لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌رقوس 9

9
1 ئینجا پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌ندێک له‌وانه‌ی لێره‌ ڕاوه‌ستاون، مه‌رگ ناچێژن تاكو پاشایه‌تیی خودا ده‌بینن به‌ هێزه‌وه‌ هاتۆته‌وه‌”.
2 دوای شه‌ش ڕۆژ، ئیشۆع په‌تڕۆس و یاقوو و یوخه‌ننه‌نی له‌گه‌ڵ خۆی برد، به‌ ته‌نها بردنییه‌ سه‌ر چیایه‌كی به‌رز، له‌به‌رچاویان شێوه‌ی گۆڕا. 3 جله‌كانی زۆر سپی و بریسكه‌دار بووه‌وه‌ وه‌ک به‌فر، هیچ سپیكارێک له‌سه‌ر زه‌وی ناتوانێت ئاوا سپی بكات. 4 ئینجا ئیلییا له‌گه‌ڵ مووشێ بۆیان ده‌ركه‌وتن، له‌گه‌ڵ ئیشۆعدا قسه‌یان ده‌كرد. 5 په‌تڕۆسیش به‌ ئیشۆعی وت: “گه‌وره‌م، پێمان باشه‌ لێره‌ بین، با سێ كه‌پر هه‌ڵبده‌ین، یه‌كێک بۆ تۆ، یه‌كێک بۆ مووشێ، یه‌كێكیش بۆ ئیلییا”. 6 نه‌یده‌زانی چی ده‌ڵێت، چونكه‌ تۆقیبوون. 7 هه‌ورێكیش سێبه‌ری به‌سه‌ریاندا ده‌كرد، ده‌نگێک له‌ هه‌وره‌كه‌وه‌ هات و فه‌رمووی: “ئه‌مه‌یه‌ ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستم، گوێی لێ بگرن” 8 كاتێ له‌ناكاو سه‌یری ده‌وروپشتیان كرد، له‌ ئیشۆع زیاتر كه‌سیان له‌گه‌ڵ خۆیان نه‌بینی.
9 كاتێ له‌ چیاكه‌ ده‌هاتنه‌ خواره‌وه‌، ئیشۆع پێی ڕاسپاردن كه‌ ئه‌مه‌ی بینییان به‌ كه‌سی مه‌ڵێن، تاكو ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌نێو مردووان هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌. 10 ئه‌وانیش ڕاسپارده‌كه‌یان پاراست‌ و پرسیان ده‌كرد: “هه‌ستانه‌وه‌ له‌نێو مردووان چییه‌؟” 11 پرسیان لێكرد و وتیان: “بۆچی ته‌وراتزانه‌كان ده‌ڵێن: ده‌بێت یه‌كه‌مجار ئیلییا بێت؟” 12 وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رمون: “یه‌كه‌مجار ئیلییا دێت و هه‌موو شتێک ڕێک ده‌خاته‌وه‌. ئه‌ی چۆن ده‌رباره‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ نووسراوه‌ كه‌ ده‌بێت زۆر ئازار بچێژێت و سووكایه‌تی پێ بكرێت؟ 13 به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم، ئیلییا هات و چییان ویست پێیان كرد، وه‌ک له‌باره‌ی نووسراوه‌”.
