لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:106-15

زەبوورەکان 1:106-15 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

سوپاسی په‌روه‌ردگار بكه‌ن چونكه‌ چاكه‌، چونكه‌ میهره‌بانیه‌كه‌ی جاویدانیه‌. كێ‌ باسی پاڵه‌وانێتی په‌روه‌ردگار ده‌كات؟ كێ هه‌موو ستایشه‌كانی ڕاده‌گه‌یه‌نێت؟ به‌خته‌وه‌ری بۆ پارێزه‌رانی ڕه‌وا، بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌موو كاتێ دروستكارن. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، له‌ كاتی ڕه‌زامه‌ندیت له‌ گه‌له‌كه‌ت یادم بكه‌وه‌. له‌ ڕزگاریه‌كه‌ت به‌سه‌رم بكه‌وه‌. تا خۆشگوزه‌رانی هه‌ڵبژێردراوانت ببینم. تا به‌ دڵخۆشی نه‌ته‌وه‌كه‌ت دڵخۆشبم. تا له‌گه‌ڵ میراته‌كه‌ت شانازی بكه‌م. ئێمه‌ وه‌ک باوكانمان گوناهمان كرد. خراپه‌ و تاوانمان كرد. كاتێ باوكانمان له‌ میسڕ بوون. له‌ په‌رجوه‌كانی تۆ تێنه‌گه‌یشتن. یادی زۆریی میهره‌بانیه‌كه‌ی تۆیان نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو یاخیبوون له‌لای ده‌ریا. له‌لای ده‌ریای سووف. جا له‌پێناوی ناوی خۆی ڕزگاری كردن. تا پاڵه‌وانێتیی بزانرێت. له‌ ده‌ریای سووفی ڕاخوری، وشک بوو. به‌ نێو قووڵاییه‌كه‌یدا بردنی. وه‌ک له‌ بیابان. له‌ ده‌ست ناحه‌ز ڕزگاری كردن. له‌ ده‌ست دوژمن كڕینیه‌وه‌. ئاو دوژمنانی ئه‌وانه‌ی داپۆشی. یه‌كیان ده‌رباز نه‌بوو. ئه‌وسا باوه‌ڕیان به‌ فه‌رمووده‌ی هێنا. گورانییان بۆ ستایشی وت. به‌ڵام هه‌ر زوو كرده‌وه‌كانییان له‌یادچوو. چاوه‌ڕێی ڕاوێژی ئه‌ویان نه‌كرد. به‌ڵكو له‌ چۆڵه‌وانی نه‌وسیان هه‌ستا و له‌ بیاباندا خودایان تاقیكرده‌وه‌. ئه‌وه‌ی داوایان كرد، پێیدان. به‌ڵام نه‌خۆشی له‌ڕی بۆ ناردن.

زەبوورەکان 1:106-15 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هەلیلویا! ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە. کێ باسی پاڵەوانیێتی یەزدان دەکات؟ کێ بە تەواوی ستایشی ئەو دەکات؟ خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی دادپەروەری پەیڕەو دەکەن، ئەوانەی هەموو کاتێک بە ڕاستودروستی کار دەکەن. ئەی یەزدان، لە کاتی ڕەزامەندیت لە گەلەکەت یادم بکەرەوە، لە ڕزگارییەکەت بەسەرم بکەرەوە، بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی هەڵبژێردراوانت ببینم، بۆ ئەوەی بە دڵخۆشی نەتەوەکەت دڵخۆشبم، بۆ ئەوەی لەگەڵ میراتەکەت شانازی بکەم. ئێمە وەک باوباپیران گوناهمان کرد، خراپەمان کرد و بەدکاریمان کرد. کاتێک باوکانمان لە میسر بوون، لە پەرجووەکانی تۆ تێنەگەیشتن، یادی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی تۆیان نەکردەوە، بەڵکو یاخی بوون لەلای دەریا، لەلای دەریای سوور، بەڵام لەبەر ناوی خۆی ڕزگاری کردن، بۆ ئەوەی پاڵەوانیێتی بزانرێت. لە دەریای سووری ڕاخوڕی، وشک بوو، بە ناو قووڵاییەکەیدا بردنی، وەک لە بیابان. لە دەست ناحەز ڕزگاری کردن، لە دەست دوژمن کڕینیەوە. ئاو دوژمنانی ئەوانەی داپۆشی، کەسیان دەرباز نەبوون. ئەوسا بڕوایان بە بەڵێنەکانی کرد، گۆرانییان بۆ ستایشی گوت. بەڵام هەر زوو کردارەکانی ئەویان لەیادچوو، چاوەڕێی ڕاوێژی ئەویان نەکرد. بەڵکو لە چۆڵەوانی نەوسیان هەستا، لە بیابان خودایان تاقی کردەوە، ئەوەی داوایان کرد، پێیدان، بەڵام نەخۆشی لەڕی بۆ ناردن.