لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:6-15

کردار 1:6-15 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌و ڕۆژانه‌دا كه‌ قوتابییه‌كان زیادیان ده‌كرد، جوو یۆنانییه‌كان بۆڵه‌بۆڵیان له‌سه‌ر عیبڕانییه‌كان كرد كه‌ له‌ یارمه‌تی ڕۆژانه‌ی بێوه‌ژنه‌كانیان پشتگوێ ده‌خرێن. بۆیه‌ دوازده‌كه‌ كۆمه‌ڵی قوتابییه‌كانیان بانگكرد و وتیان: “باش نییه‌ واز له‌ وشه‌ی خودا بهێنین و ڕاژه‌ی خوانه‌كان بكه‌ین. برایان، له‌نێو خۆتاندا حه‌وت پیاو هه‌ڵبژێرن كه‌ ناوبانگیان باش بێت و پڕبن له‌ ڕووحی پارسا و داناییه‌كه‌ی، تاكو له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ركه‌ دایانبنێین. ئێمه‌ش خۆمان ته‌رخان ده‌كه‌ین بۆ نوێژكردن و ڕاژه‌ی وشه‌ی خودا”. هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌ ئه‌م پێشنیاره‌یان به‌دڵ بوو، جا ئستیفانۆسیان هه‌ڵبژارد، كه‌ پیاوێكی پڕ له‌ باوه‌ڕ و ڕووحی پارسا بوو، له‌گه‌ڵ پیلیپوس و پروخۆرس و نیكانۆر و تیمۆن و په‌رمیناس و نیقالیئۆسی ئه‌نتاكی كه‌ ببووه‌ جوو. له‌پێش په‌یامبه‌رانیان ڕاگرتن، ئه‌وانیش نوێژیان كرد و ده‌ستیان له‌سه‌ر دانان. ئیتر وشه‌ی خودا گه‌شه‌ی ده‌كرد، ژماره‌ی قوتابییه‌كانیش له‌ یروشلایم زۆر زیاتر بوو، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كاهینانیش گوێڕایه‌ڵی باوه‌ڕه‌كه‌ بوون. ئستیفانۆس پڕ له‌ باوه‌ڕ و هێز بوو، نیشانه‌ و په‌رجوی مه‌زنی له‌نێو گه‌لدا ده‌كرد. جا هه‌ندێک له‌وانه‌ی له‌و كه‌نیشته‌ن كه‌ پێی ده‌ووترا كه‌نیشتی ئازادكراوان، له‌گه‌ڵ قه‌ورینێكان و ئه‌سكه‌نده‌رییه‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌ قیلیقیا و ئاسیادان، هه‌ستان و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ئستیفانۆس كرد. به‌ڵام نه‌یانتوانی به‌ربه‌ره‌كانێی ئه‌و داناییه‌ و ڕووحه‌ بكه‌ن كه‌ پێی ده‌دووا. بۆیه‌ به‌دزییه‌وه‌ پیاویان هاندا تاكو بڵێن: “ئێمه‌ بیستمان سه‌باره‌ت به‌ مووشێ و خودا كفری ده‌كرد”. ئینجا گه‌ل و پیران و ته‌وراتزانه‌كانیان جۆش دا، هاتنه‌ سه‌ری و ڕفاندیان، بۆ سه‌نهه‌دریمیان هێنا. گه‌واهیده‌ری درۆزنیان دانا، ده‌یانووت: “ئه‌م پیاوه‌ وه‌ستانی نییه‌ له‌ كفركردن دژی ئه‌م شوێنه‌ پارسا‌یه‌و ته‌ورات. چونكه‌ بیستمان ده‌یووت كه‌ ئیشۆعی ناسڕه‌تیی ئه‌م شوێنه‌ تێكده‌دات و ئه‌و نه‌ریتانه‌ ده‌گۆڕێت كه‌ له‌ مووشێوه‌ وه‌رمانگرتووه‌”. جا هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌نهه‌دریم دانیشتبوون چاویان تێبڕی و بینییان ڕووی وه‌ک ڕووی فریشته‌ وایه‌.

هاوبەشی بکە
کردار 6 بخوێنەوە

کردار 1:6-15 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لەو ڕۆژانەدا کە قوتابییەکان زیادیان دەکرد، جولەکە یۆنانییەکان بۆڵەبۆڵیان لەسەر عیبرانییەکان کرد کە لە دابەشکردنی نانی ڕۆژانە بێوەژنەکانیان پشتگوێ دەخرێن. بۆیە دوازدە نێردراوەکە هەموو قوتابییەکانیان بانگکرد و گوتیان: «باش نییە بۆمان ڕاگەیاندنی پەیامی خودا پشتگوێ بخەین و خەریکی ئازووقە دابەشکردن بین. خوشک و برایان، لەنێو خۆتاندا حەوت پیاو هەڵبژێرن کە ناوبانگیان باش بێت و پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز و دانایی، تاکو لەسەر ئەم ئەرکە دایانبنێین. ئێمەش خۆمان تەرخان دەکەین بۆ نوێژکردن و بۆ خزمەتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا.» هەموو کۆمەڵەکە ئەم پێشنیارەیان بەدڵ بوو، جا ستیفانۆسیان هەڵبژارد، کە پیاوێکی پڕ لە باوەڕ و ڕۆحی پیرۆز بوو، لەگەڵ فیلیپۆس و پروخۆرۆس و نیکانۆر و تیمۆن و پەرمیناس و نیکۆلاوسی ئەنتاکی کە ببووە جولەکە. لەپێش نێردراوانیان ڕاگرتن، ئەوانیش نوێژیان کرد و دەستیان لەسەر دانان. ئیتر پەیامی خودا لە گەشەکردندا بوو، ژمارەی قوتابییەکانیش لە ئۆرشەلیم زۆر زیاتر ببوون، ژمارەیەکی زۆریش لە کاهینان باوەڕیان بە مەسیح هێنا و گوێڕایەڵی بوون. ستیفانۆس پڕبوو لە نیعمەت و هێزی خودا، پەرجوو و نیشانەی گەورەی لەنێو گەلدا دەکرد. جا هەندێک لەوانەی لەو کەنیشتەن کە پێی دەگوترا کەنیشتی ئازادکراوان، لەگەڵ کورێنییەکان و ئەسکەندەرییەکان و ئەوانەی لە ناوچەکانی کیلیکیا و ئاسیان، هەستان و دەمەقاڵێیان لەگەڵ ستیفانۆس کرد. بەڵام نەیانتوانی بەربەرەکانێی ئەو داناییە بکەن کە ڕۆحی پیرۆز لە قسەکردندا پێیدابوو. بۆیە بەدزییەوە خەڵکیان هاندا تاکو بڵێن: «گوێمان لێی بوو سەبارەت بە موسا و خودا کفری دەکرد.» ئینجا گەل و پیران و مامۆستایانی تەوراتیان جۆشدا، هاتنە سەری و گرتییان و بۆ ئەنجومەنی باڵایان هێنا. شایەتی درۆزنیان دانا، دەیانگوت: «ئەم پیاوە وەستانی نییە لە قسەکردن لە دژی ئەم شوێنە پیرۆزە و تەورات، ئێمەش گوێمان لێی بوو دەیگوت کە عیسای ناسیرەیی ئەم شوێنە تێکدەدات و ئەو نەریتانە دەگۆڕێت کە لە موساوە وەرمانگرتووە.» جا هەموو ئەوانەی لە ئەنجومەنی باڵا دانیشتبوون چاویان تێبڕی و بینییان ڕووی وەک ڕووی فریشتە وایە.

هاوبەشی بکە
کردار 6 بخوێنەوە