لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 16

16
1 پۆڵۆس گه‌یشته‌ ده‌ڕبێ و پاشان لیستره‌، له‌وێ قوتابییه‌ک به‌ ناوی تیماتیئوس هه‌بوو، دایكی جووێكی باوه‌ڕدار بوو، به‌ڵام باوكی یۆنانی بوو. 2 برایان له‌ لیستره‌ و ئیقانون گه‌واهییان بۆ ده‌دا. 3 پۆڵۆس ده‌یوسیت تیماتیئوس له‌گه‌ڵی ده‌ربچێت، جا بردی و خروسه‌بڕانی كرد، له‌به‌ر ئه‌و جووانه‌ی له‌و ناوچانه‌ بوون، چونكه‌ هه‌موو ده‌یانزانی باوكی یۆنانییه‌. 4 ئیتر به‌ شاره‌كاندا تێده‌په‌ڕین و ئه‌و پرسانه‌ی له‌لایه‌ن په‌یامبه‌ران و پیرانه‌وه‌ له‌ یروشلایم بڕیاریان له‌سه‌ر درابوو، پێیان ڕاده‌گه‌یاندن تاكو په‌یڕه‌وی بكه‌ن.
5 جا وارگه‌كان له‌ باوه‌ڕدا به‌هێز ده‌بوون و ڕۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌یان زیادی ده‌كرد. 6 ئینجا به‌ ناوچه‌كانی پرۆگیا و گه‌ڵاتیه‌ تێپه‌ڕین، چونكه‌ ڕووحی پارسا ڕێی نه‌دان له‌ ئاسیا وشه‌كه‌ ڕابگه‌یه‌نن. 7 كاتێ گه‌یشتنه‌ میسیا هه‌وڵیان دا به‌ره‌و بیسینیا بڕۆن، به‌ڵام ڕووح ڕێگای نه‌دان. 8 ئه‌وسا به‌ میسیادا تێپه‌ڕین و هاتنه‌ ترۆئۆس. 9 له‌ شه‌ودا پۆڵۆس بینینێكی بینی، پیاوێكی ماقیدۆنیایی ڕاوه‌ستابوو، لێی ده‌پاڕایه‌وه‌: “بپه‌ڕه‌وه‌ بۆ ماقیدۆنیا و یارمه‌تیمان بده‌!”. 10 كاتێ بینینه‌كه‌ی بینی، یه‌كسه‌ر هه‌وڵماندا بۆ ماقیدۆنیا بڕۆین، دڵنیا بووین كه‌ خودا بانگی كردووین تاكو موژده‌یان بده‌ینێ.
11 جا به‌ ده‌ریادا له‌ ترۆئۆسه‌وه‌ ڕێک بۆ سامۆتراقێ ڕۆیشتین و بۆ ڕۆژی دوایی بۆ نیاپۆلیس. 12 له‌وێشه‌وه‌ بۆ پیلیۆس كه‌ یه‌كه‌م شاری ناوچه‌ی ماقیدۆنیایه‌ و جێنشینی ڕۆمانییه‌كانه‌، له‌وێ چه‌ند ڕۆژێک ماینه‌وه‌. 13 له‌ شه‌ممه‌دا چووینه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار بۆ سه‌ر ڕووبار و وه‌كو نه‌ریتی هه‌میشه‌یی نوێژمان كرد. ئینجا دانیشتین و له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ی كۆبووینه‌وه‌ و قسه‌مان كرد. 14 له‌ شاری تیئۆتیڕا ژنێكی خواپه‌رست به‌ ناوی لوودییا گوێی ده‌گرت، ئه‌رخه‌وان فرۆش بوو. په‌روه‌ردگار دڵی كرده‌وه‌ تاكو سه‌رنج بداته‌ قسه‌كانی پۆڵۆس. 15 كاتێ خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی عه‌مادكران، پاڕایه‌وه‌ و وتی: “ئه‌گه‌ر بڕیارتان داوه‌ من باوه‌ڕدارم به‌ په‌روه‌ردگار، وه‌رنه‌ ماڵه‌كه‌م و بمێننه‌وه‌”. ئیتر ناچاری كردین.
16 ئه‌وه‌بوو بۆ شوێنی نوێژكردن ده‌چووین، تووشی كاره‌كه‌رێک بووین ڕووحی فاڵچیێتی تێدابوو، به‌ فاڵچیێتییه‌كه‌ی قازانجێكی زۆری بۆ خاوه‌نه‌كانی به‌ده‌ست ده‌هێنا. 17 به‌دوای پۆڵۆس و ئێمه‌ كه‌وت و هاواری ده‌كرد و ده‌یوت: “ئه‌م مرۆڤانه‌ به‌نده‌ی خودای هه‌ره‌به‌رزن، ڕێگای ڕزگاریتان بۆ ڕاده‌گه‌یه‌نن”. 18 ڕۆژانێكی زۆر ئه‌مه‌ی ده‌كرد، تاكو پۆڵۆس بێزار بوو، ئاوڕی دایه‌وه‌ و به‌ ڕووحه‌كه‌ی وت: “به‌ ناوی ئیشۆعی مه‌سیح فه‌رمانت پێ ده‌كه‌م، لێی ده‌رچوو!”. هه‌ر له‌و كاته‌دا ده‌رچوو.
19 كاتێ خاوه‌نه‌كانی بینییان هیوای داهاتیان بڕا، پۆڵۆس و شیلایان گرت، ڕایانكێشانه‌ بازاڕ بۆ به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتداران. 20 بردییاننه‌ پێش دادوه‌ران و وتیان: “ئه‌م پیاوانه‌ شاره‌كه‌مان ده‌شێوێنن، جوون و 21 نه‌ریتێک بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ی ڕۆمانی نابێ په‌سه‌ندی بكه‌ین یان كاری پێ بكه‌ین”. 22 ئیتر كۆمه‌ڵه‌كه‌ پێكڕا لێیان هه‌ستان و فه‌رمانڕه‌واكان جله‌كانیان دڕاند و فه‌رمانیان دا داركاری بكرێن. 23 جا زۆر داركارییان كردن و خستیاننه‌ زیندانه‌وه‌، چاودێری زیندانه‌كه‌یان ڕاسپارد كه‌ به‌ توندی پاسه‌وانیان بكات. 24 ئه‌ویش كه‌ ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌ی وه‌رگرت، فڕێیدانه‌ نێو قووڵایی زیندانه‌كه‌ و پێیانی خسته‌ نێو كۆته‌وه‌.
25 له‌ نیوه‌ی شه‌ودا پۆڵۆس و شیلا نوێژیان ده‌كرد و ستایشی خودایان ده‌كرد، به‌ندكراوانیش گوێیان لێبو. 26 له‌ناكاو بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی مه‌زن ڕوویدا، گۆشه‌كانی زیندانه‌كه‌ی هه‌ژاند، یه‌كسه‌ر هه‌موو ده‌رگاكان كرانه‌وه‌ و كۆتی هه‌مووان كرایه‌وه‌. 27 كه‌ چاودێری زیندانه‌كه‌ به‌ ئاگا هات و بینی ده‌رگاكانی زیندانه‌كه‌ كراونه‌ته‌وه‌، شمشێری هه‌ڵكێشا به‌ته‌مابوو خۆی بكوژێت، وایزانی به‌ندكراوان ڕایانكردووه‌. 28 پۆڵۆس به‌ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد: “هیچ له‌ خۆت مه‌كه‌! هه‌موومان لێره‌ین!”، 29 ئه‌ویش داوای ڕووناكی كرد، چووه‌ ژووره‌وه‌ و ده‌له‌رزی، له‌به‌رده‌م پۆڵۆس و شیلا چۆكی دادا. 30 ئه‌وسا بردنییه‌ ده‌ره‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌كانم، پێویسته‌ چی بكه‌م تاكو ڕزگارم بێت؟” 31 وتیان: “باوه‌ڕ به‌ په‌روه‌ردگار ئیشۆعی مه‌سیح بهێنه‌، خۆت و خانه‌واده‌كه‌ت ڕزگارتان ده‌بێت”. 32 جا به‌ وشه‌ی په‌روه‌ردگار بۆ خۆی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌یدا بوون دووان. 33 ئیتر له‌و كاته‌ی شه‌و بردنی و برینه‌كانی تیماركردن، یه‌كسه‌ر خۆی و هه‌موو خێزانه‌كه‌ی عه‌مادكران. 34 ئینجا بردنییه‌ ماڵ و خواردنی بۆ دانان، خۆی و هه‌موو خێزانه‌كه‌ی زۆر دڵشادبوون، كه‌ باوه‌ڕیان به‌ خودا هێنا.
35 كه‌ ڕۆژ‌بووه‌وه‌ فه‌رمانڕه‌واكان پۆلیسیان نارد و وتیان: “ئه‌و دوو پیاوه‌ ئازاد بكه‌”. 36 چاودێری زیندان ئه‌م هه‌واڵه‌ی دایه‌ پۆڵۆس كه‌ فه‌رمانڕه‌وایان ناردوویانه‌ كه‌ ئازاد بكرێن، بۆیه‌ ئێستا وه‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ئاشتی بڕۆن. 37 جا پۆڵۆس پێی وتن: “بێ حوكمدان به‌ ئاشكرا داركارییان كردین و فڕێیانداینه‌ زیندان، ئێمه‌ش هاوڵاتیی ڕۆمانین، ئایا ئێستاش به‌ نهێنی قاومان ده‌ده‌ن؟ نه‌خێر! به‌ڵكو با خۆیان بێن ده‌رمان بهێنن”. 38 پۆلیسه‌كان ئه‌م قسانه‌یان به‌ فه‌رمانڕه‌وایان ڕاگه‌یاند، جا كاتێ زانییان ئه‌وان ڕۆمانین ترسان. 39 ئیتر هاتن و لێیان پاڕانه‌وه‌، بردییاننه‌ ده‌ره‌وه‌ و داوایان لێكردن شاره‌كه‌ به‌جێبهێڵن. 40 جا له‌ زیندانه‌كه‌ ده‌رچوون و چوونه‌ لای لوودییا، له‌وێ خوشک و برایانیان بینی و دڵنه‌واییان كردن و ده‌رچوون.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

كردار 16: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە