لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:73-26

زەبوورەکان 1:73-26 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

خودا چاكه‌ بۆ ئیسڕائیل، بۆ دڵپاكه‌كان. به‌ڵام من خه‌ریک بوو پێم بخزێت و زۆری نه‌مابوو هه‌نگاوم بخلیسكێت. چونكه‌ ئیره‌ییم به‌ لووتبه‌رزه‌كان برد، كه‌ ئاسووده‌یی به‌دكارانم دی. چونكه‌ مه‌رگیان سه‌خت نییه‌، له‌شیان قه‌ڵه‌وه‌. له‌ ڕه‌نجكێشانی مرۆڤ به‌ده‌رن، وه‌ک خه‌ڵكی تێناكه‌ون. بۆیه‌ ملوانكه‌ی شانازییان كردۆته‌ مل و به‌رگی سته‌مكارییان پۆشیوه‌. چاویان به‌ چه‌وری په‌ڵماوه‌. لێكدانه‌وه‌ی دڵیان بێ سنووره‌. گاڵته‌جاڕی ده‌كه‌ن و به‌ خراپه‌ ده‌دوێن، به‌ لووتبه‌رزییه‌وه‌ باسی سته‌م ده‌كه‌ن. ڕووی ده‌میان له‌ ئاسمان كردووه‌ و زمانیشیان به‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌گێڕن. بۆیه‌ خه‌ڵكی خۆیان دێنه‌ لایان و ئاو به‌ زۆری ده‌خۆنه‌وه‌. ده‌ڵێن: “چۆن خودا‌ ده‌زانێت؟ ئایا لای هه‌ره‌به‌رز زانیاری هه‌یه‌؟” ئه‌وه‌تا ئه‌مانه‌ به‌دكارن، هه‌میشه‌ له‌ خۆشیدان و سامانیان له‌ زیادبووندایه‌. به‌ڕاستی به‌ ناڕه‌وا دڵی خۆم به‌ پاكی ڕاگرتووه‌، ده‌ستی خۆم به‌ بێگه‌ردی شوشتووه‌. به‌ درێژایی ڕۆژ لێم قه‌ومابوو، هه‌موو به‌یانیانێک ته‌مبێ كرابووم. ئه‌گه‌ر بمووتایه‌ وه‌ک ئه‌وان قسه‌ ده‌كه‌م، ئه‌وا له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ڕۆڵه‌كانت ناپاک ده‌بووم. كاتێ ویستم له‌مه‌ تێبگه‌م، به‌ ئه‌ركێكی سه‌ختم بینی، تا چوومه‌ نێو پارساگای خودا، ئه‌وسا له‌ چاره‌نووسیان گه‌یشتم. به‌ڕاستی له‌ جێگایه‌كی خلیسک داتناون، تووشی وێرانیت كردوون. چۆن به‌ چاوتروكانێک وێران بوون، له‌ ترسان به‌ ته‌واوی له‌ناوچوون. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، وه‌ک خه‌ون كاتی به‌ئاگا هاتنه‌وه‌، له‌ كاتی به‌ئاگایی سێبه‌ریان ڕیسوا ده‌كه‌یت. چونكه‌ دڵم تاڵ بوو، گورچیله‌ی كون كردم گێل و نه‌زان بووم. له‌لای تۆ وه‌ک ئاژه‌ڵم لێهات. به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌لای تۆم، ده‌سته‌ ڕاستت گرتم. به‌ ئامۆژگاریت ڕێنماییم ده‌كه‌یت، پاشان بۆ شكۆمه‌ندیم ده‌به‌یت. كێم هه‌یه‌ له‌ ئاسمان؟ كه‌ له‌گه‌ڵ تۆم، له‌سه‌ر زه‌ویش هیچم ناوێ. له‌ش و دڵم له‌ناوچوون. هێزی دڵ و به‌شی من خودایه‌ تاهه‌تایه‌.

زەبوورەکان 1:73-26 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بێگومان خودا چاکە بۆ ئیسرائیل، بۆ دڵپاکەکان. بەڵام من خەریک بوو پێم بخزێت و زۆری نەمابوو هەنگاوم بخلیسکێت، چونکە بەغیلیم بە لووتبەرزەکان برد، کە ئاسوودەیی بەدکارانم دی. ترسیان لە مردن نییە، جەستەیان تەندروست و قەڵەوە. لە ڕەنجکێشانی مرۆڤ بەدەرن، وەک خەڵکی تێناکەون. بۆیە لووتبەرزییان وەک ملوانکە لە مل کردووە و بەرگی توندوتیژییان پۆشیوە. خراپە لە دڵی بێ بەزەییانەوە دێت، لێکدانەوەی دڵیان بێ سنوورە. گاڵتەجاڕی دەکەن و بە خراپە دەدوێن، بە لووتبەرزییەوە باسی ستەم دەکەن. ڕووی دەمیان لە ئاسمان کردووە، زمانیشیان بەسەر زەویدا دەگێڕن. بۆیە خەڵکی خۆیان دێنە لایان و باوەڕ بە قسەکانیان دەکەن. دەڵێن: «چۆن خودا دەزانێت؟ ئایا لەلای هەرەبەرز زانیاری هەیە؟» ئەوەتا ئەمانە بەدکارن، هەمیشە لە خۆشیدان و سامانیان لە زیادبووندایە. بێگومان بە بێهوودە دڵی خۆمم بە پاکی ڕاگرتووە، دەستیشم بە بێگەردی شوشتووە. بە درێژایی ڕۆژ لێم قەومابوو، هەتا بەرەبەیان تەمبێ کرابووم. ئەگەر بە ڕاشکاوی قسەم دەکرد، ئەوا لەگەڵ منداڵەکانت ناپاک دەبووم. کاتێک ویستم لەمە تێبگەم، بە ئەرکێکی سەختم بینی، هەتا چوومە ناو پیرۆزگای خودا، ئەوسا لە چارەنووسیان تێگەیشتم. بە ڕاستی لە جێگایەکی خلیسک داتناون، تووشی وێرانیت کردوون. چۆن بە چاوتروکانێک وێران بوون، لە ترسان بە تەواوی لەناوچوون! ئەی پەروەردگار، وەک خەون کاتی بەئاگا هاتنەوە، لە کاتی بەئاگایی وەک خەون ڕیسوایان دەکەیت. کاتێک دڵم تەنگ بوو، وەک شمشێر هەناومی بڕی، گێل و نەزان بووم، لەلای تۆ وەک ئاژەڵم لێهات. لەگەڵ ئەوەشدا، من هەمیشە لەلای تۆم، دەستی ڕاستی منت گرت. بە ئامۆژگاریت ڕێنماییم دەکەیت، پاشان بۆ شکۆمەندیم دەبەیت. بێجگە لە تۆ لە ئاسمان کێم هەیە؟ ئەگەر لەگەڵ تۆ بم، لەسەر زەویش هیچ نییە ئارەزووی بکەم. جەسته و دڵم کۆتاییان پێدێت، بەڵام هەتاهەتایە هێزی دڵ و بەشی من خودایە.