ دانبه‌خۆداگرتن خواترسی، بۆ خواترسی سۆزی برایانه‌، بۆ سۆزی برایانه‌ خۆشویستن. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تان تێدابێت و زیاد بكات، واتان لێده‌كات بۆ ناسینی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح ته‌مبه‌ڵ و بێبه‌رهه‌م نه‌بن. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ی نه‌بێت، ئه‌وا كوێر و كورتبینه‌، له‌ یادی چووه‌ له‌ گوناهه‌ كۆنه‌كانی بێگه‌رد ببێته‌وه‌. بۆیه‌ برایان، زیاتریش تێبكۆشن بۆ جێگیركردنی هه‌ڵبژاردن و بانگه‌وازییه‌كه‌تان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تان كرد ئه‌وا هه‌رگیز ناكه‌ون، هه‌روه‌ها پێشوازییه‌كی گه‌رمتان لێ ده‌كرێ بۆ چوونه‌ ناوه‌وه‌ی پاشایه‌تیی جاویدانیی په‌روه‌ردگار و ڕزگاریده‌رمان ئیشۆعی مه‌سیح. بۆیه‌ هه‌میشه‌ ئه‌م شتانه‌تان به‌ یاد ده‌هێنمه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌و ڕه‌وایه‌ی ئێستادا ده‌زانن و جێگیرن. به‌ڵام به‌ ڕه‌وای ده‌زانم، تاكو له‌م خانووه‌دابم، به‌ وریاكردنه‌وه‌ وه‌بیرتان بهێنمه‌وه‌، چونكه‌ ده‌زانم داكه‌ندنی ئه‌م خانووه‌ نزیكبۆته‌وه‌، وه‌ک په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح بۆی ده‌رخستم. هه‌روه‌ها تێده‌كۆشم تاكو دوای ده‌رچوونم هه‌رده‌م ئه‌م شتانه‌تان وه‌بیربێته‌وه‌. چونكه‌ ئێمه‌ دوای ئه‌فسانه‌یه‌كی دروستكراو نه‌كه‌وتووینه‌، هاتنی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح و هێزه‌كه‌یمان پێ ناساندن، به‌ڵكو گه‌واهیده‌ری مه‌زنتایه‌تیی ئه‌وین. چونكه‌ كاتێ ڕێز و شكۆی له‌ خودای باوک وه‌رگرت، ده‌نگێكی ئاوا له‌ شكۆداری پایه‌ به‌رزه‌وه‌ بۆی هات: “ئه‌مه‌یه‌ ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستم، ئه‌وه‌ی پێی دڵشادم”. ئێمه‌ش ئه‌م ده‌نگه‌مان بیست كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات، كاتێ له‌ شاخی پارسا له‌گه‌ڵی بووین. وشه‌ی پێغه‌مبه‌رانیشمان هه‌یه‌ و جێگیره‌، كه‌ چاک ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ئاگاداری بن، وه‌ک بۆ چرایه‌كی ڕووناک له‌ شوێنێكی تاریک، تاكو ڕۆژ هه‌ڵدێت و هه‌ساره‌ی به‌یان له‌ دڵتاندا هه‌ڵدێت. له‌ سه‌رووی هه‌مووان ئه‌مه‌ بزانن، كه‌ هیچ پێشبینییه‌ک له‌ په‌رتووكه‌كه‌دا به‌ لێكدانه‌وه‌ی تایبه‌ت نابێت، چونكه‌ هه‌رگیز پێشبینیه‌ک به‌ خواستی مرۆڤ نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو مرۆڤه‌ پارساكانی‌ خودا دوواون كه‌ به‌ ڕووحی پارسا هه‌ڵگیراون.

