لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 9:9-34

مەتا 9:9-34 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كه‌ ئیشۆع له‌وێ تێده‌په‌ڕی، پیاوێكی بینی له‌ شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مه‌تته‌ی بوو. پێی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌”. ئه‌ویش هه‌ستا و دوای كه‌وت. له‌ كاتێكدا له‌ ماڵ پاڵیدابووه‌وه‌، زۆر باجگر و گوناهبار هاتن و له‌گه‌ڵ ئیشۆع و قوتابییه‌كانی پاڵیاندایه‌وه‌. كه‌ په‌ڕیشییه‌كان ئه‌مه‌یان بینی، به‌ قوتابییه‌كانیان وت: “بۆچی ڕابیتان له‌گه‌ڵ باجگر و گوناهباران نان ده‌خوات؟” جا كاتێ ئیشۆع گوێی لێبوو، فه‌رمووی: “له‌شساغان پێویستییان به‌ پزیشک نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆشان. بڕۆن و واتای ئه‌مه‌ فێربن: {میهره‌بانیم ده‌وێ نه‌ک قوربانی} . چونكه‌ نه‌هاتووم بێگوناهه‌كان بانگ بكه‌م بۆ تۆبه‌كردن، به‌ڵكو گوناهباران”. ئینجا قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن هاتنه‌ لای و وتیان: “بۆچی ئێمه‌ و په‌ڕیشییه‌كان زۆر به‌ڕۆژوو ده‌بین، به‌ڵام قوتابییه‌كانت به‌ڕۆژوو نابن؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئایا ده‌كرێت كه‌سانی زاوا شیوه‌ن بكه‌ن، له‌و كاته‌ی زاوا له‌گه‌ڵیاندایه‌؟ به‌ڵام ڕۆژانێک دێت زاوا له‌نێوانیان به‌رز ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وسا به‌ڕۆژوو ده‌بن. هیچ كه‌س كراسی كۆن به‌ په‌ڕۆی نوێ پینه‌ ناكات، چونكه‌ پینه‌ نوێیه‌كه‌ ده‌چێته‌ ئاو و كراسه‌ دڕاوه‌كه‌ خراپتر ده‌كات. مه‌یی نوێش له‌نێو مه‌شكه‌ی كۆن ناكه‌ن، ئه‌گینا مه‌شكه‌كه‌ ده‌ته‌قێت، جا مه‌یه‌كه‌ ده‌ڕژێت و مه‌شكه‌كه‌ش له‌ناوده‌چێت. به‌ڵكو مه‌یی نوێ له‌نێو مه‌شكه‌ی نوێ ده‌كرێت جا هه‌ردووكیان پارێزراو ده‌بن”. كاتێ ئه‌مانه‌ی ده‌فه‌رموو، سه‌رۆكێک هات و كڕنۆشی بۆ برد و وتی: “هه‌ر ئێستا كچه‌كه‌م مرد، به‌ڵام وه‌ره‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دابنێ، زیندوو ده‌بێته‌وه‌”. ئیشۆعیش هه‌ستا و له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی دوای كه‌وت. ئه‌وه‌بوو ژنێک كه‌ دوازده‌ ساڵ بوو خوێن به‌ربوونی هه‌بوو، له‌ دواوه‌ لێی نزیک بووه‌وه‌ و ده‌ستی له‌ چمكی جله‌كه‌ی دا، چونكه‌ له‌ دڵی خۆیدا وتی: “ئه‌گه‌ر ته‌نها ده‌ست له‌ جله‌كانیشی بده‌م، چاک ده‌بمه‌وه‌”. ئیشۆع ئاوڕی دایه‌وه‌، بینی و فه‌رمووی: “كچم دڵنیابه‌، باوه‌ڕت چاكیكردیته‌وه‌”. ژنه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ چاكبووه‌وه‌. كاتێ ئیشۆع چووه‌ ماڵی سه‌رۆكه‌كه‌، زوڕنا ژه‌نان و خه‌ڵكێكی په‌شێوی بینی، فه‌رمووی: “لاچن، كچه‌كه‌ نه‌مردووه‌، به‌ڵكو خه‌وتووه‌”. ئه‌وانیش پێی پێكه‌نین. كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌ركرد، هاته‌ ژووره‌وه‌ و ده‌ستی گرت، كچه‌ش هه‌ستایه‌وه‌. ئه‌م هه‌واڵه‌ش به‌ هه‌موو ئه‌و ناوچه‌یه‌دا بڵاو‌بووه‌وه‌. كه‌ ئیشۆع به‌وێدا ده‌ڕۆیشت، دوو نابینا دوای كه‌وتن، هاواریان ده‌كرد و ده‌یانووت: “به‌زه‌ییت پێماندا بێته‌وه‌ ڕۆڵه‌ی داوید!”. كاتێ هاته‌ ماڵه‌وه‌، دوو نابیناكه‌ هاتنه‌ لای. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “له‌و باوه‌ڕه‌دان من بتوانم ئه‌مه‌ بكه‌م؟” پێیان وت: “به‌ڵێ گه‌وره‌م!”. ئینجا ده‌ستی له‌ چاویان دا و فه‌رمووی: “با به‌گوێره‌ی باوه‌ڕتان بۆتان ببێت”. ئیتر چاویان كرایه‌وه‌. ئیشۆعیش به‌ توندی ئاگاداری كردنه‌وه‌: “ئاگاداربن با كه‌س نه‌زانێت!”. به‌ڵام ئه‌وان ڕۆیشتن و هه‌موو ناوچه‌كه‌یان لێی تێگه‌یاند. كاتێ‌ ده‌رده‌چوون، لاڵێكی شێتان هێنایه‌ لای. كاتێ شه‌یتانه‌كه‌ ده‌ركرا، لاڵه‌كه‌ قسه‌ی كرد. كۆمه‌ڵه‌كه‌ش سه‌رسام بوون، وتیان: “هه‌رگیز له‌ ئیسڕائیلدا شتی وا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌!”. به‌ڵام په‌ڕیشییه‌كان وتیان: “به‌ سه‌رۆكی شه‌یتانان شه‌یتانه‌كان ده‌رده‌كات!”.

