لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 119

119
א
ئه‌للـه‌ف
1 به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وانه‌ی ڕێگایان ته‌واوه‌، ئه‌وانه‌ی به‌پێی فێركردنی په‌روه‌ردگار ده‌ڕۆن.
2 به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وانه‌ی گه‌واهییه‌كانی ده‌پارێزن. به‌ هه‌موو دڵه‌وه‌ به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن.
3 هه‌روه‌ها تاوان ناكه‌ن و به‌ ڕێگای ئه‌ودا ده‌ڕۆن.
4 تۆ ڕاسپارده‌كانت داوه‌. تا به‌ ته‌واوی بپارێزرێن.
5 خۆزگه‌ ڕێگاكانم ده‌چه‌سپان له‌ به‌جێگه‌یاندنی فه‌رزه‌كانت.
6 ئه‌و كاته‌ شه‌رمه‌زار نه‌ده‌بووم. كه‌ ده‌مڕوانییه‌ هه‌موو ڕاسپارده‌كانت.
7 به‌ دڵڕاستییه‌وه‌ سوپاست ده‌كه‌م، كاتێ فێری حوكمه‌ دادپه‌روه‌ره‌كانت ده‌بم.
8 فه‌رزه‌كانت ده‌پارێزم. به‌ ته‌واوی وازم لێ مه‌هێنه‌.
בּ
بێت
9 گه‌نج به‌ چی ڕه‌فتاری خۆی بێگه‌رد ده‌كات؟ به‌ پاراستنی وشه‌كه‌ت.
10 به‌ هه‌موو دڵه‌وه‌ داوام كردی. مه‌هێڵه‌ له‌ ڕاسپارده‌كانت گومڕا بم.
11 وشه‌كانتم له‌نێو دڵمدا شاردۆته‌وه‌، تاكو گوناه به‌رامبه‌ر به‌ تۆ نه‌كه‌م.
12 ئه‌ی په‌روه‌ردگار، تۆ پیرۆزیت. فێری فه‌رزه‌كانی خۆتم بكه‌.
13 به‌ لێوه‌كانم، باسی هه‌موو حوكمه‌كانی زاری تۆ ده‌كه‌م.
14 به‌ ڕێگای گه‌واهییه‌كانت شاد ده‌بم، وه‌ک كه‌سێک سامانێكی زۆر ده‌بینێته‌وه‌.
15 له‌ ڕاسپارده‌كانت ورد ده‌بمه‌وه‌. چاو ده‌بڕمه‌ ڕێگاكانت.
16 به‌ فه‌رزه‌كانت دڵخۆش ده‌بم. فه‌رمووده‌ی تۆم له‌ یاد ناچێت.
ג
گیمه‌ل
17 چاكه‌ له‌گه‌ڵ به‌نده‌ی خۆت بكه‌، تاكو بژیم و فه‌رمانه‌كانت بپارێزم.
18چاوم بكه‌ره‌وه‌ تاكو ‌شته‌ سه‌یره‌كانی فێركردنه‌كانت ببینم.
19 من نامۆم له‌ زه‌وی. ڕاسپارده‌كانتم لێ مه‌شاره‌وه‌.
20 گیانم هه‌موو كاتێ وردوخاش بوو له‌ تامه‌زرۆبوون بۆ حوكمه‌كانت.
21 سه‌رزه‌نشتی لووت به‌رزه‌ نه‌فره‌ت لێكراوه‌كانت كرد. كه‌ له‌ فه‌رمانه‌كانی تۆ گومڕا بوون.
22 شووره‌یی و سووكایه‌تیم له‌سه‌ر لابه‌. چونكه‌ گه‌واهییه‌كانی تۆم پاراستووه‌.
23 هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆكه‌كان داده‌نیشن، له‌ده‌ژم پیلان ده‌گێڕن. به‌ڵام به‌نده‌كه‌ت له‌ فه‌رزه‌كانت ورد ده‌بێته‌وه‌.
