لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 1:22-21

ئاشکراکردن 1:22-21 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پاشان فریشته‌كه‌ ڕووباری ئاوی ژیانی پیشاندام، پرشنگدار وه‌ک شووشه‌، له‌ ته‌ختی خودا و كاوڕه‌كه‌ و به‌ ناوه‌ڕاستی بازاڕی شاره‌كه‌دا ده‌ڕوات. له‌ هه‌ردوو ڕۆخی ڕووباره‌كه‌دا دره‌ختی ژیان ڕوابوو كه‌ دوازده‌ جۆر به‌رهه‌م ده‌دات، هه‌ر مانگێک به‌رهه‌می خۆی ده‌دات. گه‌ڵای دره‌خته‌كه‌ش بۆ چاكبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كانه‌. ئیتر هیچ نه‌فره‌تێک نامێنێت. ته‌ختی خودا و كاوڕه‌كه‌ش له‌نێو شاره‌كه‌دا ده‌بن، به‌نده‌كانی ڕاژه‌ی ده‌كه‌ن و ڕووی ده‌بینن و ناوی له‌سه‌ر نێوچه‌وانیانه‌. له‌وێ شه‌و دانایه‌ت، پێویستییان به‌ چرا و ڕووناكی خۆر نابێت، چونكه‌ په‌روه‌ردگار خوداوه‌ند به‌سه‌ریاندا ده‌دره‌وشێته‌وه‌ و تاهه‌تایه‌ حوكمڕانی ده‌كه‌ن. پاشان پێی وتم: “ئه‌م وتانه‌ سه‌رڕاست و ڕه‌وان. په‌روه‌ردگار، خوداوه‌ندی ڕووحی پێغه‌مبه‌ره‌ پارساكان، فریشته‌كه‌ی خۆی نارد تاكو ئه‌و شتانه‌ پیشانی به‌نده‌كانی خۆی بدات كه‌ ده‌بێت زوو ڕووبده‌ن”. “ئه‌وه‌تا خێرا دێم! به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی وته‌كانی پێشبینیی ئه‌م سیپاره‌یه‌ ده‌پارێزێت”. من یوخه‌ننه‌نم، ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م شتانه‌م بینی و بیستم. كاتێ بینیم و بیستم، كه‌وتم بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رپێی ئه‌و فریشته‌یه‌ كڕنۆش ببه‌م، كه‌ ئه‌م شتانه‌ی پیشانده‌دام. جا پێی وتم: “وا مه‌كه‌! منیش وه‌ک تۆ به‌نده‌ی هاوكارتم، له‌گه‌ڵ برا پێغه‌مبه‌ره‌كانت و ئه‌وانه‌ی وته‌كانی ئه‌م سیپاره‌یه‌ ده‌پارێزن. كڕنۆش بۆ خودا ببه‌!”. هه‌روه‌ها پێی وتم: “مۆر له‌ وشه‌كانی پێشبینی ئه‌م سیپاره‌یه‌ مه‌ده‌، چونكه‌ كاته‌كه‌ نزیكه‌. ئه‌وه‌ی سته‌مكاره‌ با هه‌ر سته‌مكاری بكات. ئه‌وه‌ی گڵاوه‌ با هه‌ر گڵاو بێت، ئه‌وه‌ی خوداناسه‌ با هه‌ر كاری خوداناسی بكات، ئه‌وه‌ی پارساشه‌ با هه‌ر پارسا بێت”. “ئه‌وه‌تا خێرا دێم! پاداشتی خۆم پێیه‌، تاكو پاداشتی هه‌ر كه‌سێک به‌گوێره‌ی كاره‌كه‌ی بده‌مه‌وه‌. منم ئه‌لف و یێ، سه‌ره‌تا و پایان، یه‌كه‌مین و دواهه‌مین”. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وانه‌ی ڕاسپارده‌كانی ده‌پارێزن، تاكو مافیان له‌ دره‌ختی ژیان هه‌بێت، له‌ ده‌رگاكانه‌وه‌ بچنه‌ نێو شاره‌كه‌. سه‌گه‌كان و جادووگه‌ران و داوێنپیسان و بكوژان و بتپه‌رستان و هه‌موو درۆزن و ئه‌وانه‌ی حه‌ز له‌ درۆ ده‌كه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌بن. “من ئیشۆعم، فریشته‌كه‌ی خۆم نارد تاكو به‌م شتانه‌ گه‌واهیی بۆ وارگه‌كان بده‌م. من له‌ ڕه‌گ و نه‌وه‌ی داویدم، هه‌ساره‌ی پرشنگداری به‌یانی”. ڕووح و بووک ده‌فه‌رموون: “وه‌ره‌!”. ئه‌وه‌ی ده‌بیستێ با بڵێت: “وه‌ره‌!”. ئه‌وه‌ی تینوویه‌تی با بێت، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت با به‌خۆڕایی ئاوی ژیان ببات. گه‌واهیی ده‌ده‌م بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی وته‌كانی پێشبینیی ئه‌م سیپاره‌یه‌ ده‌بیستن: ئه‌گه‌ر كه‌سێک بۆ ئه‌مانه‌ زیاد بكات، خودا ئه‌و ده‌ردانه‌ی له‌سه‌ر زیاد ده‌كات كه‌ له‌م سیپاره‌یه‌دا نووسراوه‌. ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش له‌ وته‌كانی پێشبینیی ئه‌م سیپاره‌یه‌ بسڕێته‌وه‌، خودا له‌ سیپاره‌ی ژیان و له‌ شاره‌ پارسا‌كه‌ بێبه‌شی ده‌كات و له‌وه‌ی له‌م سیپاره‌یه‌دا نووسراوه‌. گه‌واهیده‌ری ئه‌مانه‌ ده‌فه‌رمووێ: “به‌ڵێ! خێرا‌ دێم”. ئــامـیــن! وه‌ره‌، ئــیــشــۆعــی پــه‌روه‌ردگــار. به‌خششی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆع له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت. ئــامــیـن.

