لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:22-29

کردار 1:22-29 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

“برایان و باوكان، ئێستا گوێ له‌و به‌رگرییه‌ بگرن كه‌ له‌ خۆمی ده‌كه‌م”. كاتێ گوێیان لێبوو به‌ زمانی عیبری قسه‌یان بۆ ده‌كات زیاتر بێده‌نگ بوون. ئه‌ویش وتی: “من جووم، له‌ ته‌رسوسی قیلیقیا له‌دایكبووم، به‌ڵام له‌م شاره‌دا گه‌وره‌ بووم، له‌به‌رده‌ستی گه‌ملیئێل به‌ توندی به‌گوێره‌ی ته‌وراتی باوكانمان فێركراوم. زۆر دڵگه‌رم بووم بۆ خودا، وه‌ک هه‌مووتان ئه‌مڕۆ. تاكو مردن ئه‌م ڕێگایه‌م چه‌وسانده‌وه‌، ژن و پیاوم ده‌گرت و ڕاده‌ستی زیندانم ده‌كردن، وه‌كو كاهینی باڵا و هه‌موو پیران گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن. په‌یامم بۆ برایانی دره‌مسوق له‌وان وه‌رگرت، چووم تاكو ئه‌وانه‌ی ئه‌وێش به‌ به‌ندكراوی بهێنمه‌ یروشلایم تاكو سزا بدرێن. ئه‌وه‌بوو كاتێ ده‌ڕۆیشتم و له‌ نیوه‌ڕۆدا له‌ دره‌مسوق نزیک ده‌بوومه‌وه‌، له‌ناكاو له‌ ئاسمانه‌وه‌ ڕووناكییه‌كی مه‌زن له‌ ده‌وروبه‌رم دره‌وشایه‌وه‌. كه‌وتمه‌ سه‌ر زه‌وی و گوێم له‌ ده‌نگێک بوو پێی فه‌رمووم: شاوول! شاوول! بۆچی ده‌مچه‌وسێنیته‌وه‌؟ وه‌ڵامم دایه‌وه‌: گه‌وره‌م، تۆ كێی؟ پێی فه‌رمووم: من ئیشۆعی ناسڕه‌تیم، ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یچه‌وسێنیته‌وه‌. هاوڵانم ڕووناكییه‌كه‌یان بینی و ترسیان لێ نیشت، به‌ڵام له‌و ده‌نگه‌ تێنه‌گه‌یشتن كه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌كرد. وتم: ئه‌ی په‌روه‌ردگار، چی بكه‌م؟ په‌روه‌ردگار پێی فه‌رمووم: هه‌سته‌ بڕۆ دره‌مسوق، له‌وێ هه‌موو ئه‌وه‌ی بۆت دانراوه‌ بیكه‌یت، پێت ده‌ووترێ. جا له‌به‌ر هێزی ڕووناكییه‌كه‌ نه‌مده‌بینی، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵم بوون ده‌ستیان گرتم و هێنامیانه‌ دره‌مسوق. پیاوێک به‌ ناوی خنه‌نیا، به‌گوێره‌ی ته‌ورات له‌خواترس بوو، هه‌موو جووی ئه‌وێ گه‌واهییان بۆ ده‌دا. هاته‌ لام، وه‌ستا و پێی وتم: شاوولی برام، ببینه‌! یه‌كسه‌ر ئه‌وم بینی. ئینجا وتی: خودای باوكانمان هه‌ڵیبژاردووی تاكو خواستی بزانیت، هه‌روه‌ها بێتاوانه‌كه‌ ببینیت و گوێت له‌ وشه‌ی زاری ئه‌و بێت. چونكه‌ تۆ بۆ هه‌موو خه‌ڵک ده‌بیته‌ گه‌واهیده‌ری ئه‌و، به‌وه‌ی بینیت و بیستت. ئێستا بۆ خۆت دواده‌خه‌یت؟ هه‌سته‌ عه‌ماد بكه‌ و به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بانگه‌واز بكه‌ و گوناهه‌كانت بشۆره‌وه‌. ئه‌وه‌بوو كه‌ بۆ یروشلایم گه‌ڕابوومه‌وه‌ و له‌ په‌رستگا نوێژم ده‌كرد، له‌هۆشی خۆم چووم، په‌روه‌ردگارم بینی و پێی فه‌رمووم: خێراكه‌! به‌ په‌له‌ له‌ یروشلایم بڕۆ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ گه‌واهییه‌كه‌ت كه‌ سه‌باره‌ت به‌ منه‌ وه‌ریناگرن. منیش وتم: په‌روه‌ردگار، خۆیان ده‌زانن له‌ هه‌موو كه‌نیشته‌كان ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ تۆ هه‌بوو، ده‌مگرتن و لێم ده‌دان. كاتێ خوێنی ئستیفانۆسی گه‌واهیده‌ری تۆ ڕژا، من ڕاوه‌ستابووم، ڕازی بووم و پارێزگاریم له‌ جلوبه‌رگی بكوژانی ده‌كرد. پێی فه‌رمووم: بڕۆ! بۆ دوور ده‌تنێرم، بۆ نه‌ته‌وه‌كان”. تاكو ئه‌م وشه‌یه‌ گوێیان لێی ده‌گرت، ئینجا ده‌نگیان به‌رز كرده‌وه‌ و وتیان: “له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی مه‌یهێڵه‌! چونكه‌ ئه‌مه‌ شایانی ژیان نییه‌!” ئینجا هاواریان كرد و جله‌كانی خۆیان فڕێده‌دا و خۆڵیان به‌ هه‌وادا ده‌كرد. فه‌رمانده‌كه‌ فه‌رمانی دا بۆ سه‌ربازگه‌ ببردرێت و له‌ ژێر قامچی لێی بكۆڵنه‌وه‌، تاكو بزانێت بۆچی ئاوا هاواریان لێی ده‌كرد. كاتێ به‌ستایانه‌وه‌ تاكو به‌ قامچی لێی بده‌ن، پۆڵۆس به‌ سه‌رپه‌له‌كه‌ی وت كه‌ له‌وێ وه‌ستا بوو: “یاساییه‌ بۆتان پێش دادگاییكردنی كه‌سێكی ڕۆمانی به‌ر قامچی بده‌ن؟” كاتێ سه‌رپه‌له‌كه‌ گوێی لێبوو، چووه‌ لای فه‌رمانده‌كه‌، هه‌واڵی پێدا و وتی: “ئه‌وه‌ به‌ته‌مای چیت! ئه‌م پیاوه‌ ڕۆمانییه‌!” فه‌رمانده‌كه‌ش هات و پێی وت: “پێم بڵێ، تۆ ڕۆمانیت؟” وتی: “به‌ڵێ”. فه‌رمانده‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “به‌ پاره‌یه‌كی زۆر ئه‌م هاوڵاتیبوونه‌م وه‌رگرت”. پۆڵۆس وتی: “به‌ڵام من به‌ زگماک هاوڵاتیم”. ئه‌وانه‌ی به‌ته‌مابوون لێی بكۆڵنه‌وه‌ یه‌كسه‌ر لێی دووركه‌وتنه‌وه‌، فه‌رمانده‌كه‌ش كه‌ زانی ڕۆمانییه‌ و وا كۆتی كردووه‌، ترسا.