24 هه‌روه‌ها گه‌واهییه‌كانت شادمانیی منن. ئه‌وانه‌ ڕاوێژكاره‌كانی منن.
ד
دالێت
25 گیانم به‌ گڵه‌وه‌ لكاوه‌، به‌گوێره‌ی وشه‌ی خۆت بمژیێنه‌وه‌.
26 باسی ڕێگاكانی خۆمم كرد. تۆ به‌ده‌نگمه‌وه‌ هاتیت. فه‌رزه‌كانی خۆتم فێر بكه‌.
27 ڕێگای ڕاسپارده‌كانی خۆتم تێ بگه‌یه‌نه‌، له‌ كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانت ورد ده‌بمه‌وه‌.
28 گیانم له‌ خه‌فه‌تان تووایه‌وه‌. به‌گوێره‌ی فه‌رمووده‌كه‌ت به‌هێزم بكه‌.
29 ڕێگای درۆم لێ‌ دووربخه‌ره‌وه‌. به‌ فێركردنه‌كانت له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌.
30 ڕێگای ڕه‌وام هه‌ڵبژاردووه‌. حوكمه‌كانی تۆم خستووه‌ته‌ به‌رچاوم.
31 به‌ گه‌واهییه‌كانی تۆوه‌ لكاوم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، شه‌رمه‌زارم مه‌كه‌.
32 به‌ ڕێگای ڕاسپارده‌كانت ڕاده‌كه‌م، چونكه‌ دڵم فراوان ده‌كه‌یته‌وه‌.
ה
هێی
33 ئه‌ی په‌روه‌ردگار. فێری ڕێگای فه‌رزه‌كانی خۆتم بكه‌، تا كۆتایی ده‌یانپارێزم.
34 تێم بگه‌یه‌نه‌ و فێركردنه‌كانت په‌یڕه‌و ده‌كه‌م، به‌ هه‌موو دڵه‌وه‌ ده‌یانپارێزم.
35 بمخه‌ سه‌ر ڕێگای ڕاسپارده‌كانت. چونكه‌ دڵخۆشم ده‌كه‌ن.
36 دڵم بخه‌ سه‌ر گه‌واهییه‌كانت. نه‌ک سه‌ر قازانج.
37 چاوم وه‌رگێڕه‌ له‌ ته‌ماشاكردنی ناڕه‌وا. له‌ ڕێگای خۆتدا بمژیێنه‌وه‌.
38 فه‌رمووده‌ی خۆت بۆ به‌نده‌كه‌ت بچه‌سپێنه‌. ئه‌وه‌ی به‌وانه‌ت داوه‌ كه‌ لێت ده‌ترسن.
39 ئه‌و شووره‌ییه‌م له‌سه‌ر لابه‌ كه‌ لێی ده‌ترسم. چونكه‌ حوكمه‌كانت چاكن.
40 ئه‌وه‌تا په‌رۆشی ڕاسپارده‌كانی تۆم. به‌ دادپه‌روه‌ریی خۆت بمژیێنه‌وه‌.
ו
ڤاڤ
41 ئه‌ی په‌روه‌ردگار. با میهره‌بانیه‌كه‌تم بۆ بێت، ڕزگاریه‌كه‌ت به‌گوێره‌ی فه‌رمووده‌ی خۆت.
42 جا وه‌ڵامی ئه‌وه‌ ده‌ده‌مه‌وه‌ كه‌ گاڵته‌م پێ ده‌كات، چونكه‌ پشتم به‌ فه‌رمووده‌ی تۆ به‌ستووه‌.
43 وته‌ی ڕه‌وا هه‌رگیز له‌ ده‌مم دوور مه‌خه‌ره‌وه‌. چونكه‌ ئومێدم به‌ حوكمه‌كانی تۆ هه‌یه‌.
44 به‌ به‌رده‌وامی چاوم له‌ فێركردنه‌كانته‌. تاهه‌تایه‌ و تا جاویدانی.
45 به‌ ئازادی ڕێ ده‌كه‌م، چونكه‌ داواكاری ڕاسپارده‌كانی تۆم.
46 له‌ به‌رده‌م پاشاكانیش باسی گه‌واهییه‌كانی تۆ ده‌كه‌م، شه‌رمه‌زاریش نابم،
47 خۆشی له‌ ڕاسپارده‌كانت ده‌بینم. چونكه‌ حه‌زم لێیانه‌.
48 ده‌ست بۆ ڕاسپارده‌كانت به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌ی خۆشم ده‌وێت. سه‌رنج ده‌ده‌مه‌ فه‌رزه‌كانت.
ז
زایێن
49 فه‌رمووده‌كه‌ت له‌بیر بێت بۆ به‌نده‌كه‌ت، چونكه‌ هیوات پێم داوه‌.
50 له‌كاتی ته‌نگانه‌مدا دڵنه‌وایی من ئه‌مه‌یه‌، چونكه‌ فه‌رمووده‌كه‌ت منی ژیانه‌وه‌.
51 لووتبه‌رزه‌كان زۆر گاڵته‌م پێ ده‌كه‌ن. به‌ڵام من له‌ فێركردنه‌كانی تۆ لام نه‌داوه‌.
52 ئه‌ی په‌روه‌ردگار، حوكمه‌ له‌مێژینه‌كانی تۆم هاته‌وه‌ یاد. دڵنه‌واییم هاته‌وه‌.
53 قینم جۆشا له‌ به‌دكاران، ئه‌وانه‌ی وازیان له‌ فێركردنه‌كانی تۆ هێناوه‌.
54 فه‌رزه‌كانت بوون به‌ په‌سنی بۆم. له‌ ماڵی ئاواره‌ییم.
55 ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌ شه‌و یادی ناوی تۆ ده‌كه‌م و فێركردنه‌كانت ده‌پارێزم.
56 ئه‌مه‌ بۆ من بوو. چونكه‌ ڕاسپارده‌كانی تۆم پاراست.
ח
خێت
57 په‌روه‌ردگار به‌شی منه‌. به‌ڵێنم داوه‌ فه‌رمووده‌كانت بپارێزم.
58 به‌ هه‌موو دڵه‌وه‌ داوای ڕووی تۆم كرد. به‌پێی فه‌رمووده‌‌ی خۆت له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌.
59 بیرم له‌ ڕێگاكانیی خۆم كرده‌وه‌، پێم به‌ره‌و گه‌واهییه‌كانت وه‌رگێڕایه‌وه‌.
60 خێرا بووم و دوا نه‌كه‌وتم له‌ پاراستنی ڕاسپارده‌كانت.
61 داوی به‌دكاره‌كان ده‌وری داوم. به‌ڵام فێركردنه‌كانت له‌بیر ناكه‌م.
62 له‌ نیوه‌شه‌ودا هه‌ڵده‌ستم تا سوپاست بكه‌م له‌سه‌ر باشخوازیی حوكمه‌كانت.
63 من هاوڕێی هه‌موو ئه‌وانه‌م كه‌ له‌ تۆ ده‌ترسن. له‌وانه‌ی ڕاسپارده‌كانت ده‌پارێزن.
64 ئه‌ی په‌روه‌ردگار، میهره‌بانیه‌كه‌ت زه‌ویی پڕ كردووه‌. فه‌رزه‌كانی خۆتم فێر بكه‌.
ט
تێت
65 ئه‌ی په‌روه‌ردگار، چاكه‌ت كرد له‌گه‌ڵ به‌نده‌كه‌ت، به‌پێی فه‌رمووده‌ی خۆت.
66 هه‌ستی باش و زانینم فێر بكه‌. چونكه‌ باوه‌ڕم به‌ ڕاسپارده‌كانت هه‌یه‌.
67 به‌ر له‌وه‌ی زه‌لیل بم گومڕا بووم. به‌ڵام ئێستا فه‌رمووده‌كه‌ت ده‌پارێزم.
68 تۆ چاكیت و چاكه‌كاری. فه‌رزه‌كانی خۆتم فێر بكه‌.
69 لووتبه‌رزان درۆم بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن. به‌ڵام من به‌ هه‌موو دڵه‌وه‌ ڕاسپارده‌كانت ده‌پارێزم.
70 دڵیان وه‌ک پیو بێ هه‌سته‌، به‌ڵام فێركردنه‌كانت شادییه‌ بۆ من.
71 چاک بوو بۆ من كه‌ زه‌لیل بووم. بۆ ئه‌وه‌ی فێری فه‌رزه‌كانت بم.
72 فێركردنه‌كانی زاری تۆ. له‌ هه‌زار زێڕ و زیو باشتره‌ بۆ من.
י
یۆد
73 ده‌ستی تۆ دروستی كردم و دایڕشتم. تێمبگه‌یه‌نه‌ تا فێری ڕاسپارده‌كانت بم.
74 ئه‌وانه‌ی لێت ده‌ترسن شادمان ده‌بن كاتێک ده‌مبینن. چونكه‌ من هیوام به‌ فه‌رمووده‌ی تۆ هه‌یه‌.
75 ئه‌ی په‌روه‌ردگار، زانیم كه‌ حوكمه‌كانت دادپه‌روه‌رن. به‌ ڕه‌وا زه‌لیلت كردم.
76 با میهره‌بانیه‌كه‌ت بۆ دڵنه‌واییم بێت. به‌پێی فه‌رمووده‌كه‌ت بۆ به‌نده‌كه‌ت.
77 با به‌زه‌ییت بێت بۆ لام، تا بژیم، چونكه‌ فێركردنه‌كانی تۆ شادمانییه‌ بۆ من.
78 با لووتبه‌رزان شه‌رمه‌زار بن. چونكه‌ به‌ درۆ بوختانیان پێ كردم. به‌ڵام من سه‌رنج ده‌ده‌مه‌ ڕاسپارده‌كانت.
79 با ئه‌وانه‌ی لێت ده‌ترسن بگه‌ڕێنه‌وه‌ لای من، ئه‌وانه‌ی گه‌واهییه‌كانی تۆ ده‌زانن.
80 با دڵم ته‌واو بێت له‌ فه‌رزه‌كانت، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رمه‌زار نه‌بم.
כ
كاف
81 گیانم په‌رۆشی ڕزگاریی تۆیه‌. من ئومێدم به‌ فه‌رمووده‌ی تۆیه‌.
82 چاوم كز بوو له‌ چاوه‌ڕوانی گفته‌كه‌ت. ده‌ڵێم: “كه‌ی دڵنه‌واییم ده‌كه‌یت؟”
83 چونكه‌ وه‌ک مه‌شكه‌یه‌كی پڕ دووكه‌ڵم، فه‌رزه‌كانی تۆم له‌ یادنه‌كردووه‌.
84 چه‌نده‌ ڕۆژگاری به‌نده‌كه‌ت؟ كه‌ی حوكم ده‌ده‌یت به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌؟
85 لووتبه‌رزان چاڵیان بۆم هه‌ڵكه‌ندوه‌. ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی فێركردنه‌كانی تۆ نییه‌.
86 هه‌موو ڕاسپارده‌كانت جێی متمانه‌ن. به‌ ناڕه‌وا ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌.
87 وه‌خته‌ له‌سه‌ر زه‌وی كۆتاییم پێ‌ بهێنن. به‌ڵام من ده‌ستبه‌رداری ڕاسپارده‌كانت نه‌بووم.
88 به‌پێی میهره‌بانیه‌كه‌ت بمژیێنه‌وه‌. گه‌واهییه‌كانی زارت ده‌پارێزم.
