لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:77-20

زەبوورەکان 1:77-20 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ده‌نگم بۆ خودا به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌ و هاوار ده‌كه‌م. ده‌نگم بۆ خودا به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌، گوێم لێ ده‌گرێت. له‌ ڕۆژی ته‌نگانه‌م به‌دوای په‌روه‌ردگاردا ده‌گه‌ڕێم. به‌ درێژایی شه‌و ده‌ست پان ده‌كه‌مه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی سڕبێت. گیانم نه‌وازش ڕه‌ت ناكاته‌وه‌. بیر له‌ خودا ده‌كه‌مه‌وه‌ و ده‌ناڵێنم. ورد ده‌بمه‌وه‌ و ڕووحم ده‌بوورێته‌وه‌. سیلاه‌. پێڵووی چاوه‌كانمت گرت. شپرزه‌ بووم. قسه‌م پێ‌ نه‌كرا. بیر له‌ ڕۆژگاری دێرین ده‌كه‌مه‌وه‌. ساڵانی ڕابردوو. شه‌وانه‌ له‌ دڵی خۆم بیر له‌ په‌سنیه‌كانم ده‌كه‌مه‌وه‌. ورد ده‌بمه‌وه‌ و ڕووحی خۆم ده‌گه‌ڕێت: “ئایا په‌روه‌ردگار تاهه‌تایه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌. چیتر لێمان ڕازی نابێت؟ ئایا میهره‌بانیه‌كه‌ی تاهه‌تایه‌ نه‌ماوه‌؟ ئایا به‌ڵێنه‌كانی بۆ نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ دواییان هاتووه‌؟ ئایا خودا سۆزی له‌بیر كردووه‌؟ یان له‌ تووڕه‌یی به‌زه‌یی خۆی داخستووه‌؟” سیلاه‌. ده‌ڵێم: “ئه‌مه‌ ده‌ردی منه‌: ده‌سته‌ ڕاستی هه‌ره‌به‌رز گۆڕاوه‌”. كرده‌وه‌كانی په‌روه‌ردگار دێنمه‌وه‌ یادم. په‌رجوه‌كانی تۆم له‌بیره‌ كه‌ له‌ كۆنه‌وه‌یه‌. له‌ هه‌موو كاره‌كانت ورد ده‌بمه‌وه‌ و بیر له‌كرده‌وه‌ مه‌زنه‌كانت ده‌كه‌مه‌وه‌. خودایه‌ ڕێگات پارسایه‌. چ خوداوه‌ندێک وه‌ک خودا مه‌زنه‌؟ تۆ ئه‌و خوداوه‌نده‌یت كه‌ په‌رجوت كردووه‌ و هێزی خۆت له‌نێو گه‌لان ده‌رخستووه‌. به‌ بازووی خۆت گه‌لی خۆت كڕییه‌وه‌. ڕۆڵه‌كانی یاقوو و یۆسپ. سیلاه‌. خودایه‌ كه‌ ئاوه‌كان تۆیان بینی، كه‌ ئاوه‌كان تۆیان بینی ترسان. قووڵاییه‌كانیش هه‌ژان. هه‌وره‌كان ئاویان ڕشت و هه‌وره‌تریشقه‌كان ده‌نگیان دایه‌وه‌. هه‌روه‌ها تیره‌كانت بریسكانه‌وه‌. گرمه‌ی هه‌وره‌تریشقه‌ی تۆ له‌ گه‌رده‌لوول. بروسكه‌كان دونیای ڕووناک كرده‌وه‌. زه‌وی له‌رزی و هه‌ژا. ڕێگات به‌ نێو ده‌ریادایه‌. ڕێچكه‌كانت به‌ نێو ئاوه‌ زۆره‌كانه‌، شوێن پێیه‌كانت نه‌زانران. له‌سه‌ر ده‌ستی موشێ و هاڕون. وه‌ک مێگه‌له‌ مه‌ڕ ڕێنمایی گه‌لی خۆت كرد.

زەبوورەکان 1:77-20 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، هاوار دەکەم، دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە بۆ ئەوەی گوێی لێم بێت. لە ڕۆژی تەنگانەم ڕوو لە پەروەردگار دەکەم، بە درێژایی شەو دەست پان دەکەمەوە، بێ ئەوەی سڕبێت. گیانم نەوازش ڕەت دەکاتەوە. بیر لە خودا دەکەمەوە و دەناڵێنم، ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەبوورێتەوە. پێڵووی چاوەکانمت گرت، شپرزە بووم، قسەم پێ نەکرا. بیر لە ڕۆژگاری دێرین دەکەمەوە، ساڵانی ڕابردوو. شەوانە لە دڵی خۆم بیر لە ئاوازەکانم دەکەمەوە، ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەگەڕێت: «ئایا هەتاهەتایە پەروەردگار ڕەتمان دەکاتەوە؟ چیتر لێمان ڕازی نابێتەوە؟ ئایا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتایە نەماوە؟ ئایا بەڵێنەکانی بۆ نەوە دوای نەوە دواییان هاتووە؟ ئایا خودا میهرەبانی لەبیر کردووە؟ یان لە تووڕەیی بەزەیی خۆی داخستووە؟» ئینجا دەڵێم: «ئەمە دەردی منە: دەستە ڕاستەی خودای هەرەبەرز گۆڕاوە.» کردارەکانی یەزدان دێنمەوە یادم، بێگومان پەرجووەکانی تۆم لەبیرە کە لە کۆنەوەیە. لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە و بیر لە کردەوە مەزنەکانت دەکەمەوە. ئەی خودایە، ڕێگات پیرۆزە. چ خودایەک وەک خودا مەزنە؟ تۆ ئەو خودایەی کە پەرجووت کردووە و هێزی خۆتت لەنێو خەڵک دەرخستووە. بە بازووی خۆت گەلی خۆتت کڕییەوە، نەوەی یاقوب و یوسف. ئەی خودایە، کە ئاوەکان تۆیان بینی، کە ئاوەکان تۆیان بینی ترسان، بگرە قووڵاییەکان هەژان. هەورەکان ئاویان ڕشت، هەورەتریشقەکان دەنگیان دایەوە، هەروەها تیرەکانت بریسکانەوە. گرمەی هەورەتریشقەی تۆ لە گەردەلوول، بروسکەکان دنیایان ڕووناک کردەوە، زەوی لەرزی و هەژا. ڕێگات بە ناو دەریادایە، ڕێچکەکانت بە ناو ئاوە زۆرەکانە، شوێن پێیەکانت نەزانران. لەسەر دەستی موسا و هارون، وەک مێگەلە مەڕ ڕێنمایی گەلی خۆتت کرد.