لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 15

15
1 هه‌ندێ كه‌س له‌ ئیهووده‌وه‌ بۆ ئینتیاكیا هاتن و برایانیان فێرده‌كرد: “ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی ته‌وراتی مووشێ خروسه‌بڕان نه‌كرێن، ناتوانن ڕزگاربن”. 2 كاتێ ده‌مه‌قاڵه‌ و مشتومڕێكی زۆر له‌لایه‌ن پۆڵۆس و به‌رنڤا له‌گه‌ڵ ئه‌وان ڕوویدا، پۆڵۆس و به‌رنڤا له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ دیاری كران، تاكو سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ بۆ لای په‌یامبه‌ران و پیران به‌ره‌و یروشلایم سه‌ربكه‌ون. 3 پاش ئه‌وه‌ی وارگه‌ ماڵئاواییان لێكردن، به‌ نێو پۆنیقێ و شمرندا تێپه‌ڕین، باسیان ده‌كرد كه‌ نه‌ته‌وه‌كانیش گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، جا شادییه‌كی زۆریان له‌نێو هه‌موو برایاندا بڵاو ده‌كرده‌وه‌. 4 كاتێ له‌ یروشلایمدا ئاماده‌بوون، وارگه‌ و په‌یامبه‌ران و پیران پێشوازییان لێكردن، ئه‌وانیش هه‌واڵی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان پێدان كه‌ خودا به‌هۆیانه‌وه‌ كردبووی. 5 به‌ڵام هه‌ندێک له‌وانه‌ی سه‌ر به‌ ڕێبازی په‌ڕیشییه‌كان بوون و باوه‌ڕیان هێنابوو، هه‌ستان و وتیان: “ده‌بێت ئه‌وانه‌ خروسه‌بڕان بكرێن و فه‌رمانیان پێ بكرێت كه‌ كار به‌ ته‌وراتی مووشێ بكه‌ن”.
6 جا په‌یامبه‌ران و پیران بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ كۆبوونه‌وه‌. 7 پاش گفتوگۆیه‌كی زۆر، په‌تڕۆس هه‌ستا و پێی وتن: “برایان، ئێوه‌ ده‌زانن پێش ماوه‌یه‌ک، خودا له‌نێو ئێمه‌دا هه‌ڵیبژارد كه‌ له‌ ده‌می منه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌كان په‌یامی ئینجیل ببیستن و باوه‌ڕ بهێنن. 8 خودای دڵناس، گه‌واهیی بۆیان دا به‌ به‌خشینی ڕووحی پارسا به‌وانیش هه‌روه‌ک به‌ ئێمه‌. 9 به‌ هیچ شتێک جیاوازی له‌نێوان ئێمه‌ و ئه‌واندا نه‌كردووه‌، به‌ باوه‌ڕ دڵی ئه‌وانیشی بێگه‌رد كردووه‌ته‌وه‌. 10 ئیتر بۆچی ئێوه‌ خودا تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ نیرێک ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی قوتابییه‌كان، ئه‌وه‌ی نه‌ باوكانمان و نه‌ خۆمان توانیمان هه‌ڵیبگرین؟ 11 به‌ڵام باوه‌ڕمان هه‌یه‌ كه‌ به‌ به‌خششی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار ڕزگار ده‌بین، هه‌روه‌ها ئه‌وانیش”. 12 ئیتر هه‌موو جه‌ماوه‌ره‌كه‌ بێده‌نگ بوون و گوێیان له‌ به‌رنڤا و پۆڵۆس گرت، باسی ئه‌و په‌رجوو و نیشانانه‌یان ده‌كرد كه‌ خودا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان ئه‌نجامی داوه‌.
13 دوای ئه‌وه‌ی ته‌واوبوون، یاقوو وتی: “برایان گوێم لێ بگرن: 14 شیمعون ڕوونی كرده‌وه‌ چۆن خودا یه‌كه‌مجار بایه‌خی خۆی به‌ نه‌ته‌وه‌كان نیشانداوه‌، تا له‌نێو ئه‌واندا گه‌لێک بۆ ناوی خۆی ببات. 15 وته‌ی پێغه‌مبه‌رانیش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ ڕێک ده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ک نووسراوه‌: 16 {دوای ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ڕه‌شماڵه‌ كه‌وتووه‌كه‌ی داوید بنیاد ده‌نێمه‌وه‌، ڕووخاوییه‌كانی بنیاد ده‌نێمه‌وه‌ وسه‌رله‌نوێ هه‌ڵیده‌ده‌مه‌وه‌، 17 تاكو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ داوای په‌روه‌ردگار بكه‌ن، هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ناوی منیان هه‌ڵگرتووه‌. په‌روه‌ردگار ئاوا ده‌فه‌رمووێ، ئه‌وه‌ی دروستكاری ئه‌م شتانه‌یه‌ 18 كه‌وا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ش زانراون}. 19 بۆیه‌ وای به‌ باش ده‌زانم قورسایی نه‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی له‌ نه‌ته‌وه‌كانن كه‌ بۆ لای خودا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، 20 به‌ڵكو بۆیان بنووسین، خۆیان بگرن له‌ گڵاوی بته‌كان و له‌ داوێنپیسی و خنكێندراو و خوێن. 21 چونكه‌ هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ بانگه‌وازی مووشێ له‌ هه‌موو شارێک كرابوو و هه‌موو شه‌ممه‌یه‌ک له‌ كه‌نیشته‌كان ده‌خوێندرایه‌وه‌”.
22 ئینجا په‌یامبه‌ران و پیران و هه‌موو وارگه‌ به‌باشیان زانی دوو پیاو له‌نێو خۆیان هه‌ڵبژێرن و له‌گه‌ڵ پۆڵۆس و به‌رنڤا بۆ ئینتیاكیا بیاننێرن: ئیهوودا كه‌ نازناوی به‌ڕشه‌ببایه‌ له‌گه‌ڵ شیلا، دوو پیاوی پێشكه‌وتوو بوون له‌نێو برایان. 23 به‌ ده‌ستی خۆیان ئاوایان نووسی: “له‌ په‌یامبه‌ران و پیران و برایانه‌وه‌، بۆ ئه‌و برایانه‌ی له‌ نه‌ته‌وه‌كانن له‌ ئینتیاكیا و سوریا و قیلیقیا: ئاشتی بۆ ئێوه‌. 24 بیستمان هه‌ندێ كه‌س له‌لای ئێمه‌وه‌ ده‌رچوون و بێ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ فه‌رمانیان پی بده‌ین، به‌ قسه‌كانیان بێزار و دڵگرانیان كردوون كه‌ وتوویانه‌ ده‌بێ خروسه‌بڕان‌ بكه‌ن و به‌گوێره‌ی ته‌ورات بكه‌ن. 25 بۆیه‌ به‌ باشمان زانی به‌ یه‌ک بیروڕاوه‌ چه‌ند پیاوێک هه‌ڵبژێرین و له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستانمان به‌رنڤا و پۆڵۆس بۆ لاتان بنێرین 26 پیاوانێک كه‌ خۆیان به‌خت كردووه‌ له‌ پێناوی ناوی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح. 27 جا ئیهوودا و شیلامان بۆ ناردن تاكو هه‌مان شتتان به‌ زار پێ ڕابگه‌یه‌نن. 28 چونكه‌ ڕووحی پارسا و ئێمه‌ش وامان به‌ باش زانی هیچ قورساییه‌ک نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر شانتان، جگه‌ له‌مانه‌ كه‌ پێویستن: 29 خۆتان بگرن له‌و قوربانییانه‌ی بۆ بت پێشكه‌ش كراون، هه‌روه‌ها له‌ خوێن و خنكێندراو و‌ داوێنپیسی، ئه‌گه‌ر خۆتان له‌مانه‌ پاراست، شتی چاک ده‌كه‌ن. سه‌لامه‌ت بن”.
30 ئه‌مانیش كه‌ به‌ڕێكران، بۆ ئینتیاكیا هاتن، جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان كۆكرده‌وه‌ و په‌یامه‌كه‌یان پێشكه‌ش كرد. 31 كاتێ خوێندیانه‌وه‌ به‌و دڵنه‌واییانه‌ی تیایدا بوو دڵشاد بوون. 32 ئيهوودا و شیلاش كه‌ خۆیان پێغه‌مبه‌ر بوون، به‌ زۆر وته‌ ئامۆژگاریی برایانیان كرد و وره‌یان به‌رزكردنه‌وه‌. 33 پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كیان به‌سه‌ربرد، له‌لایه‌ن برایانه‌وه‌، به‌ ئاشتییه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ كرانه‌وه‌ بۆ لای په‌یامبه‌ران، 34 به‌ڵام شیلا به‌لایه‌وه‌ باشتر بوو له‌وێ بمێنێته‌وه‌. 35 پۆڵۆس و به‌رنڤاش هه‌ر له‌ ئینتیاكیا مانه‌وه‌، موژده‌ به‌ خه‌ڵكێكی زۆریان ده‌دا وشه‌ی په‌روه‌ردگاریان فێرده‌كردن.
36 پاش چه‌ند ڕۆژێک پۆڵۆس به‌ به‌رنڤای وت: “با بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر له‌ برایان بده‌ین، له‌ هه‌موو شارێک كه‌ وشه‌ی په‌روه‌ردگارمان تیایدا ڕاگه‌یاندووه‌ و هه‌واڵیان بزانین”. 37 به‌رنڤاش پێشنیاری كرد یوخه‌ننه‌ن كه‌ نازناوی مه‌رقوسه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان بیبه‌ن. 38 به‌ڵام پۆڵۆس پێی باش بوو ئه‌وه‌ی له‌ په‌مپۆلیا لێیان جیابووه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیان بۆ كاره‌كه‌ نه‌ڕۆیشت، ئه‌و له‌گه‌ڵ خۆیان نه‌به‌ن. 39 له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌مه‌قاڵه‌ كه‌وته‌ نێوانیان و له‌یه‌كتری جیا بوونه‌وه‌. ئه‌وسا به‌رنڤا مه‌رقوسی له‌گه‌ڵ خۆی برد و به‌ ده‌ریادا بۆ قوبڕس چوو. 40 به‌ڵام پۆڵۆس شیلای هه‌ڵبژارد و ده‌رچوو، له‌لایه‌ن برایانه‌وه‌ به‌ به‌خششی خودای سپارد. 41 ئینجا چوونه‌ سوریا و قیلیقیا و وارگه‌كانیان به‌هێز ده‌كرد.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

كردار 15: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە