لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 5:21-38

لۆقا 5:21-38 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

هه‌ندێک باسی په‌رستگایان ده‌كرد كه‌ به‌ به‌ردی جوان و ئه‌نتیكه‌ ڕازاندراوه‌ته‌وه‌. فه‌رمووی: “ئه‌مه‌ كه‌ ده‌یبینن، ڕۆژانێک دێت به‌ردی به‌سه‌ر به‌ردیه‌وه‌ نامێنێت كه‌ نه‌ڕوخێت”. ئینجا لێیان پرسی و وتیان: “ڕابی، كه‌ی ئه‌مانه‌ ده‌بێت و نیشانه‌ چییه‌ كاتێ ئه‌مانه‌ ڕووده‌ده‌ن؟” فه‌رمووی: “وریابن! هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن. چونكه‌ زۆر كه‌س به‌ ناوی منه‌وه‌ دێن و ده‌ڵێن: “من ئه‌وم! و كاته‌كه‌ نزیكبووه‌ته‌وه‌! دوایان مه‌كه‌ون. كاتێ جه‌نگ و ئاژاوه‌ ده‌بیستن مه‌تۆقن، چونكه‌ ده‌بێ یه‌كه‌مجار ئه‌م شتانه‌ ببێت، به‌ڵام پایان خێرا نایه‌ت”. ئینجا پێی فه‌رموون: “نه‌ته‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ ڕاست ده‌بێته‌وه‌ و پاشایه‌تی له‌ پاشایه‌تی. له‌ زۆر شوێن بوومه‌له‌رزه‌ی مه‌زن و برسیێتی و ده‌رد ده‌بێت، ترس و نیشانه‌ی مه‌زنیش له‌ ئاسماندا ده‌بێت. پێش هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌ست به‌سه‌رتاندا ده‌گرن و قاوتان ده‌ده‌ن، ڕاده‌ستی كه‌نیشت و زیندانیه‌كان ده‌كرێن، له‌ پێناوی ناوی من ده‌بردرێنه‌ به‌رده‌م پاشا و فه‌رمانڕه‌واكان. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ گه‌واهیه‌ک بۆتان. بۆیه‌ له‌ دڵی خۆتان دایبنێن كه‌ پێشوه‌خت خۆتان ئاماده‌ نه‌كه‌ن بۆ به‌رگریكردن، چونكه‌ من ده‌م و داناییه‌كتان ده‌ده‌مێ كه‌ هه‌موو به‌رهه‌ڵسكارانتان نه‌توانن به‌رگری بكه‌ن و به‌رپه‌رچی بده‌نه‌وه‌. دایک و باوک و برا، خزم و هاوڕێیانیش به‌ گرتنتان ده‌ده‌ن و لێتان ده‌كوژن. له‌پێناوی ناوی من هه‌مووان ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌. به‌ڵام موویه‌كی سه‌رتان نافه‌وتێت. به‌ خۆڕاگرتنتان خۆتان ده‌به‌نه‌وه‌. كاتێ ده‌بینن به‌ سوپا ده‌وری یروشلایم دراوه‌، ئه‌وسا بزانن ڕووخانی نزیک بۆته‌وه‌. ئه‌و كاته‌ با ئه‌وانه‌ی له‌ ئیهوود دان‌ هه‌ڵبێن بۆ چیاكان و ئه‌وانه‌ی له‌نێویدان ده‌ربچن، ئه‌وانه‌ی له‌ دێیه‌كاندان نه‌یه‌نه‌ نێوی، چونكه‌ ئه‌مانه‌ ڕۆژانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ن، تاكو هه‌رچی نووسراوه‌ بێته‌ دی. له‌و