لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 38:12-50

مەتا 38:12-50 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئینجا هه‌ندێک ته‌وراتزان و په‌ڕیشی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “ڕابی، ده‌مانه‌وێ په‌رجوێكت لێ ببینین”. وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رمون: “نه‌وه‌یه‌كی به‌دكار و به‌دڕه‌وشت داوای په‌رجو ده‌كات، په‌رجوی نادرێتێ، جگه‌ له‌ په‌رجوی یۆنه‌نی پێغه‌مبه‌ر. جا چۆن یۆنه‌ن سێ ڕۆژ و سێ شه‌و له‌نێو سكی نه‌هه‌نگه‌كه‌دا بوو، ئاواش ڕۆڵه‌ی مرۆڤ سێ ڕۆژ و سێ شه‌و له‌ ناخی زه‌ویدا ده‌مێنێته‌وه‌. له‌ حوكمداندا خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا، له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ڕاده‌وه‌ستن و تاوانباری ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی یۆنه‌ن تۆبه‌یان كرد. ئه‌وه‌تا له‌ یۆنه‌ن مه‌زنتر لێره‌یه‌! له‌ حوكمداندا شاژنی باشوور له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ڕاده‌وه‌ستێت و تاوانباری ده‌كات، چونكه‌ له‌وپه‌ڕی زه‌وییه‌وه‌ هات بۆ گوێگرتن له‌ دانایی شلیمون. ئه‌وه‌تا له‌ شلیمون مه‌زنتر لێره‌یه‌! كاتێ ڕووحی گڵاو له‌ مرۆڤ ده‌رده‌چێت، له‌ بیاباندا به‌دوای حه‌وانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێت به‌ڵام نایدۆزێته‌وه‌. ئینجا ده‌ڵێت: ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆم كه‌ لێی ده‌رچووم. كاتێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌بینێت چۆڵه‌ و گسكدراوه‌ و ڕێكخراوه‌. ئه‌وسا ده‌چێت و حه‌وت ڕووحی له‌ خۆی به‌دتر له‌‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێت و ده‌چن و له‌وێدا نیشته‌جێ ده‌بن. ئینجا پایانی ئه‌و مرۆڤه‌ له‌ جاران خراپتر ده‌بێت! بۆ ئه‌م نه‌وه‌ به‌دكاره‌ش، ئاوا ده‌بێت”. له‌ كاتێک كه‌‌ قسه‌ی بۆ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ ده‌كرد، دایک و برایانی له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون، داوایان ده‌كرد له‌گه‌ڵی بدوێن. یه‌كێک پێی وت: “ئه‌وه‌ دایكت و براكانته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستاون، ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵت بدوێن”. ئه‌ویش وه‌ڵامی قسه‌كه‌ری دایه‌وه‌ و فه‌رموو: “دایكم كێیه‌ و براكانم كێن؟” ئینجا ده‌ستی بۆ قوتابییه‌كانی ڕاكێشا و فه‌رمووی: “ئه‌وه‌تا دایک و براكانم، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ خواستی باوكم بكات كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌، ئه‌وا برا وخوشک و دایكمه‌”.

هاوبەشی بکە
مەتا 12 بخوێنەوە

مەتا 38:12-50 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئینجا هەندێک مامۆستای تەورات و فەریسی وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «مامۆستا، دەمانەوێ نیشانەیەکت لێ ببینین.» کەچی وەڵامی دانەوە: «نەوەیەکی بەدکار و داوێنپیس داوای نیشانە دەکات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونسی پێغەمبەر. هەروەک چۆن یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سکی ماسییەکی گەورەدا بوو، ئاواش کوڕی مرۆڤ سێ شەو و سێ ڕۆژ لە ناخی زەویدا دەمێنێتەوە. خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن، چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند. ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە. شاژنی باشوور لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان. ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە. «کاتێک ڕۆحی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت و دەستی ناکەوێت. ئینجا دەڵێت: ”دەگەڕێمەوە بۆ ئەو ماڵەی کە بەجێمهێشت.“ کاتێک دەگەڕێتەوە دەبینێت چۆڵە و گسکدراوە و ڕێکخراوە. ئەوسا دەچێت و حەوت ڕۆحی پیسی دیکە لە خۆی خراپتر لەگەڵ خۆی دەهێنێت، دەچنەوە نێو مرۆڤەکە و لەناویدا دەژین. ئینجا کۆتایی ئەو مرۆڤە لە جاران خراپتر دەبێت. بۆ ئەم نەوە بەدکارەش، ئاوا دەبێت.» لە کاتێکدا کە عیسا قسەی بۆ خەڵکەکە دەکرد، دایک و براکانی لە دەرەوە ڕاوەستابوون، داوایان دەکرد لەگەڵی بدوێن. کەسێک هات و پێی گوت: «وا دایک و براکانت لە دەرەوە ڕاوەستاون، دەیانەوێ لەگەڵت بدوێن.» ئەویش وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «دایکم کێیە و براکانم کێن؟» ئینجا دەستی بۆ قوتابییەکانی ڕاکێشا و فەرمووی: «ئەوەتا دایک و براکانم، چونکە ئەوەی خواستی باوکم ئەنجام بدات کە لە ئاسمانە، خوشک و برا و دایکمە.»

هاوبەشی بکە
مەتا 12 بخوێنەوە