لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 1:11-11

مەرقۆس 1:11-11 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ له‌ یروشلایم نزیک بوونه‌وه‌، له‌ بتپاگی و بتعه‌نیا له‌لای كێوی زه‌یتوون، دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد، پێی فه‌رموون: “بڕۆنه‌ ئه‌و گونده‌ی به‌رامبه‌رتان، هه‌ركه‌ ده‌چنه‌ نێوی، ده‌بینن جاشێک به‌ستراوه‌ته‌وه‌ تا ئێستا كه‌س سواری نه‌بووه‌، بیكه‌نه‌وه‌ و بیهێنن. ئه‌گه‌ر یه‌كێک پێی وتن: بۆ ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن؟ بڵێن: په‌روه‌ردگار پێویستی پێیه‌تی، ئینجا یه‌كسه‌ر بۆ ئێره‌ی ده‌نێرێت”. چوون و له‌ شه‌قامه‌كه‌ بینییان جاشێک له‌ ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش كردیانه‌وه‌. هه‌ندێ كه‌س له‌وێ ڕاوه‌ستابوون، پێیان وتن: “چی ده‌كه‌ن، جاشه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟” وه‌ک ئیشۆع پێی ڕایسپاردبوون وه‌ڵامیان دایه‌وه‌، ئیتر ڕێگایان دان. جاشه‌كه‌یان بۆ ئیشۆع هێنا و كراسه‌كانیان خسته‌ سه‌ری، ئه‌ویش سواری بوو. زۆر كه‌سیش كراسه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕاخست، هه‌ندێكیش له‌ دره‌خته‌كان لقه‌داریان بڕیه‌وه‌ و له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕایانخست. ئه‌وانه‌ی پێشیه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌دوایه‌وه‌ ده‌ڕۆیشتن، هاواریان ده‌كرد: “هۆسانا! پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ هاتووه‌! پیرۆزه‌ پاشایه‌تیی داویدی باوكمان كه‌ به‌ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ هاتووه‌! هۆسانا له‌ به‌رزایی!” ئیشۆع چووه‌ نێو یروشلایم و په‌رستگاكه‌، كاتێ ته‌ماشای هه‌موو شتێكی ده‌وروبه‌ری كرد، كاته‌كه‌ دره‌نگ داهات و له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌ بۆ بتعه‌نیا ده‌رچوون.

مەرقۆس 1:11-11 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە، لە بێت‌فاجی و بێت‌عەنیا لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد، پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، کاتێک دەچنە ناوی، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە، بیکەنەوە و بیهێنن. ئەگەر یەکێک لێی پرسین: ”بۆ ئەمە دەکەن؟“ بڵێن: ”گەورەمان پێویستی پێیەتی، ئینجا زوو دەینێرێتەوە بۆ ئێرە.“» چوون و بینییان وا جاشکێک لەسەر ڕێگاکە، لەبەر دەرگای ماڵێک بەستراوەتەوە، ئەوانیش کردیانەوە. هەندێک کەس لەوێ ڕاوەستابوون، لێیان پرسین: «چی دەکەن، جاشکەکە دەکەنەوە؟» وەک ئەوەی عیسا پێی فەرمووبوون وەڵامیان دایەوە، ئیتر ڕێگایان دان. جاشکەکەیان بۆ عیسا هێنا و کەواکانیان خستە سەری، ئەویش سواری بوو. زۆر کەسیش کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست، هەندێکیش لە باخەکان لقەداریان بڕیبووەوە. ئەوانەی لەپێشییەوە و ئەوانەش کە لەدوایەوە دەڕۆیشتن، هاواریان دەکرد: «﴿هۆسانا! پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾» «پیرۆزە ئەو شانشینەی داودی باوکمان کە دێت!» «هۆسانا بۆ خودا!» عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم بۆ ناو حەوشەکانی پەرستگا، تەماشای هەموو شتێکی دەوروبەری کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی کات درەنگ بوو، لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە چوونە دەرەوەی شار بۆ گوندی بێت‌عەنیا.