لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 109

109
هی پێشه‌وای گۆرانیبێژانه‌. په‌سنیه‌كی داویده‌.
1 ئه‌ی خودای ستایشم، بێده‌نگ مه‌به‌.
2 چونكه‌ ده‌می به‌دكار و ده‌می فریوده‌ر لێم كراونه‌ته‌وه‌. به‌ زمانی درۆ قسه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن.
3 به‌ قسه‌ی ڕقه‌وه‌ ده‌وریان گرتووم، به‌بێ‌ هۆ دژم ده‌جه‌نگن.
4 له‌ جیاتی خۆشویستنه‌كه‌م دژایه‌تیم ده‌كه‌ن. به‌ڵام من نوێژم.
5 له‌ پاداشتی چاكه‌ خراپه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن. ڕقیش له‌ پاداشتی خۆشویستنم.
6 به‌دكارێكی به‌سه‌ردا زاڵ بكه‌. با سكاڵاكار له‌ لای ده‌سته‌ ڕاستی ڕاوه‌ستێت.
7 با له‌ دادگایی تاوانبار ده‌ربچێت، نوێژكردنی ببێت به‌ گوناه بۆی.
8 با ڕۆژگاری كه‌م بێت، یه‌كێكی دیكه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی ئه‌و وه‌ربگرێت.
9 با كوڕه‌كانی هه‌تیو بن، ژنی بێوه‌ژن بێت.
10 با كوڕه‌كانی سه‌رگه‌ردان بن و سواڵ بكه‌ن، له‌ نێو كه‌لاوه‌كانیان بۆ نان بگه‌ڕێن.
11 با هه‌رچی هه‌یه‌تی خاوه‌ن قه‌رز بیبات. بێگانه‌ش به‌ری ڕه‌نجی تاڵان بكه‌ن.
12 با كه‌س نه‌بێت ده‌ستی به‌زه‌یی بۆ درێژ بكات، كه‌س نه‌بێت دڵی به‌ هه‌تیوه‌كانی بسووتێت.
13 با دوای ببڕێته‌وه‌. ناوی له‌ نه‌وه‌ی داهاتوو بسڕێته‌وه‌.
14 با تاوانه‌كانی باوباپیرانی بخرێنه‌ به‌رده‌م په‌روه‌ردگار، با گوناهه‌كانی دایكی نه‌سڕێنه‌وه‌.
15 هه‌میشه‌ له‌ به‌رده‌م په‌روه‌ردگار بن، با یادیان له‌سه‌ر زه‌وی ببڕێته‌وه‌.
16 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیری نه‌كرده‌وه‌ میهره‌بانی بنوێنێت، به‌ڵكو كه‌سی هه‌ژار و نه‌دار و دڵشكاوی ڕاوناوه‌ و كوشتووه‌.
17 حه‌زی له‌ نه‌فره‌ت بوو، بۆی هات، دڵشاد نه‌بوو به‌ داڕشت، لێی دووركه‌وته‌وه‌.
18 وه‌ک كراسی به‌ری، نه‌فره‌تی كردبووه‌ به‌ر، وه‌ک ئاو چووه‌ نێو له‌شی. وه‌ک ڕۆن چووه‌ نێو ئێسقانه‌كانی.
19 با وه‌ک به‌رگێک بێ‌ له‌ خۆی بیپێچێته‌وه‌. هه‌میشه‌ وه‌ک پشتێنێک بێ‌ له‌ خۆی بیبه‌ستێت.
20 با ئه‌مه‌ پاداشتی سكاڵاكارانم بێت له‌ لای په‌روه‌ردگارمه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی به‌ خراپه‌ دژ به‌ گیانم ده‌دوێن.
21 به‌ڵام تۆ ئه‌ی په‌روه‌ردگاری باڵاده‌ست، له‌ پێناوی ناوی خۆت چاكه‌م له‌گه‌ڵ بكه‌. چونكه‌ میهره‌بانیه‌كه‌ت چاكه‌، ده‌ربازم بكه‌.
22 چونكه‌ من هه‌ژار و نه‌دارم، دڵم له‌ ناخمدا برینداره‌.
23 وه‌ک سێبه‌ری ئێواره‌ ده‌ڕۆم. وه‌ک كوللـه‌ هه‌ڵده‌وه‌رێم.
24 ئه‌ژنۆم ده‌له‌رزێ له‌به‌ر ڕۆژووگرتن، له‌شم لاواز بووه‌ له‌ كه‌می چه‌وری.
25 بووم به‌ شووره‌یی بۆیان، ده‌مبینن سه‌ر باده‌ده‌ن.
26 ئه‌ی په‌روه‌ردگاری خوداوه‌ندم یارمه‌تیم بده‌. به‌گوێره‌ی میهره‌بانیه‌كه‌ت ڕزگارم بكه‌.
27 با بزانن كه‌ ئه‌مه‌ ده‌ستی تۆیه‌. تۆ ئه‌مه‌ت كردووه‌ ئه‌ی په‌روه‌ردگار.
28 ئه‌وان نه‌فره‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڵام تۆ داڕشت ده‌كه‌یت. هه‌ستان و شه‌رمه‌زار بوون. به‌ڵام به‌نده‌ی تۆ دڵخۆش بوو.
29 با سكاڵاكارانم به‌رگی شه‌رم بپۆشن، با شه‌رمه‌زاری وه‌ک كه‌وا له‌ خۆیان بپێچن.
30 به‌ ده‌می خۆم زۆر سوپاسی په‌روه‌ردگار ده‌كه‌م. له‌نێو خه‌ڵكێكی زۆر ستایشی ده‌كه‌م.
31 چونكه‌ له‌ لای ڕاستی نه‌دار ڕاده‌وه‌ستێت. بۆ ڕزگاركردنی له‌وانه‌ی حوكمی به‌سه‌ر ده‌ده‌ن.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

په‌سنییه‌كان 109: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە