لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:1-14

کردار 1:1-14 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

به‌ڕێز تیئۆپیلا، له‌ سیپاره‌ی یه‌كه‌ممدا ده‌رباره‌ی هه‌موو ئه‌وه‌ی ئیشۆع ده‌ستی پێكرد بیكات و فێری بكات نووسیومه‌، تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی تیایدا به‌رزبووه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی به‌ ڕووحی پارسا ئه‌و په‌یامبه‌رانه‌ی ڕاسپارد كه‌ هه‌ڵیبژاردن. دوای ئازار چێژتنی به‌ به‌ڵگه‌ی زۆر به‌ زیندوویی خۆی پیشاندان، له‌ ماوه‌ی چل ڕۆژدا بۆیان ده‌ركه‌وت و سه‌باره‌ت به‌ پاشایه‌تیی خودا بۆیان دوا. كاتێ له‌گه‌ڵیان كۆبووه‌وه‌، ڕایسپاردن كه‌ “یروشلایم به‌جێ مه‌هێڵن، به‌ڵكو چاوه‌ڕێی به‌ڵێنه‌كه‌ی باوک بكه‌ن كه‌ له‌ منه‌وه‌ بیستتان. چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن به‌ ئاو عه‌مادی كرد، به‌ڵام ئێوه‌ پاش چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م به‌ ڕووحی پارسا عه‌ماد ده‌كرێن”. ئه‌وانه‌ی پێكه‌وه‌ كۆببوونه‌وه‌ لێیان پرسی و وتیان: “په‌روه‌ردگار، ئایا له‌م كاته‌دا پاشایه‌تی بۆ ئیسڕائیل ده‌گه‌ڕێنیته‌وه‌؟” پێی فه‌رموون: “بۆتان نییه‌ ئه‌و كات و سه‌رده‌مانه‌ بزانن كه‌ باوک به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی دایناون. به‌ڵام كاتێ ڕووحی پارساتان دێته‌ سه‌ر هێزێک وه‌رده‌گرن، بۆ من ده‌بنه‌ گه‌واهیده‌ر، له‌ یروشلایم و هه‌موو ئیهوود و شمرن، تاكو ئه‌وپه‌ڕی زه‌وی”. كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو و ئه‌وانیش ته‌ماشایان ده‌كرد، به‌رزبووه‌وه‌. هه‌ورێک له‌به‌رچاویان شاردییه‌وه‌. كاتێ ئه‌و ده‌ڕۆیی، ئه‌وان سه‌رنجیان له‌ ئاسماندا بوو، دوو پیاو به‌ جلی سپییه‌وه‌ له‌لایانه‌وه‌ ڕاوه‌ستاون. وتیان: “گلیلاییه‌كان، چیتانه‌ ڕاوه‌ستاون سه‌یری ئاسمان ده‌كه‌ن؟ ئه‌م ئیشۆعه‌، كه‌ له‌نێوانتاندا بۆ ئاسمان به‌رزبووه‌وه‌، چۆن بینیتان ده‌چووه‌ ئاسمان، ئاواش دێته‌وه‌”. ئینجا له‌و كێوه‌ی پێی ده‌ووترا كێوی زه‌یتوون گه‌ڕانه‌وه‌ یروشلایم كه‌ به‌قه‌د ڕێكردنێكی شه‌ممه‌ له‌ یروشلایم نزیک بوو. كاتێ چوونه‌ ژووره‌وه‌، چوونه‌ ژووره‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ تیایدا ده‌مانه‌وه‌، په‌تڕۆس و یاقوو و یوخه‌ننه‌ن و ئه‌ندراوس و پیلیپوس و تۆما، به‌رتولمه‌ی و مه‌تته‌ی و یاقووی كوڕی خه‌لپه‌ی، شیمعونی دڵگه‌رم و ئیهوودای برای یاقوو. هه‌موو به‌ یه‌ک دڵ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر نوێژكردن و نزا، له‌گه‌ڵ ژنه‌كان و مه‌ریه‌می دایكی ئیشۆع و برایانی.

هاوبەشی بکە
کردار 1 بخوێنەوە

کردار 1:1-14 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بەڕێز ساوفیلۆس، لە پەڕتووکی یەکەممدا دەربارەی هەموو ئەوەی کە عیسا دەستی کرد بە ئەنجامدان و فێرکردنی نووسیومە، هەتا ئەو ڕۆژەی تێیدا بەرزکرایەوە، دوای ئەوەی لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە ئەو نێردراوانەی ڕاسپارد کە هەڵیبژاردن. دوای ئازارچێژتنی بە چەندین بەڵگە بە زیندوویی خۆی پیشاندان، لە ماوەی چل ڕۆژدا بۆیان دەرکەوت و سەبارەت بە شانشینی خودا بۆیان دوا. کاتێک پێکەوە نانیان دەخوارد، ڕایسپاردن: «ئۆرشەلیم بەجێمەهێڵن، بەڵکو چاوەڕێی بەڵێنەکەی باوک بکەن کە لە منەوە بیستتان. یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، بەڵام ئێوە پاش چەند ڕۆژێکی کەم لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن.» ئەوانەی پێکەوە کۆببوونەوە لێیان پرسی: «ئەی خاوەن شکۆ، لەم کاتەدا پاشایەتی بۆ ئیسرائیل دەگەڕێنیتەوە؟» وەڵامی دانەوە: «بۆتان نییە ئەو کات و سەردەمانە بزانن کە باوک بە دەسەڵاتی خۆی دایناون. بەڵام کاتێک ڕۆحی پیرۆزتان دێتە سەر، هێز وەردەگرن و بۆ من دەبنە شایەت، لە ئۆرشەلیم و هەموو یەهودیا و سامیرە، تاکو ئەوپەڕی زەوی.» ئەمەی فەرموو و ئەوانیش تەماشایان دەکرد، بەرزکرایەوە، هەورێک لەبەرچاویان شاردییەوە. کاتێک ئەو دەڕۆیشت، ئەوان سەرنجیان لە ئاسماندا بوو، ئەوە بوو دوو پیاو بە جلی سپییەوە لەلایانەوە ڕاوەستاون. پێیان گوتن: «ئەی جەلیلییەکان، بۆچی ڕاوەستاون سەیری ئاسمان دەکەن؟ ئەم عیسایە، کە لەنێوتاندا بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە، چۆن بینیتان دەچووە ئاسمان، ئاواش دێتەوە.» ئینجا لەو کێوەی پێی دەگوترا زەیتوون گەڕانەوە ئۆرشەلیم کە بەقەد ڕۆیشتنێکی شەممە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو. کاتێک گەیشتن، چوونە ژوورێک لە نهۆمی سەرەوە، ئەوەی کە تێیدا دەمانەوە، ئەوانیش ئەمانە بوون: پەترۆس و یۆحەنا و یاقوب، ئەندراوس و فیلیپۆس و تۆماس، بەرتۆلماوس و مەتا و یاقوبی کوڕی حەلفی، شیمۆنی دڵگەرم و یەهوزای برای یاقوب. هەموو بە یەک دڵ بەردەوام بوون لەسەر نوێژکردن، لەگەڵ ژنەکان و مریەمی دایکی عیسا و براکانی.

هاوبەشی بکە
کردار 1 بخوێنەوە