لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:33-22

زەبوورەکان 1:33-22 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌ی سه‌رڕاستان ده‌نگ هه‌ڵببڕن بۆ په‌روه‌ردگار. ستایشكردن له‌ دڵڕاستان ده‌وه‌شێته‌وه‌. به‌ عوود سوپاسی په‌روه‌ردگار بكه‌ن. به‌ ڕه‌بابه‌ی ده‌ژێیی په‌سنیی بۆ بڵێن. گۆرانیه‌كی نوێی بۆ بڵێن. به‌ جوانی مۆسیقا بژه‌نن به‌ ده‌نگ هه‌ڵبڕین. چونكه‌ وشه‌ی په‌روه‌ردگار ڕاسته‌، له‌ هه‌موو كرده‌وه‌كانی سه‌رڕاسته‌. خوداناسی و دادپه‌روه‌ریی خۆش ده‌وێت. زه‌وی پڕ بووه‌ له‌ میهره‌بانی په‌روه‌ردگار. به‌ وشه‌ی په‌روه‌ردگار ئاسمانان دروست كران، به‌ هه‌ناسه‌ی ده‌می هه‌موو ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان. ئاوی ده‌ریا وه‌ک گرد كۆده‌كاته‌وه‌ و بنی ده‌ریاكان ده‌خاته‌ نێو ئه‌مباره‌وه‌. با هه‌موو زه‌وی له‌ په‌روه‌ردگار بترسێت، با هه‌موو خه‌ڵكی دونیا سام دایانگرێت. چونكه‌ كه‌ فه‌رمووی، په‌یدا بوو. فه‌رمانی دا، بوو. په‌روه‌ردگار پیلانی نه‌ته‌وه‌كانی پووچ كرده‌وه‌. بیركردنه‌وه‌ی گه‌لانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. به‌ڵام پلانی په‌روه‌ردگار تاهه‌تایه‌ جێگیر ده‌بێت، بیركردنه‌وه‌ی دڵی بۆ هه‌موو نه‌وه‌كانه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی كه‌ په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندیانه‌، به‌و گه‌له‌ی هه‌ڵیبژاردووه‌ بۆ میراتی خۆی. په‌روه‌ردگار له‌ ئاسمانانه‌وه‌ ڕوانی. هه‌موو ئاده‌میزادانی بینی. له‌سه‌ر شوێنی نیشته‌جێی خۆیه‌وه‌ چاودێری هه‌موو دانیشتووانی زه‌ویی كرد. ئه‌و كه‌ شێوه‌ی دڵی هه‌مووانی دروست كردووه‌، ئاگاداری هه‌موو كرده‌وه‌كانیانه‌. هیچ پاشایه‌ک به‌ زۆریی سوپاكه‌ی ڕزگاری نابێت. هیچ پاڵه‌وانێک به‌ هێزی بازووی ده‌رباز نابێت. ئه‌سپ ئومێدێكی دۆڕاوه‌ بۆ ڕزگار بوون، به‌ توندی هێزی ناتوانێت كه‌س ده‌رباز بكات. به‌ڵام په‌روه‌ردگار چاوی له‌وانه‌یه‌ كه‌ ترسی ئه‌ویان له‌ دڵدایه‌، ئه‌وانه‌ی ئومێدیان به‌ میهره‌بانیی ئه‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مه‌رگدا فریایان بكه‌وێت و له‌ برسیێتیدا ژیانیان دابین بكات. ئێمه‌ به‌ ئومێدی چاوه‌ڕوانی په‌روه‌ردگارین، كه‌ یارمه‌تیده‌ر و قه‌ڵغانمانه‌. دڵمان به‌و خۆشه‌، چونكه‌ پشت به‌ ناوی پارسای ئه‌و ده‌به‌ستین. ئه‌ی په‌روه‌ردگار با میهره‌بانیت به‌سه‌رمانه‌وه‌ بێت، به‌گوێره‌ی هیوامان به‌ تۆ.

زەبوورەکان 1:33-22 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی سەرڕاستان گۆرانی شادی بۆ یەزدان بڵێن، ستایشکردن لە دڵڕاستان دەوەشێتەوە. بە ساز ستایشی یەزدان بکەن، بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقای بۆ بژەنن. سروودێکی نوێی بۆ بڵێن، بە کارامەیی مۆسیقا بژەنن، بە هەلهەلەوە. لەبەر ئەوەی فەرمایشتی یەزدان ڕاستە، لە هەموو کردارەکانی دڵسۆزە. یەزدان ڕاستودروستی و دادپەروەری خۆشدەوێت، زەوی پڕ بووە لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی. بە فەرمانی یەزدان ئاسمان دروستکرا، بە هەناسەی دەمی هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان. ئاوی دەریا وەک بەنداو کۆدەکاتەوە و زەریاکان دەخاتە ناو ئەمبارەوە. با هەموو زەوی لە یەزدان بترسێت، با هەموو خەڵکی دنیا سام دایانگرێت! لەبەر ئەوەی کە فەرمووی، پەیدا بوو، فەرمانی دا، بوو. یەزدان پیلانی نەتەوەکانی پووچ کردەوە، تەگبیری گەلانی هەڵوەشاندەوە. بەڵام پلانی یەزدان هەتاهەتایە دەمێنێت، تەگبیری دڵی بۆ هەموو نەوەکانە. خۆزگە دەخوازرێ بەو نەتەوەیەی کە یەزدان خودایانە، بەو گەلەی هەڵیبژاردووە بۆ میراتی خۆی. یەزدان لە ئاسمانەوە دەڕوانێتە خوارێ، هەموو ئادەمیزاد دەبینێت. لە نشینگەکەی خۆیەوە چاودێری هەموو دانیشتووانی زەوی دەکات. ئەو کە شێوەی دڵی هەمووانی دروستکردووە، ئاگاداری هەموو کردەوەکانیانە. هیچ پاشایەک بە گەورەیی سوپاکەی ڕزگاری نابێت، هیچ پاڵەوانێک بە هێزی بازووی دەرباز نابێت. ئەسپ ئومێدێکی دۆڕاوە بۆ ڕزگار بوون، بە توندی هێزی ناتوانێت کەس دەرباز بکات. بەڵام یەزدان چاوی لەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە، ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستی نەگۆڕی ئەوە، بۆ ئەوەی لە مردندا فریایان بکەوێت و لە قاتوقڕیدا ژیانیان دابین بکات. ئێمە بە ئومێدی چاوەڕوانی یەزدانین، یەزدان یارمەتیدەر و قەڵغانمانە. دڵمان بەو خۆشە، چونکە ئێمە پشت بە ناوی پیرۆزی ئەو دەبەستین. ئەی یەزدان، با خۆشەویستی نەگۆڕت بەسەرمانەوە بێت، بەگوێرەی هیوامان بە تۆ.