هاوبەشی بکە
کردار 22 بخوێنەوە

کردار 1:22-29 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«برایان و باوکان، ئێستا گوێ لەو بەرگرییە بگرن کە لە خۆمی دەکەم.» کاتێک گوێیان لێبوو بە زمانی عیبری قسەیان بۆ دەکات زیاتر بێدەنگ بوون. ئەویش گوتی: «من جولەکەم، لە تەرسۆسی کیلیکیا لەدایک بووم، بەڵام لەم شارە گەورە بووم، لەبەردەستی گەمالائیل بە باشی بەگوێرەی تەوراتی باوباپیرانمان فێرکراوم. زۆر دڵگەرم بووم بۆ خودا، وەک ئەمڕۆ هەر یەکێکتان. شوێنکەوتووانی ئەم ڕێگایەم هەتا مردن چەوساندەوە، ژن و پیاوم دەگرت و ڕادەستی زیندانم دەکردن، هەروەک سەرۆکی کاهینان و هەموو ئەنجومەنی پیران شایەتیم بۆ دەدەن. نامەم لەوان وەرگرت بۆ برایانی دیمەشق، چووم تاکو ئەوانەی ئەوێش بە بەندکراوی بهێنمە ئۆرشەلیم تاکو سزا بدرێن. «ئەوە بوو کاتێک دەڕۆیشتم و لە نیوەڕۆدا لە دیمەشق نزیک دەبوومەوە، لەناکاو لە ئاسمانەوە ڕووناکییەکی گەورە لە دەوروبەرم درەوشایەوە. کەوتمە سەر زەوی و گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم: ”شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟“ «وەڵامم دایەوە: ”گەورەم، تۆ کێیت؟“ «پێی فەرمووم: ”من عیسای ناسیرەییم، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە.“ ئەوانەی لەگەڵم بوون ڕووناکییەکەیان بینی، بەڵام لەو دەنگە تێنەگەیشتن کە قسەی لەگەڵم دەکرد. «گوتم: ”ئەی خاوەن شکۆ، چی بکەم؟“» «مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرمووم: ”هەستە بڕۆ دیمەشق، لەوێ هەموو ئەو شتانەت پێ دەگوترێت کە دەبێت بیکەیت.“ جا لەبەر هێزی ڕووناکییەکە نەمدەبینی، ئەوانەی لەگەڵم بوون دەستیان گرتم و هێنامیانە دیمەشق. «پیاوێک بە ناوی حەنانیا هات بۆ لام. ئەو کەسێکی لەخواترس و گوێڕایەڵی تەورات بوو، هەروەها هەموو جولەکەی ئەوێ بە باشی باسیان دەکرد. لەتەنیشتم وەستا و پێی گوتم: ”شاولی برام، ببینە.“ یەکسەر ئەوم بینی. «ئینجا گوتی: ”خودای باوباپیرانمان هەڵیبژاردووی تاکو خواستی بزانیت، هەروەها ڕاستودروستەکە ببینیت و گوێت لە وشەی دەمی ئەو بێت، چونکە تۆ بۆ هەموو خەڵک دەبیتە شایەتی ئەو، بەوەی بینیت و بیستت. ئێستا بۆ خۆت دوادەخەیت؟ هەستە لە ئاو هەڵبکێشرێ و بە پاڕانەوە بە ناوی ئەو گوناهەکانت بشۆرەوە.“ «کاتێک گەڕابوومەوە بۆ ئۆرشەلیم و لە پەرستگا نوێژم دەکرد، لەهۆشی خۆم چووم، مەسیحم بینی و پێی فەرمووم: ”خێراکە و بە پەلە لە ئۆرشەلیم بڕۆ دەرەوە، چونکە شایەتییەکەت کە سەبارەت بە منە وەریناگرن.“ «منیش گوتم: ”خاوەن شکۆ، خۆیان دەزانن لە هەموو کەنیشتەکان ئەوانەی باوەڕیان بە تۆ هەبوو، دەمگرتن و دارکاریم دەکردن. کاتێک خوێنی ستیفانۆسی شایەتی تۆ ڕژا، من ڕاوەستابووم، ڕازی بووم و پارێزگاریم لە جلوبەرگی بکوژانی دەکرد.“ «بەڵام پێی فەرمووم: ”بڕۆ! بۆ شوێنی دوور دەتنێرم، بۆ لای ناجولەکەکان.“» هەتا باسی ناجولەکەکان گوێیان لە پۆڵس گرت، ئینجا هاواریان کرد و گوتیان: «لەسەر ڕووی زەوی مەیهێڵە! چونکە ئەمە شایانی ژیان نییە!» لە کاتێکدا هاواریان دەکرد و جلەکانی خۆیان فڕێدەدا و خۆڵیان بە هەوادا دەکرد، فەرماندەکە فەرمانی دا بۆ سەربازگە ببردرێت و لەژێر قامچیدا لێی بکۆڵنەوە، بۆ ئەوەی بزانێت بۆچی ئاوا هاواریان لێی دەکرد. کاتێک بەستیانەوە تاکو بە قامچی لێی بدەن، پۆڵس بە سەرپەلەکەی گوت کە لەوێ وەستا بوو: «ئایا لە ڕووی یاساییەوە ڕێتان پێدراوە کە هاوڵاتیی ڕۆمانی بەر قامچی بدەن کە هێشتا نەسەلمێنراوە تاوانبارە؟» کاتێک سەرپەلەکە گوێی لەمە بوو، چووە لای فەرماندەکە و هەواڵی پێدا و گوتی: «ئەوە بەتەمای چی بکەیت؟ ئەم پیاوە هاوڵاتیی ڕۆمانییە!» فەرماندەکەش چوو بۆ لای پۆڵس و پێی گوت: «پێم بڵێ، تۆ هاوڵاتیی ڕۆمانیت؟» گوتی: «بەڵێ.» فەرماندەکە گوتی: «بە پارەیەکی زۆر ئەم ڕەگەزنامەیەم وەرگرت.» پۆڵس گوتی: «بەڵام من بە زگماک هاوڵاتیم.» ئەوانەی کە بەتەمابوون لێی بکۆڵنەوە، دەستبەجێ لێی دوور کەوتنەوە، فەرماندەکەش ترسا کە زانی هاوڵاتییەکی ڕۆمانیی کۆت کردووە.

هاوبەشی بکە
کردار 22 بخوێنەوە