لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:57-11

زەبوورەکان 1:57-11 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌ خودایه‌، له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌، چونكه‌ گیانم په‌نا ده‌هێنێته‌ به‌ر تۆ، په‌نا ده‌هێنمه‌ به‌ر سێبه‌ری باڵه‌كانی تۆ، تا ئه‌م به‌ڵایه‌ به‌سه‌ر ده‌چێت. بۆ خودای هه‌ره‌به‌رز هاوار ده‌كه‌م، بۆ ئه‌و خودایه‌ی كه‌ مافه‌كانم ده‌پارێزێت. له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌نێرێت و ڕزگارم ده‌كات. ئه‌وانه‌ ڕیسوا ده‌كات كه‌ ڕاوم ده‌نێن. سیلاه‌. خودا میهره‌بانیه‌كه‌ی و ڕه‌واكه‌ی ده‌نێرێت. گیانم له‌نێو شێرانه‌، له‌نێو ئه‌وانه‌ ڕاده‌كشێم كه‌ ئاده‌میزاد قووت ده‌ده‌ن، ددانه‌كانیان ڕم و تیرن، زمانیشیان شمشێری تیژه‌. خودایه‌، به‌سه‌ر ئاسماندا به‌رزببه‌وه‌، با شكۆی تۆ به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بێت. تۆڕیان ناوه‌ته‌وه‌ بۆ پێیه‌كانم، گیانم په‌رێشانه‌. چاڵێكیان له‌ پێشم هه‌ڵكه‌ند، به‌ڵام خۆیان تێی كه‌وتن. سیلاه‌. دڵم جێكیره‌ خودایه‌، دڵم جێگیره‌، گۆرانی و په‌سنی ده‌ڵێم. ئه‌ی شكۆی من هه‌سته‌! ئه‌ی ڕه‌بابه‌ و ئه‌ی عوود هه‌ستن! من به‌ره‌به‌یانان هه‌ڵده‌ستم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار من له‌نێو گه‌لان ستایشت ده‌كه‌م، له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان په‌سنیت بۆ ده‌ڵێم. چونكه‌ میهره‌بانیه‌كه‌ت ده‌گاته‌ ئاسمانان، ڕه‌واكه‌ت ده‌گاته‌ هه‌وره‌كان. خودایه‌، به‌سه‌ر ئاسماناندا به‌رزببه‌وه‌، با شكۆی تۆ به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بێت.

زەبوورەکان 1:57-11 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لەگەڵم میهرەبان بە، ئەی خودایە، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە گیانم پەنا دەهێنێتە بەر تۆ، من پەنا دەهێنمە بەر سێبەری باڵەکانی تۆ، هەتا ئەم بەڵایە بەسەردەچێت. بۆ خودای هەرەبەرز هاوار دەکەم، بۆ ئەو خودایەی ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت. لە ئاسمانەوە دەنێرێت و ڕزگارم دەکات، ئەوانە ڕیسوا دەکات کە ڕاوم دەنێن. خودا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی دەنێرێت. گیانم لەناو شێرانە، لەنێو ئاژەڵی دڕندە ڕادەکشێم، ئەو مرۆڤانەی کە ددانەکانیان ڕم و تیرن، زمانیشیان شمشێری تیژە. ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە، با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت. تۆڕیان ناوەتەوە بۆ پێیەکانم، گیانم پەرێشانە. چاڵێکیان لەپێشم هەڵکەند، بەڵام خۆیان تێی کەوتن. دڵم چەسپاوە، ئەی خودایە، دڵم چەسپاوە، سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم. ئەی گیانی من، هەستە! ئەی ساز و قیسارە، هەستن! من بەرەبەیانان هەڵدەستم. ئەی پەروەردگار، من لەنێو گەلان ستایشت دەکەم، لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت مەزنە، دەگاتە ئاسمان، دڵسۆزیشت دەگاتە هەورەکان. ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە، با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.