لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕۆما 8:4-25

ڕۆما 8:4-25 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و مرۆڤه‌ی كه‌ په‌روه‌ردگار گوناهی له‌سه‌ر ناژمێرێت} . ئایا ئه‌م به‌خته‌وه‌ریه‌ ته‌نها بۆ خروسه‌بڕاوانه‌ یان بۆ خروسه‌نه‌بڕاوانیشه‌؟ چونكه‌ ده‌ڵێین، باوه‌ڕ بۆ ئه‌وڕاهه‌م به‌ بێتاوانی دانرا. كه‌واته‌ چۆن دانرا؟ به‌ خروسه‌بڕان یان بێ خروسه‌بڕان؟ نه‌ک خروسه‌بڕان به‌ڵكو بێ خروسه‌بڕان! ئیتر نیشانه‌ی خروسه‌بڕانی وه‌رگرت، مۆری بێتاوانیی باوه‌ڕ بێ خروسه‌بڕان، تاكو ببێته‌ باوكی هه‌موو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕ ده‌هێنن و خروسه‌یان نه‌بڕاوه‌، تاكو بۆیان به‌ بێتاوانی دابنرێت. هه‌روه‌ها باوكی ئه‌و خروسه‌بڕاوانه‌ی نه‌ک ته‌نها خروسه‌بڕاوان، به‌ڵكو هه‌نگاوه‌كانی باوه‌ڕی ئه‌وڕاهه‌می باوكیشمان ده‌پارێزن، كه‌ هێشتا خروسه‌ی نه‌بڕابوو. جا ئه‌و به‌ڵێنه‌ی بۆ ئه‌وڕاهه‌م یان بۆ نه‌وه‌كه‌ی بوو تاكو ببێته‌ میراتگری جیهان، به‌هۆی ته‌ورات نه‌بوو، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌و بێتاوانیی باوه‌ڕه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ته‌وراتداران میراتگر بن، ئه‌وا باوه‌ڕ بێ سوود ده‌بێت و به‌ڵێنیش پووچه‌ڵ ده‌بێت، چونكه‌ ته‌ورات تووڕه‌یی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ته‌ورات نه‌بێت، سه‌رپێچیش نییه‌. بۆیه‌ به‌ڵێن له‌ باوه‌ڕه‌وه‌یه‌، تاكو به‌گوێره‌ی به‌خشش بێت و بۆ هه‌موو نه‌وه‌كه‌ مسۆگه‌ر بێت، نه‌ک ته‌نها بۆ ته‌وراتداران، به‌ڵكو بۆ ئه‌وانه‌ش كه‌ باوه‌ڕی ئه‌وڕاهه‌میان هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی باوكی هه‌موومانه‌، وه‌كو نووسراوه‌: {من تۆم كرده‌ باوكی چه‌ندان نه‌ته‌وه‌} . له‌به‌رچاوی خودا كه‌ باوه‌ڕی پێ هێنا، ئه‌وه‌ی مردوو زیندوو ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و شتانه‌ی بوونیان نییه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌بێت بانگیان ده‌كات. هه‌رچه‌نده‌ هیواش بڕابوو، به‌ هیواوه‌ باوه‌ڕی هێنا كه‌وا ده‌بێته‌ باوكی چه‌ندان نه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌كو وتراوه‌: {نه‌وه‌كه‌ت وه‌ها ده‌بێت} . باوه‌ڕیشی لاواز نه‌بوو كه‌ بینی له‌شی وا مردووه‌، نزیكه‌ی سه‌د ساڵ بوو، هه‌روه‌ها مردوویه‌تی منداڵدانی سارا. به‌ بێباوه‌ڕی گومانی له‌ به‌ڵێنی خودا نه‌كرد، به‌ڵكو له‌ باوه‌ڕ به‌هێز بوو و خودای شكۆدار كرد، دڵنیابوو كه‌ خودا توانای هه‌یه‌ به‌ڵێنی خۆی بباته‌سه‌ر. بۆیه‌ {به‌ بێتاوانیی بۆی دانرا} . ئه‌وه‌ی نووسراوه‌: {بۆی دانرا} ته‌نها له‌ پێناوی ئه‌و نه‌بوو، به‌ڵكو له‌ پێناوی ئێمه‌شه‌، جا بۆمان به‌ بێتاوانی داده‌نرێت، كه‌ باوه‌ڕمان هه‌یه‌ به‌وه‌ی ئیشۆعی په‌روه‌ردگارمانی له‌نێو مردوواندا هه‌ستانده‌وه‌. ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی گوناهه‌كانمان به‌ ڕاده‌ست كرا و له‌ پێناوی بێتاوانكردنمان هه‌ستێنرایه‌وه‌.

هاوبەشی بکە
ڕۆما 4 بخوێنەوە

ڕۆما 8:4-25 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی کە یەزدان گوناهی لەسەر ناژمێرێت.﴾ ئایا ئەم خۆزگەخواستنە تەنها بۆ خەتەنەکراوانە یان بۆ خەتەنەنەکراوانیشە؟ ئێمە دەڵێین باوەڕ بۆ ئیبراهیم بە ڕاستودروستی دانرا. کەواتە چۆن دانرا؟ بە خەتەنەکردن یان بێ خەتەنەکردن؟ بە خەتەنەکردن نا بەڵکو بێ خەتەنەکردن! ئیتر ئیبراهیم نیشانەی خەتەنەکردنی وەرگرت، لە ڕێگەی باوەڕەوە بێ خەتەنەکردن مۆری ڕاستودروستی وەرگرت، تاکو ببێتە باوکی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن و خەتەنە نەکراون، تاکو بۆیان بە ڕاستودروستی دابنرێت. هەروەها باوکی ئەوانەی کە نەک تەنها خەتەنە کراون، بەڵکو کەوتوونەتە شوێن ئەو باوەڕەی کە ئیبراهیمی باوکمان هەیبوو پێش ئەوەی خەتەنە بکرێت. جا ئەو بەڵێنەی بە ئیبراهیم یان بە نەوەکەی درابوو کە ببێتە میراتگری جیهان، بەهۆی شەریعەتەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی ئەو ڕاستودروستییەوە بوو کە لە ڕێگەی باوەڕەوە بوو، چونکە ئەگەر ئەوانەی کە پشت بە شەریعەت دەبەستن میراتگر بن، ئەوا باوەڕ بێ سوود دەبێت و بەڵێنی خوداش پووچەڵ، چونکە شەریعەت تووڕەیی خودای لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر شەریعەت نەبێت، سەرپێچییش نییە. بۆیە بەڵێن لە باوەڕەوەیە، تاکو بەگوێرەی نیعمەت بێت و بۆ هەموو نەوەکانی ئیبراهیم مسۆگەر بێت، نەک تەنها بۆ ئەوانەی کە پشت بە شەریعەت دەبەستن، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە هەمان باوەڕی ئیبراهیمیان هەیە. ئەو باوکی هەموومانە، وەکو نووسراوە: ﴿من تۆم کردووە بە باوکی چەندین نەتەوە.﴾ ئیبراهیم باوکمانە لەبەرچاوی خودا کە باوەڕی پێ هێنا، ئەوەی مردوو زیندوو دەکاتەوە و ئەو شتەی بوونی نییە دەیهێنێتە بوون. هەرچەندە هیچ هیوا و ئومێدێک بەدی نەدەکرا، بەڵام ئیبراهیم ئومێدەوار بوو و باوەڕی بەوە هێنا کە دەبێتە باوکی چەندین نەتەوە، بەگوێرەی ئەوەی گوترابوو: ﴿نەوەکەت بەم شێوەیە دەبێت.﴾ باوەڕیشی لاواز نەبوو کە بینی لەشی وا مردووە، چونکە تەمەنی نزیکەی سەد ساڵ بوو، هەروەها سارای ژنیشی لە سکوزا چووبووەوە. بە بێباوەڕی گومانی لە بەڵێنی خودا نەکرد، بەڵکو باوەڕی بەهێز بوو و خودای شکۆدار کرد، دڵنیابوو کە خودا توانای هەیە بەڵێنی خۆی بباتەسەر. لەبەر ئەمە ﴿بە ڕاستودروستی بۆی دانرا.﴾ ئەوەی نووسراوە: ﴿بۆی دانرا﴾ تەنها لە پێناوی ئەودا نەبوو، بەڵکو لە پێناوی ئێمەشدا بوو، جا بۆمان بە ڕاستودروستی دادەنرێت، کە باوەڕمان هەیە بەوەی عیسای خاوەن شکۆمانی لەنێو مردووان هەستاندەوە. ئەوەی لە پێناوی گوناهەکانمان بە گرتن درا و لە پێناوی بێتاوانکردنمان هەستێنرایەوە.

هاوبەشی بکە
ڕۆما 4 بخوێنەوە