ל
لامێد
89 ئه‌ی په‌روه‌ردگار، وشه‌كه‌ت تاهه‌تایه‌ له‌ ئاسمانان جێگیره‌.
90 سه‌رڕاستیت نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌یه‌. زه‌ویت دامه‌زراند و ده‌مێنێت.
91 ئه‌وان به‌ حوكمه‌كانی تۆ تا ئه‌مڕۆ ماون. چونكه‌ هه‌موو به‌نده‌ی تۆن.
92 ئه‌گه‌ر فێركردنه‌كانی تۆ سه‌رچاوه‌ی شادیم نه‌بووایه‌. له‌ زه‌لیلیی خۆم له‌ناوده‌چووم.
93 هه‌رگیز ڕاسپارده‌كانت له‌بیرناكه‌م. چونكه‌ به‌وان منت ژیانده‌وه‌.
94 من هی تۆم، ڕزگارم بكه‌. چونكه‌ ڕاسپارده‌كانی تۆم ویستووه‌.
95 به‌دكاره‌كان خۆیان ماتداوه‌ بۆم تا له‌ناوم بده‌ن. به‌ڵام من هه‌وڵی تێگه‌یشتنی گه‌واهییه‌كانی تۆ ده‌ده‌م.
96 بۆ هه‌موو ته‌واوییه‌ک سنوورم بینی، به‌ڵام ڕاسپارده‌ی تۆ زۆر فراوانه‌.
מ
میم
97 چه‌ند حه‌زم له‌ فێركردنه‌كانی تۆیه‌! به‌ درێژایی ڕۆژ لێی ورد ده‌بمه‌وه‌.
98 ڕاسپارده‌كانت له‌ دوژمنه‌كانم داناتری كردووم، چونكه‌ تاهه‌تایه‌ بۆ منه‌.
99 له‌ هه‌موو فێركارانم هۆشمه‌ندتر بووم، چونكه‌ له‌ گه‌واهییه‌كانت ورد ده‌بمه‌وه‌.
100 له‌ پیره‌كان زیاتر تێده‌گه‌م. چونكه‌ ڕاسپارده‌كانت ده‌پارێزم.
101 پێی خۆم قه‌ده‌غه‌كردووه‌ له‌ هه‌موو ڕێگایه‌كی خراپ، تا فه‌رمووده‌ی تۆ بپارێزم.
102 له‌ حوكمه‌كانی تۆ لام نه‌داوه‌. چونكه‌ تۆ خۆت فێرت كردووم.
103 فه‌رمووده‌كه‌ت چه‌ند شیرینه‌ بۆ گه‌رووم! له‌ هه‌نگوین شیرینترن بۆ ده‌مم.
104 له‌ ڕاسپارده‌كانی تۆ تێده‌گه‌م. بۆیه‌ ڕقم له‌ هه‌موو ڕێگایه‌كی چه‌وته‌.
נ
نون
105 وشه‌كانت چرایه‌ بۆ پێیه‌كانم، ڕووناكییه‌ بۆ ڕێگام.
106 سوێندم خواردووه‌ و به‌جێی ده‌هێنم. كه‌ باشخوازیی حوكمه‌كانت بپارێزم.
107 ئه‌ی په‌روه‌ردگار، زۆر ئازارم چێژتووه‌. جا به‌پێی فه‌رمووده‌كه‌ت بمژیێنه‌وه‌.
108 ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌ ستایشه‌ خۆویسته‌كانی ده‌مم ڕازی به‌، حوكمه‌كانی خۆتم فێر بكه‌.
109 هه‌میشه‌ گیانم له‌نێو ده‌ستمدایه‌. به‌ڵام فێركردنه‌كانی تۆ له‌بیرناكه‌م.
110 به‌دكاران ته‌ڵه‌یان بۆم ناوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام من له‌ ڕاسپارده‌ی تۆ گومڕا نه‌بووم.
111 گه‌واهییه‌كانت تاهه‌تایه‌ میراتن بۆ من. چونكه‌ ئه‌وان شادیی دڵمن.
112 دڵم بۆ به‌جێهێنانی فه‌رزه‌كانت ته‌رخان ده‌كه‌م. تاهه‌تایه‌ و تا كۆتایی.
ס
سامێخ
113 ڕقم له‌ كه‌سانی دوودڵه‌، حه‌زم له‌ فێركردنه‌كانی تۆیه‌.
114 تۆ په‌ناگا و قه‌ڵغانی منیت. هیوام به‌ فه‌رمووده‌ی تۆیه‌.
115 ئه‌ی به‌دكاره‌كان لێم دووركه‌ونه‌وه‌. تاكو ڕاسپارده‌كانی خودای خۆم بپارێزم.
116 به‌پێی فه‌رموودكه‌ی خۆت پشتم بگره‌ تا بژیم. له‌ ئومێدی خۆم شه‌رمه‌زارم مه‌كه‌.
117 پشتم بگره‌ و ڕزگارده‌بم. هه‌میشه‌ چاوم له‌ فه‌رزه‌كانت ده‌بێت.
118 هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ فه‌رزه‌كانت گومڕا بوون ڕه‌تیان ده‌كه‌یته‌وه‌، چونكه‌ فێڵه‌كانیان پووچه‌.
119 هه‌موو به‌دكارانی زه‌وی وه‌ک خڵت جیا ده‌كه‌یته‌وه‌، بۆیه‌ حه‌زم له‌ گه‌واهیه‌كانته‌.
120 له‌شم له‌ تۆقینی تۆ ده‌له‌رزێت و له‌ حوكمه‌كانت ده‌ترسم.
ע
عایێن
121 حوكم و دادپه‌روه‌ریم كردووه‌. ڕاده‌ستی سته‌مكارم مه‌كه‌.
122 به‌ڵێن بده‌ چاكه‌ له‌گه‌ڵ به‌نده‌ی خۆت بكه‌یت، با لووتبه‌رزه‌كان نه‌مچه‌وسێننه‌وه‌.
123 چاوم كز بوو له‌ په‌رۆشیم بۆ ڕزگارییه‌كه‌ت. بۆ وشه‌ی باشخوازیت.
124 به‌پێی میهره‌بانیه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ به‌نده‌كه‌ت ڕه‌فتار بكه‌. فێری فه‌رزه‌كانی خۆتم بكه‌.
125 من به‌نده‌ی تۆم. تێم بگه‌یێنه‌‌. تا گه‌واهییه‌كانت بزانم.
126 كاتی كاركردنه‌ بۆ په‌روه‌ردگار. چونكه‌ فێركردنه‌كانت شكێنراون.
127 بۆیه‌ حه‌زم له‌ ڕاسپارده‌كانته‌، زیاتر له‌ ئاڵتوون و له‌ زێڕی پوخته‌كراو.
128 بۆیه‌ هه‌موو ڕاسپارده‌كانت له‌ هه‌موو شتێک به‌ ڕاست ده‌زانم. ڕقم له‌ هه‌موو ڕێگایه‌كی چه‌وته‌.
פ
پێ
129 گه‌واهییه‌كانت سه‌رسوڕهێنه‌رن، بۆیه‌ گیانم ده‌یانپارێزێت.
130 ده‌ركه‌وتنی فه‌رمووده‌كانت ڕووناكی ده‌به‌خشێت، تێگه‌یشتنیش به‌ نه‌زانه‌كان.
131 ده‌مم كرده‌وه‌ و هه‌ناسه‌بڕكێمه‌. چونكه‌ په‌رۆشی ڕاسپارده‌كانتم.
132 ئاوڕم لێ‌ بده‌ره‌وه‌ و له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌، وه‌ک ڕه‌وا بۆ ئه‌وانه‌ی ناوی تۆیان خۆش ده‌وێت.
