لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:103-22

زەبوورەکان 1:103-22 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌ی گیانی من. ستایشی په‌روه‌ردگار بكه‌، هه‌موو ناخیشم با ستایشی ناوی پارسای بكات. ئه‌ی گیانی من. ستایشی په‌روه‌ردگار بكه‌. هه‌موو چاكه‌كانی له‌ بیر مه‌كه‌. ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو گوناهێكت خۆشده‌بێت. له‌ هه‌موو نه‌خۆشییه‌ک چاكت ده‌كاته‌وه‌. ئه‌وه‌ی ژیانت له‌ گۆڕ ده‌كڕێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی میهره‌بانی و به‌زه‌یی ده‌كاته‌ تاجی سه‌رت. ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نت تێر ده‌كات به‌ چاكه‌، تاكو گه‌نجێتیت وه‌ک هه‌ڵۆ نوێ‌ ببێته‌وه‌. په‌روه‌ردگار دادپه‌روه‌ری ئه‌نجام ده‌دات. دادوه‌ری ده‌كات بۆ هه‌موو چه‌وساوه‌كان. ڕێگای خۆی به‌ موشێ ناساند، كرده‌وه‌كانی به‌ نه‌وه‌كانی ئیسڕائیل. په‌روه‌ردگار میهره‌بان و به‌ به‌زه‌ییه‌، پشوودرێژه‌ و میهره‌بانیی زۆره‌. تاوانباركردنی تا سه‌ر نییه‌، كینه‌ی جاویدانی نییه‌. به‌ گوناهه‌كانمان له‌گه‌ڵ ناكات و به‌گوێره‌ی تاوانه‌كانمان سزامان ناداته‌وه‌. چونكه‌ وه‌ک به‌رزی ئاسمانان له‌سه‌ر زه‌وییه‌وه‌، میهره‌بانییه‌كه‌ی هه‌ڵداوه‌ به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی لێی ده‌ترسن. وه‌ک دووری خۆرهه‌ڵات له‌ خۆرئاواوه‌، یاخیبوونه‌كانمانی لێ‌ دوور خستووینه‌ته‌وه‌. وه‌ک باوک چۆن به‌زه‌یی به‌ ڕۆڵه‌كانیدا دێته‌وه‌، په‌روه‌ردگاریش ئاوا به‌زه‌یی به‌وانه‌ دێته‌وه‌ كه‌ لێی ده‌ترسن. چونكه‌ ده‌زانێت چۆن پێكهێنراوین، له‌بیریه‌تی كه‌ ئێمه‌ گڵین. مرۆڤ ڕۆژگاری ژیانی وه‌ک گیا وایه‌. وه‌ک گوڵی نێو كێڵگه‌ گوڵ ده‌كات. چونكه‌ بایه‌ک به‌سه‌ریدا هه‌ڵبكات، نامێنێت. ئاسه‌واریشی دیار نابێت. به‌ڵام میهره‌بانیی په‌روه‌ردگار تاهه‌تایه‌ و جاویدانیه‌ به‌سه‌ر ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ لێی ده‌ترسن‌، دادپه‌روه‌رییه‌كه‌شی بۆ ڕۆڵه‌ی ڕۆڵه‌كانه‌، بۆ ئه‌وانه‌ی په‌یمانی ده‌پارێزن. ئه‌وانه‌ی ڕاسپارده‌كانی ئه‌ویان له‌بیره‌ تا په‌یڕه‌وی بكه‌ن. په‌روه‌ردگار ته‌ختی خۆی له‌ ئاسمانان چه‌سپاندوه‌ و پاشایه‌تییه‌كه‌شی به‌سه‌ر هه‌مووانه‌ و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌كات. ئه‌ی فریشته‌كانی، ستایشی په‌روه‌ردگار بكه‌ن. ئه‌ی ئه‌و به‌هێزانه‌ی وته‌ی به‌جێده‌هێنن. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی گوێڕایه‌ڵی وته‌ی ده‌بن. ئه‌ی هه‌موو سوپاكانی، ستایشی په‌روه‌ردگار بكه‌ن. ئه‌ی ڕاژه‌كارانی كه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و ده‌كه‌ن. ئه‌ی هه‌موو كرده‌وه‌كانی، ستایشی په‌روه‌ردگار بكه‌ن له‌ هه‌موو شوێنێكی ژێر ده‌سه‌ڵاتی. ئه‌ی گیانی من، ستایشی په‌روه‌ردگار بكه‌.

زەبوورەکان 1:103-22 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە، هەموو ناخیشم ستایشی ناوی پیرۆزی بکە. ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە، هیچ چاکەیەکی لەبیر مەکە: ئەوەی لە هەموو گوناهێکت خۆشدەبێت، لە هەموو نەخۆشییەک چاکت دەکاتەوە، ئەوەی ژیانت لە گۆڕ دەکڕێتەوە، خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی دەکاتە تاجی سەرت، ئەوەی تەمەنت تێر دەکات بە چاکە، تاکو گەنجییەتیت وەک هەڵۆ نوێ ببێتەوە. یەزدان ڕاستودروستی ئەنجام دەدات، دادپەروەری بۆ هەموو چەوساوەکان. ڕێگای خۆی بە موسا ناساند، کردارەکانی بە نەوەکانی ئیسرائیل: یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە. تاوانبارکردنی هەتاسەر نییە، تووڕەیی هەتاهەتایە نییە. بە گوناهی خۆمان لەگەڵ ناکات و بەگوێرەی تاوانەکانمان سزامان ناداتەوە. وەک بەرزی ئاسمان لەسەر زەوییەوە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرکردووە بۆ ئەوانەی کە لێی دەترسن. وەک دووری ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاواوە، یاخیبوونەکانمانی لێ دوورخستووینەتەوە. وەک باوک چۆن بەزەیی بە منداڵەکانیدا دێتەوە، یەزدانیش ئاوا بەزەیی بەوانەدا دێتەوە کە لێی دەترسن، چونکە دەزانێت ئێمە چۆن پێکهێنراوین، لەبیریەتی کە ئێمە خۆڵین. مرۆڤ ڕۆژگاری ژیانی وەک گیا وایە، وەک گوڵی ناو کێڵگە گوڵ دەکات، بایەک بەسەریدا هەڵبکات، ئیتر نامێنێت، ئاسەواریشی دیار نابێت. بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە بۆ ئەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە، ڕاستودروستییەکەشی بۆ نەوەکانە، بۆ ئەوانەی پەیمانی بەجێدەگەیەنن، ئەوانەی ڕێنماییەکانی ئەویان لەبیرە بۆ ئەوەی پەیڕەوی بکەن. یەزدان تەختی خۆی لە ئاسمان چەسپاندووە و پاشایەتییەکەشی بەسەر هەمووانەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات. ئەی فریشتەکانی یەزدان، ستایشی بکەن، ئەی ئەو بەهێزانەی وتەکانی بەجێدەهێنن، ئەی ئەوانەی گوێڕایەڵی وتەی ئەو دەبن. ئەی هەموو سوپاکانی، ستایشی یەزدان بکەن، ئەی خزمەتکارانی کە بە ڕەزامەندی ئەو کار دەکەن. ئەی هەموو کارەکانی، ستایشی یەزدان بکەن لە هەموو شوێنێکی ژێر دەسەڵاتی.