لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:21-16

کردار 1:21-16 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ لێیان جیابووینه‌وه‌، به‌ ده‌ریادا ڕێک به‌ره‌و كووس ڕۆیشتین. ڕۆژی پاشتر بۆ ڕۆدس له‌وێشه‌وه‌ بۆ پاترا. له‌وێ كه‌شتییه‌كمان بینی ده‌چووه‌ پۆنیقێ، سواربووین و ڕۆیشتین. ئینجا سه‌ردانی قوبڕسمان كرد و به‌لای چه‌پدا به‌جێمان هێشت، به‌ره‌و سوریا ده‌چووین و گه‌یشتینه‌ سووڕ، چونكه‌ كه‌شتییه‌كه‌ باره‌كه‌ی له‌وێ داده‌گرت. له‌وێ قوتابییه‌كانمان بینی و حه‌وت ڕۆژ ماینه‌وه‌، به‌ ڕووح تكایان له‌ پۆڵۆس ده‌كرد سه‌رنه‌كه‌وێته‌ یروشلایم. به‌ڵام كاتێ ماوه‌مان ته‌واو بوو، ده‌رچووین و به‌ڕێكه‌وتین، هه‌موویان تاكو ده‌ره‌وه‌ی شار به‌ ژن و منداڵیانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌یان كردین. له‌ كه‌ناره‌كه‌ چۆكمان دادا و نوێژمان كرد. پاشان ماڵئاواییمان له‌ یه‌كتری كرد و سواری كه‌شتییه‌كه‌ بووین، ئه‌وانیش گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵه‌كانیان. كه‌ له‌ سووڕه‌وه‌ گه‌شتی نێو ده‌ریاكه‌مان كۆتایی پێ هات، گه‌یشتینه‌ ته‌لمیئوس، سڵاومان له‌ برایان كرد و ڕۆژێک له‌لایان ماینه‌وه‌. بۆ به‌یانی هاتینه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ و چووینه‌ ماڵی پیلیپوسی موژده‌ده‌ر، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ حه‌وته‌كه‌، له‌لای ماینه‌وه‌. ئه‌م چوار كچی پاكیزه‌ی هه‌بوو پێشبینییان ده‌كرد. كه‌ چه‌ندین ڕۆژ ماینه‌وه‌، پێغه‌مبه‌رێک به‌ ناوی ئاگابۆس له‌ ئیهوودوه‌ هات. هاته‌ لامان و پشتێنه‌كه‌ی پۆڵۆسی برد، ده‌ست و پێی خۆی به‌سته‌وه‌ و وتی: “ڕووحی پارسا ئه‌مه‌ ده‌فه‌رمووێ: خاوه‌نی ئه‌م پشتێنه‌، جووه‌كان ئاوا له‌ یروشلایم ده‌یبه‌ستنه‌وه‌ و ده‌یده‌نه‌ ده‌ست نه‌ته‌وه‌كان”. كاتێ ئه‌مه‌مان بیست، ئێمه‌ و دانیشتووانی ئه‌وێ، لێی پاڕاینه‌وه‌ نه‌چێته‌ یروشلایم. پۆڵۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “چیتانه‌، ده‌گریێن و دڵم ده‌شكێنن؟ ئاماده‌م نه‌ک ته‌نها به‌ند بكرێم، به‌ڵكو له‌پێناوی ناوی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار له‌ یروشلایم بشمرم”. كه‌ قه‌ناعه‌تی نه‌هات، بێده‌نگ بووین و وتمان: “با به‌ خواستی په‌روه‌ردگار بێت”. دوای ئه‌و ڕۆژانه‌ ئاماده‌كاریمان كرد و سه‌ركه‌وتینه‌ یروشلایم. هه‌ندێک قوتابی قه‌یسه‌ڕییه‌ش له‌گه‌ڵمان هاتن و ئێمه‌یان برده‌ لای مه‌ناسۆن، كه‌ قوبڕسییه‌ و قوتابییه‌كی كۆنه‌، تاكو له‌لای بمێنینه‌وه‌.

هاوبەشی بکە
کردار 21 بخوێنەوە

کردار 1:21-16 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک لێیان جیا بووینەوە، بە دەریادا ڕێک بەرەو کووس ڕۆیشتین. ڕۆژی پاشتر بۆ ڕودس لەوێشەوە بۆ پەتارا. لەوێ کەشتییەکمان بینی دەچووە فینیکیا، سواربووین و ڕۆیشتین. ئینجا قوبرسمان بینی و بەلای چەپدا بەجێمان هێشت، بەرەو سوریا دەچووین و گەیشتینە سور، چونکە کەشتییەکە بارەکەی لەوێ دادەگرت. لەوێ قوتابییەکانمان دۆزییەوە و حەوت ڕۆژ ماینەوە. بە ڕێنمایی ڕۆحی پیرۆز تکایان لە پۆڵس کرد کە نەچێتە ئۆرشەلیم. کاتێک ماوەمان تەواو بوو، بەڕێکەوتین بۆ ئەوەی درێژە بە گەشتەکەمان بدەین، هەموو قوتابییەکان هەتا دەرەوەی شار بە ژن و منداڵیانەوە لەگەڵمان هاتن. لە کەناراوەکە چۆکمان دادا و نوێژمان کرد. پاشان ماڵئاواییمان لە یەکتری کرد و سواری کەشتییەکە بووین، ئەوانیش گەڕانەوە ماڵەکانیان. لە سورەوە بەردەوام بووین لە گەشتەکەمان و گەیشتینە پتولمایس، لەوێ سڵاومان لە خوشک و برایان کرد و ڕۆژێک لەلایان ماینەوە. بۆ بەیانی هاتینە قەیسەرییە و چووینە ماڵی فیلیپۆسی مزگێنیدەر، کە یەکێکە لە حەوتەکە، لەلای ماینەوە. فیلیپۆس چوار کچی پاکیزەی هەبوو پێشبینییان دەکرد. کە چەندین ڕۆژ ماینەوە، پێغەمبەرێک بە ناوی ئاگابۆس لە یەهودیاوە هات. هاتە لامان و پشتێنەکەی پۆڵسی برد، دەست و پێی خۆی بەستەوە و گوتی: «ڕۆحی پیرۆز ئەمە دەفەرموێ: ”ڕابەرانی جولەکە بەم شێوەیە خاوەنی ئەم پشتێنە لە ئۆرشەلیم دەبەستنەوە و دەیدەنە دەست ناجولەکەکان.“» کاتێک ئەمەمان بیست، ئێمە و دانیشتووانی ئەوێ، لە پۆڵس پاڕاینەوە نەچێتە ئۆرشەلیم. بەڵام پۆڵس گوتی: «چیتانە، دەگریێن و دڵم دەشکێنن؟ ئامادەم نەک تەنها بەند بکرێم، بەڵکو بۆ ناوی عیسای خاوەن شکۆ لە ئۆرشەلیم بشمرم.» کە پێمان قایل نەکرا، وازمان لێهێنا و گوتمان: «با بە خواستی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت.» دوای ئەو ڕۆژانە ئامادەکاریمان کرد و چووینە ئۆرشەلیم. هەندێک قوتابی قەیسەرییەش لەگەڵمان هاتن و ئێمەیان بردە لای مەناسۆن، کە قوبرسییە و قوتابییەکی کۆنە، تاکو لەلای بمێنینەوە.

هاوبەشی بکە
کردار 21 بخوێنەوە