لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:5-42

کردار 1:5-42 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پیاوێک ناوی خه‌نه‌نیا بوو، له‌گه‌ڵ سه‌فیره‌ی ژنی موڵكێكی فرۆشت. به‌ ئاگاداریی ژنه‌كه‌ی به‌شێک له‌ نرخه‌كه‌ی شارده‌وه‌ و به‌شێكی هێنا و خستییه‌ به‌رپێی په‌یامبه‌ران. په‌تڕۆس وتی: “خه‌نه‌نیا، بۆچی شه‌یتان دڵی پڕكردوویت، تاكو درۆ له‌گه‌ڵ ڕووحی پارسا بكه‌یت و له‌ نرخی زه‌وییه‌كه‌ به‌شێكی بشاریته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر بمایه‌ بۆ خۆت نه‌ده‌مایه‌وه‌؟ كه‌ فرۆشراش هه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆت نه‌بوو؟ ئیتر بۆچی ئه‌م كاره‌ت خسته‌ دڵت؟ تۆ درۆت له‌گه‌ڵ خه‌ڵک نه‌كرد، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ خودا”. كاتێ خه‌نه‌نیا ئه‌م قسه‌یه‌ی بیست كه‌وت و مرد. هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یان بیست ترسێكی گه‌وره‌یان لێ نیشت. گه‌نجه‌كانیش هه‌ستان و كفنیان كرد، هه‌ڵیانگرت بۆ ده‌ره‌وه‌ و ناشتیان. پاش نزیكه‌ی سێ كاژێر، ژنه‌كه‌ی هاته‌ ژووره‌ و نه‌یده‌زانی چی ڕوویداوه‌. په‌تڕۆس لێی پرسی: “پێم بڵێ: زه‌وییه‌كه‌تان به‌م بڕه‌ فرۆشت؟” وتی: “به‌ڵێ، به‌م بڕه‌”. په‌تڕۆس پێی وت: “بۆچی ڕێككه‌وتن ڕووحی په‌روه‌ردگار تاقی بكه‌نه‌وه‌؟ ئه‌وه‌تا ئه‌وانه‌ی مێرده‌كه‌تیان ناشت پێیان له‌به‌رده‌رگایه‌، تۆش هه‌ڵده‌گرنه‌ ده‌ره‌وه‌”. یه‌كسه‌ر له‌به‌رپێی كه‌وت و مرد. كاتێ گه‌نجه‌كان هاتنه‌ ژووره‌وه‌ و بینییان مردووه‌، هه‌ڵیانگرته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ته‌نیشت مێرده‌كه‌ی ناشتیان. ئیتر ترسێكی گه‌وره‌ هاته‌ سه‌ر هه‌موو وارگه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌مانه‌یان بیست. له‌سه‌ر ده‌ستی په‌یامبه‌ران زۆر نیشانه‌ و په‌رجو له‌نێو گه‌لدا كرا. هه‌مووان یه‌ک دڵ بوون له‌ هه‌یوانی شلیموندا. كه‌س نه‌یده‌وێرا بچێته‌ پاڵیان، چونكه‌ گه‌ل زۆر ڕێزیان ده‌گرتن. خه‌ڵكی زیاتر باوه‌ڕیان ده‌هێنا و ده‌هاتنه‌ پاڵ په‌روه‌ردگار، ژن و پیاو به‌ كۆمه‌ڵ، ته‌نانه‌ت نه‌خۆشیان ده‌هێنایه‌ سه‌ر شه‌قام و له‌سه‌ر جێگا و نوێن دایانده‌نان، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر په‌تڕۆس هات، سێبه‌ره‌كه‌ی بكه‌وێته‌ سه‌ر هه‌ندێكیان. جه‌ماوه‌ری شاره‌كانی ده‌وروپشتی یروشلایمیش كۆببوونه‌وه‌، نه‌خۆش و ئه‌وانه‌یان هه‌ڵگرتبوو كه‌ به‌ ده‌ست ڕووحی