لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:51-19

زەبوورەکان 1:51-19 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

خودایه‌، به‌گوێره‌ی میهره‌بانیه‌كه‌ت له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌. به‌پێی زۆری به‌زه‌یی خۆت یاخیبوونم بسڕه‌وه‌. زۆر له‌ تاوانم بمشۆره‌وه‌ و له‌ گوناهم بێگه‌ردم بكه‌وه‌. چونكه‌ من یاخیبوونم ده‌زانم، هه‌میشه‌ گوناهم له‌ به‌رده‌ممدایه‌. ته‌نها دژ به‌ تۆ گوناهم كرد، له‌به‌رچاوی تۆ خراپه‌م كرد، تاكو له‌ قسه‌كانتدا ڕاست بیت، دادپه‌روه‌ر بیت له‌ حوكمه‌كانت. ئه‌وه‌تا من به‌ زگماكی تاوانبارم، گوناهبارم له‌و كاته‌وه‌ كه‌ دایكم سكی به‌ من پڕ بووه‌. ئه‌وه‌تا له‌ ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ به‌ ڕه‌وا دڵشاد ده‌بیت‌‌، له‌ وێژدانه‌وه‌ فێری داناییم ده‌كه‌یت. به‌ زوفا بێگه‌ردم بكه‌وه و بێگه‌رد ده‌بم، بمشۆره‌وه‌ و له‌ به‌فر سپیتر ده‌بم. با گوێم له‌ شادی و خۆشی بێت، با ئه‌و ئێسقانانه‌ی وردوخاشت كردوه‌ شاد بن. چاو له‌ گوناهه‌كانم بپۆشه‌ و هه‌موو خراپه‌كانم بسڕه‌وه‌. خودایه‌، دڵێكی پاكم تێدا ئافریده‌ بكه‌ و ڕووحێكی ڕاست له‌ ناخمدا نوێ‌ بكه‌وه‌. له‌ به‌رچاوی خۆت ده‌رم مه‌كه‌، ڕووحی پارسای خۆتم لێ‌ مه‌سێنه‌وه‌. شادیی ڕزگاری خۆتم پێ‌ بده‌ره‌وه‌، به‌ ڕووحێكی خۆویستانه‌ پشتگیریم بكه‌. ئینجا یاخیبووان فێری ڕێگای تۆ ده‌كه‌م، گوناهباران ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لات. خودایه‌، خودای ڕزگاریم، له‌ سزای خوێن ڕشتن ده‌ربازم بكه‌، تا زمانم ستایشی چاكخوازیت بكات. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، لێوه‌كانم بكه‌ره‌وه‌ و ده‌مم ستایشت ڕابگه‌ێنێت. چونگه‌ تۆ به‌ قوربانی دڵشاد نابیت، ئه‌گینا پێشكه‌شی ده‌كه‌م، به‌ قوربانیی سووتاندن ڕازی نابیت. قوربانییه‌كان بۆ خودا ڕووحی شكاوه‌یه‌، خودایه‌، تۆ به‌ سووكییه‌وه‌ ته‌ماشای دڵی شكاو و وردوخاشكراو ناكه‌یت. به‌ ڕه‌زامه‌ندی خۆت چاكه‌ له‌گه‌ڵ سیهیۆن بكه‌. شوره‌كانی یروشلایم بنیاد بنێوه‌. ئه‌وسا به‌ قوربانیی بێتاوانی و به‌ قوربانیی سووتاندنی ته‌واو دڵشاد ده‌بیت، ئه‌وسا گایان له‌سه‌ر قوربانگاكه‌ت پێشكه‌ش ده‌كرێت.

زەبوورەکان 1:51-19 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی خودایە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵم میهرەبان بە، بەگوێرەی زۆری بەزەیی خۆت یاخیبوونم بسڕەوە. بە تەواوی لە تاوانم بمشۆرەوە و لە گوناهم پاکم بکەرەوە، چونکە من یاخیبوونم دەزانم، هەمیشە گوناهم لەبەردەممە. لە دژی تۆ، تەنها تۆ، گوناهم کرد، لەبەرچاوی تۆ خراپەم کرد، تاکو لە بڕیارەکانت ڕاست بیت، دادپەروەر بیت لە حوکمەکانت. ئەوەتا من بە زگماکی تاوانبارم، گوناهبارم لەو کاتەوە کە دایکم سکی بە من پڕ بووە. ئەوەتا لە ناوەڕۆکەوە بە ڕاستی دڵشاد دەبیت، لە ویژدانەوە فێری داناییم دەکەیت. بە زوفا پاکم بکەرەوە پاک دەبم، بمشۆرەوە لە بەفر سپیتر دەبم. با گوێم لە شادی و خۆشی بێت، با ئەو ئێسقانانەی وردوخاشت کردووە شاد بن. چاو لە گوناهەکانم بپۆشە و هەموو خراپەکانم بسڕەوە. ئەی خودایە، دڵێکی پاکم تێدا دروستبکە و ڕۆحێکی چەسپاو لە ناخم نوێ بکەرەوە. لە بەرچاوی خۆت دەرم مەکە، ڕۆحی پیرۆزی خۆتم لێ مەستێنەوە. شادی ڕزگاریی خۆتم پێ بدەوە، بە ڕۆحێکی خۆویستانە پشتگیریم بکە. ئینجا یاخیبووان فێری ڕێگای تۆ دەکەم، گوناهباران دەگەڕێنەوە لات. ئەی خودایە، خودای ڕزگاریم، لە سزای خوێنڕشتن دەربازم بکە، هەتا زمانم گۆرانی بەسەر ڕاستودروستیتدا بڵێت. ئەی پەروەردگار، لێوەکانم لێک بکەرەوە و دەمم ستایشت ڕابگەیەنێت. تۆ بە قوربانی دڵشاد نابیت، ئەگینا پێشکەشی دەکەم، بە قوربانی سووتاندن ڕازی نابیت. قوربانی بۆ خودا ڕۆحێکی شکاوە، ئەی خودایە، تۆ بە سووکییەوە تەماشای دڵی شکاو و وردوخاشکراو ناکەیت. بە ڕەزامەندی خۆت چاکە لەگەڵ سییۆن بکە، شووراکانی ئۆرشەلیم بنیاد بنێوە. ئەوسا بە قوربانی ڕاستودروستی و بە قوربانی سووتاندنی تەواو دڵشاد دەبیت، ئەوسا گا لەسەر قوربانگاکەت پێشکەش دەکرێت.