133 هه‌نگاوه‌كانم له‌ وشه‌كه‌ت جێگیر بكه‌. مه‌هێڵه‌ هیچ تاوانێک به‌سه‌رمدا زاڵ بێت.
134 له‌ سته‌می مرۆڤ بمكڕه‌وه‌. تا ڕاسپارده‌كانت بپارێزم.
135 ڕووت به‌سه‌ر به‌نده‌ی خۆتدا بدره‌وشێنه‌وه‌، فێری فه‌رزه‌كانی خۆتم بكه‌.
136 جۆگه‌ی ئاو له‌ چاوه‌كانم داده‌ڕژێت. چونكه‌ فێركردنه‌كانی تۆیان په‌یڕه‌و نه‌كردووه‌.
צ
تسادێ
137 ئه‌ی په‌روه‌ردگار تۆ باشخوازیت، حوكمه‌كانت ڕاستن.
138 ئه‌و گه‌واهیانه‌ی فه‌رمانت پێ داوه‌ ڕه‌وان و جێی متمانه‌ن.
139 دڵگه‌رمیم سووتاندمی، چونكه‌ دوژمنانم فه‌رمووده‌كانی تۆیان له‌بیركردووه‌.
140 وشه‌ی تۆ زۆر بێگه‌رده‌، به‌نده‌كه‌ت حه‌زی لێیه‌تی.
141 من بچووک و ڕه‌تكراوه‌م، به‌ڵام ڕاسپارده‌كانت له‌ یادناكه‌م.
142 دادپه‌روه‌ریت تاهه‌تایه‌ دادپه‌روه‌ریه‌، فێركردنه‌كانت ڕه‌وان.
143 ته‌نگانه‌ و ناخۆشیم تووش بووه‌. به‌ڵام فه‌رمانه‌كانت شادیی منن.
144 گه‌واهییه‌كانت تاهه‌تایه‌ دادپه‌روه‌رن. تێم بگه‌یه‌نه‌ تا بژیم.
ק
قووف
145 پڕ به‌ دڵ هاوار ده‌كه‌م. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، وه‌ڵامم بده‌ره‌وه‌. فه‌رزه‌كانت ده‌پارێزم.
146 هاوار بۆ تۆ ده‌كه‌م. ڕزگارم بكه‌، گه‌واهییه‌كانت ده‌پارێزم.
147 هه‌ڵده‌ستم پێش به‌ره‌به‌یان هاوارت بۆ ده‌هێنم. چاوه‌ڕێی فه‌رمووده‌كانی تۆ ده‌كه‌م.
148 به‌درێژایی شه‌و به‌ئاگام، تا له‌ فه‌رمووده‌كانت وردببمه‌وه‌.
149 به‌گوێره‌ی میهره‌بانیه‌كه‌ت گوێ‌ له‌ ده‌نگم بگره‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانت بمژیێنه‌وه‌.
150 پیلانگێڕان نزیک بوونه‌وه‌. له‌ فێركردنه‌كانت دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه‌.
151 به‌ڵام ئه‌ی په‌روه‌ردگار تۆ زۆر نزیكیت، هه‌موو راسپارده‌كانت ڕه‌وان.
152 له‌ مێژه‌وه‌ له‌ گه‌واهییه‌كانت ده‌زانم، كه‌ بۆ تاهه‌تایه‌ داتناون.
ר
ڕێش
153 سه‌یری زه‌لیلیم بكه‌ و ده‌ربازم بكه‌. چونكه‌ فێركردنه‌كانی تۆ له‌بیر ناكه‌م.
154 پارێزه‌ری له‌ گرفته‌كه‌م بكه‌ و بمكڕه‌وه‌. به‌گوێره‌ی وشه‌كه‌ت بمژیێنه‌وه‌.
155 ڕزگاری له‌ به‌دكاران دووره‌. چونكه‌ فه‌رزه‌كانی تۆیان نه‌ویست.
156 به‌زه‌ییت زۆره‌ ئه‌ی په‌روه‌ردگار. به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانت بمژیێنه‌وه‌.
157 دوژمنانم و ئه‌وانه‌ی دوام ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌ زۆرن. به‌ڵام له‌ گه‌واهییه‌كانی تۆ لام نه‌داوه‌.
158 ناپاكانم بینی بێزم هاته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی وشه‌ی تۆیان له‌به‌رچاو نه‌گرتووه‌.
159 ببینه‌ كه‌ حه‌ز له‌ ڕاسپارده‌كانت ده‌كه‌م. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌گوێره‌ی میهره‌بانیه‌كه‌ت بمژیێنه‌وه‌.
160 سه‌راپای وشه‌كانت ڕه‌وایه‌‌. هه‌موو حوكمه‌ دادپه‌روه‌رییه‌كانت تاهه‌تایین.
ש
شین
161 سه‌رۆكه‌كان به‌بێ‌ هۆ ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌. به‌ڵام دڵم له‌ فه‌رمووده‌كه‌ی تۆ ده‌له‌رزێت.
162 به فه‌رمووده‌كانت‌ دڵشاد ده‌بم، وه‌ک یه‌كێک ده‌ستكه‌وتێكی زۆری چنگ كه‌وتبێت.
163 ڕق و قینم له‌ درۆیه‌، حه‌زم له‌ فێركردنه‌كانی تۆیه‌.
164 ڕۆژی حه‌وت جار ستایشت ده‌كه‌م، بۆ دادپه‌روه‌ریی حوكمه‌كانت.
165 ئه‌وانه‌ی حه‌ز له‌ فێركردنه‌كانت ده‌كه‌ن له‌وپه‌ڕی ئاشتیدان. ساتمه‌ له‌ هیچ شتێ‌ ناكه‌ن.
166 هیوام به‌ ڕزگاریی تۆیه‌ ئه‌ی په‌روه‌ردگار. به‌ ڕاسپارده‌كانی تۆم كرد.
167 گیانم گه‌واهییه‌كانی تۆی پاراست. زۆر حه‌زم لێیانه‌.
168 ڕاسپارده‌ و گه‌واهیه‌كانی تۆ ده‌پارێزم، چونكه‌ هه‌موو ڕێگاكانم له‌ به‌رده‌متدان.
ת
تاڤ
169 ئه‌ی په‌روه‌ردگار با هاوارم بگاته‌ لات. به‌گوێره‌ی فه‌رمووده‌كه‌ت تێم بگه‌یه‌نه‌.
170 با پاڕانه‌وه‌م بچێته‌ ئاماده‌گیت. به‌گوێره‌ی وشه‌كه‌ت ده‌ربازم بكه‌.
171 با لێوم ستایشی لێ‌ بڕژێت، چونكه‌ فێری فه‌رزه‌كانی خۆتم ده‌كه‌یت.
172 با زمانم گۆرانی به‌سه‌ر فه‌رمووده‌كانت بڵێ، چونكه‌ هه‌موو ڕاسپارده‌كانت دادپه‌روه‌رین.
173 با ده‌ستت ئاماده‌بێت بۆ یارمه‌تیم. چونكه‌ ڕاسپارده‌كانی تۆم هه‌ڵبژاردووه‌.
174 ئه‌ی په‌روه‌ردگار، من به‌ په‌رۆشم بۆ ڕزگاریی تۆ، فێركردنه‌كانت شادیی منن.
175 با گیانم بژیێته‌وه‌ تا ستایشت بكه‌م، حوكمه‌كانت یارمه‌تیم بدات.
176 وه‌ک به‌رخی وێڵ گومڕا بووم. به‌ دوای به‌نده‌كه‌تدا بگه‌ڕێ‌، چونكه‌ ڕاسپارده‌كانتم له‌بیر نه‌كردووه‌.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

په‌سنییه‌كان 119: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە