لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 1:77-20

په‌سنییه‌كان 1:77-20 PNTZS

ده‌نگم بۆ خودا به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌ و هاوار ده‌كه‌م. ده‌نگم بۆ خودا به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌، گوێم لێ ده‌گرێت. له‌ ڕۆژی ته‌نگانه‌م به‌دوای په‌روه‌ردگاردا ده‌گه‌ڕێم. به‌ درێژایی شه‌و ده‌ست پان ده‌كه‌مه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی سڕبێت. گیانم نه‌وازش ڕه‌ت ناكاته‌وه‌. بیر له‌ خودا ده‌كه‌مه‌وه‌ و ده‌ناڵێنم. ورد ده‌بمه‌وه‌ و ڕووحم ده‌بوورێته‌وه‌. سیلاه‌. پێڵووی چاوه‌كانمت گرت. شپرزه‌ بووم. قسه‌م پێ‌ نه‌كرا. بیر له‌ ڕۆژگاری دێرین ده‌كه‌مه‌وه‌. ساڵانی ڕابردوو. شه‌وانه‌ له‌ دڵی خۆم بیر له‌ په‌سنیه‌كانم ده‌كه‌مه‌وه‌. ورد ده‌بمه‌وه‌ و ڕووحی خۆم ده‌گه‌ڕێت: “ئایا په‌روه‌ردگار تاهه‌تایه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌. چیتر لێمان ڕازی نابێت؟ ئایا میهره‌بانیه‌كه‌ی تاهه‌تایه‌ نه‌ماوه‌؟ ئایا به‌ڵێنه‌كانی بۆ نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ دواییان هاتووه‌؟ ئایا خودا سۆزی له‌بیر كردووه‌؟ یان له‌ تووڕه‌یی به‌زه‌یی خۆی داخستووه‌؟” سیلاه‌. ده‌ڵێم: “ئه‌مه‌ ده‌ردی منه‌: ده‌سته‌ ڕاستی هه‌ره‌به‌رز گۆڕاوه‌”. كرده‌وه‌كانی په‌روه‌ردگار دێنمه‌وه‌ یادم. په‌رجوه‌كانی تۆم له‌بیره‌ كه‌ له‌ كۆنه‌وه‌یه‌. له‌ هه‌موو كاره‌كانت ورد ده‌بمه‌وه‌ و بیر له‌كرده‌وه‌ مه‌زنه‌كانت ده‌كه‌مه‌وه‌. خودایه‌ ڕێگات پارسایه‌. چ خوداوه‌ندێک وه‌ک خودا مه‌زنه‌؟ تۆ ئه‌و خوداوه‌نده‌یت كه‌ په‌رجوت كردووه‌ و هێزی خۆت له‌نێو گه‌لان ده‌رخستووه‌. به‌ بازووی خۆت گه‌لی خۆت كڕییه‌وه‌. ڕۆڵه‌كانی یاقوو و یۆسپ. سیلاه‌. خودایه‌ كه‌ ئاوه‌كان تۆیان بینی، كه‌ ئاوه‌كان تۆیان بینی ترسان. قووڵاییه‌كانیش هه‌ژان. هه‌وره‌كان ئاویان ڕشت و هه‌وره‌تریشقه‌كان ده‌نگیان دایه‌وه‌. هه‌روه‌ها تیره‌كانت بریسكانه‌وه‌. گرمه‌ی هه‌وره‌تریشقه‌ی تۆ له‌ گه‌رده‌لوول. بروسكه‌كان دونیای ڕووناک كرده‌وه‌. زه‌وی له‌رزی و هه‌ژا. ڕێگات به‌ نێو ده‌ریادایه‌. ڕێچكه‌كانت به‌ نێو ئاوه‌ زۆره‌كانه‌، شوێن پێیه‌كانت نه‌زانران. له‌سه‌ر ده‌ستی موشێ و هاڕون. وه‌ک مێگه‌له‌ مه‌ڕ ڕێنمایی گه‌لی خۆت كرد.