گڵاو ده‌یانناڵاند، جا هه‌موویان چاكده‌بوونه‌وه‌. به‌ڵام كاهینی باڵا و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون له‌ ڕێبازی زادوقی هه‌ستان و پڕبوون له‌ ئیره‌یی. په‌یامبه‌رانیان گرت و فڕێیاندانه‌ زیندانی گشتییه‌وه‌. به‌ڵام فریشته‌ی په‌روه‌ردگار له‌ شه‌ودا ده‌رگاكانی زیندانه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و بردنییه‌ ده‌ره‌وه‌، فه‌رمووی: “بڕۆن بۆ په‌رستگا و ڕاوه‌ستن، ته‌واوی په‌یامی ئه‌م ژیانه‌ به‌ خه‌ڵكی بڵێن”. كه‌ بیستیان، به‌یانی زوو چوونه‌ په‌رستگا و ده‌ستیان كرد به‌ فێركردن. ئینجا كاهینی باڵا و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون هاتن، سه‌نهه‌دریم و هه‌موو پیرانی نه‌وه‌ی ئیسڕائیلیان بانگكرد و ناردیان له‌ زیندان‌ بیانهێنن. به‌ڵام كه‌ پاسه‌وانه‌كان هاتن، له‌ زیندان نه‌یاندۆزینه‌وه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ و هه‌واڵیان دا و وتیان: “زیندانه‌كه‌مان بینی به‌ باشی داخرابوو، پاسه‌وانیش له‌به‌رده‌رگاكان ڕاوه‌ستابوون، به‌ڵام كاتێ كردمانه‌وه‌ كه‌سمان تیایدا نه‌بینی”. كاتێ كاهین و سه‌رۆكی پاسه‌وان و كاهینانی باڵا ئه‌مه‌یان بیست، لێیان سه‌رسام بوون: ده‌بێت ئه‌مه‌ بگاته‌ چی؟. ئینجا یه‌كێک هات هه‌واڵی پێ دان و وتی: “ئه‌وه‌تا ئه‌و پیاوانه‌ی فڕێتاندانه‌ زیندان، وا له‌ په‌رستگادا ڕاوه‌ستاون و گه‌ل فێر ده‌كه‌ن!”. ئه‌وسا سه‌رۆک و پاسه‌وانان و ڕاژه‌وانان ڕۆیشتن و بێ توندوتیژی په‌یامبه‌رانیان هێنا، چونكه‌ ده‌ترسان گه‌ل به‌ردبارانیان بكه‌ن. كاتێ ئه‌وانیان هێنا له‌به‌رده‌م سه‌نهه‌دریمدا ڕایانگرتن، كاهینی باڵا لێی پرسین: “به‌ توندی فه‌رمانمان پێ نه‌كردن كه‌ خه‌ڵكی به‌م ناوه‌ فێر نه‌كه‌ن؟ ئه‌وه‌تا یروشلایمتان له‌ فێركردنه‌كانتان پڕ كردووه‌ و ده‌تانه‌وێ خوێنی ئه‌و پیاوه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆمان”. په‌تڕۆس و په‌یامبه‌ران وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “ده‌بێت خودا له‌ خه‌ڵک زیاتر گوێڕایه‌ڵی بكرێت. خوداوه‌ندی باوكانمان ئیشۆعی هه‌ستانده‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵواسینی له‌سه‌ر ته‌خته‌دار كوشتتان. خودا ئه‌می وه‌ک سه‌رۆک و ڕزگاریده‌ر به‌ ده‌سته‌ڕاستی خۆی به‌رزی كرده‌وه‌، تاكو تۆبه‌كردن و لێخۆشبوونی گوناه‌ به‌ ئیسڕائیل ببه‌خشێت. ئێمه‌ گه‌واهیده‌ری ئه‌م شتانه‌ین، هه‌روه‌ها ڕووحی پارساش، ئه‌وه‌ی خودا