لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عیبرانییەکان 1:12-17

عیبرانییەکان 1:12-17 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

بۆیه‌، ئێمه‌ به‌ هه‌ورێكی گه‌واهیده‌رانی ئاوا گه‌وره‌ ده‌وره‌ دراوین، با هه‌موو بارگرانییه‌ک و ئه‌و گوناهانه‌ی وا ده‌وری داوین به‌ ئاسانی بخه‌ینه‌ لایه‌ک و به‌ دانبه‌خۆداگرتنه‌وه‌ له‌و پێشبڕكێیه‌ ڕابكه‌ین كه‌ له‌پێشمان دانراوه‌. بڕوانینه‌ ئیشۆع، پێشڕه‌و و ته‌واوكاری باوه‌ڕمان، ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی ئه‌و شادییه‌ی له‌پێشی دانرابوو، به‌رگه‌ی خاچی گرت و شه‌رمه‌زاری به‌ سووک وه‌رگرت، جا له‌ لای ڕاستی ته‌ختی خودا دانیشت. بیربكه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی له‌ گوناهبارانه‌وه‌ به‌رگه‌ی دژایه‌تی خۆی گرت، تاكو شه‌كه‌ت نه‌بن و وره‌ به‌رنه‌ده‌ن. له‌ خه‌باتی دژی گوناه‌ هێشتا تاكو خوێن ڕشتن به‌رگریتان نه‌كردووه‌. ئێوه‌ش ئه‌و ئامۆژگاریه‌تان له‌بیر چووه‌، كه‌ وه‌ک ڕۆڵه‌ له‌گه‌ڵتان ده‌دوێت: “ڕۆڵه‌كه‌م، به‌ سووكی ته‌ماشای ته‌مبێكردنی په‌روه‌ردگار مه‌كه‌. كاتێ سه‌رزه‌نشتت ده‌كات وره‌ به‌رمه‌ده‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار خۆشیبووێ ته‌مبێی ده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌ر یه‌كێک وه‌ک ڕۆڵه‌ی خۆی وه‌ریگرێت، به‌ قامچی لێی ده‌دات”. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر به‌رگه‌ی ته‌مبێكردن بگرن، خوداش وه‌ک ڕۆڵه‌ی خۆی ڕه‌فتارتان له‌گه‌ڵ ده‌كات. چ ڕۆڵه‌یه‌ک هه‌یه‌ باوكی ته‌مبێی نه‌كات؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌مبێكردنتان نه‌بێت، له‌وه‌ی هه‌موویان بوونه‌ هاوبه‌ش، ئه‌وا زۆڵن و ڕۆڵه‌ی نین. باوكی مرۆڤانه‌مان هه‌یه‌ كه‌ ته‌مبێی كردووین و ڕێزی ئه‌ومان گرتووه‌. ئه‌ی چه‌ند زیاتر ملكه‌چی باوكی ڕووحه‌كانمان بین، جا ده‌ژین؟ چونكه‌ باوكانمان ڕۆژانێكی كه‌م ئه‌وه‌نده‌ی به‌ باشیان زانیوه‌ ته‌مبێیان كردووین، به‌ڵام خودا بۆ سوودی ئێمه‌یه‌ ته‌مبێمان ده‌كات، تاكو به‌شداری پارساییه‌كه‌ی بكه‌ین. هه‌ر ته‌مبێكردنێک ئێستا نابینرێت بۆ خۆشی بێت به‌ڵكو بۆ خه‌م، كه‌چی دواتر به‌روبوومی ئاشتییانه‌ی خوداناسی ده‌گرێت بۆ ئه‌وانه‌ی پێی ڕاهێنراون. بۆیه‌ ده‌سته‌ لاوازبووه‌كان و ئه‌ژنۆ له‌رزۆكه‌كان به‌هێز بكه‌ن، ڕێڕه‌وی به‌رپێتان ڕاست بكه‌نه‌وه‌، تاكو شه‌ل پێی له‌جێ نه‌چێت، به‌ڵكو چاكبێته‌وه‌. له‌گه‌ڵ هه‌مووان دوای ئاشتی بكه‌ون، هه‌روه‌ها پارسا بن. بێ پارسایی كه‌س په‌روه‌ردگار نابینێت. ئاگادار بن، كه‌س خۆی له‌ به‌خششی خودا بێبه‌ش نه‌كات، نه‌وه‌ک ڕه‌گی تاڵی گه‌شه‌ بكات و په‌شێوی دروست بكات، به‌هۆی ئه‌مه‌ش زۆر كه‌س گڵاو بێت. نه‌وه‌ک یه‌كێک داوێنپیس یان وه‌ک عیسۆ به‌ڕه‌ڵا بێت، ئه‌وه‌ی مافی نۆبه‌رایه‌تی خۆی به‌ ژه‌مێكی خواردن فرۆشت. چونكه‌ ده‌زانن دواتر كاتێ ویستی ببێته‌وه‌ میراتگری داڕشت، ڕه‌تكرایه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی نه‌دۆزییه‌وه‌ بۆ تۆبه‌كردن، هه‌رچه‌نده‌ به‌ فرمێسكه‌وه‌ش داوای كرد.