دووەم پەترۆس 1:1-21 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لە شیمۆن پەترۆسی بەندە و نێردراوی عیسای مەسیحەوە، بۆ ئەوانەی لە ڕێگەی ڕاستودروستی خودا و عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمانەوە باوەڕێکی بەهاداری وەک باوەڕی ئێمەیان دەستکەوتووە. با لە ڕێگەی ناسینی خودا و عیسای خاوەن شکۆمانەوە، نیعمەت و ئاشتیتان بۆ زیاد بێت. هێزە خوداییەکەی مەسیح هەموو ئەو شتانەی پێ بەخشیوین کە بۆ ژیان و لەخواترسی پێویستە، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو ناسینەی کە هەمانە بۆ ئەو خودایەی کە بانگی کردین بۆ شکۆ و چاکییەکەی. خودا بەهۆی هەموو ئەمانەوە بەڵێنە بەهادار و گەورەکانی پێداین، تاکو ئێوە بەهۆی ئەم بەڵێنانەوە بتوانن لەو گەندەڵییەی جیهان دەرباز بن کە لە ئارەزووی خراپدایە و بەشدار بن لە سروشتی خودایی. هەر لەبەر ئەمەش، تێبکۆشن تاکو لە باوەڕتان چاکە بکەوێتەوە، لە چاکەش، زانیاری، لە زانیاریش بەسەرخۆدا زاڵبوون، لە بەسەرخۆدا زاڵبوونیش دانبەخۆداگرتن، لە دانبەخۆداگرتنیش لەخواترسی، لە لەخواترسیش هەست و سۆزی هاوبەش، لە هەست و سۆزی هاوبەشیش خۆشەویستی، چونکە ئەگەر ئەوانەتان تێدابێت و زیاد بکات، واتان لێدەکات بۆ ناسینی عیسای مەسیحی پەروەردگارمان تەمبەڵ و بێ بەرهەم نەبن. بەڵام ئەوەی ئەمانەی نەبێت، ئەوا کوێر و کەمبینە، لە یادی چووە کە گوناهە کۆنەکانی پاک بووەتەوە. خوشکان، برایان، هەر بۆیە زیاتریش تێبکۆشن بۆ چەسپاندنی هەڵبژاردن و بانگەوازەکەتان، چونکە ئەگەر ئەمانەتان کرد ئەوا هەرگیز ناکەون، هەروەها پێشوازییەکی گەرمتان لێ دەکرێت بۆ چوونە ناو شانشینی هەتاهەتایی عیسای مەسیحی پەروەردگار و ڕزگارکەرمان. لەبەر ئەوە بەردەوام دەمەوێ ئەم شتانەتان بەبیر بهێنمەوە، هەرچەندە دەیانزانن و لەو ڕاستییەی ئێستادا چەسپاون. باوەڕم وایە هەتا لەم جەستەیەدا بم، ئەرکی خۆمە بەبیرتان بهێنمەوە، چونکە دەزانم بە زوویی ئەم جیهانە بەجێدەهێڵم، هەروەک چۆن عیسای مەسیحی پەروەردگارمان بۆی دەرخستم. هەروەها تێدەکۆشم تاکو دوای دەرچوونم هەردەم ئەم شتانەتان وەبیربێتەوە. کاتێک هاتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و هێزەکەیمان پێ ناساندن، ئێمە بەدوای کۆمەڵە ئەفسانەیەکی زیرەکانەی هەڵبەستراو نەکەوتبووین، بەڵکو شایەتحاڵی پایەبەرزییەتی ئەو بووین. ڕێز و شکۆی لە خودای باوک وەرگرت کاتێک ئەم دەنگەی لە شکۆداری پایەبەرزەوە بۆ هات: «ئەمەیە کوڕی خۆشەویستم، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.» ئێمەش گوێمان لەم دەنگە بوو کە لە ئاسمانەوە هات، کاتێک لە شاخی پیرۆز لەگەڵی بووین. هەروەها پەیامی پێغەمبەرانمان هەیە کە بە تەواوی پشتی پێ دەبەسترێت، چاک دەکەن کە گرنگی پێ بدەن، هەروەک چۆن گرنگی بەو چرایە دەدەن کە لە شوێنێکی تاریکدا دەدرەوشێتەوە هەتا ئەو کاتەی ڕۆژ دەبێتەوە و ئەستێرەی بەیان لە دڵتاندا هەڵدێت. لە سەرووی هەموو شتێکەوە ئەمە بزانن، کە هیچ پێشبینییەک لە نووسراوە پیرۆزەکاندا بە لێکدانەوەی خودی پێغەمبەرەکە نەنووسراوە، چونکە هەرگیز پێشبینی بە خواستی مرۆڤ نەهاتووە، بەڵکو ڕۆحی پیرۆز ڕابەرایەتی مرۆڤەکانی کردووە، بۆ ئەوەی پەیامی خودا ڕابگەیەنن.