به‌خشیویه‌تییه‌ ئه‌وانه‌ی گوێڕایه‌ڵن بۆی”. كاتێ گوێیان لێبوو زۆر تووڕه‌ بوون، ویستیان بیانكوژن. به‌ڵام په‌ڕیشییه‌ک ناوی گه‌ملیئێل بوو، ڕابیی ته‌ورات و ڕێزدار بوو له‌لای هه‌موو گه‌ل، له‌ سه‌نهه‌دریم هه‌ستا و فه‌رمانی دا بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م په‌یامبه‌ران ببردرێنه‌ ده‌ره‌وه‌. ئینجا پێی وتن: “پیاوانی ئیسڕائیل، ئاگاداری خۆتان بن له‌وه‌ی ده‌تانه‌وێ به‌م پیاوانه‌ی بكه‌ن. چونكه‌ پێش ئه‌م ڕۆژانه‌ توداس هه‌ستا و خۆی به‌ شتێک داده‌نا، نزیكه‌ی چوار سه‌د پیاو لێی كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام كوژرا و هه‌موو ئه‌وانه‌ی دوای كه‌وتبوون بڵاو بوونه‌وه‌، بوونه‌ هیچ. دوای ئه‌مه‌ش له‌ ڕۆژانی ناونووسینه‌كه‌دا ئیهوودای گلیلای هه‌ستا و خه‌ڵكانێكی به‌دوای خۆیدا له‌خشته‌ برد، ئه‌ویش له‌ناوچوو و ئه‌وانه‌ی دوای كه‌وتبوون په‌رته‌وازه‌ بوون. ئێستاش پێتان ده‌ڵێم: له‌م پیاوانه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌ و لێیانگه‌ڕێن! چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م بیروباوه‌ڕه‌ یاخود ئه‌م كاره‌ له‌ خه‌ڵكه‌وه‌ بێت، ئه‌وا تێكده‌چێت. ئه‌گه‌ریش له‌ خوداوه‌ بێت، ناتوانن تێكی بده‌ن، ئه‌گینا خۆتان ده‌بیننه‌وه‌ دژی خودا ده‌جه‌نگن”. جا به‌ قسه‌یان كرد، ئیتر په‌یامبه‌رانیان بانگكرد و قامچییان لێدان، ڕایانسپاردن ناوی ئیشۆع نه‌هێنن، ئینجا ئازادیان كردن. به‌ڵام ئه‌وان به‌ دڵشادییه‌وه‌ له‌به‌رده‌م سه‌نهه‌دریم ده‌رچوون، چونكه‌ وا دانران شایانی ئه‌وه‌ بن بۆ ناوی ئه‌و سووكایه‌تییان پێ بكرێت. ئیتر هه‌موو ڕۆژێک له‌ په‌رستگا و له‌ ماڵاندا، خه‌ڵكیان فێرده‌كرد و موژده‌ی ئیشۆعی مه‌سیحیان ده‌دا.

هاوبەشی بکە
کردار 5 بخوێنەوە

کردار 1:5-42 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پیاوێک ناوی حەنانیا بوو، لەگەڵ سەفیرەی ژنی پارچە زەوییەکی فرۆشت. بە ئاگاداری ژنەکەی بەشێک لە پارەکەی بۆ خۆی هەڵگرت، ئەوەی مایەوە هێنای و خستییە بەرپێی نێردراوان. پەترۆس گوتی: «حەنانیا، بۆچی شەیتان دڵی پڕکردوویت، بۆ ئەوەی درۆ لەگەڵ ڕۆحی پیرۆز بکەیت و لە پارەی زەوییەکە بەشێک بۆ خۆت هەڵبگریت؟ ئایا نەتدەتوانی کێڵگەکە بۆ خۆت دابنێیت و نەیفرۆشی کاتێک کە هی خۆت بوو؟ پاش فرۆشتنی ئایا مافی ئەوەت نەبوو نرخەکەی هەڵبگریت؟ ئیتر بۆچی لە دڵی خۆتدا ویستت ناپاکی بکەیت؟ تۆ درۆت لەگەڵ خەڵک نەکرد، بەڵکو لەگەڵ خودا.» کاتێک حەنانیا گوێی لەم قسەیە بوو، کەوت و مرد. هەموو ئەوانەی ئەمەیان بیست ترسێکی گەورەیان لێ نیشت. ئینجا چەند گەنجێک هەستان و کفنیان کرد، هەڵیانگرت بۆ دەرەوە و ناشتیان. پاش نزیکەی سێ کاتژمێر، ژنەکەی هاتە ژوورە و نەیدەزانی چی ڕوویداوە. پەترۆس لێی پرسی: «پێم بڵێ، زەوییەکەتان بەم بڕە فرۆشت؟» گوتی: «بەڵێ، بەم بڕە.» پەترۆسیش پێی گوت: «بۆچی ڕێککەوتن ڕۆحی یەزدان تاقی بکەنەوە؟ ئەوەتا ئەوانەی مێردەکەتیان ناشت لە بەردەرگان، تۆش هەڵدەگرن و دەتبەنە دەرەوە.» دەستبەجێ ژنەکە لەبەرپێی پەترۆسدا کەوت و مرد. کاتێک گەنجەکان هاتنە ژوورەوە و بینییان مردووە، هەڵیانگرت و لەتەنیشت مێردەکەی ناشتیان. ئیتر ترسێکی گەورە هاتە سەر هەموو کڵێسا و هەموو ئەوانەی ئەمانەیان بیست. لەسەر دەستی نێردراوان زۆر نیشانە و پەرجوو لەنێو گەلدا کرا. هەموو باوەڕداران بە یەک دڵ لە ڕێڕەوەکەی سلێمان لە پەرستگادا کۆدەبوونەوە. کەس نەیدەوێرا بچێتە پاڵیان، بەڵام گەل زۆر ڕێزیان دەگرتن. لەگەڵ ئەوەشدا هەتا دەهات ژن و پیاو بە کۆمەڵ باوەڕیان بە مەسیحی خاوەن شکۆ دەهێنا و دەهاتنە پاڵی. لە ئەنجامدا، وای لێهات نەخۆشیان دەهێنایە سەر شەقام و لەسەر جێگا و نوێن دایاندەنان، بەڵکو ئەگەر پەترۆس هات، سێبەرەکەی بکەوێتە سەر هەندێکیان. خەڵکی شارەکانی دەوروپشتی ئۆرشەلیمیش کۆببوونەوە، نەخۆش و ئەوانەیان هەڵگرتبوو کە بە دەست ڕۆحی پیس دەیانناڵاند، جا هەموویان چاکدەبوونەوە. بەڵام سەرۆکی کاهینان و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون لە ڕێبازی سەدوقی هەستان و پڕبوون لە ئیرەیی. نێردراوانیان گرت و فڕێیان دانە زیندانی گشتییەوە. بەڵام فریشتەیەکی یەزدان لە شەودا دەرگای زیندانەکەی کردەوە و بردنییە دەرەوە و گوتی: «بڕۆن بۆ حەوشەکانی پەرستگا و ڕاوەستن، تەواوی پەیامی ئەم ژیانە بە خەڵکی بڵێن.» هەرکە گوێیان لێبوو، بەیانی زوو چوونە حەوشەکانی پەرستگا و دەستیان کرد بە فێرکردنی خەڵک. سەرۆکی کاهینان و ئەوانەی لەگەڵی بوون هاتن، ئەنجومەنی باڵا و هەموو کۆمەڵی پیرانی نەوەی ئیسرائیلیان بانگکرد و ناردیان لە زیندان بیانهێنن. بەڵام کە پاسەوانەکان چوون و لە زیندان نەیاندۆزینەوە، گەڕانەوە و هەواڵیان پێدان و گوتیان: «زیندانەکەمان بینی بە باشی داخرابوو، پاسەوانیش لە بەردەرگاکان ڕاوەستابوون، بەڵام کاتێک کردمانەوە کەسمان تێیدا نەبینی.» کاتێک سەرۆکی پاسەوانی پەرستگا و کاهینانی باڵا ئەمەیان بیست، لێیان سەرسام بوون و گوتیان ئەمە چی بەسەردێت! ئینجا