مەتا 1:13-52
مەتا 1:13-52 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
هه‌ر له‌و ڕۆژدا ئیشۆع له ماڵ ده‌رچوو و له كه‌ناری ده‌ریاكه دانیشت. كۆمه‌ڵانێكی زۆر لێی كۆبووه‌وه، وابوو چووه نێو كه‌شتیێک دانیشت، كۆمه‌ڵانه‌كه‌ش هه‌موو له كه‌ناره‌كه ڕاوه‌ستان. به په‌ند باسی زۆر شتی بۆ كردن و فه‌رمووی: “تۆوده‌ر چوو تۆ‌و بكات. كه تۆوی ده‌كرد، هه‌ندێكی كه‌وته سه‌ر ڕێگا، باڵنده هاتن و خواردیانن. هه‌ندێكیش كه‌وته سه‌ر زه‌وییه‌كی به‌رده‌ڵان كه گڵی زۆر نه‌بوو، خێرا سه‌ری ده‌ركرد، قووڵیی گڵیشی نه‌بوو. به‌ڵام كه خۆر هه‌ڵهات سووتا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌گی نه‌بوو، وشک بوو. هه‌ندێكیشیان كه‌وته نێو دڕكان، دڕكه‌كان گه‌وره بوون و خنكاندیانن. به‌ڵام هه‌ندێكیان كه‌وته سه‌ر زه‌وییه‌كی باش و به‌رهه‌میان دا، هه‌ندێک سه‌د و هه‌ندێک شه‌ست و هه‌ندێكیش سی. ئه‌وه‌ی دوو گوێی هه‌یه بۆ بیستن، با ببیستێت!” قوتابییه‌كان هاتنه پێشه‌وه و پێیان وت: “بۆچی به په‌ند فه‌رمووده‌یان بۆ ده‌كه‌یت؟” وه‌ڵامی دانه‌وه و فه‌رمووی: “چونكه به ئێوه دراوه نهێنیه‌كانی پاشایه‌تیی ئاسمانان بزانن، به‌ڵام به‌وان نه‌دراوه. وه ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی، پێی ده‌درێت و بۆی زیاد ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نییه‌تی، ئه‌وه‌ش كه هه‌یه‌تی لێی ده‌سه‌نرێته‌وه. بۆیه به په‌ند قسه‌یان بۆ ده‌كه‌م چونكه سه‌یر ده‌كه‌ن، به‌ڵام نابینن، گوێ ده‌گرن، به‌ڵام نابیستن و تێناگه‌ن. پێشبینییه‌كه‌ی ئێشه‌عیا له‌واندا هاته دی، كه ده‌فه‌رمووێ: {بیستن ده‌بیستن، به‌ڵام تێناگه‌ن، سه‌یركردن سه‌یر ده‌كه‌ن، به‌ڵام نابینن، چونكه دڵی ئه‌م گه‌له ڕه‌ق بووه، گوێیان گران بووه، چاویان نوقاندووه، نه‌وه‌ک به چاویان ببینن وبه گوێیان ببیستن، به دڵیان تێبگه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه، منیش چاكیان بكه‌مه‌وه} . به‌ڵام ئێوه، به‌خته‌وه‌ری بۆ چاوتان، چونكه ده‌بینێت، به گوێتان، چونكه ده‌بیستێت. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: زۆر پێغه‌مبه‌ر و خوداناس به ئاواته‌وه بوون ئه‌وه‌ی ئێوه ده‌یبینن بیبینن و نه‌یانبینی، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ش ده‌یبیستن، بیبیستن، به‌ڵام نه‌یانبیست. كه‌واته گوێ له په‌ندی تۆوده‌ره‌كه بگرن: هه‌ر كه‌سێک وشه‌ی پاشایه‌تی ببیستێت و تێینه‌گات، به‌دكار دێت و ئه‌وه‌ی له دڵیدا تۆوكراوه ده‌یڕفێنێت. ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر ڕێگاكه تۆوكرا. ئه‌وه‌ی له زه‌وییه به‌رده‌ڵانه‌كه تۆوكرا، ئه‌وه‌یه كه وشه‌كه ده‌بیستێ و یه‌كسه‌ر به خۆشییه‌وه په‌سه‌ندی ده‌كات، به‌ڵام له خۆیدا بێ ڕه‌گه و كاتییه، كاتێ له پێناوی وشه‌كه ته‌نگانه و چه‌وسانه‌وه ڕووده‌دات، یه‌كسه‌ر ته‌گه‌ره ده‌كات. ئه‌وه‌ی له‌نێو دڕكاندا تۆوكرا، ئه‌وه‌یه كه گوێ له وشه‌كه ده‌گرێت، به‌ڵام خه‌می جیهان و فریوی سامان، وشه‌كه ده‌خنكێنن و بێ به‌رهه‌م ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وییه چاكه‌كه تۆوكرا، ئه‌وه‌یه كه وشه‌كه ده‌بیستێت و تێده‌گات، ئه‌وه‌یه كه به‌رهه‌م ده‌دات، سه‌د و شه‌ست و سی”. په‌ندێكی دیكه‌ی بۆ هێنانه‌وه فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی ئاسمانان له مرۆڤێک ده‌چێت، تۆوی چاک له كێڵگه‌كه‌ی بچێنێت. به‌ڵام كاتێ خه‌ڵک نووستبوون، دوژمنه‌كه‌ی هات و له‌نێو گه‌نمه‌كه‌دا زیوانی چاند و ڕۆیشت. كاتێ ڕوه‌كه‌كه ڕوا و به‌ری گرت، زیوانه‌كه‌ش ده‌ركه‌وت. كۆیله‌ی خاوه‌ن ماڵ هاتن و پێیان وت: گه‌وره‌م، ئایا له كێڵگه‌كه‌تدا تۆوی چاكت تۆ‌و نه‌كرد؟ ئیتر ئه‌م زیوانه له‌كوێوه هات؟ ئه‌ویش پێی وتن: دوژمن ئه‌مه‌ی كردووه. كۆیله‌كانیش پێیان وت: ده‌ته‌وێ بچین كۆیان بكه‌ینه‌وه؟ وتی: نه‌خێر! نه‌وه‌ک له‌گه‌ڵ كۆكردنه‌وه‌ی زیوان، گه‌نمیش هه‌ڵبكێشن. تاكو كاتی دروێنه لێگه‌ڕێن با به‌یه‌كه‌وه پێبگه‌ن، جا له كاتی دروێنه‌دا به سه‌پانه‌كان ده‌ڵێم، یه‌كه‌مجار زیوانه‌كه كۆبكه‌نه‌وه و به‌كۆمه‌ڵ بیانبه‌ستنه‌وه تاكو بسووتێندرێن، به‌ڵام گه‌نمه‌كه له عه‌مباره‌كه‌م كۆبكه‌نه‌وه”. په‌ندێكی دیكه‌ی بۆ هێنانه‌وه و فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی ئاسمانان وه‌ک ده‌نكه خه‌رته‌له وایه، كه یه‌كێک بیبات و له كێڵگه‌كه‌یدا بیچێنێ، كه بچووكترین تۆوه، به‌ڵام كاتێ گه‌شه ده‌كات، گه‌وره‌ترین ڕووه‌كه و ده‌بێته دره‌خت، ته‌نانه‌ت باڵنده‌ی ئاسمانیش دێن و له‌سه‌ر لقه‌كانیدا هێلانه ده‌كه‌ن”. په‌ندێكی دیكه‌ی بۆ فه‌رموون: “پاشایه‌تیی ئاسمانان له هه‌وێنێک ده‌چێت، ژنێک بردی و خستییه نێو سێ پێوانه ئارده‌وه، تاكو هه‌مووی هه‌ڵهات”. ئیشۆع هه‌موو ئه‌مانه‌ی به په‌ند بۆ كۆمه‌ڵه‌كه فه‌رموو، به‌بێ په‌ند فه‌رمووده‌ی بۆ نه‌ده‌كردن، تا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌رێک وتراوه بێته دی، كه ده‌فه‌رمووێ: “ {به په‌ند زارم ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌وه‌ی له دامه‌زراندنی جیهانه‌وه شاراوه‌یه ده‌ریده‌بڕم} ”. ئینجا كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی به‌ڕێكرد و هات بۆ ماڵ. قوتابییه‌كانی لێ هاتنه پێش و وتیان: “په‌ندی زیوانی نێو كێڵگه‌كه‌مان بۆ ڕاڤه بكه”. وه‌ڵامی دایه‌وه و پێی فه‌رموون: “تۆوده‌ری تۆوه چاكه‌كه، ڕۆڵه‌ی مرۆڤه. كێڵگه‌كه‌ش جیهانه، تۆوه چاكه‌كه‌ش ڕۆڵه‌كانی پاشایه‌تین، زیوانه‌كه‌ش ڕۆڵه‌كانی به‌دكاره‌كه‌ن، دوژمنه‌كه‌ش كه تۆوی كردن ئیبلیسه، دروێنه‌كه‌ش پایانی جیهانه، سه‌پانه‌كانیش فریشته‌كانن. وه‌ک زیوانه‌كه كۆ ده‌كرێته‌وه و به ئاگر ده‌سووتێندرێ، له پایانی جیهانیشدا وا ده‌بێت. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ فریشته‌كانی ده‌نێرێت، هه‌موو كۆسپه‌كان و به‌دكاران له پاشایه‌تیییه‌كه‌ی كۆده‌كه‌نه‌وه و فڕێیان ده‌ده‌نه نێو كووره‌ی ئاگره‌وه، جا له‌وێ ده‌بێته گریان و جیڕه‌ی ددان. ئه‌وسا خوداناسان له پاشایه‌تیی باوكیاندا وه‌ک خۆر ده‌دره‌وشێنه‌وه. ئه‌وه‌ی دوو گوێی هه‌یه بۆ بیستن، با ببیستێت! پاشایه‌تیی ئاسمانان له گه‌نجینه‌یه‌ک ده‌چێت له كێڵگه‌یه‌كدا شاردرابێته‌وه. یه‌كێک دۆزییه‌وه و شاردییه‌وه، له خۆشیان ده‌ڕوات و چیی هه‌یه ده‌یفرۆشێت و ئه‌و كێڵگه‌یه‌ی پێ ده‌كڕێت. هه‌روه‌ها پاشایه‌تیی ئاسمانان له بازرگانێک ده‌چێت به شوێن مرواریی نایابدا ده‌گه‌ڕا. كاتێ مروارییه‌كی گرانبه‌های بینی، چوو هه‌رچی هه‌یبوو فرۆشتی و مروارییه‌كه‌ی كڕی. هه‌روه‌ها پاشایه‌تیی ئاسمانان له تۆڕێک ده‌چێت فڕێ درابێته ده‌ریاوه، له هه‌موو جۆرێک كۆده‌كاته‌وه. كاتێ پڕبوو، ڕایانكێشایه كه‌نار، دانیشتن باشه‌كانیان له سه‌به‌ته‌دا كۆكرده‌وه و خراپه‌كانیشیان فڕێ دا ده‌ره‌وه. پایانی جیهانیش ئاوا ده‌بێت: فریشته‌كان ده‌رده‌چن و به‌دكاران له خوداناساندا جیا ده‌كه‌نه‌وه و فڕێیانده‌ده‌نه نێو كووره‌ی ئاگره‌وه. جا له‌وێ ده‌بێته گریان و جیڕه‌ی ددان”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئایا هه‌موو ئه‌مانه تێگه‌یشتن؟” وتیان: “به‌ڵێ گه‌وره‌م”. جا پێی فه‌رموون: “بۆیه هه‌ر ته‌وراتزانێكی ڕاهێنراو له پاشایه‌تیی ئاسمانان، له خاوه‌ن ماڵێک ده‌چێ له گه‌نجینه‌كه‌یدا نوێ و كۆن ده‌ربهێنێت”.
