لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:10-36

کردار 1:10-36 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ پیاوێک به‌ ناوی قورنیلیوس هه‌بوو، سه‌رپه‌ل بوو له‌و لیوایه‌ی پێی ده‌ووترا ئیتالی. خۆی و هه‌موو ماڵه‌كه‌ی خواپه‌رست و له‌خواترس بوون، زۆر چاكه‌ی بۆ گه‌لی ده‌كرد و هه‌میشه‌ نوێژی بۆ خودا ده‌كرد. نزیكه‌ی كاژێری نۆی ڕۆژ، له‌ بینینێكدا به‌ ڕوونی بینی فریشته‌یه‌كی خودا هاته‌ لای و پێی فه‌رموو: “قورنیلیوس!” به‌ ترسه‌وه‌ سه‌یری كرد و وتی: “ها گه‌وره‌م؟” پێی فه‌رموو: “نوێژه‌كانت و چاكه‌كانت وه‌ک یاده‌وه‌ری به‌رز بوونه‌ته‌وه‌ به‌رده‌م خودا. ئێستا چه‌ند پیاوێک بۆ یۆپێ بنێره‌، ئه‌و شیمعونه‌ی پێی ده‌ووترێ په‌تڕۆس بهێنن. له‌ ماڵی شیمعونی پێسته‌خۆشكه‌ره‌، كه‌ ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌ریایه‌، ئه‌و پێت ده‌ڵێت چی بكه‌یت”. كاتێ فریشته‌كه‌ وا قسه‌ی له‌گه‌ڵ قورنیلیوسی كرد ڕۆیشت، دووان له‌ ڕاژه‌وانه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌ربازێكی خواپه‌رستی بانگكرد كه‌ له‌ داروده‌سته‌ بوون، هه‌موو شتێكی بۆ گێڕانه‌وه‌ و ناردیانی بۆ یۆپێ. بۆ سبه‌ینێ، كاتێ به‌ ڕێگاوه‌ بوون و له‌ شاره‌كه‌ نزیک ده‌بوونه‌وه‌، نزیكه‌ی كاژێر شه‌ش، په‌تڕۆس بۆ نوێژكردن چووه‌ سه‌ربان. ئه‌وه‌بوو زۆر برسی بوو، ئاره‌زووی نانخواردنی ده‌كرد، كاتێک ئاماده‌یان ده‌كرد، له‌هۆش خۆی چوو. ئاسمانی به‌ كراوه‌یی بینی، شتێک وه‌ک چه‌رچه‌فێكی مه‌زن هاته‌ خواره‌وه‌، به‌ هه‌ر چوار لاوه‌ به‌سترابووه‌وه‌ و شۆڕكرایه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی. هه‌موو جۆره‌ ئاژه‌ڵی چوارپێ و خشۆكی سه‌ر زه‌وی و باڵنده‌ی ئاسمانی تێدابوو. ده‌نگێک هات: “په‌تڕۆس هه‌سته‌، سه‌رببڕه‌ و بخۆ!” په‌تڕۆس وتی: “نه‌خێر په‌روه‌ردگار، چونكه‌ هه‌رگیز شتی پیس یان گڵاوم نه‌خواردووه‌”. دیسان ده‌نگه‌كه‌ی بۆ هاته‌وه‌: “ئه‌وه‌ی خودا بێگه‌ردی كردۆته‌وه‌ تۆ به‌ گڵاوی دامه‌نێ!” ئه‌مه‌ش سێباره‌ بووه‌وه‌ و یه‌كسه‌ر چه‌رچه‌فه‌كه‌ بۆ ئاسمان به‌رزكرایه‌وه‌. كه‌ په‌تڕۆس سه‌رسام بوو: ئاخۆ ده‌بێت ئه‌م بینینه‌ چی بێت؟ ئه‌وه‌بوو ئه‌و پیاوانه‌ی قورنیلیوس ناردبوونی، به‌ پرس ماڵی شیمعونیان دۆزییه‌وه‌ و له‌ به‌رده‌رگا وه‌ستان. بانگیان كرد و پرسییان: “ئه‌رێ شیمعون كه‌ نازناوی په‌تڕۆسه‌ لێره‌ دابه‌زیوه‌؟”