لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:79-13

زەبوورەکان 1:79-13 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

خودایه‌. نه‌ته‌وه‌كان هاتوونه‌ته‌ نێو میراتی تۆ. په‌رستگای پارسای تۆیان گڵاو كردووه‌. یروشلایمیان كردووه‌ به‌ كه‌لاوه‌. ته‌رمی به‌نده‌كانی تۆیان كردووه‌ به‌ خۆراكی باڵنده‌ی ئاسمان و گۆشتی خوداناسانت بۆ دڕنده‌ی زه‌وی. له‌ ده‌وروبه‌ری یروشلایم وه‌ک ئاو خوێنیان ڕشتن. كه‌س نه‌بوو بیاننێژێت. بووین به‌ په‌ندی دراوسێیه‌كانمان. بووین به‌ سووكایه‌تی و گاڵته‌جاڕیی ده‌ورووبه‌رمان. ئه‌ی په‌روه‌ردگار تاكه‌ی، ئایا تا سه‌ر هه‌ر تووڕه‌ ده‌بیت؟ تا كه‌ی ئیره‌ییت وه‌ک ئاگر ده‌سووتێت؟ تووڕه‌ی خۆت به‌سه‌ر ئه‌و نه‌ته‌وانه‌دا بڕێژه‌ كه‌ ناتناسن، به‌سه‌ر شانشینه‌كاندا بیڕێژه‌ كه‌ به‌ ناوت ناپاڕێنه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌وانه‌ یاقوویان خواردووه‌. نیشتیمانیان خاپوور كردووه‌. گوناهی باپیرانی پێش خۆمان له‌سه‌ر مه‌ژمێره‌. با به‌زه‌ییت زوو پێشمان بكه‌وێت، چونكه‌ ئێمه‌ زۆر زه‌لیل بووین. ئه‌ی خودای ڕزگاریده‌رمان. یارمه‌تیمان بده‌. له‌به‌ر شكۆی ناوی خۆت، ده‌ربازمان بكه‌ و له‌ گوناهمان خۆش به‌، له‌پێناوی ناوی خۆت. بۆچی نه‌ته‌وه‌كان بڵێن: “كوا‌ خوداكه‌یان؟”. با هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان بزانن كه‌ تۆ له‌به‌رچاوی هه‌موومان، تۆڵه‌ی خوێنی ڕژاوی به‌نده‌كانی خۆت كردۆته‌وه‌. با ناڵه‌ی دیله‌كانت پێ‌ بگات. به‌ مه‌زنیی بازووی خۆت بیانهێڵه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی بۆ مه‌رگن. ئه‌ی په‌روه‌ردگار. حه‌وت ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و سووكایه‌تییه‌ی دراوسێیه‌كانمان پێیان كردی. سووكایه‌تییان پێ‌ بكه‌. ئینجا ئێمه‌ی گه‌لی تۆ. مه‌ڕی له‌وه‌ڕگای تۆ. تاهه‌تایه‌ سوپاست ده‌كه‌ین. نه‌وه‌ به‌ نه‌وه‌ باسی ستایشی تۆ ده‌كه‌ین.

زەبوورەکان 1:79-13 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی خودایە، نەتەوەکان هاتوونەتە ناو میراتی تۆ، پەرستگای پیرۆزی تۆیان گڵاو کردووە، ئۆرشەلیمیان کردووە بە کەلاوە. تەرمی خزمەتکارەکانی تۆیان کردووە بە خۆراکی باڵندەی ئاسمان و گۆشتی خۆشەویستانت بۆ دڕندەی زەوی. لە دەوروبەری ئۆرشەلیم وەک ئاو خوێنیان ڕشتن، کەس نەبوو بیاننێژێت. بووین بە پەندی دراوسێکانمان، بووین بە سووکایەتی و گاڵتەجاڕی دەوروبەرمان. ئەی یەزدان هەتا کەی؟ ئایا هەتاسەر هەر تووڕە دەبیت؟ هەتا کەی ئیرەییت وەک ئاگر دەسووتێت؟ تووڕەیی خۆت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە کە پشت گوێت دەخەن، بەسەر ئەو شانشینانەدا بیڕێژە کە بە ناوی تۆ ناپاڕێنەوە، چونکە ئەوانە یاقوبیان هەڵلووشیوە، نیشتیمانیان خاپوور کردووە. گوناهی باپیرانی پێش خۆمان لەسەر مەژمێرە، با بەزەییت زوو پێشمان بکەوێت، چونکە ئێمە زۆر زەلیل بووین. ئەی خودای ڕزگارکەرمان، یارمەتیمان بدە، لەبەر شکۆی ناوی خۆت. دەربازمان بکە و لە گوناهمان خۆشبە، لە پێناوی ناوی خۆت. بۆچی نەتەوەکان بڵێن: «کوا خوداکەیان؟» با هەموو نەتەوەکان بزانن کە تۆ لەبەرچاوی هەموومان تۆڵەی خوێنی ڕژاوی خزمەتکارەکانی خۆت دەکەیتەوە. با ناڵە و هاواری دیلەکانت پێ بگات، بە گەورەیی بازووی خۆت بیانهێڵەوە ئەوانەی سزای مردنیان بەسەردا دراوە. ئەی پەروەردگار، حەوت ئەوەندەی ئەو سووکایەتییەی دراوسێکانمان پێیان کردی، لە باوەشیان سووکایەتییان پێ بکە. ئینجا ئێمەی گەلی تۆ، مەڕی لەوەڕگای تۆ، هەتاهەتایە ستایشت دەکەین، نەوە بە نەوە باسی ستایشی تۆ دەکەین.