لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یاقوب 1:5-20

یاقوب 1:5-20 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

وه‌رن ئه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، بگریێن و شیوه‌ن بكه‌ن بۆ ئه‌و ده‌رده‌سه‌رییه‌ی به‌سه‌رتان دێت. سامانتان ڕزیو بوو، به‌رگتان مۆرانه‌ی لێدا، زێڕ و زیوتان ژه‌نگی دا، ژه‌نگه‌كه‌شیان گه‌واهیتان له‌سه‌ر ده‌دات، وه‌ک ئاگر جه‌سته‌تان ده‌خوات! له‌ ڕۆژانی پایان گه‌نجینه‌تان بۆ خۆتان كۆكرده‌وه‌. ئه‌وه‌تا كرێی ئه‌و كرێكارانه‌ی له‌ كێڵگه‌كانتان دروێنه‌یان كردووه‌ و نه‌تانداوه‌، دژی ئێوه‌ هاوار ده‌كات. هاواری سه‌پانانیش گه‌یشته‌ گوێی په‌روه‌ردگاری سوپاسالار. له‌سه‌ر زه‌وی به‌ سه‌ڵته‌نه‌ت و چێژ ژیاون، دڵی خۆتان وه‌ک دابه‌ستی بۆ ڕۆژی سه‌ربڕین ڕاگرتووه‌. بێتاوانتان حوكم دا و كوشتتان، كه‌ به‌رهه‌ڵستیتان ناكات! بۆیه‌ برایان، تاكو هاتنه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار ئارام بگرن. سه‌یر بكه‌ن چۆن جوتیار چاوه‌ڕێی به‌رهه‌مه‌ گرانبه‌هاكه‌ی زه‌وی ده‌كات، بۆ بارانی پایز و به‌هار ئارام ده‌گرێت. ئێوه‌ش ئارام بگرن و دڵتان بچه‌سپێنن، چونكه‌ هاتنه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار نزیكبووه‌ته‌وه‌. برایان، بۆڵه‌بۆڵ له‌سه‌ر یه‌كتری مه‌كه‌ن، نه‌وه‌ک حوكم بدرێن. ئه‌وه‌تا دادوه‌ر له‌به‌رده‌رگا ڕاوه‌ستاوه‌. برایانم، په‌ند وه‌ربگرن له‌ به‌رگه‌ی ئازار و ئارامگرتنی ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ی كه‌ به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ قسه‌یان كرد. ئه‌وه‌تا ئێمه‌ ستایشی دانبه‌خۆداگرتووه‌كان ده‌كه‌ین. دانبه‌خۆداگرتنی ئه‌یوبتان بیستووه‌ و له‌ پایاندا خودا چی كرد، چونكه‌ په‌روه‌ردگار به‌زه‌یی زۆره‌ و میهره‌بانه‌. به‌ڵام برایانم، پێش هه‌موو شتێک، سوێند مه‌خۆن، نه‌ به‌ ئاسمان و نه‌ به‌ زه‌وی و نه‌ به‌ شتی دیكه‌. به‌ڵكو با به‌ڵێتان به‌ڵێ بێت و نه‌خێرتان نه‌خێر بێت، نه‌وه‌ک بكه‌ونه‌ ژێر تاوانباركردن. كامه‌تان ناخۆشی هه‌یه‌؟ با نوێژ بكات. كه‌س دڵخۆشه‌؟ با به‌ په‌سنی بڵێت. كامه‌تان نه‌خۆشه‌؟ با پیرانی وارگه‌ بانگ بكات و نوێژی له‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ ناوی په‌روه‌ردگاریش چه‌وری بكه‌ن. نوێژی باوه‌ڕ نه‌خۆش چاكده‌كاته‌وه‌ و په‌روه‌ردگار هه‌ڵیده‌ستێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر گوناهێكیشی كردبێت ده‌به‌خشرێت. بۆ یه‌كتری دان به‌ گوناهه‌كانتان بنێن، له‌پێناوی یه‌كتری نوێژ بكه‌ن تاكو چاک ببنه‌وه‌. نوێژی خوداناس زۆر به‌هێز و كاریگه‌ره‌. ئیلییا مرۆڤێک بوو وه‌ک ئێمه‌ ئازاری ده‌چێژت، نوێژی كرد تاكو باران نه‌بارێت، ئیتر سێ ساڵ و شه‌ش مانگ له‌سه‌ر زه‌وی نه‌باری. جارێكی دیكه‌ نوێژی كرده‌وه‌، ئاسمان بارانی دا و زه‌ویش به‌رهه‌می دا. برایان، ئه‌گه‌ر یه‌كێكتان له‌ ڕه‌وا چه‌واشه‌ كرا و یه‌كێک گه‌ڕاندیه‌وه‌، با بزانێت ئه‌وه‌ی گوناهبارێک له‌ ڕێگای گومڕایی بگه‌ڕێنێته‌وه‌، ده‌روونێک له‌ مه‌رگ ڕزگار ده‌كات و زۆر گوناهیش داده‌پۆشێت.

هاوبەشی بکە
یاقوب 5 بخوێنەوە

یاقوب 1:5-20 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

وەرن ئەی دەوڵەمەندەکان، بگریێن و شیوەن بکەن بۆ ئەو دەردەسەرییەی بەسەرتان دێت. سامانتان بۆگەن بووە و بەرگتان مۆرانە لێیداوە، زێڕ و زیوتان دادەخورێت، داخورانەکەشیان شایەتیتان لەسەر دەدات و وەک ئاگر جەستەتان دەخوات. لە ڕۆژانی کۆتایی گەنجینەتان بۆ خۆتان کۆکردەوە. ئەوەتا ئەو کرێیەی کە نەتانداوە بەو کرێکارانەی کە لە کێڵگەکانی ئێوە کاریان کردووە، لە دژی ئێوە هاوار دەکات. هاواری سەپانەکانیش گەیشتە گوێی یەزدانی سوپاسالار. لەسەر زەوی خۆشتان ڕابواردووە و بە شوێن ئارەزووەکانی جەستەتان کەوتوون، دڵی خۆتان وەک دابەستە بۆ ڕۆژی سەربڕین ڕاگرتووە. بێتاوانەکەتان حوکم دا و کوشتتان، کە بەرهەڵستی ئێوەی نەدەکرد. بۆیە خوشکان و برایانم، هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ ئارام بگرن. تەماشا بکەن چۆن جوتیار چاوەڕێی بەرهەمە بەهادارەکەی زەوی دەکات، بۆ بارانی پاییز و بەهار ئارام دەگرێت. ئێوەش ئارام بگرن و ورەتان بەرز بێت، چونکە هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ نزیک بووەتەوە. خوشکان، برایان، بۆڵەبۆڵ لەسەر یەکتری مەکەن، نەوەک حوکم بدرێن. ئەوەتا دادوەر لە بەردەرگا ڕاوەستاوە. خوشکان، برایان، نموونە وەربگرن لە بەرگەی ئازار و ئارامگرتنی ئەو پێغەمبەرانەی کە بە ناوی یەزدانەوە قسەیان کرد. وا ئێمە ئەوانە بە بەختەوەر دەزانین کە دانیان بەخۆیاندا گرتووە. دانبەخۆداگرتنی ئەیوبتان بیستووە کە لە ئەنجامدا یەزدان چۆن بەرەکەتداری کرد، چونکە یەزدان بەزەیی زۆرە و میهرەبانە. خوشکان و برایانم، پێش هەموو شتێک، سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان و نە بە زەوی و نە بە شتی دیکە. بەڵکو با قسەتان «بەڵێ» بۆ «بەڵێ» و «نەخێر» بۆ «نەخێر» بێت، نەوەک تاوانبار بکرێن. کامەتان ناخۆشی هەیە؟ با نوێژ بکات. کەس دڵخۆشە؟ با بە گۆرانی ستایش بکات. کامەتان نەخۆشە؟ با پیرانی کڵێسا بانگ بکات بۆ ئەوەی نوێژی لەسەر بکەن و بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە چەوری بکەن. ئەو نوێژەی بە باوەڕ دەکرێت نەخۆش چاک دەکاتەوە و عیسای خاوەن شکۆ هەڵیدەستێنێتەوە. ئەگەر گوناهێکیشی کردبێت دەبەخشرێت. بۆیە بۆ یەکتری دان بە گوناهەکانتاندا بنێن، نوێژ بۆ یەکتری بکەن تاکو چاکببنەوە. نوێژی کەسی ڕاستودروست زۆر بەهێز و کاریگەرە. ئەلیاس مرۆڤێک بوو وەک ئێمە لە هەمان سروشت، بە گەرمی نوێژی کرد تاکو باران نەبارێت، ئیتر سێ ساڵ و نیو لەسەر خاکەکەیان باران نەباری. نوێژی کردەوە، ئاسمان بارانی دا و زەویش بەرهەمی دا. خوشکان و برایانم، ئەگەر یەکێکتان لە ڕاستی چەواشە کرا و یەکێک گەڕاندییەوە، با بزانێت ئەوەی گوناهبارێک لە ڕێگای گومڕایی بگەڕێنێتەوە، دەروونێک لە مردن ڕزگار دەکات و زۆر گوناهیش دادەپۆشێت.

هاوبەشی بکە
یاقوب 5 بخوێنەوە