14 كاتێ هاته‌ لای قوتابییه‌كان، كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌ ده‌وروپشتی بینی و ته‌وراتزانه‌كانیش گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كردن. 15 كه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌ ئیشۆعیان بینی یه‌كسه‌ر سه‌رسام بوون، ڕایانكرد و سڵاویان لێكرد. 16 ئیشۆع له‌ ته‌وراتزانه‌كانی پرسی: “له‌ باره‌ی چی گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن؟” 17 یه‌كێک له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “ڕابی، كوڕه‌كه‌م هێناوه‌ته‌ لات، ڕووحێكی لاڵی تێدایه‌. 18 له‌كوێ بیگرێت، به‌ زه‌ویی داده‌دات، ده‌می كه‌ف ده‌كات و ددانه‌كانی جیڕده‌كاته‌وه‌ و ڕه‌ق ده‌بێت. داوام له‌ قوتابییه‌كانت كرد ده‌ری بكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانی”. 19 وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌ی نه‌وه‌ی بێباوه‌ڕ، تا كه‌ی له‌گه‌ڵتان بم؟ تا كه‌ی به‌رگه‌تان بگرم؟ بیهێننه‌ لام!”. 20 ئه‌وانیش هێنایانه‌ لای. كه‌ ڕووحه‌كه‌ ئیشۆعی بینی، یه‌كسه‌ر كوڕه‌كه خووی گرت و كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی، ده‌گه‌وزی و كه‌ف له‌ ده‌میه‌وه‌ ده‌هات. 21 له‌ باوكی پرسی: “له‌ كه‌یه‌وه‌ وای لێهاتووه‌؟” وتی: “له‌ منداڵییه‌وه‌. 22 زۆر جاریش خستوویه‌تییه‌ نێو ئاگر و نێو ئاوه‌وه‌ تاكو له‌ناوی ببات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌توانیت شتێک بكه‌یت، دڵت پێمان بسووتێ و یارمه‌تیمان بده‌”. 23 ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر پێت ده‌كرێت باوه‌ڕ بهێنێت، ئه‌وا هه‌موو شتێک بۆ باوه‌ڕدار ده‌بێت”. 24 یه‌كسه‌ر باوكی كوڕه‌كه‌ هاواری كرد: “باوه‌ڕم هه‌یه‌ گه‌وره‌م، یارمه‌تی بێباوه‌ڕیم بده‌” 25 ئیشۆع كه‌ بینی كۆمه‌ڵه‌كه‌ ڕاده‌كه‌ن، له‌ ڕووحه‌ گڵاوه‌كه‌ی ڕاخوڕی و فه‌رمووی: “ئه‌ی ڕووحی كه‌ڕولاڵ، فه‌رمانت پێ ده‌كه‌م: لێی وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ نه‌چیته‌وه‌ ناوی!” 26 جا هاواری كرد و به‌ توندی خووگرتی كرد و ده‌رچوو. وه‌ک مردووی لێ هات، ته‌نانه‌ت زۆر كه‌س وتیان: “مرد!”. 27 ئیشۆع ده‌ستی گرت و هه‌ستاندیه‌وه‌‌، ئه‌ویش هه‌ستا. 28 كاتێ چووه‌ ماڵێک، قوتابییه‌كانی به‌ ته‌نها لێیان پرسی: “بۆچی ئێمه‌ نه‌مانتوانی ده‌ری بكه‌ین؟” 29 پێی فه‌رموون: “ئه‌م جۆره‌ به‌ نوێژ و ڕۆژوو نه‌بێت ده‌رناكرێت”.
30 له‌وێ ڕۆیشتن و به‌ گلیلا‌دا تێپه‌ڕین، ئیشۆعیش نه‌یویست كه‌س بزانێت، 31 چونكه‌ قوتابییه‌كانی فێرده‌كرد و پێی ده‌فه‌رموون: “ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌درێته‌ ده‌ست خه‌ڵک و ده‌یكوژن، دوای كوشتنی به‌ سێ ڕۆژ هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. 32 به‌ڵام ئه‌وان له‌ فه‌رمووده‌كه‌ تێنه‌گه‌یشتن و ترسان لێی بپرسن.
33 ئینجا هاته‌ كپه‌ڕناخوم. كه‌ گه‌یشته‌ ماڵه‌وه‌، لێی پرسین: “له‌ ڕێگا گفتوگۆی چیتان ده‌كرد؟” 34 به‌ڵام ئه‌وان بێده‌نگ بوون، چونكه‌ له‌ ڕێگادا مشتومڕیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر كرد كه‌ كامیان مه‌زنتره‌. 35 جا دانیشت و دوازده‌كه‌ی بانگكرد و پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر یه‌كێک ویستی یه‌كه‌م بێت، با له‌دوای هه‌مووان و ڕاژه‌وانی هه‌مووان بێت”. 36 ئینجا منداڵێكی هێنا و له‌ناوه‌ڕاستیاندا ڕایگرت، گرتییه‌ باوه‌شی و پێی فه‌رموون: 37 “ئه‌وه‌ی به‌ ناوی منه‌وه‌ یه‌كێک له‌م منداڵانه‌ په‌سه‌ند بكات، ئه‌وا من په‌سه‌ند ده‌كات، ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندم بكات، په‌سه‌ندی من ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ناردوومی”.
38 یوخه‌ننه‌ن پێی وت: “ڕابی، یه‌كێكمان بینی به‌ ناوی تۆوه‌ شه‌یتانی ده‌رده‌كرد، ئێمه‌ش قه‌ده‌غه‌مان لێ كرد، چونكه‌ دوامان ناكه‌وێت”. 39 ئیشۆع فه‌رمووی: “قه‌ده‌غه‌ی لێ مه‌كه‌ن. كه‌س نییه‌ به‌ ناوی منه‌وه‌ په‌رجو بكات و بتوانێت خێرا به‌ خراپه‌ باسم بكات. 40 چونكه‌ ئه‌وه‌ی دژمان نییه‌ له‌گه‌ڵماندایه‌. 41 چونكه‌ ئه‌‌وه‌ی به‌ ناوی منه‌وه‌ جامێک ئاوی پێدان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هی مه‌سیحن، ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: پاداشتی ون نابێت. 42 ئه‌وه‌ی ساتمه‌ به‌ یه‌كێک له‌م بچووكانه‌ بكات كه‌ باوه‌ڕیان به‌ من هه‌یه‌، بۆی باشتره‌ به‌رداشێک به‌ ملیه‌وه‌ هه‌ڵبواسرێت و فڕێبدرێته‌ ده‌ریاوه‌. 43 ئه‌گه‌ر ده‌ستت بووه‌ كۆسپ بۆت، بیبڕه‌وه‌. باشتره‌ بۆت به‌ یه‌ک ده‌سته‌وه‌ بچیته‌ نێو ژیانه‌وه‌ له‌وه‌ی دوو ده‌ستت هه‌بێت و بچیته‌ دۆزه‌خ، نێو ئاگرێک كه‌ ناكوژێته‌وه‌. 44 له‌وێ كرمه‌كانیان نامرێت و ئاگره‌كه‌ ناكوژێته‌وه‌. 45 ئه‌گه‌ر پێت بووه‌ كۆسپ بۆت، بیبڕه‌وه‌. باشتره‌ بۆت به‌ یه‌ک پێیه‌وه‌ بچیته‌ نێو ژیانه‌وه‌ له‌وه‌ی دوو پێت هه‌بێت و فڕێبدرێیته‌ نێو دۆزه‌خ. 46 له‌وێ كرمه‌كانیان نامرێت و ئاگره‌كه‌ ناكوژێته‌وه‌. 47 ئه‌گه‌ر چاوت بووه‌ كۆسپ بۆت، ده‌ریبهێنه‌. باشتره‌ بۆت به‌ یه‌ک چاو بچیته‌ نێو پاشایه‌تیی خوداوه‌ له‌وه‌ی دوو چاوت هه‌بێت و فڕێبدرێیته‌ نێو دۆزه‌خ. 48 له‌وێ كرمه‌كانیان نامرێت وئاگره‌كه‌ ناكوژێته‌وه‌. 49 چونكه‌ هه‌موو به‌ ئاگر سوێر ده‌كرێن و هه‌موو سه‌ربڕاوێک به‌ خوێ سوێر ده‌كرێته‌وه‌. 50 خوێ باشه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێ سوێرییه‌كه‌ی نه‌ما، به‌ چی سوێری ده‌كه‌نه‌وه‌؟ با خوێتان تێدابێت و له‌گه‌ڵ یه‌كتری له‌ ئاشتیدا بن”.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

مه‌رقوس 9: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە