لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

گەلاتیا 11:1-21

گەلاتیا 11:1-21 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پێتان ده‌ڵێم، برایان، ئه‌و ئینجیله‌ی كه‌ ڕامگه‌یاندووه‌، له‌ مرۆڤه‌وه‌ نییه‌. له‌ مرۆڤیشم وه‌رنه‌گرتووه‌ و فێریش نه‌كراوم، به‌ڵكو به‌ ئاشكراكردنی ئیشۆعی مه‌سیحه‌. چونكه‌ سه‌ربورده‌ی منتان بیستووه‌ له‌ ئایینی جوو، دڕندانه‌ وارگه‌ی خودام ده‌چه‌وسانده‌وه‌ و هه‌وڵم داوه‌ له‌ناوی ببه‌م. له‌ ئایینی جوو پێش زۆربه‌ی خه‌ڵک كه‌وتم له‌ نه‌وه‌ی خۆم، زۆر دڵگه‌رمتر بووم له‌وان بۆ دابونه‌ریتی باوكان. به‌ڵام كاتێ خودا كه‌ له‌ سكی دایكمه‌وه‌ ته‌رخانی كردم و به‌ به‌خششی خۆی بانگیكردم خۆشحاڵ بوو ڕۆڵه‌كه‌ی له‌ مندا ده‌ربكه‌وێت، تاكو له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا موژده‌ بده‌م، یه‌كسه‌ر ڕاوێژم به‌ گۆشت و خوێن نه‌كرد، سه‌رنه‌كه‌وتمه‌ یروشلایم بۆ لای ئه‌وانه‌ی پێش من په‌یامبه‌ر بوون، به‌ڵكو ڕۆیشتم بۆ عه‌ره‌بستان و دیسان گه‌ڕامه‌وه‌ دره‌مسوق. ئینجا دوای سێ ساڵ سه‌ركه‌وتمه‌ یروشلایم، بۆ ئه‌وه‌ی په‌تڕۆس بناسم، پازده‌ ڕۆژ لای ئه‌و مامه‌وه‌. به‌ڵام جگه‌ له‌ یاقووی برای په‌روه‌ردگار هیچ په‌یامبه‌رێكی دیكه‌م نه‌بینی. خودا ده‌زانێت ئه‌وه‌ی بۆتانی ده‌نووسم درۆ نییه‌. دوایی چوومه‌ هه‌رێمه‌كانی سوریا و قیلیقیا.

گەلاتیا 11:1-21 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پێتان دەڵێم، خوشکان، برایان، ئەو پەیامەی ئینجیل کە جاڕم بۆی داوە، لە مرۆڤەوە نییە. لە کەسیشم وەرنەگرتووە و فێریش نەکراوم، بەڵکو بە ئاشکراکردنی عیسای مەسیح وەرمگرتووە. بێگومان سەربوردەی منتان بیستووە لە جولەکایەتی، کە چۆن دڕندانە کڵێسای خودام چەوساندەوە و هەوڵم دا لەناوی ببەم. لە جولەکایەتی پێش زۆربەی خەڵک کەوتم لە نەوەی خۆم، زۆر دڵگەرمتر بووم لەوان بۆ دابونەریتی باوکان. بەڵام کاتێک خودا کە لە سکی دایکمەوە تەرخانی کردم، بە نیعمەتی خۆی بانگی کردم، خۆشحاڵ بوو کوڕەکەی لە مندا دەربکەوێت، تاکو لەناو نەتەوە ناجولەکەکاندا مژدە بدەم. لەو کاتەدا دەستبەجێ ڕاوێژم بە کەس نەکرد، سەرنەکەوتمە ئۆرشەلیم بۆ لای ئەوانەی پێش من نێردراو بوون، بەڵکو ڕۆیشتم بۆ عەرەبستان و دیسان گەڕامەوە دیمەشق. ئینجا دوای سێ ساڵ سەرکەوتمە ئۆرشەلیم، بۆ ئەوەی پەترۆس بناسم، پازدە ڕۆژ لای ئەو مامەوە. بەڵام جگە لە یاقوبی برای عیسای خاوەن شکۆ هیچ نێردراوێکی دیکەم نەبینی. خودا دەزانێت ئەوەی بۆتان دەنووسم درۆ نییە. دوایی چوومە هەرێمەکانی سوریا و کیلیکیا،