لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 1:12-21

مەتا 1:12-21 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌و كاته‌، له‌ شه‌ممه‌دا ئیشۆع به‌نێو ده‌غڵاندا تێده‌په‌ڕی، قوتابییه‌كانی برسییان بوو، ده‌ستیانكرد به‌ گوڵه‌گه‌نم پڕواندن و خواردنی. كه‌ په‌ڕیشییه‌كان بینییان، پێیان وت: “ئه‌وه‌تا، قوتابییه‌كانت ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دروست نییه‌ له‌ شه‌ممه‌دا بكرێت!”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئه‌ی نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ داوید چی كرد، كاتێ خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون برسییان بوو؟ چۆن چووه‌ نێو ماڵی خودا و نانی قوربانیی خوارد، كه‌ بۆ خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون دروست نه‌بوو بیخۆن، ته‌نها بۆ كاهینان نه‌بێ؟ یان له‌ ته‌وراتدا نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ كه‌ كاهینان، شه‌ممان له‌ په‌رستگادا، شه‌ممه‌ گڵاو ده‌كه‌ن و بێتاوانیشن؟ به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم، مه‌زنتر له‌ په‌رستگا لێره‌یه‌! ئه‌گه‌ر واتای ئه‌وه‌تان بزانایه‌: من میهره‌بانیم ده‌وێ نه‌ک قوربانی، ئه‌وا بێتاوانانتان تاوانبار نه‌ده‌كرد! چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ، په‌روه‌ردگاری ڕۆژی شه‌ممه‌یه‌”. له‌وێ ڕۆیشت و هاته‌ كه‌نیشته‌كه‌یان، ئه‌وه‌بوو پیاوێک ده‌ستێكی وشكبوو، لێیان پرسی: “ئایا له‌ شه‌مماندا چاككردنه‌وه‌ دروسته‌؟” تاكو سكاڵای لێبكه‌ن. پێی فه‌رموون: “كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر كاوڕێكی هه‌بێت و له‌ شه‌ممه‌دا بكه‌وێته‌ چاڵێک، ئایا نایگرێت و ده‌ریبهێنێت؟ مرۆڤ چه‌ند له‌ كاوڕ نرخدارتره‌! كه‌واته‌ له‌ شه‌مماندا چاكه‌كردن دروسته‌!” ئینجا به‌ پیاوه‌كه‌ی فه‌رموو: “ده‌ستت درێژ بكه‌”. ئه‌ویش درێژی كرد و چاكبووه‌وه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی دیكه‌. په‌ڕیشییه‌كانیش كه‌ ده‌رچوون، ڕاوێژیان كرد چۆن له‌ناوی ببه‌ن. ئیشۆعیش به‌مه‌ی زانی و له‌وێ ڕۆیشت. جا كۆمه‌ڵانێكی زۆر دوای كه‌وتن، ئه‌ویش هه‌موویانی چاككرده‌وه‌ و ڕایسپاردن كه‌ ئاشكرای نه‌كه‌ن، تا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر‌ ئێشه‌عیا وترابوو بێته‌ دی كه‌ ده‌ڵێت: {ئه‌وه‌تا ڕۆڵه‌كه‌م كه‌ هه‌ڵمبژاردووه‌، خۆشه‌ویستم كه‌ پێی دڵشادم، ڕووحی خۆمی ده‌خه‌مه‌ سه‌ر، جا هه‌واڵی ڕه‌وا به‌ نه‌ته‌وه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت. شه‌ڕ ناكات و هاوار ناكات، كه‌سیش له‌ شه‌قامه‌كاندا ده‌نگی نابیستێت. قامیشێكی كوتراو ناشكێنێت، پڵیته‌یه‌كی دووكه‌ڵكرده‌ ناكوژێنێته‌وه‌، تاكو ڕه‌وا به‌ سه‌ركه‌وتن ده‌گه‌یێنێت. نه‌ته‌وه‌كان هیوایان به‌ ناوی ئه‌و ده‌بێت} .

هاوبەشی بکە
مەتا 12 بخوێنەوە

مەتا 1:12-21 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لەو کاتەدا، لە ڕۆژێکی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی برسییان بوو، دەستیان کرد بە گوڵەگەنم پرواندن و خواردنی. کە فەریسییەکان بینییان، پێیان گوت: «بڕوانە، ئەوەی قوتابییەکانت دەیکەن دروست نییە لە شەممەدا بکرێت.» ئەویش پێی فەرموون: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟ چۆن چووە ناو ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی خوارد، کە بۆ ئەو و ئەوانەی لەگەڵی بوون دروست نەبوو بیخۆن، تەنها بۆ کاهینان نەبێ؟ یان لە تەوراتدا نەتانخوێندووەتەوە کە هەرچەندە کاهینان بەهۆی ئەرکیان لە پەرستگا لە ڕۆژانی شەممەدا ڕاسپاردەی ڕۆژی شەممە دەشکێنن بەڵام بە بێتاوان دادەنرێن؟ پێتان دەڵێم، کەسێک لێرەیە کە لە پەرستگا مەزنترە. بەڵام ئەگەر لە واتای ئەمە تێبگەیشتنایە: ﴿من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی،﴾ ئەوا بێتاوانتان تاوانبار نەدەکرد، چونکە کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.» ئینجا عیسا لەوێ ڕۆیشت و چووە کەنیشتەکەیان، لەوێ پیاوێکی لێبوو دەستێکی وشک ببوو. بۆ ئەوەی فەریسییەکان بتوانن سکاڵای لێ بکەن، لێیان پرسی: «ئایا لە ڕۆژی شەممەدا چاککردنەوەی نەخۆش دروستە؟» پێی فەرموون: «کێ لە ئێوە ئەگەر مەڕێکی هەبێت و لە ڕۆژی شەممەدا بکەوێتە ناو چاڵێکەوە، نایگرێت و دەریناهێنێت؟ مرۆڤ چەند لە مەڕ بەنرخترە! کەواتە لە شەممەدا چاکەکردن دروستە.» ئینجا بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش درێژی کرد و چاک بووەوە، وەکو ئەوەی دیکە. بەڵام فەریسییەکان کە هاتنە دەرەوە، تەگبیریان کرد چۆن بیکوژن. عیساش کە بەمەی زانی لەوێ ڕۆیشت و خەڵکێکی زۆر دوای کەوتن، ئەویش هەموو نەخۆشەکانی چاککردەوە. ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن، تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی کە دەڵێت: ﴿ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی هەڵمبژاردووە، ئەو خۆشەویستەم کە پێی دڵشادم، ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر، جاڕی دادپەروەری بۆ نەتەوەکان دەدات. شەڕ ناکات و هاوار ناکات، کەسیش لە شەقامدا دەنگی نابیستێت. قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت، پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە، هەتا دادپەروەری بە سەرکەوتن دەگەیەنێت. نەتەوەکان هیوایان بە ناوی ئەو دەبێت.﴾

هاوبەشی بکە
مەتا 12 بخوێنەوە