ڕۆژانه‌دا وه‌ی به‌حاڵ دووگیان و شیرده‌ران! چونكه‌ ناخۆشییه‌كی گه‌وره‌ به‌سه‌ر زه‌ویدا دێت و تووڕه‌ییش به‌سه‌ر ئه‌م گه‌له‌. به‌ زه‌بری شمشێر ده‌كه‌ون و بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ڕاپێچ ده‌كرێن، یروشلایم له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌كانه‌وه‌ پێشێل ده‌كرێت، تاكو كاته‌كانی نه‌ته‌وه‌كان ته‌واو ده‌بێت. له‌ خۆر و مانگ و ئه‌ستێره‌كان په‌رجو ده‌بێت، له‌سه‌ر زه‌ویش كۆستێكی سه‌رگه‌ردانی گه‌لان، ده‌ریا و شه‌پۆڵه‌كان هاژه‌یان دێت. له‌ ترس و چاوه‌ڕوانی ئه‌و شتانه‌ی به‌سه‌ر جیهاندا دێن، خه‌ڵكی بێ هۆش ده‌بن، چونكه‌ هێزه‌كانی ئاسمان ده‌هه‌ژێن. ئه‌وسا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ به‌ هێز و شكۆیه‌كی گه‌وره‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌وره‌وه‌ ده‌بینن دێت. كه‌ ئه‌م شتانه‌ ده‌ستپێده‌كات، هه‌ستن و سه‌ر به‌رز بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ڕزگاربوونتان نزیک ده‌بێته‌وه‌”. په‌ندێكی بۆ هێنانه‌وه‌: “بڕواننه‌ دارهه‌نجیر و هه‌موو داره‌كان. كاتێ ده‌بینن وا گه‌ڵای كردووه‌، له‌ خۆتانه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ هاوین نزیكه‌. ئێوه‌ش كه‌ ده‌بینن ئه‌مانه‌ ڕووده‌دات، بزانن پاشایه‌تی خودا نزیكه‌. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر ناچێت، تاكو هه‌مووی ده‌بێت. ئاسمان و زه‌وی له‌ناوده‌چن، به‌ڵام وشه‌كانم له‌ناوناچن. ئاگاداری خۆتان بن، نه‌وه‌ک دڵتان له‌سه‌ر ڕابواردن و سه‌رخۆشی و خه‌فه‌تی ژیان بێت و ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ناكاو به‌سه‌رتاندا بدات. چونكه‌ وه‌ک ته‌ڵه‌ دێته‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ته‌واوی ڕووی زه‌وی دانیشتوون. كه‌واته‌ هه‌موو كاتێ بێداربن و نزا بكه‌ن، تاكو بتوانن له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی خه‌ریكه‌ ڕووده‌دات ڕزگارتان بێت و له‌به‌رده‌م ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاوه‌ستن”. به‌ ڕۆژ له‌ په‌رستگادا ئامۆژگاریی ده‌كرد، شه‌وانیش ده‌رده‌چوو له‌و ده‌شتوده‌ره‌ ده‌مایه‌وه‌ كه‌ پێی ده‌ووترا كێوی زه‌یتوون. هه‌موو خه‌ڵک زوو له‌ په‌رستگا ده‌هاتنه‌ لای، تاكو گوێی لێ بگرن.

