لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 35:12-48

لۆقا 35:12-48 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

با پشتێنتان به‌ستراو و چراتان هه‌ڵكراو بێت، وه‌ک ئه‌وانه‌ بن كه‌ چاوه‌ڕێی گه‌وره‌كه‌یان ده‌كه‌ن تاكو له‌ شایی بگه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ هاته‌وه‌ و له‌ ده‌رگای دا، یه‌كسه‌ر لێی بكه‌نه‌وه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كۆیلانه‌ی كه‌ گه‌وره‌ دێته‌وه‌ ده‌بینێت بێدارن. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ناوقه‌دی خۆی ده‌به‌ستێت و دایانده‌نیشێنێت، دێت و ڕاژه‌یان ده‌كات. جا ئه‌گه‌ر له‌ به‌تڵی دووه‌م یان سێیه‌می شه‌ودا بێته‌وه‌ و ئاوا ببینێت، به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كۆیلانه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ش بزانن: ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵ بزانێت له‌ چ كاژێرێک دز دێته‌ سه‌ری ئه‌وا بێدار ده‌بێت و نایه‌ڵێت ماڵه‌كه‌ی ببڕدرێت. ئێوه‌ش ئاماده‌بن، چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌ كاتێكدا دێته‌وه‌ كه‌ بیری لێ ناكه‌نه‌وه‌”. په‌تڕۆس پێی وت: “په‌روه‌ردگار، ئه‌م په‌نده‌ به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێی یان به‌ هه‌مووانیش؟” په‌روه‌ردگار فه‌رمووی: “ئه‌و سه‌ركاره‌ دڵسۆز و دانایه‌ كێیه‌ كه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕاژه‌وانه‌كانی دایده‌نێت، تاكو له‌ كاتی خۆیدا به‌شه‌ خۆراكیان بداتێ؟ به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كۆیله‌یه‌، ئه‌وه‌ی كاتێ گه‌وره‌كه‌ی دێته‌وه‌ ده‌بینێت ئاوا ده‌كات! ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: به‌سه‌ر هه‌موو ماڵه‌كه‌یدا دایده‌نێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆیله‌ له‌ دڵی خۆیدا وتی: گه‌وره‌كه‌م دره‌نگ دێته‌وه‌، ئیتر ده‌ست بكات به‌ لێدانی كۆیله‌كان و كاره‌كه‌ران، هه‌روه‌ها بخوات و بخواته‌وه‌ و سه‌رخۆش بێت، ئه‌وسا گه‌وره‌ی ئه‌و كۆیله‌یه‌ له‌ ڕۆژێكدا دێته‌وه‌ كه‌ مه‌زه‌نده‌ی ناكات و له‌ كاژێرێک كه‌ نایزانێت، ئینجا پارچه‌ پارچه‌ی ده‌كات و به‌شی له‌گه‌ڵ ناپاكان ده‌بێت. ئه‌و كۆیله‌ش كه‌ خواستی گه‌وره‌كه‌ی ده‌زانێت، ئاماده‌ش نابێت و به‌ خواستی ئه‌و ناكات، زۆری لێ ده‌درێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی نازانێت و كرده‌وه‌كه‌ی شایانی لێدانه‌، ئه‌وا كه‌می لێ ده‌درێ. ئه‌وه‌ی زۆری دراوه‌تێ داوای زۆری لێ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش زۆری له‌لا دانراوه‌ داوای زیاتری لێ ده‌كرێت.

هاوبەشی بکە
لۆقا 12 بخوێنەوە

لۆقا 35:12-48 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«با پشتێنتان بەستراو و چراتان هەڵکراو بێت، وەک ئەوانە بن کە چاوەڕێی گەورەکەیان دەکەن تاکو لە شایی بگەڕێتەوە، کە هاتەوە و لە دەرگای دا، دەستبەجێ لێی بکەنەوە. خۆزگە بەو کۆیلانە دەخوازرێت کە گەورە دێتەوە دەبینێت ئێشکیان گرتووە. ڕاستیتان پێ دەڵێم، گەورەکە ناوقەدی خۆی دەبەستێت و کۆیلەکان دادەنیشێنێت، دێت و خزمەتیان دەکات. جا ئەگەر لە نیوەی شەودا یان نزیکی بەرەبەیان بێتەوە و ئەوان بەو شێوەیە ببینێت، خۆزگە بەو کۆیلانە دەخوازرێت. بەڵام ئەوەش بزانن: ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتژمێرێک دز دێتە سەری، نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت. ئێوەش ئامادەبن، چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە.» پەترۆس گوتی: «گەورەم، ئەم نموونەیە بە ئێمە دەڵێی یان بە هەمووان؟» مەسیح فەرمووی: «ئەو سەرکارە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورەکەی دەیکاتە چاودێری کۆیلەکانی تاکو لە کاتی خۆیدا بەشە خۆراکیان بداتێ؟ خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە، ئەوەی کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئاوا دەکات. ڕاستیتان پێ دەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت. بەڵام وای دابنێ کە ئەو کۆیلەیە لە دڵی خۆیدا دەڵێ: ”گەورەکەم دوادەکەوێت،“ ئیتر دەست دەکات بە لێدانی کۆیلە و کارەکەرەکانی دیکە، هەروەها دەخوات و دەخواتەوە و سەرخۆش دەبێت. ئیتر گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت، ئەوسا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ بێباوەڕان دەبێت. «ئەو کۆیلەیەش کە خواستی گەورەکەی دەزانێت، ئامادە نابێت و بە خواستی ئەو ناکات، زۆری لێ دەدرێت. بەڵام ئەوەی نازانێت و کردەوەکەی شایانی لێدانە، ئەوا کەمی لێ دەدرێ. ئەوەی زۆری دراوەتێ داوای زۆری لێ دەکرێت، ئەوەش زۆری لەلا دانراوە داوای زیاتری لێ دەکرێت.

هاوبەشی بکە
لۆقا 12 بخوێنەوە