لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:91-16

زەبوورەکان 1:91-16 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌وه‌ی له‌ په‌ناگای هه‌ره‌به‌رز نیشته‌جێیه‌، له‌ سێبه‌ری خودای توانادار ده‌مێنێته‌وه‌. به‌ په‌روه‌ردگار ده‌ڵێم‌: “تۆ په‌ناگامی، قه‌ڵامی، خوداوه‌ندی منی پشتت پێده‌به‌ستم”. چونكه‌ له‌ تۆڕی ڕاوچی ده‌ربازت ده‌كات. له‌ ده‌ردی مه‌ترسیدار‌. به‌ باڵی خۆی داتده‌پۆشێت. له‌ژێر باڵه‌كانی په‌نا ده‌گریت و ڕه‌واكه‌ی قه‌ڵغان و شوورایه‌. نه‌ له‌ تۆقانی شه‌و ده‌ترسیت و نه‌ له‌و تیره‌ی به‌ ڕۆژ ده‌هاوێژرێت. نه‌ له‌و ده‌رده‌ی كه‌ له‌ تاریكیدا ڕێده‌كات، نه‌ له‌و ئافاته‌ی به‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆ زیان ده‌به‌خشێت. هه‌زار كه‌س له‌ ته‌نیشتت ده‌كه‌ون. ده‌ هه‌زار له‌لای ڕاستت. به‌ڵام له‌ تۆ نزیک ناكه‌وێته‌وه‌. به‌ڵكو به‌ چاوی خۆت سه‌یر ده‌كه‌یت و سزای به‌دكاران ده‌بینیت. چونكه‌ وتت “ئه‌ی په‌روه‌ردگار تۆ په‌ناگای منیت”. هه‌ره‌به‌رزت كرد به‌ لانه‌ی خۆت. هیچ خراپه‌ت به‌سه‌ر نایه‌ت و هیچ به‌ڵایه‌ک له‌ ماڵت نزیک ناكه‌وێته‌وه‌. چونكه‌ فریشته‌كانی ڕاده‌سپێرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو ڕێگاكانت بتپارێزن. له‌سه‌ر ده‌ستیان هه‌ڵتبگرن، نه‌وه‌ک پێت به‌ر به‌ردێک بكه‌وێت. پێ‌ به‌ شێر و مار دا ده‌نێیت. به‌چكه‌ شێر و ئه‌ژدیها پێشێل ده‌كه‌یت. په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێت: “له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دڵی به‌ منه‌وه‌ به‌نده‌، ڕزگاری ده‌كه‌م. به‌رزی ده‌كه‌مه‌وه‌ چونكه‌ ناوی من ده‌ناسێت. هاوارم بۆ ده‌كات، وه‌ڵامی ده‌ده‌مه‌وه‌، له‌گه‌ڵیدام له‌ ته‌نگانه‌، د‌ربازی ده‌كه‌م و شكۆدرای ده‌كه‌م. به‌ ڕۆژگاری درێژ تێری ده‌كه‌م. ڕزگاریی خۆمی نیشان ده‌ده‌م”.

زەبوورەکان 1:91-16 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەوەی لە پەناگای هەرەبەرز دادەنیشێت، ئەوەی لە سێبەری خودای هەرە بەتوانا دەمێنێتەوە، بە یەزدان دەڵێ: «تۆ پەناگامی، قەڵامی، خودای منی، پشتت پێ دەبەستم.» بێگومان لە تۆڕی ڕاوچی دەربازت دەکات، لە دەرد و بەڵای کوشندە. بە باڵی خۆی داتدەپۆشێت، لەژێر باڵەکانی پەنا دەگریت و دڵسۆزییەکەی قەڵغان و شوورایە. نە لە تۆقینی شەو دەترسیت و نە لەو تیرەی بە ڕۆژ دەهاوێژرێت، نە لەو دەردەی کە لە تاریکی دێت، نە لەو ئافاتەی بە ڕۆژی نیوەڕۆ زیان دەبەخشێت. هەزار کەس لەتەنیشتت بەردەبنەوە، دە هەزار لەلای دەستی ڕاستت، بەڵام لە تۆ نزیک ناکەوێتەوە. بەڵکو تەنها بە چاوی خۆت سەیر دەکەیت و سزای بەدکاران دەبینیت. ئەگەر یەزدانت کرد بە پەناگات، هەرەبەرزت کرد بە لانەی خۆت، هیچ خراپەت بەسەرنایەت و هیچ بەڵایەک لە ماڵت نزیک ناکەوێتەوە. لەبەر ئەوەی سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات، بۆ ئەوەی لە هەموو هەنگاوێکت بتپارێزن، لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن، تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت. پێ بە شێر و ماری کۆبرادا دەنێیت، بەچکە شێر و ئەژدیها پێشێل دەکەیت. یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی دڵی بە منەوە بەندە، ڕزگاری دەکەم، دەیپارێزم، چونکە من دەناسێت. نزام بۆ دەکات، وەڵامی دەدەمەوە، لە تەنگانە لەگەڵیدام، دەربازی دەکەم و ڕێزداری دەکەم. بە ڕۆژگاری درێژ تێری دەکەم، ڕزگاریی خۆمی نیشان دەدەم.»