عیبرانییەکان 1:12-17 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کەواتە لەبەر ئەوەی ئێمە بە هەورێکی شایەتیدەری ئاوا گەورە دەورە دراوین، با هەموو بارگرانییەک و ئەو گوناهانەی کە بە ئاسانی لێمان دەئاڵێت لە خۆمانی دوور بخەینەوە و بە دانبەخۆداگرتنەوە لەو پێشبڕکێیە ڕابکەین کە لەپێشمان دانراوە. با سەرنجمان بخەینە سەر عیسا، پێشڕەو و تەواوکاری باوەڕمان، ئەوەی لە پێناوی ئەو خۆشییەی لەپێشی دانرابوو، بەرگەی خاچی گرت و شەرمەزاری بە سووک وەرگرت، جا لە دەستەڕاستی تەختی خودا دانیشت. با بیر بکەنەوە لەوەی کە دانی بەخۆیدا گرت بەرامبەر ئەو دژایەتییەی کە گوناهباران لەگەڵیان کرد، تاکو شەکەت نەبن و ورە بەرنەدەن. لە خەباتی ئێوە لە دژی گوناه هەتا ئاستی خوێنڕشتن بەرگریتان نەکردووە. ئایا ئێوە بە تەواوی ئەو پەیامەی هاندانتان لەبیر چووەوە کە وەک ڕۆڵە لەگەڵتان دەدوێت؟ پەیامەکە دەڵێت: ﴿ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە، هەروەها کاتێک سەرزەنشتت دەکات ورە بەرمەدە، چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات، هەروەها هەر یەکێک وەک ڕۆڵەی خۆی وەریبگرێت، بە گۆچان لێی دەدات.﴾ کەواتە بەرگەی تەمبێکردن بگرن، خوداش وەک ڕۆڵەی خۆی لەگەڵتان دەجوڵێتەوە. چ ڕۆڵەیەک هەیە باوکی تەمبێی نەکات؟ ئەگەر بێتو خودا تەمبێتان نەکات وەک هەموو منداڵەکانی دیکەی، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ ئێوە زۆڵن و منداڵی ئەو نین. سەرەڕای ئەمە، باوکی مرۆڤانەمان هەیە کە تەمبێی کردووین و ڕێزی ئەومان گرتووە. ئەی چەند زیاتر ملکەچی باوکی ڕۆحیمان بین، بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بەدەستبهێنین؟ باوکانمان بۆ ماوەیەک ئەوەندەی بە باشیان زانیوە تەمبێیان کردووین، بەڵام خودا بۆ سوودی ئێمەیە تەمبێمان دەکات، تاکو بەشداری پیرۆزییەکەی بکەین. هەموو تەمبێکردنێک لە کاتی خۆیدا وا دەردەکەوێت کە ئازاربەخشە و خۆش نییە، بەڵام دواتر بەروبوومی ئاشتییانەی ڕاستودروستی دەگرێت بۆ ئەوانەی پێی ڕاهێنراون. کەواتە دەستە لاوازبووەکان و ئەژنۆ لەرزۆکەکان بەهێز بکەن، ﴿ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە،﴾ تاکو شەل پێی لەجێ نەچێت، بەڵکو چاک بێتەوە. کۆشش بکەن تاوەکو لەگەڵ هەموو کەسێک بە ئاشتی بژین، هەروەها پیرۆز بن. بێ پیرۆزی کەس مەسیحی خاوەن شکۆ نابینێت. ئاگاداری ئەوە بن، کەس خۆی لە نیعمەتی خودا بێبەش نەکات، نەوەک ڕەگی تاڵی لەناوتاندا گەشە بکات و پەشێوی دروستبکات، بەهۆی ئەمەشەوە زۆر کەس گڵاو ببێت. ئاگاداربن نەوەک یەکێک داوێنپیس بێت یان وەک عیسۆ بەڕەڵا بێت، ئەوەی مافی نۆبەرایەتی خۆی بە ژەمێک خواردن فرۆشت. دواتر وەک ئاگادارن، ویستی ئەم بەرەکەتە بە میرات وەربگرێت، بەڵام ڕەتکرایەوە. هەرچەندە بە فرمێسکەوەش داوای بەرەکەتەکەی کرد، بەڵام دەرفەتی تۆبەکردنی بۆ نەمابووەوە.