. له‌ كاتێكدا په‌تڕۆس هه‌ر بیری له‌ بینینه‌كه‌ ده‌كرده‌وه‌، ڕووح پێی فه‌رموو: “سێ پیاو له‌به‌رده‌رگا لێت ده‌پرسن. هه‌سته‌ بڕۆ خواره‌وه‌ و بێ دوودڵی له‌گه‌ڵیان بڕۆ، چونكه‌ من ئه‌وانم ناردووه‌”. په‌تڕۆسیش بۆ لای پیاوه‌كان دابه‌زی و وتی: “ئه‌وه‌ی ده‌تانه‌وێ منم. بۆچی هاتوون؟” وتیان: “قورنیلیوسی سه‌رپه‌ل، پیاوێكی خوداناس و له‌خواترسه‌، هه‌موو گه‌لی جوو گه‌واهیی بۆ ده‌ده‌ن. به‌هۆی فریشته‌یه‌كی پارسا سروشی بۆ هات كه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆی بانگت بكات و گوێ له‌ قسه‌كانت بگرێت”. جا بۆ ژووره‌وه‌ بانگی كردن و میوانداری كردن. بۆ سبه‌ینێ په‌تڕۆس له‌گه‌ڵیان ده‌رچوو، هه‌ندێک برایانی خه‌ڵكی یۆپێش هاوه‌ڵی بوون. بۆ به‌یانی چووه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌. قورنیلیوسیش چاوه‌ڕێی ده‌كردن، خزم و دۆستانی نزیكی خۆی بانگهێشت كردبوو. كاتێ په‌تڕۆس هاته‌ ژووره‌وه‌، قورنیلیوس پێشوازی لێكرد و له‌به‌رپێی كه‌وت و كڕنۆشی برد. په‌تڕۆس هه‌ڵیستاند و وتی: “هه‌سته‌! منیش مرۆڤێكم!” كاتێ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرد چووه‌ ژووره‌وه‌ و خه‌ڵكێكی زۆری بینی كۆبوونه‌ته‌وه‌، پێی وتن: “خۆتان ده‌زانن بۆ جوو ڕێ پێنه‌دراوه‌ تێكه‌ڵاوی بێگانه‌ بێت یان بچێته‌ لای. به‌ڵام من خودا پیشانی دام به‌ هیچ مرۆڤێک نه‌ڵێم پیس یان گڵاو. بۆیه‌ كه‌ بانگهێشتتان كردم بێ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین هاتم. پرسیش ده‌كه‌م، بۆچی منتان بانگهێشت كرد؟” قورنیلیوس وتی: “چوار ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕۆژووم تاكو ئێستاش، له‌ كاژێر نۆ له‌ ماڵی خۆم نوێژم ده‌كرد. له‌پڕ پیاوێک به‌ جلی بریسكه‌داره‌وه‌ له‌به‌رده‌مم ڕاوه‌ستا، فه‌رمووی: قورنیلیوس نوێژه‌كانت بیستران و خێره‌كانت له‌به‌رده‌م خودا یادكرانه‌وه‌. بۆیه‌ بۆ یۆپێ به‌دوای شیمعوندا بنێره‌ كه‌ نازناوی په‌تڕۆسه‌. له‌ ماڵی شیمعونی پێسته‌خۆشكه‌ره‌، له‌سه‌ر ده‌ریا. ئه‌و هه‌ر كه‌ هات قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كات منیش یه‌كسه‌ر به‌دوامدا ناردی، تۆش چاكت كرد كه‌ هاتی. ئێستاش هه‌موومان له‌به‌رده‌م خودا ئاماده‌ین، تاكو گوێبگرین له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار فه‌رمانی پێكردووی”. په‌تڕۆس زاری كرده‌وه‌ و وتی: “له‌ڕاستیدا من وا ده‌بینم كه‌ خودا جوداخوازی كه‌س ناكات، به‌ڵكو له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌وه‌ی ترسی ئه‌وی له‌ دڵدا بێت و كاری خوداناسی بكات، له‌لای په‌سه‌نده‌. ئه‌و وشه‌یه‌ی بۆ نه‌وه‌ی ئیسڕائیلی نارد، موژده‌ی ئاشتییه‌ به‌ ئیشۆعی مه‌سیح، ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگاری هه‌مووانه‌.