هاوبەشی بکە
مەتا 9 بخوێنەوە

مەتا 9:9-34 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک عیسا بەوێدا تێدەپەڕی، پیاوێکی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مەتا بوو. پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت. لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی مەتا لەسەر خوان بوو، زۆر لە باجگران و گوناهباران هاتن و لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی بۆ نانخواردن پاڵیاندایەوە. کە فەریسییەکان ئەمەیان بینی، بە قوتابییەکانی ئەویان گوت: «بۆچی مامۆستاکەتان لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟» جا کاتێک عیسا گوێی لێبوو، فەرمووی: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. بڕۆن و واتای ئەمە فێربن: ﴿من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی.﴾ چونکە نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.» ئینجا قوتابییەکانی یەحیا هاتنە لای عیسا و گوتیان: «بۆچی ئێمە و فەریسییەکان زۆر جار بەڕۆژوو دەبین، بەڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژوو نابن؟» عیسا پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن شیوەن بگێڕن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ بەڵام ڕۆژێک دێت زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا بەڕۆژوو دەبن. «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینەکە کراسەکە لێک ڕادەکێشێت و دڕاوییەکە خراپتر دەکات. شەرابی نوێش ناکەنە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا مەشکەکە دەدڕێت، جا شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە ناو مەشکەی نوێوە و هەردووکیان پارێزراو دەبن.» کاتێک ئەمانەی دەفەرموو، یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت هات و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «هەر ئێستا کچەکەم مرد، بەڵام وەرە دەستی لەسەر دابنێ، زیندوو دەبێتەوە.» عیساش هەستا و لەگەڵی چوو، قوتابییەکانیش دوایان کەوتن. هەر لەو کاتەدا ژنێک کە ماوەی دوازدە ساڵ بوو خوێنبەربوونی هەبوو، لە دواوە لێی نزیک بووەوە و دەستی لە چمکی کراسەکەی دا، چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم، چاکدەبمەوە.» عیسا ئاوڕی دایەوە، بینی و فەرمووی: «کچم دڵنیابە، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» ژنەکە دەستبەجێ چاک بووەوە. کاتێک عیسا چووە ماڵی پێشەواکە، شیوەنگێڕان و خەڵکێکی زۆری بینی کە دەنگەدەنگیان دەکرد، فەرمووی: «لاچن، کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» ئەوانیش پێی پێکەنین. کاتێک خەڵکەکە دەرکران، هاتە ژوورەوە و دەستی کچەکەی گرت، کچەش هەستایەوە. ئەم هەواڵەش بە هەموو ئەو ناوچەیەدا بڵاو بووەوە. کاتێک عیسا بەوێدا تێدەپەڕی، دوو کەسی نابینا دوای کەوتن، هاواریان دەکرد و دەیانگوت: «کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.» کاتێک هاتە ماڵەوە، کەسە نابیناکان هاتنە لای. عیساش پێی فەرموون: «باوەڕتان بەوە هەیە کە من بتوانم ئەمە بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ گەورەم.» ئینجا ئەویش دەستی لە چاویان دا و فەرمووی: «با بەگوێرەی باوەڕتان بۆتان ببێت.» ئیتر بیناییان بۆ گەڕایەوە، عیساش بە توندی ئاگاداری کردنەوە: «ئاگاداربن با کەس نەزانێت.» بەڵام ئەوان ڕۆیشتن و هەواڵی ئەویان لە هەموو ناوچەکەدا بڵاوکردەوە. کاتێک دوو کابراکە دەچوونە دەرەوە، چەند کەسێک لاڵێکیان هێنایە لای عیسا کە ڕۆحی پیسی تێدابوو. کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد. خەڵکەکەش سەرسام بوون و گوتیان: «هەرگیز شتی لەم جۆرە لە ئیسرائیلدا نەبینراوە.» بەڵام فەریسییەکان گوتیان: «بە شای ڕۆحە پیسەکان ڕۆحی پیس دەردەکات.»

هاوبەشی بکە
مەتا 9 بخوێنەوە