مەتا 1:13-52 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
هەر لەو ڕۆژەدا عیسا لە ماڵ هاتە دەرەوە و لە کەناری دەریاچەی جەلیل دانیشت. خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبووەوە، هەتا وای لێهات چووە ناو بەلەمێک دانیشت، هەموو خەڵکەکەش لە کەنارەکە ڕاوەستان. بە نموونە باسی زۆر شتی بۆ کردن و فەرمووی: «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆ‌و بکات. کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن. هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو. بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان و وشک بوون، چونکە ڕەگیان نەبوو. هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن. بەڵام هەندێکی دیکەیان کەوتنە سەر زەوییەکی باش و بەرهەمیان دا، هەندێک یەک بە سەد و هەندێک یەک بە شەست و هەندێکیش یەک بە سی. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!» قوتابییەکان هاتن و لێیان پرسی: «بۆچی بە نموونە قسەیان بۆ دەکەیت؟» وەڵامی دانەوە: «لەبەر ئەوەی بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی ئاسمان بزانن، بەڵام بەوان نەدراوە، چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. لەبەر ئەوە بە نموونە قسەیان بۆ دەکەم: «چونکە سەیر دەکەن، بەڵام نابینن، گوێ دەگرن، بەڵام نابیستن و تێناگەن. پێشبینییەکەی ئیشایا لەواندا هاتە دی، کە دەفەرموێ: ﴿ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن، ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن، چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و گوێیان قورس بووە، چاویان نوقاندووە، نەوەک بە چاویان ببینن و بە گوێیان ببیستن، بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە، منیش چاکیان بکەمەوە.﴾ بەڵام ئێوە، خۆزگە دەخوازرێت بە چاوتان، چونکە دەبینن، بە گوێتان، چونکە دەبیستن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: زۆر پێغەمبەر و پیاوچاک بە ئاواتەوە بوون ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست. «کەواتە گوێ لە واتای نموونەی جوتیارەکە بگرن: هەرکەسێک پەیامی شانشین ببیستێت و تێینەگات، شەیتان دێت و ئەوەی لە دڵیدا تۆوکراوە دەیڕفێنێت. ئەمانە ئەو تۆوانەن کە کەوتنە سەر ڕێگاکە. ئەوانەی کەوتنە سەر بەردەڵانەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و دەستبەجێ بە خۆشییەوە وەریدەگرن. بەڵام لەبەر ئەوەی کە ڕەگیان نییە و کاتین، کاتێک لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون. ئەوانەش کە کەوتنە نێو دڕکەکان، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن، بەڵام خەمی ژیان و فریوخواردنی دەوڵەمەندی پەیامەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن. بەڵام ئەوانەی کەوتنە سەر زەوییە باشەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و لێی تێدەگەن و بەرهەم دەدەن، یەک بە سەد و یەک بە شەست و یەک بە سی.» نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە و فەرمووی: «شانشینی ئاسمان لە مرۆڤێک دەچێت، تۆوی چاک لە کێڵگەکەی بچێنێت. بەڵام کاتێک خەڵک لە خەودا بوون، دوژمنەکەی هات و لەناو گەنمەکەدا زیزانی چاند و ڕۆیشت. کاتێک گەنمەکە ڕوا و گوڵی دەرکرد، زیزانەکەش دەرکەوت. «کۆیلەی خاوەن ماڵ هاتن و پێیان گوت: ”گەورەم، مەگەر لە کێڵگەکەتدا تۆوی چاکت نەوەشاند، ئیتر ئەم زیزانە لەکوێوە هات؟