هاوبەشی بکە
لۆقا 21 بخوێنەوە

لۆقا 5:21-38 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هەندێک لە قوتابییەکانی عیسا باسی پەرستگایان دەکرد کە بە بەردی جوان و دیارییە تەرخانکراوەکان بۆ خودا ڕازێنراوەتەوە. بەڵام عیسا پێی فەرموون: «ئەمەی دەیبینن، ڕۆژانێک دێت بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت و هەمووی دەڕووخێت.» ئینجا لێیان پرسی: «مامۆستا، کەی ئەمانە ڕوودەدەن؟ هەروەها ئەو نیشانەیە چییە کە ئاماژە بە نزیکبوونەوەی ڕوودانی ئامانە دەکات؟» فەرمووی: «وریابن هەڵنەخەڵەتێن، چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن: ”من ئەوم،“ و ”کاتەکە نزیک بووەتەوە.“ دوایان مەکەون. کاتێک گوێتان لە باسوخواسی جەنگ و شۆڕش دەبێت، مەتۆقن، چونکە جارێ دەبێ ئەم شتانە ببێت، بەڵام کۆتایی یەکسەر دوای ئەمە نایەت.» ئینجا پێی فەرموون: «نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین. لە زۆر شوێن بوومەلەرزەی گەورە و قاتوقڕی و دەرد دەبێت، ترس و نیشانەی گەورەش لە ئاسماندا دەبێت. «بەڵام پێش هەموو ئەمانە دەتانگرن و دەتانچەوسێننەوە، ڕادەستی کەنیشت و بەندیخانەکان دەکرێن، لە پێناوی ناوی من دەبردرێنە بەردەم پاشا و فەرمانڕەوایان. بەو شێوەیە شایەتیم بۆ دەدەن. ئەوەتان لە بیر بێت کە پێشوەخت نیگەرانی ئەوە مەبن کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن، چونکە من دەم و داناییەکتان دەدەمێ کە هەموو بەرهەڵستکارانتان نەتوانن بەرگری بکەن و بەرپەرچی بدەنەوە. تەنانەت دایک و باوک و برا، خزم و هاوڕێیانیش بە گرتنتان دەدەن، لێتان دەکوژن. لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە. بەڵام مووێکی سەرتان نافەوتێت. بە دانبەخۆداگرتن ژیانتان دەبەنەوە. «کاتێک دەبینن بە سوپا دەوری ئۆرشەلیم دراوە، ئەوسا بزانن ڕووخانی نزیک بووەتەوە. ئینجا ئەوانەی لە هەرێمی یەهودیا نیشتەجێن با هەڵبێن بۆ چیاکان و ئەوانەی لەناو شارەکەدان بچنە دەرەوە، هەروەها دانیشتووانی گوندەکان نەچنە ناو شار، چونکە ئەمانە ڕۆژانی تۆڵەسەندنەوەن، تاکو هەرچی نووسراوە بێتە دی. لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەر، چونکە ناخۆشییەکی گەورە بەسەر زەویدا دێت و تووڕەییش بەسەر ئەم گەلە. بە شمشێر دەکوژرێن و بۆ نێو هەموو نەتەوەکان ڕاپێچ دەکرێن. ئۆرشەلیم لەلایەن ناجولەکەکانەوە پێشێل دەکرێت، هەتا ڕۆژگاری ناجولەکەکان تەواو دەبێت. «لە خۆر و مانگ و ئەستێرەکان نیشانە دەردەکەون، لەسەر زەویش سەرسامی گەلان، شێوانی هاژەی دەریا و شەپۆل. لە ترس و چاوەڕوانی ئەو شتانەی بەسەر جیهاندا دێن، خەڵکی بێ هۆش دەبن، چونکە خۆر و مانگ و ئەستێرەکانی ئاسمان دەهەژێن. ئەوسا کوڕی مرۆڤ دەبینن کە بە هێز و شکۆیەکی گەورەوە لەناو هەورەوە دێت. کاتێک ڕوودانی ئەم شتانە دەستی پێکرد، هەستن و سەر بەرز بکەنەوە، چونکە ڕزگاریتان نزیک دەبێتەوە.» ئینجا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «سەیری دار هەنجیر و هەموو دارەکان بکەن. کاتێک دەبینن ئەوا گەڵای کردووە، خۆتان دەزانن کە هاوین نزیکە. بە هەمان شێوە، کاتێک ئێوەش دەبینن ئەم شتانە ڕوودەدات، بزانن کە پاشایەتی خودا نزیکە. «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.» «ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک دڵتان لەسەر ڕابواردن و سەرخۆشی و خەم و خەفەتی ژیان بێت و ئەو ڕۆژە لەناکاو وەک تەڵە بەسەرتاندا بدات، چونکە دێتە سەر هەموو ئەوانەی لەسەر تەواوی ڕووی زەوی دانیشتوون. کەواتە ئێشک بگرن و هەموو کاتێک نوێژ بکەن، تاکو بتوانن لە هەموو ئەو ڕووداوانە دەرباز بن کە تووشتان دەبن و لەبەردەم کوڕی مرۆڤ ڕاوەستن.» عیسا بە ڕۆژ لە پەرستگا خەریکی فێرکردن دەبوو، شەوانیشی لەو کێوە بەسەردەبرد کە پێی دەگوترا زەیتوون. هەموو خەڵک لە بەرەبەیان دەهاتنە پەرستگا بۆ ئەوەی گوێی لێ بگرن.

هاوبەشی بکە
لۆقا 21 بخوێنەوە