یەکێک هات و گوتی: «ئەو پیاوانەی فڕێتاندانە زیندانەوە، وا لە حەوشەکانی پەرستگادا ڕاوەستاون و خەڵکی فێر دەکەن.» ئەوسا سەرۆک و پاسەوانان ڕۆیشتن و بێ توندوتیژی نێردراوانیان هێنا، چونکە دەترسان گەل بەردبارانیان بکەن. کاتێک ئەوانیان هێنا و لەبەردەم ئەنجومەنی باڵادا ڕایانگرتن، سەرۆکی کاهینان لێی پرسین: «بە توندی فەرمانمان پێ کردن خەڵکی بەم ناوە فێر نەکەن، ئەوەتا ئۆرشەلیمتان لە فێرکردنەکانتان پڕکردووە و دەتانەوێ خوێنی ئەم پیاوە بخەنە ئەستۆمان.» پەترۆس و نێردراوان وەڵامیان دایەوە: «دەبێت گوێڕایەڵی بۆ خودا بێت زیاتر لەوەی بۆ خەڵک! خودای باوباپیرانمان عیسای هەستاندەوە، ئەوەی بە هەڵواسینی لەسەر دار کوشتتان. خودا ئەوی وەک سەرۆک و ڕزگارکەر بۆ دەستەڕاستی خۆی بەرز کردەوە، تاکو تۆبەکردن و لێخۆشبوونی گوناه بە ئیسرائیل ببەخشێت. ئێمە شایەتی ئەم شتانەین، هەروەها ڕۆحی پیرۆزیش، ئەوەی خودا بەخشیویەتییە ئەوانەی گوێڕایەڵن بۆی.» کاتێک گوێیان لێبوو زۆر تووڕە بوون، ویستیان بیانکوژن. بەڵام فەریسییەک بە ناوی گەمالائیل کە مامۆستای تەورات بوو و هەموو گەل ڕێزیان دەگرت، لە ئەنجومەنی باڵا هەستا و فەرمانی کرد کە نێردراوان بۆ ماوەیەکی کەم ببردرێنە دەرەوە. پێی گوتن: «پیاوانی ئیسرائیل، ئاگاداری خۆتان بن لەوەی دەتانەوێ بەم پیاوانەی بکەن. ماوەیەک لەمەوبەر سوداس دەرکەوت و خۆی بە شت دەزانی، هەروەها نزیکەی چوار سەد پیاوی لێ کۆبوونەوە، بەڵام کوژرا و هەموو ئەوانەی دوای کەوتبوون بڵاو بوونەوە و ئاسەواریان نەما. دوای ئەمەش لە کاتی ناونووسینەکەدا یەهوزای جەلیلی هەستا و خەڵکانێکی بەدوای خۆیدا لەخشتە برد، ئەویش لەناوچوو و ئەوانەی دوای کەوتبوون بڵاوبوونەوە. ئێستاش ئامۆژگاریتان دەکەم، لەم پیاوانە دوور بکەونەوە و وازیان لێ بهێنن، چونکە ئەگەر ئەم بیروباوەڕە و کارە لە خەڵکەوە بێت، تێکدەچێت. بەڵام ئەگەر لە خوداوە بێت، ناتوانن تێکی بدەن، ئەگینا خۆتان دەبیننەوە لە دژی خودا دەجەنگن.» وتەکانی قایلی کردن، بۆیە نێردراوانیان بانگکرد و فەرمانیان دا کە بدرێنە بەر قامچی. ئینجا فەرمانیان پێکردن ناوی عیسا نەهێنن و ئازادیان کردن. ئیتر نێردراوان بە دڵشادییەوە لەبەردەم ئەنجومەنی باڵا هاتنە دەرەوە، چونکە بە شیاوی ئەوە دانران کە لە پێناو ناوی عیسادا سووکایەتییان پێ بکرێت. ئیتر هەموو ڕۆژێک لە حەوشەکانی پەرستگا و لە ماڵاندا، بێوچان خەڵکیان فێردەکرد و مزگێنییان دەدا کە عیسا مەسیحەکەیە.

هاوبەشی بکە
کردار 5 بخوێنەوە