هاوبەشی بکە
کردار 10 بخوێنەوە

کردار 1:10-36 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لە شاری قەیسەرییە پیاوێک بە ناوی کۆرنیلیۆس هەبوو، سەرپەل بوو لەو لیوایەی پێی دەگوترا ئیتالی. خۆی و هەموو ماڵەکەی خواپەرست و لەخواترس بوون، زۆر هاوکاری خەڵکی هەژاری دەکرد و هەموو کاتێک نوێژی بۆ خودا دەکرد. نزیکەی کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ، بە ڕوونی فریشتەیەکی خودا لە بینینێکدا هاتە لای و پێی گوت: «کۆرنیلیۆس!» بە ترسەوە سەیری کرد و گوتی: «بەڵێ گەورەم؟» پێی گوت: «نوێژەکانت و چاکەکانت وەک یادەوەری بەرز بوونەتەوە بەردەم خودا. ئێستا چەند پیاوێک بۆ یافا بنێرە و ئەو شیمۆنەی پێی دەگوترێ پەترۆس بیهێنن. لە ماڵی شیمۆنی پێستەخۆشکەرە، ماڵەکەی لەسەر دەریایە.» کاتێک ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵی کرد ڕۆیشت، دووان لە خزمەتکارەکانی و سەربازێکی خواپەرستی بانگکرد کە یەکێک بوو لە دارودەستە تایبەتەکەی، هەموو شتێکی بۆ گێڕانەوە و ناردیانی بۆ یافا. بۆ بەیانی، کاتێک بە ڕێگاوە بوون و لە شارەکە نزیک دەبوونەوە، نزیکەی کاتژمێر دوازدە، پەترۆس بۆ نوێژکردن چووە سەربان. ئیتر برسی بوو و دەیویست نان بخوات، بەڵام لە کاتی ئامادەکردنی خواردندا، لەهۆش خۆی چوو. ئاسمانی بە کراوەیی بینی، شتێک لە شێوەی چەرچەفێکی گەورە دەهاتە خوارەوە بۆ سەر زەوی کە لە هەر چوار لاوە گرێدرا بوو. هەموو جۆرە ئاژەڵی چوارپێ و خشۆکی سەر زەوی و باڵندەی ئاسمانی تێدابوو. ئینجا دەنگێک بانگی کرد: «پەترۆس هەستە، سەربڕە و بخۆ!» پەترۆس گوتی: «نەخێر، ئەی پەروەردگار، چونکە هەرگیز شتی گڵاو یان حەرامم نەخواردووە.» دیسان دەنگەکە لەگەڵی دوا: «ئەوەی خودا پاکی کردووەتەوە تۆ بە گڵاوی دامەنێ.» ئەمەش سێبارە بووەوە و دەستبەجێ چەرچەفەکە بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە. کە پەترۆس سەرسام بوو لەوەی کە ئاخۆ دەبێت ئەو بینینە چی بێت، ئەو پیاوانەی کە کۆرنیلیۆس ناردبوونی، بە پرسیار ماڵی شیمۆنیان دۆزییەوە و لە بەردەرگا وەستان. بانگیان کرد و پرسییان، ئاخۆ ئەو شیمۆنەی نازناوی پەترۆسە لێرەیە. لە کاتێکدا پەترۆس هەر بیری لە بینینەکە دەکردەوە، ڕۆحی پیرۆز پێی فەرموو: «سێ پیاو لە بەردەرگا