“ «ئەویش وەڵامی دانەوە: ”دوژمن ئەمەی کردووە.“ کۆیلەکانیش پێیان گوت: ”دەتەوێ بچین زیزانەکان بژار بکەین؟“» گوتی: «”نەخێر، نەوەک لەگەڵ بژارکردنی زیزان، گەنمیش هەڵبکێشن. هەتا کاتی دروێنە لێگەڕێن با بەیەکەوە پێبگەن، جا لە کاتی دروێنەدا بە سەپانەکان دەڵێم، یەکەم جار زیزانەکە بژار بکەن و بیانکەنە مەڵۆ بۆ ئەوەی بسووتێنرێن، بەڵام گەنمەکە لە ئەمبارەکەم کۆبکەنەوە.“» نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە و فەرمووی: «شانشینی ئاسمان وەک دەنکە خەرتەلەیەک وایە، کە یەکێک بیهێنێت و لە کێڵگەکەیدا بیچێنێ، هەرچەندە لە هەموو تۆوەکانی دیکە بچووکترە، بەڵام کاتێک گەشە دەکات، ڕووەکێکی گەورەی لێ دەردەچێت و دەبێتە درەخت، تەنانەت باڵندەی ئاسمانیش دێن و لەسەر لقەکانی هێلانە دەکەن.» نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە هەویرترشێک دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.» عیسا هەموو ئەم بابەتانەی بە نموونە بۆ خەڵکەکە باسکرد، بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن، تاکو ئەوەی خودا لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە فەرموویەتی بێتە دی: ﴿بە نموونە دەمم دەکەمەوە، ئەوەی لە دامەزراندنی جیهانەوە شاراوەیە ڕایدەگەیەنم.﴾ ئینجا خەڵکەکەی بەڕێکرد و گەڕایەوە بۆ ماڵ. قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «نموونەی زیزانی ناو کێڵگەکەمان بۆ لێکبدەوە.» وەڵامی دایەوە: «ئەوەی تۆوە چاکەکەی چاند، کوڕی مرۆڤە. کێڵگەکەش جیهانە، تۆوە چاکەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن، زیزانەکەش ڕۆڵەکانی شەیتانن، دوژمنەکەش کە تۆوی کردن ئیبلیسە، دروێنەکەش کۆتایی زەمانە، سەپانەکانیش فریشتەکانن. «هەروەک چۆن زیزانەکە بژارکرا و بە ئاگر سووتێنرا، لە کۆتایی زەمانیشدا وا دەبێت. کوڕی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت و هەموو هۆکارێکی گوناه و خراپەکاران لە شانشینییەکەی کۆدەکەنەوە و فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت. ئەوسا ڕاستودروستان لە شانشینی باوکیاندا وەک ڕۆژ دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت! «شانشینی ئاسمان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. کەسێک دەیدۆزێتەوە و دیسان دەیشارێتەوە، ئینجا لە خۆشییان دەچێت و هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت. «هەروەها شانشینی ئاسمان لە بازرگانێک دەچێت کە بە شوێن مرواری نایابدا دەگەڕێت. کاتێک مروارییەکی گرانبەها دەدۆزێتەوە، دەچێت هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و مروارییەکەی پێ دەکڕێت. «هەروەها شانشینی ئاسمان لە تۆڕێک دەچێت فڕێدرابێتە دەریاچەوە، لە هەموو جۆرەکانی ماسی کۆدەکاتەوە. کاتێک تۆڕەکە پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشایە کەنار، باشەکانیان لە سەبەتەدا کۆکردەوە و خراپەکانیشیان فڕێ‌دا. کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە. جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.» عیسا لێی پرسین: «ئایا هەموو ئەمانە تێگەیشتن؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ.» جا پێی فەرموون: «لەبەر ئەوە هەر مامۆستایەکی تەورات کە بووەتە قوتابی لە شانشینی ئاسمان، لە خاوەن ماڵێک دەچێت لە گەنجینەکەیدا لە کۆن و نوێ دەربهێنێت.»