لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عیبرانییەکان 5:2-18

عیبرانییەکان 5:2-18 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌و جیهانه‌ی وا دادێت و باسی ده‌كه‌ین، بۆ فریشته‌كانی ملكه‌چ نه‌كردووه‌. به‌ڵام یه‌كێک له‌ شوێنێكدا گه‌واهیی دا و وتی: “مرۆڤ چییه‌ تاكو له‌ بیرت بێت؟ یان ڕۆڵه‌ی مرۆڤ تاكو به‌سه‌ری بكه‌یته‌وه‌؟ كه‌مێک له‌ فریشته‌كان كه‌مترت دانا، تاجی شكۆ و ڕێزت خسته‌ سه‌ری، كاره‌كانی ده‌ستی خۆتت پێ سپارد. هه‌موو شتێكت خسته‌ به‌رپێی”. چونكه‌ خودا هه‌موو شتێكی بۆ ملكه‌چ كردووه‌، هیچ شتێكی نه‌هێشته‌وه‌ ملكه‌چ بۆ نه‌كات. هه‌رچه‌نده‌ ئێستا نابینین هه‌موو شتێک ملكه‌چی كرابێت. به‌ڵام ئیشۆع ده‌بینین، ئه‌وه‌ی كه‌مێک له‌ فریشته‌كان كه‌متر دانرا، له‌به‌ر ئازاری مه‌رگ تاجی شكۆ و ڕێزی خراوه‌ته‌ سه‌ر، تاكو به‌ به‌خششی خودا له‌ جیاتی هه‌ر یه‌كێک مه‌رگ بچێژێ. چونكه‌ له‌ خودا ده‌وه‌شایه‌وه‌، ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێک بۆ ئه‌وه‌ و هه‌موو شتێک به ئه‌وه‌، ڕۆڵه‌ی زۆر بهێنێت بۆ شكۆمه‌ندی، به‌ ته‌واوكردنی پێشڕه‌وایه‌تی ڕزگارییان به‌ ئازار. چونكه‌ پارساكار و پارساكان هه‌موو له‌ یه‌كێكه‌وه‌ن. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش شه‌رم ناكات به‌ برا ناویان ببات. ده‌فه‌رمووێ: “ناوی تۆ به‌ براكانم ڕاده‌گه‌یه‌نم، له‌ناوه‌ڕاستی وارگه‌دا ستایشت ده‌كه‌م”. هه‌روه‌ها: “من به‌وه‌ پشتبه‌ستوو ده‌بم”. دیسان: “ئه‌وه‌تا خۆم و ئه‌و ڕۆڵانه‌ی خودا پێیداوم”. بۆیه‌ كه‌ ڕۆڵه‌كان له‌ گۆشت و خوێن به‌شدارن، ئه‌ویش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌شداری له‌م شتانه‌كرد، تاكو به‌ مه‌رگ ئه‌وه‌ له‌ناوببات كه‌ ده‌سه‌ڵاتی مه‌رگی هه‌یه‌، واتا ئیبلیس، ئه‌وانه‌ش ئازاد بكات كه‌ به‌ درێژایی ژیانیان له‌ ترسی مه‌رگ ملكه‌چی كۆیلایه‌تی بوون. چونكه‌ به‌ ڕاستیش بۆ یارمه‌تیدانی فریشته‌ نییه‌، به‌ڵكو بۆ یارمه‌تیدانی نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌مه‌. جا ده‌بووایه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كدا له‌ برایانی بچووبایه‌، تاكو میهره‌بان بێت و كاهینی باڵایه‌كی دڵسۆز بێت له‌ شته‌كانی خودا، تاكو ببێته‌ داپۆشه‌ری گوناهه‌كانی گه‌ل، چونكه‌ ئازاری چێژتووه‌ و تاقی كراوه‌ته‌وه‌، ده‌توانێت یارمه‌تی تاقیكراوان بدات.

عیبرانییەکان 5:2-18 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەو جیهانەی کە دێت و باسی دەکەین، ملکەچی فریشتەکانی نەکردووە. بەڵام لە شوێنێکدا کەسێک شایەتی داوە: ﴿مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟ کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟ بۆ ماوەیەکی کەم ئەوت لە فریشتەکانت بە کەمتر دانا و تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری، تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.﴾ کاتێک خودا هەموو شتێکی ملکەچ کردووە، هیچ شتێکی نەهێشتەوە ملکەچی نەکات. هەرچەندە ئێستا نابینین هەموو شتێک ملکەچی کرابێت. بەڵام عیسا دەبینین، ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت لە فریشتەکان کەمتر دانرا، لەبەر ئازاری مردن تاجی شکۆ و ڕێزی خراوەتە سەر، تاکو بە نیعمەتی خودا لە جیاتی هەموو کەسێک مردن بچێژێ. لە خودا دەوەشایەوە، ئەوەی هەموو شتێک بۆ ئەو و بەهۆی ئەوەوەیە، کاتێک دەیویست ڕۆڵەی زۆر بهێنێتە نێو شکۆمەندییەکەی، دەبووایە عیسا کە پێشەنگی ڕزگارکردنیانە، لە ڕێگەی ئازارەوە بکاتە ڕزگارکەرێکی تەواو. عیسا کە خەڵک پیرۆز دەکات و ئەو خەڵکەی پیرۆز کراون هەردووکیان سەر بە یەک خێزانن، لەبەر ئەم هۆیەش عیسا شەرم ناکات بە خوشک یان برا ناویان ببات. دەفەرموێ: ﴿ناوی تۆ بە براکانم ڕادەگەیەنم، لەناو کۆمەڵدا ستایشت دەکەم.﴾ هەروەها: ﴿من پشت بەو دەبەستم.﴾ دیسان: ﴿ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی کە خودا پێیداوم.﴾ بۆیە کە منداڵەکان لە گۆشت و خوێن بەشدارن، ئەویش بە هەمان شێوە بەشداری لە سروشتی مرۆڤایەتییان کرد، تاکو بەهۆی مردنی خۆیەوە شەیتان لەناوببات کە هێزی مردنی هەیە، ئەوانەش ئازاد بکات کە بە درێژایی ژیانیان لە ترسی مردن ملکەچی کۆیلایەتی بوون. بە ڕاستی ئەوە بۆ یارمەتیدانی فریشتە نییە، بەڵکو بۆ یارمەتیدانی نەوەی ئیبراهیمە. لەبەر ئەوە پێویست بوو لە هەموو ڕووێکەوە لە خوشکان و برایانی بچێت تاکو ببێتە سەرۆک کاهینێکی بە بەزەیی و دڵسۆز لە خزمەتکردنی خودا، هەروەها ببێتە کەفارەت لە پێناوی گوناهەکانی خەڵک. لەبەر ئەوەی خۆی ئازاری چێژتووە و تاقی کراوەتەوە، دەتوانێت یارمەتیی ئەوانەش بدات کە تاقی دەکرێنەوە.