لێت دەپرسن. هەستە بڕۆ خوارەوە و بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆ، چونکە من ئەوانم ناردووە.» پەترۆسیش بۆ لای پیاوەکان هاتە خوارەوە و گوتی: «ئەوەی دەتانەوێ منم. بۆچی هاتوون؟» گوتیان: «کۆرنیلیۆسی سەرپەل، پیاوێکی ڕاستودروست و لەخواترسە، هەموو گەلی جولەکەش شایەتی بۆ دەدەن. بەهۆی فریشتەیەکی پیرۆز ڕێنمایی کرا کە بۆ ماڵەکەی خۆی بانگت بکات و گوێ لە قسەکانت بگرێت.» جا پەترۆس بۆ ژوورەوە بانگهێشتی کردن و میوانداری کردن. بۆ بەیانی پەترۆس هەستا و لەگەڵیان ڕۆیشت، هەروەها هەندێک لە باوەڕدارانی خەڵکی یافاش یاوەری بوون. بۆ ڕۆژی دووەم چوو بۆ قەیسەرییە. کۆرنیلیۆس چاوەڕێی دەکردن، خزم و دۆستانی نزیکی خۆی کۆکردبووەوە. کاتێک پەترۆس هاتە ژوورەوە، کۆرنیلیۆس پێشوازی لێکرد و لەبەرپێی کەوت و کڕنۆشی برد. پەترۆس هەڵیستاندەوە و گوتی: «هەستە! منیش مرۆڤم!» کاتێک پەترۆس قسەی لەگەڵ دەکرد چووە ژوورەوە و خەڵکێکی زۆری بینی کۆبوونەتەوە، پێی گوتن: «دەزانن بۆ جولەکە ڕێپێنەدراوە تێکەڵاوی ناجولەکە بێت یان بچێتە لای. بەڵام خودا پیشانی دام بە کەس نەڵێم گڵاو یان پیس. بۆیە کە بانگکرام بێ ناڕەزایی دەربڕین هاتم. دەکرێت بپرسم بۆچی منتان بانگکردووە؟» کۆرنیلیۆس گوتی: «چوار ڕۆژ لەمەوبەر، لەم کاتەدا کە کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ بوو، لە ماڵی خۆم نوێژم دەکرد. لەپڕ پیاوێک بە جلی بریسکەدارەوە لەبەردەمم ڕاوەستا، گوتی: ”کۆرنیلیۆس نوێژەکانت بیستران و خێرەکانت لەبەردەم خودا یادکرانەوە. بۆیە بۆ یافا بەدوای شیمۆندا بنێرە کە نازناوی پەترۆسە. لە ماڵی شیمۆنی پێستەخۆشکەرە، لەسەر دەریا.“ منیش دەستبەجێ بەدوای تۆدا ناردم، تۆش چاکت کرد کە هاتی. ئێستا هەموو لەبەردەم خودا ئامادەین، تاکو گوێ بگرین لە هەموو ئەوەی پەروەردگار فەرمانی پێکردووی.» پەترۆس دەمی کردەوە و گوتی: «لەڕاستیدا تێگەیشتم خودا لایەنگری کەس ناکات، بەڵکو لە هەر نەتەوەیەک ئەوەی ترسی ئەوی لە دڵدا بێت و کاری ڕاستودروست بکات، لەلای پەسەندە. ئەو پەیامە دەزانن کە خودا بۆ گەلی ئیسرائیلی نارد، مزگێنیی ئاشتی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە ڕادەگەیەنێت، کە پەروەردگاری هەمووانە.

هاوبەشی بکە
کردار 10 بخوێنەوە