ئاشکراکردن 1:22-21 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پاشان فریشتەکە ڕووباری ئاوی ژیانی پیشاندام، پڕشنگدار وەک کریستاڵ، لە تەختی خودا و بەرخەکە و بە ناوەڕاستی شەقامی شارەکەدا دەڕوات. لە هەردوو ڕۆخی ڕووبارەکەدا درەختی ژیان ڕوابوو کە دوازدە جار بەرهەم دەدات، هەر مانگە و بەرهەمێک. گەڵای درەختەکەش بۆ چاکبوونەوەی نەتەوەکانە. ئیتر هیچ نەفرەتێک نامێنێت. تەختی خودا و بەرخەکەش لەناو شارەکەدا دەبن، بەندەکانی خزمەتی دەکەن و ڕووی دەبینن و ناوی لەسەر نێوچەوانیانە. لەوێ شەو دانایەت و پێویستییان بە چرا و ڕووناکی خۆر نابێت، چونکە یەزدانی پەروەردگار بەسەریاندا دەدرەوشێتەوە و بۆ هەتاهەتایە فەرمانڕەوایەتی دەکەن. پاشان پێی فەرمووم: «ئەم وشانە ڕاست و جێی متمانەن. خودای پەروەردگاری ڕۆحی پێغەمبەران، فریشتەکەی خۆی نارد تاکو ئەو شتانە پیشانی بەندەکانی خۆی بدات کە دەبێت زوو ڕووبدەن.» «ئەوەتا بە پەلە دێم! خۆزگە دەخوازرێت بەوەی پێشبینییەکانی ئەم پەڕتووکە وشە بە وشە پەیڕەو دەکات.» من یۆحەنام، ئەوەی کە ئەم شتانەم بینی و بیستم. کاتێک بینیم و بیستم، کەوتم بۆ ئەوەی لەبەرپێی ئەو فریشتەیە کڕنۆش ببەم کە ئەم شتانەی پیشاندەدام. جا پێی گوتم: «وا مەکە! منیش وەک تۆ بەندەی هاوکارتم، لەگەڵ خوشک و برا پێغەمبەرەکانت و ئەوانەی پەیامی ئەم پەڕتووکە پەیڕەو دەکەن. کڕنۆش بۆ خودا ببە!» هەروەها پێی گوتم: «پەیامی پێشبینییەکانی ئەم پەڕتووکە مەشارەوە، چونکە کاتەکە نزیکە. ئەوەی ستەمکارە با هەر ستەم بکات، ئەوەی گڵاوە با هەر گڵاو بێت، ئەوەی ڕاستودروستە با هەر کاری ڕاستودروست بکات، ئەوەی پیرۆزیشە با هەر پیرۆز بێت. «ئەوەتا بە پەلە دێم! پاداشتی خۆم پێیە، تاکو پاداشتی هەرکەسێک بەگوێرەی کارەکەی بدەمەوە. من ئەلف و یێم، یەکەمین و دواهەمینم، سەرەتا و کۆتاییم. «خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی جلەکانیان دەشۆن، تاکو مافیان لە درەختی ژیان هەبێت و لە دەرگاکانەوە بچنە ناو شارەکە. سەگەکان و جادووگەران و داوێنپیسان و بکوژان و بتپەرستان و هەموو درۆزن و ئەوانەی حەز لە درۆ دەکەن لە دەرەوە دەبن. «من عیسام، فریشتەکەمم نارد تاکو بەم شتانە شایەتی بۆ کڵێساکان بدەم. من لە ڕەگ و نەوەی داودم، ئەستێرەی بەیانی پڕشنگدار.» ڕۆحی پیرۆز و بووک دەفەرموون: «وەرە!» ئەوەی گوێی لێیە با بڵێت: «وەرە!» ئەوەی تینوویەتی با بێت، ئەوەی دەیەوێت با بەخۆڕایی ئاوی ژیان ببات. من هەموو ئەوانە ئاگادار دەکەمەوە کە گوێیان لە وشەکانی پێشبینیی ئەم پەڕتووکە دەبێت، هەرکەسێک وشەیەک بۆ ئەم پێشبینییانە زیاد بکات ئەوا خودا ئەو دەردانەی لەسەر زیاد دەکات کە لەم پەڕتووکەدا نووسراون. ئەگەر کەسێکیش وشەیەکی پێشبینییەکانی ئەم پەڕتووکە بسڕێتەوە، خودا لە درەختی ژیان و لە شارە پیرۆزەکە بێبەشی دەکات، ئەوەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە. شایەتی ئەمانە دەفەرموێ: «بەڵێ، بە پەلە دێم.» ئامین! وەرە، عیسای خاوەن شکۆ. با نیعمەتی عیسای خاوەن شکۆ لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین.