لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 1:22-29

كردار 1:22-29 PNTZS

“برایان و باوكان، ئێستا گوێ له‌و به‌رگرییه‌ بگرن كه‌ له‌ خۆمی ده‌كه‌م”. كاتێ گوێیان لێبوو به‌ زمانی عیبری قسه‌یان بۆ ده‌كات زیاتر بێده‌نگ بوون. ئه‌ویش وتی: “من جووم، له‌ ته‌رسوسی قیلیقیا له‌دایكبووم، به‌ڵام له‌م شاره‌دا گه‌وره‌ بووم، له‌به‌رده‌ستی گه‌ملیئێل به‌ توندی به‌گوێره‌ی ته‌وراتی باوكانمان فێركراوم. زۆر دڵگه‌رم بووم بۆ خودا، وه‌ک هه‌مووتان ئه‌مڕۆ. تاكو مردن ئه‌م ڕێگایه‌م چه‌وسانده‌وه‌، ژن و پیاوم ده‌گرت و ڕاده‌ستی زیندانم ده‌كردن، وه‌كو كاهینی باڵا و هه‌موو پیران گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن. په‌یامم بۆ برایانی دره‌مسوق له‌وان وه‌رگرت، چووم تاكو ئه‌وانه‌ی ئه‌وێش به‌ به‌ندكراوی بهێنمه‌ یروشلایم تاكو سزا بدرێن. ئه‌وه‌بوو كاتێ ده‌ڕۆیشتم و له‌ نیوه‌ڕۆدا له‌ دره‌مسوق نزیک ده‌بوومه‌وه‌، له‌ناكاو له‌ ئاسمانه‌وه‌ ڕووناكییه‌كی مه‌زن له‌ ده‌وروبه‌رم دره‌وشایه‌وه‌. كه‌وتمه‌ سه‌ر زه‌وی و گوێم له‌ ده‌نگێک بوو پێی فه‌رمووم: شاوول! شاوول! بۆچی ده‌مچه‌وسێنیته‌وه‌؟ وه‌ڵامم دایه‌وه‌: گه‌وره‌م، تۆ كێی؟ پێی فه‌رمووم: من ئیشۆعی ناسڕه‌تیم، ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یچه‌وسێنیته‌وه‌. هاوڵانم ڕووناكییه‌كه‌یان بینی و ترسیان لێ نیشت، به‌ڵام له‌و ده‌نگه‌ تێنه‌گه‌یشتن كه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌كرد. وتم: ئه‌ی په‌روه‌ردگار، چی بكه‌م؟ په‌روه‌ردگار پێی فه‌رمووم: هه‌سته‌ بڕۆ دره‌مسوق، له‌وێ هه‌موو ئه‌وه‌ی بۆت دانراوه‌ بیكه‌یت، پێت ده‌ووترێ. جا له‌به‌ر هێزی ڕووناكییه‌كه‌ نه‌مده‌بینی، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵم بوون ده‌ستیان گرتم و هێنامیانه‌ دره‌مسوق. پیاوێک به‌ ناوی خنه‌نیا، به‌گوێره‌ی ته‌ورات له‌خواترس بوو، هه‌موو جووی ئه‌وێ گه‌واهییان بۆ ده‌دا. هاته‌ لام، وه‌ستا و پێی وتم: شاوولی برام، ببینه‌! یه‌كسه‌ر ئه‌وم بینی. ئینجا وتی: خودای باوكانمان هه‌ڵیبژاردووی تاكو خواستی بزانیت، هه‌روه‌ها بێتاوانه‌كه‌ ببینیت و گوێت له‌ وشه‌ی زاری ئه‌و بێت. چونكه‌ تۆ بۆ هه‌موو خه‌ڵک ده‌بیته‌ گه‌واهیده‌ری ئه‌و، به‌وه‌ی بینیت و بیستت. ئێستا بۆ خۆت دواده‌خه‌یت؟ هه‌سته‌ عه‌ماد بكه‌ و به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بانگه‌واز بكه‌ و گوناهه‌كانت بشۆره‌وه‌. ئه‌وه‌بوو كه‌ بۆ یروشلایم گه‌ڕابوومه‌وه‌ و له‌ په‌رستگا نوێژم ده‌كرد، له‌هۆشی خۆم چووم، په‌روه‌ردگارم بینی و پێی فه‌رمووم: خێراكه‌! به‌ په‌له‌ له‌ یروشلایم بڕۆ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ گه‌واهییه‌كه‌ت كه‌ سه‌باره‌ت به‌ منه‌ وه‌ریناگرن. منیش وتم: په‌روه‌ردگار، خۆیان ده‌زانن له‌ هه‌موو كه‌نیشته‌كان ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ تۆ هه‌بوو، ده‌مگرتن و لێم ده‌دان. كاتێ خوێنی ئستیفانۆسی گه‌واهیده‌ری تۆ ڕژا، من ڕاوه‌ستابووم، ڕازی بووم و پارێزگاریم له‌ جلوبه‌رگی بكوژانی ده‌كرد. پێی فه‌رمووم: بڕۆ! بۆ دوور ده‌تنێرم، بۆ نه‌ته‌وه‌كان”. تاكو ئه‌م وشه‌یه‌ گوێیان لێی ده‌گرت، ئینجا ده‌نگیان به‌رز كرده‌وه‌ و وتیان: “له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی مه‌یهێڵه‌! چونكه‌ ئه‌مه‌ شایانی ژیان نییه‌!” ئینجا هاواریان كرد و جله‌كانی خۆیان فڕێده‌دا و خۆڵیان به‌ هه‌وادا ده‌كرد. فه‌رمانده‌كه‌ فه‌رمانی دا بۆ سه‌ربازگه‌ ببردرێت و له‌ ژێر قامچی لێی بكۆڵنه‌وه‌، تاكو بزانێت بۆچی ئاوا هاواریان لێی ده‌كرد. كاتێ به‌ستایانه‌وه‌ تاكو به‌ قامچی لێی بده‌ن، پۆڵۆس به‌ سه‌رپه‌له‌كه‌ی وت كه‌ له‌وێ وه‌ستا بوو: “یاساییه‌ بۆتان پێش دادگاییكردنی كه‌سێكی ڕۆمانی به‌ر قامچی بده‌ن؟” كاتێ سه‌رپه‌له‌كه‌ گوێی لێبوو، چووه‌ لای فه‌رمانده‌كه‌، هه‌واڵی پێدا و وتی: “ئه‌وه‌ به‌ته‌مای چیت! ئه‌م پیاوه‌ ڕۆمانییه‌!” فه‌رمانده‌كه‌ش هات و پێی وت: “پێم بڵێ، تۆ ڕۆمانیت؟” وتی: “به‌ڵێ”. فه‌رمانده‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “به‌ پاره‌یه‌كی زۆر ئه‌م هاوڵاتیبوونه‌م وه‌رگرت”. پۆڵۆس وتی: “به‌ڵام من به‌ زگماک هاوڵاتیم”. ئه‌وانه‌ی به‌ته‌مابوون لێی بكۆڵنه‌وه‌ یه‌كسه‌ر لێی دووركه‌وتنه‌وه‌، فه‌رمانده‌كه‌ش كه‌ زانی ڕۆمانییه‌ و وا كۆتی كردووه‌، ترسا.

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ كردار 22:1-29 شێوەکاری؟؟؟