لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووه‌م قۆرنتێ 7

7
1 خۆشه‌ویستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌ڵێنانه‌مان هه‌یه‌، با خۆمان له‌ هه‌موو گڵاوییه‌كی جه‌سته‌ و ڕووح بێگه‌رد بكه‌ینه‌وه‌، له‌ ترسی خودادا پارسایی ته‌واو بكه‌ین.
2 دڵتان بۆمان بكه‌نه‌وه‌. سته‌ممان له‌ كه‌س نه‌كردووه‌، كه‌سمان گه‌نده‌ڵ نه‌كردووه‌، چڵێسیمان به‌كه‌س نه‌بردووه‌. 3 ئه‌مه‌ ناڵێم تا تاوانبارتان بكه‌م، چونكه‌ پێشتر وتوومه‌ كه‌ ئێوه‌ له‌ دڵماندان، تا له‌گه‌ڵتان بمرین و له‌گه‌ڵتان بژین. 4 زۆر متمانه‌م پێتان هه‌یه‌، زۆر شانازیشتان پێوه‌ ده‌كه‌م، له‌ هه‌موو ته‌نگانه‌كانماندا پڕبووم له‌ دڵنه‌وایی و شادییه‌كی زۆر. 5 چونكه‌ له‌وه‌ته‌ی هاتووینه‌ته‌ ماقیدۆنیا، جه‌سته‌مان حه‌سانه‌وه‌ی نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌موو لایه‌ک هه‌راسان بووین. له‌ ده‌ره‌وه‌ ناكۆكی و له‌ ناوه‌وه‌ ترس. 6 به‌ڵام خودا كه‌ دڵنه‌وایی خاكساره‌كان ده‌كات، به‌ هاتنی تتوس دڵنه‌وایی كردین، 7 نه‌ک ته‌نها به‌ هاتنی، به‌ڵكو به‌و دڵنه‌واییه‌ی له‌لایه‌ن ئێوه‌ كراوه‌. بۆی گێڕاینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی په‌رۆشی و په‌ژاره‌ و دڵگه‌رمیتان بۆ من، زیاتر دڵشاد بووم. 8 جا ئه‌گه‌ر به‌ په‌یامه‌كه‌ خه‌مبارم كردبن، په‌شیمان نیم، هه‌رچه‌نده‌ په‌شیمان بوومه‌وه‌، چونكه‌ ده‌بینم په‌یامه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ک خه‌مباری كردن. 9 به‌ڵام ئێستا دڵشادم، نه‌ک كه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێوه‌ خه‌مبار بوون، به‌ڵكو چونكه‌ خه‌مباریتان ئێوه‌ی بۆ تۆبه‌كردن برد. چونكه‌ به‌گوێره‌ی ویستی خودا خه‌مبار بوون، تاكو به‌هۆی ئێمه‌وه‌ هیچ زیانێک نه‌كه‌ن. 10 چونكه‌ خه‌مباری به‌گوێره‌ی ویستی خودا، تۆبه‌كردنی به‌ره‌و ڕزگاری تێدایه‌ و بێ په‌شیمانییه‌، به‌ڵام خه‌مباریی جیهان مه‌رگی تێدایه‌. 11 كه‌واته‌ سه‌یر بكه‌ن خه‌مباری به‌گوێره‌ی ویستی خودا چه‌ندی له‌ ئێوه‌دا به‌رهه‌م هێناوه‌: چ تێكۆشانێک، چ ناڕه‌زاییه‌ک، چ تووڕه‌ییه‌ک، چ ترسێک، چ تامه‌زرۆییه‌ک، چ دڵگه‌رمییه‌ک، چ تۆڵه‌یه‌ک. له‌ هه‌موو شتێكدا خۆتان سه‌لماند كه‌ بێتاوانن له‌و باسه‌دا. 12 كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر بۆم نووسیون، له‌ پێناوی تاوانبار یاخود تاوان لێكراو نییه‌، به‌ڵكو تاكو تێكۆشانمان بۆ ئێوه‌ له‌به‌رده‌م خودا بۆتان ده‌ربكه‌وێت، 13 بۆیه‌ دڵنه‌وایی كراین. به‌ڵام له‌سه‌ر دڵنه‌واییه‌كه‌، به‌هۆی دڵخۆشی تتوس زۆر زیاتر دڵخۆش بووین، چونكه‌ ڕووحی به‌ هه‌مووتان حه‌سایه‌وه‌. 14 ئه‌گه‌ر به‌رامبه‌ر ئه‌و شانازیم به‌ ئێوه‌ كردبێت، شه‌رمم نه‌كردووه‌، به‌ڵكو وه‌ک هه‌موو شتێكمان به‌ ڕاستگۆیی پێ وتن، شانازیمان لای تتوس بووه‌ ڕاستی. 15 دڵیشی زیاتر بۆتان ده‌چێت كه‌ یادی گوێڕایه‌ڵی هه‌مووتان ده‌كاته‌وه‌، چۆن به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ پێشوازیتان لێكرد. 16 دڵشادم كه‌ له‌ هه‌موو شتێكدا لێتان دڵنیام.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

دووه‌م قۆرنتێ 7: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە